بیروڕا
  دیوی دوهەمی حیجاب
د. عومەر علی
دیوی دوهەمی حیجاب، ڕووتی و تێکەڵی و مەترسیەکانیو

لە هەموو دینە ئاسمانیەکاندا حیجاب واجبە، شێوازەکەی جێگەی مشتومڕە، بەڵام داپۆشینەکە بڕاوەیە، ئامانجیش لەم داپۆشینە کەمکردنەوەی خراپەکاریە، لەناو کۆمەڵگەدا، ئەوەی ئەمڕۆ زۆر فۆڕمی تری هەیەو لەناو ئینگلیزدا پێی دەوترێت (Public Risk) زۆر شت ڕێگە پێنەدراوە لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریکا لەپێناو پاراستنی گشتیدا.
گەرچی حیجاب لەو لیستەدا نی یە، بەڵام ئامارەکان ئەنجامەکەیمان پێ دەڵێت، هەر لە سەرەتای منداڵیەوە، نمونەی قوتابخانەکان وەرگرین، یەك پۆشی لە قوتابخانەکاندا بە تایبەت  تەنورە کە بەشێکی زۆری جەستەی لەگەڵدا دەکەوێتە دەر، ئامارەکان پێمان دەڵێن: لە سەدا ٣٥ی قوتابیان توشی دەسدرێژی و حاڵەتی نەخوازراوی سێکسی دەبنەوە، لە قوتابخانەکاندا، لەناو ئەمانەدا قوتابی ١٢ ساڵی تێدایە، بەڕێژەیەکی زۆر، واتە لە تەمەنێکی زۆر منداڵدا، کە لە یاسادا هەتا بۆی نی یە شوش بکات.
بەشێکی زۆر لەوانە هەتا ڤیدیۆیان لێگیراوە، بەبێ مۆڵەتی خۆیان و بەکارهێنراون.
کچێك کە خەڵكی گڵاسگۆیە، دەڵێ: کە لە تەمەنی ١٥ ساڵیدابوم بە جلی قوتابخانەوە لە شەمندەفەردا کوڕێك دەستی خستە نێوان ڕانەکانمەوە!
یەکێك لە مەترسیە جدیەکان لەناو شەمندەفەرەکانی ژێر زەویدا ڕودەدات لە لەندەن، کە ڕاپۆرت لەسەری هەیە، گەر بە خێرایش چاو بە میدیا جیهانیەکاندا بخشێنین، هەزاران چیرۆكی لەم شێوەیە هەیە، کە نسبەتێکی ڕێژەی زۆر کەمی نەبێت هەموی دەگەڕێتەوە بۆ دەرکەوتنی جەستەو وروژاندنی بەرانبەر، کە بە سروشت نێرینە بە بینین دەوروژێت و زۆرجار کۆنترۆڵی لە دەست دەدات، بە تایبەت گەر پابەندیەکی باوەی نەبێت، ئیتر هەر باوەڕێك بێت، چون لەم کاتانەدا باوەڕ زیاتر کۆنترۆڵ دەکات وەك لە یاسا.
بەشێکی زۆری ئەو ئافرەتانەی کە دەستدرێژیان دەکرێتە سەر، وەیان هەراسان دەکرێن لە ڕاپۆرتێکدا کە لە لەندەن کراوە، دەڵێن شکات ناکەین، چون دەزانین شکات هیچ ناکات! بە جۆرێکی تر زەحمەتە یاسا بتوانێت بەدواداچون بۆ گشت ئەو کەیسانە بکات و ئەنجامی هەبێت، بۆیە زۆرێك باوەڕی بە شکاتکردن نی یە.
ئەنجام دەگەین بەوەی، بۆ ئەوەی ئەمانی کۆمەڵگە زیاتر بێت ڕێگریە لەو کارانەی کە هاوکارە بۆ ئەم سوکایەتی کردنە بە ئافرەت لە شوێنی گشتیدا.
جگە لە داپۆشین دەکرێت ئالەتی تریشی بۆ دابنێرێت، وەك ڕێکخستنی کەرەستەکانی گواستنەوە، لە لەندەندا ژیاوم و بەچاوی خۆم ئەم ڕاستیانەم دیوە، کە کەم فارغۆن هەیە ئەم جۆرە هەراسانیەی تێدا بەدی نەکرێت، ڕۆشتومەتە ئێرانیش و شەمندەفەرو پاسەکانیانم دیوە، کە زۆر بە شێوازێکی مۆدێرنەترو کامڵتر ڕێکخراون، بۆ نمونە لە شەمندەفەرەکانی ژێر زەوی لە تاران بەشی ئافرەتان جیایە، هەتا لە وەستانیشدا بە جیا بۆیان دابین کراوە، بە زمانی ئینگلیزش نوسراوە (Only Women) تەنها ئافرەتان، لە پاسەکانیشدا بەشی دواوە تایبەتە بە ئافرەت، من ئەمانەم نەدەزانی تا ڕۆشتمە تاران، هەتا لە مەشهەد کە سواری پاسێك بوم یەکسەر ڕۆشتمە دواوە، کە چۆڵ چۆڵ بو، جابیەکە هات و وتی ببورە ئێرە بۆ ئافرەتانە، کە سەرم بەرزکردەوە بینیم نوسراوە بۆ ئافرەتان.
