وەڵامدانەوەی گومانەکان
  ئایا اللە تەنها خوای ئیسلامە؟
هامنۆ هەورامی


الله
 
پێش ئیسلام بوونی هەبووە؟
یاخود خودایەکی جیاوازە ؟


ٲ. الله :
یەکێك لەو گومانانەی کە بەردەوام بەرەوڕوومان دەکرێتەوە ئەوەیە کە گوایا (الله) خودایەکی جیاوازە لەو خودایەی مەسیحی و یەهودییەکان بڕوایان پێی هەیە و داهێنراوی محمدە (صلی الله علیه وسلم) و پێشتر بوونی نەبووە.
بەڵام ئایا بزانین ڕاستە و بەو جۆرەیە ؟

١.الله پێش ئیسلام و لەسەردەمی نەفامیدا:

تاکو ئێستاش زۆرێک لە موسڵمانان و تەنانەت بێدینانیش لە کرۆك و مانای وشەی (مشرك) تێنەگەشتوون کە خوای گەورە بۆ زۆرێك لە عەرەبەکانی سەردەمی نەفامی بەکاریهێناوە :

وشەی (الشرك) لەڕووی لوغەوییەوە فەیروز ئابادی (رحمه الله) بەم جۆرە پێناسەی کردووە:
(الشِّرك والشُركة بكسرهما وضم الثاني بمعنى، وقد اشتركا وتشاركا وشارك أحدهما الآخر، والشِّرك بالكسر وكأمير: المشارك، والجمع أشراك وشركاء) القاموس المحيط (٢/١٢٥١).

وە لە ڕووی ئیستیلاحی و شەرعیەوە شێخ ئیبن سەعدی (رحمه الله ) فەرموویەتی:
(حقيقة الشرك أن يُعبَد المخلوق كما يعبَدالله، أو يعظَّم كما يعظَّم الله، أو يصرَف له نوع من خصائصالربوبية والإلوهية)  تيسير الكريم الرحمن (٢/٤٩٩).

کەواتە لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کەسێکی هاوبەشدانەر (مشرك) لەگەڵ کەسێکی کافردا جیاوازە، چونکە مرۆڤی هاوبەشدانەر باوەڕی بە خودا هەیە ، خوداش دەناسێت و پەرستشیشی بۆ دەکات ، بەڵام لەگەڵ ئەوەدا  کەسێك یاخود تەنێك یاخود شتێك دەکاتە هاوبەش لەو پەرستشانەی لە (اسماء و صفات و عیبادات) لەگەڵ خودای تاك و تەنهادا ، بەڵام خودای گەورە ئەو کارەی قبوڵ نییە و دەیداتەوە بەسەر خاوەنەکەیدا و دەیخاتە ئاگری دۆزەخەوە.
خوای گەورەش سەبارەت بە هاوبەشدانان  فەرموویەتی:

(اللَّهَ لا يَغْفِرُ أَنْ يُشْرَكَ بِهِ وَيَغْفِرُ مَا دُونَ ذَلِكَ لِمَنْ يَشَاء) (سورة النساء : ٤٨).
واتە: بێگومان هەرگیز خوا لەدانانی هاوبەش بۆی نابوورێت  و لەخوار هاوبەشدانانیشەوە بۆی لەهەر گوناهێك دەبوورێت بۆ هەركەسێك خۆی بیەوێت.

(إِنَّهُ مَن يُشْرِكْ بِاللّهِ فَقَدْ حَرَّمَ اللّهُ عَلَيهِ الْجَنَّةَ وَمَأْوَاهُ النَّارُ وَمَا لِلظَّالِمِينَ مِنْ أَنصَارٍ )( سورة المائدة :  ٧٢) 

واتە: چاك بزانن كە هەركەسێك شەریك و هاوبەش بۆخوا دابنێت بێگومان خودا بەهەشتی لەسەر یاساغ دەكات ، جێگە و شوێنی ئاگرە ، ستەمكارانیش هیچ جۆرە یارمەتی دەرێكیان بۆ نییەو رزگار نابن.

