وەڵامدانەوەی گومانەکان
  ئایە خودا لە قورئاندا جنێوی داوە؟
ھامنۆ ھەورامی
ئایا خودای گەورە لە قورئاندا جنێوی داوە ؟ 
 

یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرێک لە دژە ئیسلامەکان کردوویانەتە وێردی سەر زوبانیان و بەردەوام دووپاتی دەکەنەوە بەبێ ئەوەی زانیارییەکی وەهایان دەربارەی هەبێت  ، دێن و دەڵێن قورئانی پیرۆز جنێوی تێدایە بەرامبەر بە ئەو کەسانەی بڕوایان پێنەکردووە و ڕازینەبوون پێی !
جگە لەوەش چەندین جار ئەم باسە لەلایەن زانایان و بانگخوازان و مامۆستایانی ئایینی بەڕێز وەڵامدراوەتەوە ، بەڵام تاوناتاوێک دوپاتدەکرێتەوە تاوەکو بتوانن بە بچوکترین شێوەش بێت گومان لەلای گەنجی موسڵمان دروست بکەن.

ئەوەی دەیهێننەوە چەند ئایەتێکی دیاریکراون کە بریتین لەمانە :

۱. ئایەتی (۱۳) لە سورەتی القلم :

ئەم ئایەتە پیرۆزە دەفەرموێت (عُتُلٍّ بَعْدَ ذَٰلِكَ زَنِيمٍ ) دژە ئیسلامەکان وای نیشاندەدەن ئەم ئایەتە جنێوێکی ناشرینە کە بە وەلیدی کوڕی موغەیرە (باوکی خالیدی کوڕی وەلید) دراوە و دەڵێن زەنیم لێرەدا واتا (کوڕی قەحبە ، یاخود زۆڵ) دەگەیەنێت ، و ئەم جنێوە نەک لەقورئاندا نابێت هەبێت کە گوتەی خودایە ، بەڵکو قسەی نێو مەجلیسیش نییە !
ئێمە وەکو موسڵمان پێویستە وریا بین بەرامبەر ئەو بابەتانەی کەسێکی دژە ئیسلام دەیوروژێنێت ، لێرەدا هەم پێویستمان بە شارەزاییە لە زمانی عەرەبی هەم لە قورئان و سەرچاوە ئاینییەکانمان.
ئایەتەکە وشەی (زنیم)ی بەکارهێناوە ، ڕوونە ئەم وشەیە بۆ شتی هەڵواسراو بەکاردێت ، لەناو خودی عەرەبیشدا هۆز هەبووە بەهەمان ناوەوە ، ئەگەر ئەم وشەیە مایەی شەرم و نیشانەی جنێودان بووە چۆن ئەو خەڵکانە ڕازیبوون بەوەی بەو ناوەوە بانگ بکرێن ؟
زەنیم خۆی بۆ هەڵواسراو بەکاردیت لەعەرەبیدا کە وەلیدیش زۆر شانازی بە قوڕەیشی بوونی خۆیی و پاکی نەژادی خۆیەوە کردووە ،  ئەم ئایەتەش لە  بێدەسەڵاتی موسڵمانان لە مەککە دابەزیوە.
ئەگەر مەسەلەکە پەیوەندیداربووایە بەجنێوەوە بۆ وەلید زۆر ئاسانبوو کە محمد (صلی الله علیه وسلم) بکوژێت بەو بیانووەی جنێوی ڕەوشتی پێداوە ، بەڵام ڕوونە کە باسەکە جنێو نەبووە بەڵکو ڕاستی ڕەچەڵەکی ئەو پیاوەی نیشانداوە و خۆشی ڕاستیەکەی بۆ ڕوون بووەتەوە کاتێک دەچێتەوە لای دایکی و دایکیشی ڕاستی ڕوداوەکەی بۆ دەگێڕێتەوە کە کاتی خۆی لەگەڵ شوانەکەیاندا زینای کردووە و وەلیدیش لەوە بووە.
ئایەتەکەش  پێکەوە واتای ئەوە دەگەیەنێت :
کەسە موسڵمانبووەکانی ڕادەکێشا و خۆی هەڵواسیوە بەهۆزەکەیدا ، دانایش لەم ئایەتە ئەوەیە خوای گەورە ڕاستی ڕووداوەکە نیشاندەدات بەبێ ئەوەی کەسێکی وا ئاگاداری ڕووداوەکە بووبێت!
هەروەها نیشانەیەکیشە بۆ پاکی هێشتنەوەی ڕەگەزی مرۆڤ و هەرکەسە و کەسوکار و بنەماڵەی دیار و ئاشکرابێت نەوەک بەناوی کەسێکی دیکەوە پەروەردە بکرێت !
کەواتە ئایەتەکە باسی جنێو نییە بەڵکو ئاماژەدانە بە هێشتنەوەی پاکی ڕەگەز.