هەربۆیە ڕوتی وەیان تێکەڵی بەرکەوتنی نەخوازراو و بە بێ ویستی ئافرەت ڕودەدات، ئەو بەرکەوتنەش سوکایەتیە بۆ سەر ئافرەتەکە، هەربۆیە لە دینەکاندا بەربەستی بۆ داناون، ئێستەش لە ئەوروپاو ئەمەریکا ئەوەی ڕوبەڕوی ئافرەتانی داپۆشراو دەبێت، ڕەگەزپەرستیە نەك سێکسی، سێکسیەکان مەگەر لە ئەنجامی ڕق و بۆ سوکایەتی بێت گەرنا وروژاندن گەر هەشبێت زۆر زۆر نسبیە.
هەربۆیە هەمو دینەکان داپۆشینیان بۆ ئافرەتان داناوە، وە چاو گرنگیش بۆ هەردولا.
لە شەریعەتی ئیسلامدا ئەوەی پەیوەستە بە ژیانی کۆمەڵگەوە لە بواری سەیرکردندا ئالیەتی بۆ داناوە، کە کێ سەیری کێ بکات، کە ئێرەی جێگەی باسکردنی نی یە.
لێرەدا باسی پۆشین و شێوازەکەی دێتە ئاراوە، وەك وتمان داپۆشینەکە قسەی تێدا نی یە، چون لە یەك ئایەتدا بڕاوەتەوە، بەڵام بە چ قوماشێك و چ شێوازێك دایدەپۆشیت ئەوەیان جێگەی باس و هەتا گۆڕانکاریشە، جگە لەوەی داپۆشینی جەستە هەر لە فیطرەتی مرۆڤ خۆشیدا هەیەو سروشتیە، ئافرەتیش بە سروشت خوای گەورە وا دروستی کردوە کە حەزی پیاو بۆی بجوڵێت، تا بۆ هاوسەرگیری گونجاو بێت و ژیان بەردەوامی هەبێت، نابینی ئافرەتێكی وەرزشەوان پیاوان بە توانجەوە پێی دەڵێن: دەڵێی پیاوە! 
هەمو ئەوانەی کە پابەندن بە دینەوە لەناو مسوڵمان، گاور، جولەکە، هەردەم حیجابیان کردوە، بەڵام گۆڕانکاریە جیهانیەکان، کەوتنە ژێر کاریگەری میدیاو بواری بازرگانی ئافرەتان، زۆرترین ڕێژەیان بەردەکەوێت، لە بە بازاڕ گەرمکردنی سەرمایەدارەکاندا، ئەمانە شتگەلێك نین پەیوەست بێت بە وڵاتی ئەوەی پێی دەوترێت ئیسلامی، یان عەرەبی، بۆ نمونە سەیری ڕێکلامەکانی بازرگانی بکەن، بۆ برەودان بە کاڵاکان ئافرەتانی تێدا بەکار دەهێنن، گۆرانی دەڵێ، دەنگی دەڵێی تەپڵی تەنەکەیە، کچێکی جوانی لەگەڵدایە، خۆ کچەکە نقەش ناکات! هەر دێت و دەڕوات بە بەردەمیدا بۆ ساغکردنەوەی ئەم تەپڵە تەنەکە، بە جۆرێکی تر دەتوانرێت بوترێت ئافرەتەکەش کراوە بە کاڵا بۆ ساغکردنەوەی کاڵاکان، کەم شت نەبێت وێنەی ئافرەتێکی پێوەیە، ئەوە ئێستە سروشتی پەیوەندیەکانیشیان تێکداوە کە دەبینی هەندێك کاڵا وێنەی پیاوی پێوەیە، چون هاوڕەگەزبازیش ڕێژەکەی لە هەڵکشاندایە.
ئەوەی زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت ئێستە جۆریەتی ئەو خۆ داپۆشینەیە، ئێمەی کورد لە مێژدا بە کڵاو زەڕەو هەوری و چارەکەو تا دەگاتە عابا کاری پێکراوە، دواتر لەناو ئافرەتاندا پابەندنی بەو جلانەوە سوكکراوەو کراوە بە مەکسی، یان حیجابێکی یەك پارچەی قایم ئەڵبەت لەگەڵ سەرپۆشدا، ماوەیەك سەرپۆشەکان شۆڕدەکرایەوە بەسەر سنگدا، ئێستە زیاتر لە شیوازە تورکیەکەی زیاتر برەوی پێ دەدرێت، چون ئەوە ئیتر خواستی خانمانە، هەروەك چۆن جلی کوردیش چەندین جۆری تازەی دروست بوە، هەتا بگرە ناویشی لێ نراوە...جلی فڵان...