وە لە فەرموودەیەکی قودسیدا بەم شێوەیە ڕوونکراوەتەوە :
حدثني زهير بن حرب حدثنا إسمعيل بن إبراهيم أخبرنا روح بن القاسم عن العلاء بن عبد الرحمن بن يعقوب عن أبيه عن أبي هريرة قال :
 قال رسول الله صلى الله عليه وسلم قال الله تبارك وتعالى أنا أغنى الشركاء عن الشرك من عمل عملا أشرك فيه معي غيري تركته وشركه (صحیح مسلم : کتاب الزهد والرقائق : باب من أشرك في عمله غير الله : ٢٩٨٥).

واتە : پێغەمبەری خودا (صلی الله علیە وسلم) فەرموویەتی :
 خوای گەورە فەرموویەتی : (من دەوڵەمەندترینی ئەو هاوبەشانەم کە بۆم بڕیار دەدرێت ، هەر کەسێك کار و کردەوەیەك ئەنجامبدات و هاوەڵم بۆ دابنێت و بۆ جگە لەمنی بکات ئەوا خۆشی و ئەوەشی هاوبەشی کردووە بۆم وازیان لێدەهێنرێت).

عەرەب پێش ئیسلام لەسەر ئاینی پاکی ئیبراهیم (علیە صلاة وسلام) بوون تاکو ئەوکاتەی (عمرو بن لحي) کە بەیەکەم کەس دادەنرێت بت پەرستی و هاوبەشدانان بۆ خودای  هێنایە ناو نیوە دوورگەی عەرەب و خەڵکی لە خوداپەرستی لادا و گومڕای کردن.

بەڵام هەندێك کەس هەبوون کە لەناو عەرەبدا هەر لەسەر ئاینی پاکی ئیبراهیم مابوونەوە وپێیان دەوترا (الحنیفیة) هەروەکو چۆن خوای گەورە دەفەرموێت:

(قل بَلْ مِلَّةَ إِبْرَاهِيمَ حَنِيفًا وَمَا كَانَ مِنَ الْمُشْرِكِينَ ) البقرة/١٣٥.
واتە: ئەی موحەممەد (صلی الله علیه وسلم) پێیان بڵێ:
 نەخێر، یەهوودییەت ونەسرانییەتی وامان ناوێت، بەڵكو ئێمە هەرلە ئایینی پاك و بێخەوشی (ئیبراهیم) پەیڕەویی دەكەین ، چونكە ئەو لەهەموو بەرنامەیەكی لارو خێچ لایداوەو هەرگیزیش لەهاوبەشدانەران نەبوو.

چەندان مرۆڤی هۆشیار هەبوون لە نێو عەرەب و قورەیشدا کە لەسەر ئەو ئاینە مابوونەوە و بانگەوازیان بۆ خوداپەرستی و دوورکەوتنەوە لە هاوبەشدانان بۆ خودا کردووە ، وەکو:

(  أمية بن أبي الصلت و  زيد بن عمرو بن نفيل و قس بن ساعدة و چەندانی تر کە بۆ زانیاری زیاتر لەسەر ئەو کەسانەی سەر بەو ڕێبازە بوون ، بگەڕێرەوە بۆ سیرەی ابن کثیر مجڵدی ١ و ٢).

ئەمانە گشتیان باوەڕدار بوون بە (الله) و ئەو بۆچوونە تێکدەشکێنێت کە پێی وایە (الله) لە (اللات)ـەوە هاتووە.

