هەڵبژاردە
  گۆڕان، نەگۆڕان، بەدگۆڕان
د. نزار کاکەمی

زەلامێک ئەناسم لە ۹٦ چۆن بوو ئێستەیش هەر وایە، لەناو کوردەواریدا هەندێ جار نەگۆڕان سیفەتێکی باشە، بەو پێوانەیەی کەسی نەگۆڕ کەسێکی ڕەسەنە! ئەم زەلامە خۆی باوەڕی بە شتێک نیە ناوی ڕەسەن بێ، بگرە زۆر جار دووبارەکردنەوەی هەمان ڕەفتار و هەمان گوفتار بۆ بە گژاچوونەوەی ڕەسەنێکە ئەو لێی بێ بەش بووە، بە مانایەکی تر، ئەو برادەرە لە دژی ڕەسەنێک گۆڕاوە و مانەوەی ئێستای لەسەر هەڵسوکەوتەکانی، مکوربوونە لەسەر ڕەفزکردنی ئەو ڕەسەنە، تا ڕەسەنەکە لە یادەوەریدا بمێنێ ئەمیش زیاتر مکوڕ ئەبێ لە سەر خوو و ئاکارەکەی.
ئەمە گۆڕانێکە و، لە هەمان کاتدا نایەوێ بیگوڕێ، بەرەنجامیش ئەبێتە بەدگۆڕان.
ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لە نەخۆشخانە، پێشمەرگەیەکی دێرینی هاندیکاپ، بە کورسییەکەیەوە خۆی کردە بەشەکەماندا، لێیم پرسی: لە کەییەوە شەلەل بووی؟ وتی: لە ۹٦. وتم: لە شەڕی ناوخۆوە؟ مرخەپێکەنینێکی کرد و ڕووی کردە ئەو لا ! وتم: بۆ پێئەکەنی؟ وتی: شەڕی ناوخۆ؟! با وابێ. وتم: ئەی وا نیە؟ هەستم کرد هەم گاڵتەی دێ هەم بێزارە، چاوانی پڕ بوون لە فرمێسک، وتی: دکتۆر گیان ئەمە بیست ساڵە وام، وەڵلاهـ بەم وەزعەوە کوڕە موستەشار لێم توڕەبووە، بیللاهـی ئەگەر داعش بگاتە سەرقەڵا، شەست کوڕم هەبێ نایەڵم یەکێکیان بچێتە جەبهە!
لە بنەمادا شۆڕش بۆ ئەوە دروست بوو تا دۆخەکە بگۆڕێ، وەختێ دەیان پێشمەرگەی وا، لە پرۆسەی گۆڕانی شۆڕشگێرانە پەشیمان ئەبێتەوە، خۆی لە خۆیدا بەدگۆڕانە، سەروخوارکردنەوەی ئەوەیە کە سەرەتا کاری بۆ دەکرد.
ئەو زەلامەی کە لە ۹٦ ەوە ناگۆڕێ و، بەدگۆڕانیى پێشمەرگە هاندیکاپەکە، هەردووکیان هەر گۆڕانن بەڵام، ئەویان ڕاگرتنی گۆڕانێکە دژ بە ڕەسەنێک، ئەمیان گۆڕانێکە دژ بە هەوڵێکی گۆڕانخوازانەی ڕەسەن.
هەموومان لەگەڵ گۆڕانین، بەو مانایەی کەس نیە نەگەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی وەزعی ئێمە باش نیە و پێویستی بە گۆڕینە، کەس نیە لە دۆخی خۆی ڕازی بێ، ڕێک وەک ئەو دوکاندارەی لە ناو بازاڕدا گرتمی و وتی: باشە ئیسە خەڵکی لە بێ مووچەیی و بێ پارەییدا بێتاقەت و بێزارە، ئەی خۆ من پارەیشم هەیە و تەندروستیشم باشە، ئیتر بۆ بێ تاقەتم؟!
لە پۆستێکدا باسی ئەوەم کردبوو کە گۆڕان بە خەڵکێک ناکرێت ڕق وای لێکردبێ باوەڕی بە گۆڕان هێنا بێ، یان لە ڕقی خەڵکی تر شوێن گۆڕان کەوتبێ، گۆڕان ئەبێ لە ناخەوە چەکەرە بکا، ئەبێ تەواوی ئەوانەی داوای گۆڕانکاریی ئەکەن باوەڕیان بە خۆگۆڕین هەبێ، گۆڕان پرۆسەیەکی بەردەوامە و موڵکی بزوتنەوەیەکی سیاسی یان ئابووری یان کۆمەڵایەتی یان فەرهەنگی نیە، گۆڕان سیفەتێکی ئەزەلیی بوون(وجود)ە بەڵام، ڕێسای خۆی هەیە، ڕەنگە لای خۆمان، زۆرکردن و پەلەکردن و، تا ڕادەیەک ئاگادار نەبوون بە ڕێساکانی گۆڕانکاریی زانستیانە، وای کردبێ ئەو (نەگۆڕان) و (بەدگۆڕان)ە یەک لە دوای یەکانەمان دووبارە و دەبارە ببێتەوە.
دۆخەکە ناخۆشە و گشتی گەرەکێتی بیگۆڕێ، گشتی لەگەڵ ئەوەیە بەو شێوەیە نەمێنێ، بەڵام نازانین چۆن بیگۆڕین، دەی چونکە گشت هەوڵەکانمان یان پەرچەکردار بووە یان زانستیانە نەبووە، ئیتر هەر جارێ ویستوومانە بیگۆڕین یان نەگۆڕاوە یان بەدگۆڕاوە.
به‌روار: 28/05/2016
بینین: 339