لەناو مەسیحیەکاندا زیاتر ئەوانە لە کەنیسەدا کار دەکەن حیجابەکانیان یەك فۆڕمی هەیە، ئەوانی تر یان سەرپۆشە وەیان زۆریان کڵاوە لەگەڵ مل پێچدا، زۆرێک وا دەزانن ئەو کڵاوە یان مل پێچە مۆدیل و حەزە، ئەڵبەت ئەوەشی تێدایە،هەروەك چۆن زۆر شکڵ و داواکراوی تری دینیش زۆرجار بە مۆدێل دەکرێت، وەك ڕیش بۆ نمونە، بەڵام لە بنەڕەتدا مەبەست پێی خۆ داپۆشین و دەرنەکەوتنی جەستەو پێکانی ئامانجە دینیەکەیە.
لەناو جولەکەکاندا جگە لەوەی حیجاب و هەتا نیقابیش هەیە، بەشێکی زۆری عادەتێکی زۆر سەیر بۆ داپۆشین بەکار دەهێنن، ئەویش بەکارهێنانی قژی دەستکردە، ئەو قژەی کە وەك کڵاو دەکرێتە سەر، واتە لە ژێرەوە حیجابن، قژە دەستکردەکە دەکەن بەسەر حیدابەکەدا، بۆ ئەوەی قژی خۆیان دەرنەکەوێت، هەتا ئەو قژەش کە دەیکڕین دەڵێن دەبێت قژی مسوڵمان بێت یان گاور، وەك ئاشکرایە ئەو قژانە زیاتر لە هندستانەوە بۆ وڵاتان دەڕوات، چون لەوێ هەژارن و قژەکانیان دەبڕن و دەیفرۆشن، جولەکەکان ئەوانەی وەك دین دەیکڕن بە مەرجی دەگرن قژەکەی هی مسوڵمان، یان گاور بوبێت، وەك چۆن لە ئیسلامدا بۆ خواردنی گۆشت سەربڕاوی جولەکەو گاور بە مەرج گیراوە.
(ئەم کڵاوە قژینە لە تورکیاشدا هەندێك لە  ئافرەتان دەیانکرد، کاتێك حیجاب یاساغ بو لە زانکۆکاندا، ئەوانیش بۆ ئەوەی زانکۆ تەرك نەدەن و واز لە حیجابەکەش نەهێنن، ئەم بەدیلەیان دەکرد، لە ڕاپۆرتێکی جەزیرەدا بە درێژی باسی لێوەکرد)
بە پوختی داپۆشین لە هەمو دینەکاندا داواکراوە، ئامانج پاراستنی ئافرەتەکەیە لە مەرامی گڵاوی پیاوی شەهوانی، ئەوانەش کە دەڵێن: داپۆشراوەکان بە حەیاو حورمەتن لێرەدا قسە لەسەر بێ حەیای پیاوە زیاتر کە پەلاماریان دەدات، ئەوان لەوەیە زۆریش بە حەیاو حورمەت بن، بەڵام کەمتەرخەمن لەوەی خۆیان پاك کردوە بۆ برسیەکان تا بە ئاسانی بیانخۆن.
لە وڵاتە ساردەکان ئافرەتان خۆیان دادەپۆشن لەبەر مەترسی سەرما، مەترسی مرۆڤ زۆر لە سەرما خراپترە، جێگەی خۆیەتی خۆ پارێزی لێ بکرێت.
ئامارەکان بە گشتی وامان پێدەڵێن، بێگومان نمونەی خراپیش لەناو داپۆشراوەکاندا هەیە.
چیرۆکی ئەو ئافرەتانەی کە بەهۆی دەسدرێژی سێکسیەوە ژیانیان بۆ هەمیشەی تێك چوە لە ژمارەدا نایەن، هەتا خراپەکان گەشتوەتە ئاستێك ئەفسوس بۆ خوارتەمەنەکانیش دابەزیوە، چون سروشتیە بنەڕەتیەکە تێکدراوە، دەبینی لە ئەوروپا زۆرترین تەماحکردنە منداڵ هەیە، هەتا زاراوەی تایبەتی بەخۆشیان هەیە کە پێی دەڵێن (pedofile) بۆیە تۆ کە لە ئەوروپاشی سۆزت بۆ منداڵی ناسیاوێکی ئەوروپیش بچێت دەبێت وریا بیت ماچی نەکەیت! چون دور نی یە بە یەك ماچی منداڵێکی بچوك ناوت بڕواتە ڕٶژنامەکان و بە بەدڕەوشت ناو دەربکەیت، لە کاتێکدا کوردێکی داماویت و بەحساب چاکەشت کردوە!
چەندین پیاوی کورد توشی ئەم جۆرە کێشانە بون، بەتایبەت ئەوانەی ژن و منداڵیان لە کوردستان بەجێ هشتوە، هەرکە منداڵ دەبینن سۆزیان زیاتر بۆی دەجوڵێت، لەیادم ناچێت کەسێك منداڵێکی لە پارکێكدا لە باوەشگرت و  ماچی کرد، کارێکیان پێکرد! مەگەر هەر بە ئەو کرابێت.
بەدڕەوشتیەکان بەشێوەیەك تەشەنەی کردوە، هەتا منداڵ و پیریش لێی سەلامەت نین، لە کاتێکدا حیجاب بۆ منداڵ و پیر واجب نی یە.

به‌روار: 09/07/2019
بینین: 1397