بەو واتایەی ئێستا زانیمان ژمارەیەک لە سروشت پاکان هەبوون کە ئاینی پاکی خودا پەرستیان هێشتبووەوە ئەمە بێجگە لە مەسیحی و یەهودی و زەردەشتیکە کەم تا زۆر لە نیوە دوورگەی عەرەبدا بوونیان هەبووە.
بەڵام بە گشتی و ئەوانەی مانەوە هاوبەشدانەربوون و خوای گەورە سەبارەت بەو کەسانە دەفەرموێت:

(ما نعبدهم إلا ليقربونا إلى الله زلفى) (سورة الزمر : ٣).
واتە: ئێمە هەر بۆئەوە ئەو بتانە دەپەرستین ، كە لەخوامان نزیك بكەنەوە و تكامان بۆ بكەن لای.

ئەمە قەناعەتی ئەوانبوو ئەو بتانە پەیوەستییەک (واستەیەک) بوون لە نێوان ئەوان و خودادا و بۆیان پاڕاونەتەوە.

٢.اللات:
یەکێک بووە لە سێ بتە ناسراو و گەورەکانی ناو عەرەب و قورەیش کە ئەوانیش بریتیبوون لە (اللات و مناة و العزی ).
ڕاجیایی زۆرە لەسەر بەسەرهاتی (اللات) کە لە چییەوە سەرچاوەی وەرگرتووە و زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەدەن کە:
پیاوێکی چاکەکار و باش بووە و لە سەردەمی نەفامیدا (شیر و ڕۆن و هتد ....)ـی فرۆشتووە بە حاجییەکان کە لەو سەردەمادا سەردانی کەعبەیان دەکرد ، وتراوە کە ناوی (صرمة بن غنم) بووە .
وە وتراویشە کە کەسێکی بەخشندە بووە و خواردنی بە خەڵکی دەدا ، هەر بۆیە کاتێک کۆچی دوای دەکات ، خەڵکەکە وەک ڕێزلێگرتن بۆی پەیکەرێکی بۆ دادەتاشن و دواتریش دەست دەکرێت بە پەرستنی و وتراویشە (عمرو بن لحي) ئەو کارەی کردووە و گوتراویشە کە گوایا دوای کۆچی دوای کردنی تەرمی نەبووە ،
عمرو گوتویەتی: 
نەمردووە بەڵکو  گیانی چووەتە نێو ئەو بەردەوە. ئەمەش بووەتە هۆی پەرستنی لەلایەن خەڵك و بەبەرز دانانی لەلای عەرەب و لەلای (ثقیف)ـەوە دایانناوە.
کەواتە لات کەسایەتیەکی ڕاستەقینە بووە و هیچ پەیوەندییەکی بە الله وە نەبووە تاوەکو ناوی (الله) لە (اللات)ـەوە هاتبێت.
٣.الله لە زمانی عیبریدا:
وەک دەزانین کۆمەڵەی زمانە سامییەکانمان هەیە کە یەکێکە لە بەربڵاوترین کۆمەڵە زمانەوانییەکان و بۆیە پێی دەگوترێت سامی ، چونکە دەگەڕێنەوە سەر سامی کوڕی نوح (علیە صلاة وسلام) و بە گشتی پێکهاتووە لە لقەکانی (عەرەبی و عیبری و ئاشووری و هتد ....)
کە لەناوچەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا بڵاون.
ئەم زمانانە لە ڕووی وشە و زمان و نوسیندا لێکچوونی زۆر هەیە لەنێوانیاندا و تاڕادەیەکی زۆر گۆکارانی هەریەک لەو لقە جیاوازانە تا ڕادەیەکی باش لەیەکتر تێدەگەن.

