ئەدەب و هونەر
  بانەیەڵین کلاسیک پیر بێت!
نەبەز پێنجوێنی
زنجیرە بابەتێکی ئەدەبیی (۱)
ــــــــــــــــــــــــــــــــــ
             با نەهێڵین کلاسیک پیر بێت! 

وەک ئاشکرایە بەدرێژایی چەندین سەدە ڕێبازی کلاسیک فۆڕمی نووسینی شێعری شاعیرانی پێشین بووە.
ئەم فۆڕمە لە شێعر خاوەنی مۆسیقا و ئاهەنگێکی خۆشە، لەسەر زمان خۆش ئەوترێتەوە و زووتر ئەگاتە گوێ و خێراتر بەر ڕۆح ئەکەوێت، چونکە ئەو دەقەی بەم فۆڕمە دەنووسرێت هەڵگری چەند تایبەتمەندییەکی یاسایی وەک (کێش و سەروا)یە. ئەمە جگە لە بەهێزیی لایەنی ڕەوانبێژیی کە پانتاییەکی بەرفراوانی لە کلاسیکدا داگیر کردووە.
لە ئێستادا کلاسیک وەک چوارچێوە یاساییەکە ماوەتەوە و هەتا ئەدەب و وێژە هەبێت ئەم فۆڕمە لە شێعر ئەمێنێت چونکە هێزی یاسایی هەیە. بەڵام ئەوەی ئەم ڕێبازەی تووشی جموود و وەستان کردووە و پیری کردووە و پەلکی ڕەش و سپیی پێ هۆنیوەتەوە! ئەو وێنە و زمان و پەیامەیە کە شاعیرانی ئێستا پێی ئەنووسن، کە بەداخەوە ناتوانن تەجاوزی شاعیرانی پێشین بکەن و هەمان خەیاڵ و وێنە و زمانی شاعیرانی کۆن دێنن و نەشارەزایانە لەتەک شێعرێکی خۆیاندا متوربەی ئەکەن.
ئەگەر سەردەم گۆڕابێت، هەموو کەرەستەکانی دەوروبەرمان گۆڕابن، بیر و ئەندێشەی مرۆڤەکان گۆڕابێت، خولیا و کەڵکەڵە و حەز و ئارەزووی مرۆڤەکان گۆڕابێت، ئازار و موعاناتی تاکبەتاکی کۆمەڵگا گۆڕابێت، ئاستی ڕۆشنبیریی و حەوسەڵەی خوێنەر گۆڕابێت، بەگشتیی سەرلەبەری زەمان و مەکان و ژیان گۆڕابێت، ئەدی خێرە کەرەستەکانی نووسینی شێعر نەگۆڕێن؟
شاعیرانی پێش ئێمە کوڕی سەردەمی خۆیان بوون، ناکرێت ئێمە لەگەڵ هاوزەمانی خۆماندا بژێین، بەڵام خەیاڵمان بگێڕینەوە بۆ سەردەمی ئەوان! هەروەک چۆن ئەوان ئەوەیان نەکرد. هەرکات ئێمە وامان کرد خوێنەر لێمان بێزار ئەبێت، ئەوکات نابێت گلەیی لە بەختی خۆمان بکەین و بڵێین: خەڵک حەزی بۆ کلاسیک نەماوە. بێگومان خەڵک حەزی بۆی ماوە بەڵام ئەوە تۆیت تاقەتت نییە شتی تازە بە خوێنەر ببەخشیت. هەر خۆت ئەخۆیتەوە و لە شوێنی خۆت وەستاویت و تەکانێک نادەیت! تۆ کە وێنەی کۆنی پیشان ئەدەیتەوە ئەو پێویستی بە تۆ نییە و، بۆ بینینی ئەو وێنە کۆنانە پەنا ئەباتە بەر شاعیرە کۆنەکان کە هەزار بارتەقای تۆ جوانتر بۆی گوێزاوەتەوە.