۲. ئایەتی (٥) لە سورەتی الجمعة :
 مَثَلُ الَّذِينَ حُمِّلُوا التَّوْرَاةَ ثُمَّ لَمْ يَحْمِلُوهَا كَمَثَلِ الْحِمَارِ يَحْمِلُ أَسْفَارًا ۚ بِئْسَ مَثَلُ الْقَوْمِ الَّذِينَ كَذَّبُوا بِآيَاتِ اللَّهِ ۚ وَاللَّهُ لَا يَهْدِي الْقَوْمَ الظَّالِمِينَ  :

ئەم ئایەتە پیرۆزەش باسی ئەو یەهودیانە دەکات دوای ئەو هەموو نازونیعمەتەی پێیان بەخشرا ئینجا تەوراتیشیان پێبەخشرا و ڕێنوێنی کران بەڵام سەرەڕای ئەوەش هەر خۆیان گومرا ئەکرد ،
خوای گەورەش نمونەی ئەوانە بە گوێدرێژێک دەهێنێتەوە کەکۆمەڵێک کتێبی پێبارکرابێت و هیچ سوودیشی نەبێت بۆی.
لێرەدا کەمێک لۆژیکیانە بیربکەینەوە لەم دەقە ، ئەمە وەسف و نمونەهێنانەوەیەکی زۆر جوانە بۆ ئەو کەسانە ،  نەک تەنها بۆ ئەوان بەڵکو بۆ هەرکەسێک هاوشێوەی ئەوان بێت کە زانستێکی زۆری پێبێت بەڵام نەتوانێت سوودی لێوەربگرێت !
گەر دەشڵێن بۆچی گوێدرێژی بۆ  بەکارهێناون و ئەمە سوکایەتییە ؟
 وەڵامەکەش زۆر ئاسانە و پەیوەندی بە سوکایەتییەوە نیە ، چونکە ئامڕازی سەرەکی گواستنەوەی شت و مەک گوێدرێژ بووە !
هەربۆیە ئەم ئایەتە هانی مرۆڤ دەدات کە کار بەزانستەکەی بکات نەک گوێی خۆی لێ کەڕ بکات !

۳. ئایەتی (۱۷۹) لە سورەتی الاعراف :

وَلَقَدْ ذَرَأْنَا لِجَهَنَّمَ كَثِيرًا مِّنَ الْجِنِّ وَالْإِنسِ ۖ لَهُمْ قُلُوبٌ لَّا يَفْقَهُونَ بِهَا وَلَهُمْ أَعْيُنٌ لَّا يُبْصِرُونَ بِهَا وَلَهُمْ آذَانٌ لَّا يَسْمَعُونَ بِهَا ۚ أُولَٰئِكَ كَالْأَنْعَامِ بَلْ هُمْ أَضَلُّ ۚ أُولَٰئِكَ هُمُ الْغَافِلُونَ 

سەبارەت بەم ئایەتە ئەمەش هیچ پەیوەندی بە جنێوەوە نییە ، چونکە دەبێت جوان لە سیاقی ئایەتەکە بڕوانین ، ئینجا بڕیاری لەسەر بدەین ، پیشتر چەند شتێکمان پێدەڵێت :
تێنافکرن ، هەقنابینن ، هەقنابیستن ، ئەم خۆگێلکردنەش سیفەتی هەندێک ئاژەڵە خوای گەورە نموونەیان پێدەهێنێتەوە کە ئەم مرۆڤانە سەرەڕای ئەم بەخششانە کەچی خۆیان وەک ئاژەڵێک نیشان دەدەن چونکە خۆیان غافڵدەکەن.

کەواتە سیفەتی مرۆڤەکە وای نیشان دەدات خۆی وەک ئاژەڵ لێکردووە نەک خوای گەورە بەجنێو بەکاری هێنابێت.‌

لەکۆتایشدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی هیچکام لەو ئایەتانەی دژە ئیسلامییەکان دەیهێننە کایەوە نە پەیوەندی بە سوکایەتییەوە نەجنێو نەقسەی ناشرین ، بەڵکو گشتی بریتین لە ڕاستی و بەڵگەهێنانەوەی راست و دروست بۆکەسانێکی دیاریکراو.

قورئان پەڕتوکێکە پڕاوپڕ لەدانایی و جوانی و دوور لە گوتەی ناشرین و هەرخودی خوای پەروەردگار لەڕیزی کردارە پەسەندەکاندا باسی لێوە هێناوە هەروەکو چۆن دەفەرموێت :


وَإِذْ أَخَذْنَا مِيثَاقَ بَنِي إِسْرَائِيلَ لَا تَعْبُدُونَ إِلَّا اللَّهَ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا وَذِي الْقُرْبَىٰ وَالْيَتَامَىٰ وَالْمَسَاكِينِ وَقُولُوا لِلنَّاسِ حُسْنًا وَأَقِيمُوا الصَّلَاةَ وَآتُوا الزَّكَاةَ ثُمَّ تَوَلَّيْتُمْ إِلَّا قَلِيلًا مِّنكُمْ وَأَنتُم مُّعْرِضُونَ  (البقرة : ۸۳)
به‌روار: 09/07/2019
بینین: 903