الله و مصدر و هاوواتاکانی لەزمانی عیبریدا:
١.لە زمانی عیبریدا وشەی ئیلۆهـ  (אלואה ) هەیە کە بەرامبەرە بە وشەی (الله) کە بۆ خودا بەکاری دەهێنن و بەواتای هاتوو لە بەهەشت یاخوود هاتوو لە ئاسمانە و کە هەمان وشە سامییەکەیە کە عیبرییەکان بۆ (الله) بەکاریان هێناوە.
٢.مصدر و چاوگی ئەو وشەیەش ئێل  ( אל) کە بەرامبەر (ٳله) عەرەبییە کە واتای پەرستراوە و کە لە زمانی عەرەبیدا الله لە (ٳله) سەرچاوە دەگرێت.
٣.وە کاتێک بۆ خاوەندارێتی بەکاریان هێناوە واتە وەک چۆن کورد بۆ جێناوی لکاو بۆ کەسی یەکەمی تاک بەکاری دەهێنێت و ئەبێتە جێناوی (م) لە عیبریدا دەبێتە ئیلۆی ( אלהי) کە لە زمانە عەرەبییەکەدا دەبێتە (ٳلهي ) کە بۆ ئەوان جێناوی (ﻱ) چۆتە سەری کە لە هەردوو زمانەکەدا بۆ کەسی (مخاطب) دەگەڕێتەوە و بە کوردی دەبێتە (خوداکەم) ، وەک چۆن لە ئینجیلدا عیسای مەسیح (علیە صلاة وسلام) لەسەر خاچەکە هاوار دەکات (ئێلی ئێلی لەما شەبەقتەنی) کە ڕستەیەکی عیبریە و واتا: خوداکەم خوداکەم بۆ وازت لێ هێنام.
٤. لە هەمووی گرنگتر وشەی ئیلۆهیم ( אלהים ) واتە هاتووەکان لە بەهەشت یاخوود هاتووەکان لە ئاسمان کە لێرەدا پاشگری (هم) چۆتە سەر وشەی( ئیلۆهـ : אלואה ) کە لە زمانی عیبری و سامیدا پاشگری (هم) چووە سەر هەر وشەیەک بۆ ڕێزلێنان و بەگەورە دانانی ئەو کەسە دەگەیەنێت ، کە لێرەدا ئەم وشەیە پڕاوپڕ بۆ ( اللهم) عەرەبی بەکارهاتووە و لە زمانی عیبریدا زۆرترین وشەیەک کە بۆ خودای بەکار دەهێننەوە و جەختی لەسەر دەکەنەوە وشەی (ئیلۆهیم : אלהים)ـە.
کەواتە لێرەدا بۆمان ڕووندەبێتەوە کە وشەی (الله) لە ڕووی زمانەوانییەوە وشەیەکی سەربەخۆیە و هیچ پەیوەندییەکی بە (اللات)ی بتی قورەیشییەکانەوە نییە کە هەندێک بێدین و نەزان لە زمانەکان هاتوون ئەوەیان داتاشیوە کە گوایا وشەی (الله) و (اللات) یەک شتن و پەیوەندیان بە یەکەوەیە ئەگەر هەرکەسێک ئەوە بڵێت ئەوە لە ئاستێکی نەفامی بەرزدایە چونکە ئەمە بابەتێکی زمانەوانییە و لە پێش ئیسلامیشدا و تەنانەت لەلای یەهودی و مەسیحییەکانیش هەمان شتە ، چونکە زمانی عیبری زمانی ڕەسمی گەلی جولەکەیە ، واتە زمانی تەورات و مەزامیرەکانە و پەیمانی کۆن بە زمانی عیبری نوسراوە و هەموو ئەو وشانەی کە لە سەرەوە داماننان لە تەوراتدا دووبارە بوونەتەوە .
وە هاوکات زمانی ڕەسمی ئیشۆع - عیسا (علیه صلاة وسلام) و قوتابی و شوێنکەوتووە ڕەسەنەکانی بووە و هەموو ئەو موژدانەی کە داونی بەو زمانە بووە و گەورەترین هەڵەی مەسیحییەکان ئەوە بوو کە ئینجیلیان نوسییەوە بە زمانی گریکی نوسیانەوە ، چونکە دەبوایە و پێویستبوو کە ئەو مەتنەی بۆ کتێبی پیرۆز داڕێژرێت بە زمانی عیبری بێت نەک گریکی کە لەو وەرگێڕانەشدا چەندان هەڵەی زەق کرا کە نەدەبوو بکرێن .
سەرئەنجام لەم خاڵەشدا دەگەینە ئەوەی وشەی (الله) هەمان وشە سامییەکەیە کە خودای یەهودی و مەسیحی و ئیسلامییە و هیچ جیاوازیەک نییە لەنێوانیاندا و لەلای هەرسێکیان و دەقە ڕەسمییەکان خودا تاک و تەنهایە و ئەگەر پێناسەیەکی هەڵە کرابێت بۆ چەمکی خودا ئەوە بەهۆی دواینەکانەوە بووە ، وەکو شاوڵ (پۆڵس) بە نموونە ، کە بەدامەزرێنەری مەسیحیەت بانگەوازی (ثالوثیەت) دادەنرێت و دەتوانین بڵێین لەمەوە دەست پێدەکات و ئەوەی پەیوەندی بە خودی عیساوەیە (علیه صلاة وسلام) بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بە خودایەتی خۆی نەداوە بەڵکو تەنانەت بەرپەرچی ئەوەشی داوەتەوە و ئەوەی کە بەخودای لەقەڵەم داوە شوێنکەوتووەکانیەتی نەک خودی خۆی.

