هەواڵ و ڕاپۆرت
  ده‌قى په‌يامه‌كه‌ى صلاح الدين به‌هادين به‌ بۆنه‌ى خۆكانديدكردنه‌وه‌ى بۆ پۆستى ئه‌ميندار
ديد و ڕێ
صلاح الدين محمد به‌هادين دواى ئه‌وه‌ى له‌ كۆنگره‌ى شه‌شه‌مى حيزبه‌كه‌يدا له‌ ساڵى 2012 خۆى بۆ بۆ پۆستى ئه‌ميندارى حيزبه‌كه‌ى هه‌ڵنه‌بژارد , ئه‌منڕۆ و له‌ كۆنگره‌ى حه‌وته‌مى حيزبه‌كه‌يدا دووباره‌ خۆى كانديد ده‌كاته‌وه‌ , له‌ په‌يامێكيشيدا باس له‌ هۆكاره‌كانى ده‌ستله‌كاركێشناوه‌ و دووباره‌ خۆ كانديد كردنه‌وه‌ى ده‌كات كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌يه‌تى :


دەقی پەیامەکەی سەڵاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی

بەناوى خواى گەورە و میهرەبان

برایان و خوشکانی ماندونەناسی کاروانی شکۆداری یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
گەنجە خوێن گەرمەکان و سەرکردەکانی داهاتووی ئەم وڵاتە
جەماوەرى سەربڵندى کوردستان

السلام علیکم و رحمە الله

ئەمڕۆ لە دوا ساتەکانى پێشوازیمان لە کۆنگرەى حەوتەمى حیزبدا ، وەک پاسەوانێکی کاروانی ئیسلامی کوردستان و چەندین ساڵ باخەوانی پڕ بەرهەمی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کە لە چەند کاتژمێرێکی داهاتوودا دەچێتە وێستگەیەکی گرنگ لە ژیانی سیاسی هەرێم و عێراق و ناوچەکە، دەمەوێ چەند پەیڤێکتان عەرز بکەم :

تەمەنی سیاسیم و پێگەی کۆمەڵایەتی و فیکری و سەرقاڵیم بە نووسین و چەندین کاروباری لەم بابەتە، دەرفەتی ئەوەی نەدەدام هەرگیز بیر لەوە بکەمەوە، کە دوای چوارساڵ لە وازهێنانێکی نەوعی، کە لە رووی شەخسییەوە بۆ خۆم و حیزبەکەم دەستکەوتێکی مێژوویی بوو، جارێکی تر خۆم بۆ پۆستی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو کاندید بکەمەوە، بەڵام هەمیشە وەک پاسەوانێکی کاروانی یەکگرتوو ئامادە نیم لەپێناو تۆمارکردنی سەروەری شەخسی لێپرسراویەتی و ئەرکی یەکگرتووەکەمان پشتگوێ بخەم، ئەگەر یەکگرتووەکەمان بەهێز نەبێی و یەکریز و یەکدەنگ نەبێ و دەنگی دلێر نەبێ من چى لە شانازی بە مێژووی خۆمەوە بکەم؟!

بۆیە وەک هەستکردنێک بە بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر خوای گەورە و بۆ پاسەوانی پڕۆژەی ئیسلامی و، بەرامبەر مافی ئەو خوشک و برا و گەنجە ئازیزانەی هەژدە ساڵ و پێشتریش چەندین ساڵ لە خزمەتیاندا بووم و، بە رەچاوکردنی پێشهاتەکان و تێبینى لەسەر رووداوەکانی چوارساڵی رابردوو، دەخوازێت ماوەیەکی دیاریکراو لەسەر داخوازی کۆمەڵێک لە دڵسۆزانی یەکگرتوو، جارێکی دیکە ئەم ئەرکە بگرمەوە دەست.

ئەم هەنگاوەش بۆ تەواوکردنی ئەو ئەرکانەیە کە دەبوو بیکەین لە ناو حیزبدا و پێشتر بۆمان نەکراوە، هەروەها ئامادەکردنەوەی یەکگرتووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئیستیحقاقانەی کە گۆڕانکاری هەلومەرجە کوردستانی و هەرێمایەتییەکە هێناویەتیە پێشەوە.

مەبەستمە ئەوەش بڵیم کە لە دوای بەدەستهێنانەوەی متمانەی کۆنگرە ان شاء الله، بە پێی توانا لە ماوەی داهاتوودا بە پشتیوانی خودا و هاوکاری ئەندامانی خاوەن هیمەت و بلیمەتی یەکگرتوو، پرۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانى هەرێمی کوردستان پەرەپێ بدەین و، دۆخە نالەبار و لاسەنەگەکەی رێکبخەینەوە، لەپێناو کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی گەلەکەمان کە بەچەندین کێشەوە دەناڵێنن، لە سەرووی هەموویانەوە جەنگى داعش و نەبوونی موچە و دەرامەت، کە ئیدی نابێ سیاسییەکان لەبری چارەسەر ئەوەندەی دیکە کێشە دروست بکەن.

