وەڵامدانەوەی گومانەکان
  بەڵگە فەلسەفیەکانی بوونی خودا
محمد عبدالعزیز


بەشی پێنجەم: بەڵگەی دیزاین

ئەم بەڵگەیە لە بنچینەدا ناسراوە بە بەڵگەی ئامانج(Teleology)، لە دێرینەوە بوونی ھەیە و پشتی پێ بەستراوە، بۆ بەڵگە ھێنانەوەی بوونی خودا، بەتایبەتی لە زانستی سەردەمدا ئەم بەڵگەیە بەھێزتر بووە لە زانستی گەردوونناسی و دۆزینەوە تازەکان، تایبەتتریش ئەو ڕێژانەن کە ناسراون بە نەگۆڕە گەردوونیەکان(Fine-tuning)، دوو دانە وەک نموونە باس دەکەین: 

۱- ھێزی کێشکردن Gravity: تواناکەی یارمەتیدەرە بۆ دروستبوونی ئەستێرەکان و ڕوودانی کارلێکی ناوەکی، بۆ دروستکردنی توخمەکانی تر و بەدوایدا (سوپەر نۆڤا)، بۆ بڵاوبوونەوەی ئەو توخمانە و بەدواھاتنی ژیان، ئەم ھێزە وردییەکەی بەجۆرێکە ئەگەر ۱ لەسەر ۱×۱۰^٦۰ [واتە ۱۰ توان ٦۰] یەک ژمارە گۆڕانی بەسەر بھاتایە ئەوا گەردوون گونجاو نەدەبوو بۆ ژیان.
چونکە ئەگەر کێشکردنیان یەک پلە لە ۱×۱۰^٦۰ زیاتر بووایە، ئەوە تەمەن و قەبارەیان بچووک دەبوو و توخمە قورسەکان دروستنەدەبوون [لەوانە توخمی کاربۆن کە توخمی سەرەکی لاشەی زیندەوەرانە]، ئەگەریش یەک پلە کەمتر بووایە ئەوکات ھایدرۆجین یەکی نەدەگرت بۆ پێکھێنانی ئەستێرەکان ، بەمەش گەردوون ھەر لە قۆناغی سەرەتادا دەمایەوە.
ئەم ڕێژەیە بە جۆرێک ورد و ھەستیارە بە نموونەیەک ڕوونی دەکەینەوە: ژمارەی ھەموو چرکەکانی تەمەنی گەردوون بریتییە لە ۱×۱۰^۲۰ چرکە، ئێستا گەر ئێمە بڵێین (۱×۱۰^۲۰) ئەوا واتای وایە ۱۰ ھێندەی تەمەنی گەردوون، ئەگەر بڵێین (۱×۱۰^۲٦) واتە ملیۆن ھێندەی تەمەنی گەردوون، ئینجا بزانە ڕێژەی ۱×۱۰^٦۰ چەندێک گەورەیە، زانای فیزیای تیۆری پۆڵ دەیڤس(Paul davies) دەڵێت: وەک ئەوە وایە تۆ لەمسەری گەردوون بیت و نیشانەیەکیش لەوسەری گەردوون داندرابێت کە ڕووبەرەکەی ۲.٥سانتیمەتر بێت و تۆش بتوانی ئەم نیشانەیە بپێکيت. 

۲- ھێزی کشانی گەردوون لامدا(λ): ئەم ھێزە ئەگەر زیاتر بووایە و گۆڕانی بەسەردا بھاتایە، دەبووە ھۆی ئەوەی گەردوون زۆر بەخێرایی بکشێ و ھەمووی بەسەر یەک دا بکەوێت [ھاوسەنگی دروست نەدەبوو]، ئەگەریش لاوازتر بووایە لەوەی کە ھەیە، ئەوکات بوار بۆ دروستبوونی ئەستێرەکان نە دەڕەخسا [ئەمە بەڵگەی ئەوەیە کە ئەگەر گەردوون بەھەر شێوەیەکیتر بووایە ئەوا جۆرێکی تر لە ژیان دروست نەدەبوو چونکە بەریەککەوتن و تێکشکان بەردەوام ڕوویدەدا و ئەمەش کەشێکی لەبار و گونجاوی دروست نەدەکرد]، ئەگەریش کشانی گەردوون خاوتر بووایە ئەوکات توخمە قورسەکان دروست نەدەبوون، وەک زانای فیزیایی ستیڤن ھاوکین(Stephen hawkins) لە کتێبی (A brif hostory of time) دەڵێت ئەگەر فراوانبوونی گەردوون دوای تەقینەوەکە لە چرکەیەکدا ۱^-۲۰ بگۆڕایە [واتە یەک ژمارە بگۆڕایە لە سەد ملیار ملیاری چرکەیەک ئەوا گەردوون دەشێوا و ھاوسەنگی لەدەست دەدا].

ھەروەھا زاناکان دەڵێن ئەگەر ھێزی کشانی گەردوون بەراورد بە ھێزی کێشکردن ۱ ژمارە زیاد و کەمی بکردایە لە ۱×۱۰^۱۲۰ ئەوا گەردوون گونجاو نەدەبوو بۆ ژیان، لەکاتێک چڕی ماددەی گەردوون بریتییە ۱×۱۰^۸۰، ئەم ڕێژەیەی (لامدا) ترلیۆن ترلیۆن ترلیۆن ترلیۆن جار گەورەترە لە چڕی گەردوون.

جا ئایا ئەمە ڕێککەوتە یان مانای بوونی بەدیھێنەرێک دەدات؟
به‌روار: 06/07/2019
بینین: 201