کەرەستەی نووسین زۆر پێویستە سەردەمیانە بێت. شاعیرانی کۆن ئاوایان کرد بۆیە پەیامەکەیان مایەوە.

گۆران دەڵێت:
   ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە
   ڕێی کانیى، قوبان، مونتەزیری جیلوەیی نازە
   بەردەرگەکەتان قیبلەیی ڕووى ئەهلی نیازە
   ئێوارەیە وا، هەڵگرە سا گۆزەیی تازە

بۆ سەردەمی خۆی چەند وێنەیەکی جوان بوو، کاتێک کیژێکی لادێیی گۆزەیەکی ئەخستە سەرشان و دەماودەمی زەردەپەڕ بەرەو کانیی بە لەنجەولاری سوێسکە و خۆبادان و مەکر و نازەوە بەبەردەم دەستەی هەرزەکارانی کوڕانی ناو دێ ئەڕۆیشت بۆ ئاو.
کام پیاو لە سەردەمی (گۆران)ی شاعیردا ئەم دیمەنەی نەدیوە و دڵی کەمەندکێش نەبووە؟
دەی (گۆران) دێت شێعر بۆ ئەو جیلە دەنووسێت کە لەگەڵییدا دەژیی.
ئەدی ئێستا منی شاعیر بێم ئەم دیمەنە بۆ جیلی سەردەمی خۆم لە شێعرێکدا تەوزیف بکەم چ بایەخ و ئەرزشێکی هەیە؟ کێ هەیە بڵێ: (کەرت بە چەند!)؟ بێگومان کەس!
چونکە ئێستا باوی گۆزە نەماوە و جیلی ئێستا دیمەنێکی لەو چەشنە نابینێت هەتا شێعرەکەم وەڵام بە ئیحساسی ئەو باتەوە.
ئەی ئەگەر بنووسم: (کاتی دەوامە و جلەکانت ئوتوو بکە و میکیاجێکی جوان بکە، جامتاکەت هەڵبگرە و بەرەو زانکۆ بە لەنجەولار بڕۆ) بێگومان پڕاوپڕ کوڕانی سەردەمی خۆم ئەهێنمە سەر چۆک و گوێقوڵاخ بەدیار شێعرەکەمەوە ئەوەستن.

گوشراوی قسان ئەمەیە..
تکایە با چیتر کەرەستەی سەردەمی کۆن و وێنەی شاعیرانی پێش خۆمان نەجووینەوە.
ئەوان وتیان:
پێکەنە، پێکەنە
جوانیی پەنجەبەخەنە
ئەبێت ئێمە بڵێین:
پێکەنە پێکەنە
نینۆکی پەنجە بۆیە.

چونکە ئێستا نینۆکبۆیەکردن جێگەی پەنجەخەنەکردنی ئەوسای گرتۆتەوە. لای جیلی ئێستا پەنجەیەک خەنە کرابێت جوان نییە بۆیە. کە وام نووسیی ئەوکات نە ئەو چێژ لە وێنە شێعرییەکەم ئەبینێت نە منیش بەردێکم خستۆتە سەر بەردێک کە جێ بگرێت.
ڕمێڵ جێگەی کل و کلدانی گرتۆتەوە
ئێستا برۆی کەوان هیچ جوانییەکی تیا نییە و کچان خۆیانی لێ لائەدەن و بە تاتۆ ڕێکی ئەکەنەوە وەک تیر.
بۆیە پێویستە چیتر من باسی برۆی کەوان و کلی چاو و گۆزە و زوڵفی سیا و هەندێ شت نەکەم کە کەرەستەی کۆن بوون و لای جیلی ئێستا بە پوولێکی قەڵب ناچێت، ئەگەر وام کرد ئەوا سەرقاڵی پڕۆسەی پیرکردنی شێعری کلاسیکم نەک خزمەتکردن بە کلاسیک.

ــــــــــــــــــــــــ
بەپێنووسیی: نەبەز پێنجوێنیی
٥ـ۲ـ۲۰۱۹
به‌روار: 09/07/2019
بینین: 153