هەروەها پرۆژەیەکی دیکەشمان هەیە بۆ رووبەرووبوونەوەی فیکری توندڕەوی ئیسلامی و داعش و هاوبیرەکانی کە بوونەتە بەڵا بەسەر کاروانی ئیسلامی و موسڵمانانەوە و، هەرگیز رێگە نەدەین لە کوردستان زەمینە بۆ ئەو گروپانە دروست ببێ و، خۆشبەختانە یەکگرتووەکەشمان پێشەنگە لەو بوارەدا کە چەندین رۆڵەی لە دژی ئەو فیکرە پەروەردە کردووە و دەبێ لە ئاستی گەورەیی هەرەشەکەدا بین و بەهاوکاری و هاوسەنگەرى لایەنە ئیسلامیەکان بەردەوام بین لەو جەنگەدا شان بەشانی پێشمەرگە قارەمانەکان، ئێمەش ئەرکی مەدەنی و فیکرى خۆمان بەجێ بهێنین.

بۆ ناوخۆی حیزبیشمان، یەکگرتوو حیزبی خەڵکە و دەبێ هەمیشە لە بەرەی خەڵکدا بێ، 
جەماوەرى خەڵکى کوردستان یەکگرتوویەکی ناسیوە کە بە دەستێکی خزمەتی کردووە و بەدەستەکەی تری رۆڵەکانی بە جوانترین رەوشت پەروەردە کردووە، 
هاوڵاتیانى کوردستان، یەکگرتوویەکیان ناسیوە کە خەباتى دابینکردنى عەدالەت و پرۆسەى چاکسازى کردووە و، هەرگیز لەگەڵ زوڵم نەبووە و نابێ، پشتیوانی مەزڵومان بووە و لەهەر شوێنێک قسەی هەق پێویست بووە کردوویەتی.

یەکگرتووەکان حیزبێکیان دەوێ کە پاشکۆی کەس نەبێ و خاوەنى سەربەخۆیی بڕیارى خۆى بێت.

یەکگرتوو حیزبی هەموو کوردستانە و زامنێکی گەورەیە بۆ پاراستنى یەکپارچەیی هەرێم و، دژایەتی پارچەپارچە بوونی هەرێمی کوردستان. مەسەلەی هاوسەنگی لە حزوری حیزبی و سیاسی دەڤەرەکانیش و رێگرتن لە لەتبوونی بڕیار و هەڵوێست بەسەر دوو جەمسەرە سیاسی و ئیدارییەکەی هەرێمی کوردستاندا ئەرکی سەرەکیمان دەبێ.

بە پێویستیشی دەزانم کە جارێکی دیکە گرنگی بدەینەوە بە بەرنامەیەکى دیاریکراو بە هاوسەنگی لە بایەخدان بە دەعوە و پەروەردە و سیاسەت کە سێ رەهەندی سەرەکی پرۆژەی یەکگرتوون لە چەند ساڵی رابردوودا، کە بەداخەوە کەم کەم ململانێی سیاسی و هەڵمەتی حیزبی زاڵ بووە بەسەر پەروەردەی تاک و بانگەوازى گشتى لەناو یەکگرتوودا، بۆیە ئەمەش رێکخستنەوەی جددی پێویستە و دەمانەوێ لەم خولەدا وەک قۆناغێکى راگوزەر بۆ رێکخستنەوەى ئەم پرسە کۆشش بکەین و بەرنامەى پێویست دارێژین. 

بۆ برایان و خوشکانی ئازیزم بەتایبەتی بەشداربووانی کۆنگرەی حەوتەم ئەڵێم :

وێڕاى سڵاو و رێز بۆ هەموو لایەکتان.. دەخوازم بەگیانێکى برایانە و بە ئەخلاقە جوانە یەکگرتوانەکەتان کۆنگرەکەتان بڕازێننەوە و، لە ئاستی گەورەیی یەکگرتووەکەتاندا بن و، هەر ئەوەش چاوەڕوان دەکرێ، بۆ پاراستنى کەشوهەوای ئیمانی خۆتان و جوانترکردن و سەرکەوتنى کۆنگرەکە بکۆشن و، بۆ دەرکردنى بڕیار و راسپاردە و ستراتیژى شایان و گونجاو لەگەڵ هەلومەرج و دۆخەکە و سەلامەتى پرۆسەکانى هەڵبژاردنى پۆستەکان بە هەستێکى بەرپرسیارانە و هەناسەیەکى برایانە جەخت بکەنەوە و، بە دەنگی زوڵاڵی خۆتان بیڵێنەوە کە یەکگرتویی یەکگرتوو هێڵى سوورە و، ئیسلامى بوونمان وەک مەرجەع و ئاین و بەها ئەخلاقیەکان شناسنامەمانە و، کوردستانى بوونمان وەک خاک و وەک خەڵک و وەک قەوارەى سیاسی لانەو شانازیمانە..

پشتیوان بەخوای گەورە وەک هەمیشە لەم کۆنگرەیەشدا دۆستەکانمان دڵخـۆشتر دەکەین و کارەکانى کۆنگرە بەسەرکەوتوویى بە ئەنجام دەگات .

هەر لێرەشەوە سڵاوى تایبەت بۆ بەڕێزان کاندیدەکانى ئەمیندارى دەنێرم و پیرۆزبایى لە هەموان دەکەم..

سوپاسى متمانە و ئیصرارى ئەو براو خوشکانە لەناوخۆ و دەرەوەی یەکگرتوو دەکەم کە گومانى خێریان بە بەندە هەیە و ئەرکى ئاینی و نیشتیمانیم گرانتر دەکەن.. 

إِنْ أُرِيدُ إِلاّ الإِصْلاَحَ مَا اسْتَطَعْتُ وَمَا تَوْفِيقِيَ إِلاّ بِاللّهِ عَلَيْهِ تَوَكّلْتُ وَإِلَيْهِ أُنِيبُ

هەولێر 
27/5/2016
به‌روار: 28/05/2016
بینین: 801