٤.ئایا عبدالله ناوێکی نەناسراو بووە ؟
لە دوواجاردا بەهۆی ئەو گومانە تەقلیدیانەی کە لەسەرەوە وەڵاممان دانەوە و پوچەڵمان کردنەوە پێیان وابوو (الله) ناوێکی وەرگیراو بووە ، بەڵام سەلماندمان کە ناوێک بووە بەردەوام هەبووە و هەردەم دەمێنێت ، دواتر هاتن گومانیان لە ناوی (عبداالله)ـی باوکی پێغەمبەر (صلی الله علیە وسلم) دروستکرد کە بوونی نەبووە و بەڵکو عبداللات بووە .
بەڕاستی ئەمە ئەوپەڕی نەشارەزایی بووە لە مێژوو و سیرە و لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی ،؟چونکە بە دڵنیاییەوە چەندان کەس هەبوون لەنێو عەرەبدا و پێش هاتنی ئیسلام هەمان ناویان هەبووە ، بۆ نموونە:

( . عبد الله بن أبي أمية ،عبد الله بن مسعود الهذلي، 
 عبد الله بن الزبعرى ، عبد الله بن عمر بن مخزوم ، عبد الله بن الحارث بن زهرة ، عبد الله بن قرط بن رزاح ، عبد الله بن جدعان ).


لەکۆتایدا دەگەینە ئەوەی کە هەموو گومانێک کە بەرامبەر ئیسلام بڵاودەکرێتەوە وەک پوشی بەر با وەهایە و نابێت خۆشباوەڕانە پێیان هەڵبخڵەتێین و باوەڕیان پێ بکەین ، بەڵکو کاتێک دەچینەوە سەر سەرچاوەکان و بەدوواداچوون دەکەین بەرزی ئیسلام و نزمی دوژمنانی دەرئەخات.
سەرچاوە سەرەکییەکان:
١.قورئانی پیرۆز
٢.کتێبی پیرۆز [پەیمانی کۆن]
٣.کتێبی پیرۆز [پەیمانی نوێ]
٤.صحیح مسلم
٥.تیسیر الکریم الرحمن - شیخ عبد الرحمن بن ناصر السعدﻱ
٦.تەفسیری ڕامان - شێخ احمد کاکە محموود
٧.سیرەی ابن کثیر 
٨.القاموس المحیط - مجد الدين الفيروزآبادي
٩.الرحیق المختوم - صفي الرحمن مباركفوري
١٠.خوداپەرستی نەک شەخس پەرستی - د.عبداللطیف احمد
١١.محمد (صلی الله علیە وسلم) وەک لە کتێبی جولەکە و دیانەکان هاتووە -عبدالاحد داود - وەرگێڕانی: د. ئیبراهیم احمد شوان
١٢.چەند سەرچاوەیەکی تر ....
به‌روار: 03/07/2019
بینین: 83