بانگەواز
  بۆچی_دینداربم؟
محمد عبدالعزیز
#بۆچی_دینداربم؟

بەشی دووەم: ئامانجی ئایینی ئیسلام.

کاتێک دەگەینە ئەنجامێک کە خودایەکی بەتوانا و زانا سرۆکاری مرۆڤ و ژیان  و گەردوون ئەکات و بەڕێوەی ئەبات، دەبێت ئەو خودایەش پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤەکان ببەستێت و بەجێیان نێڵێت، بۆیە پێمان وایە ئایین بوونی ھەیە و لەلایان ئەو خودایەوە دابەزیوە و ھەمیش خراوەتە ناخی مرۆڤ کە بریتیيە لە دەستوورێک و دەبێت لەسەری بڕۆین و جێبەجێی بکەین.
بەھەمان شێوە دینی ئیسلام یەکێکە لەو دەستوورانەی کە بۆ مروڤ داندراوە بەشێک لە ئامانجی دەستوورەکە بریتیيە لەخزمەتی کۆمەڵگای مرۆڤ و پیشاندانی ڕێگایەکی ڕاست و دروست، ھەندێک لەو ئامانجانە:

١- بۆ مروڤ پێویست کراوە تاوەکو لە سایەی ئەو دەستوورە بجوڵێت و بێ فەرمانی نەکات (خراپە و زیان گەیاندن)، وەک پێغەمبەر(صل الله عليه وسلم) دەفەرمووێت ((إِنَّمَا بُعِثْتُ  لِأُتَمِّمَ صَالِحَ الْأَخْلَاقِ))(مسند أحمد)، واتە من ھاتووم تاوەکو رەوشتە باشەکان تەواو بکەم، ڕەوشت بەرامبەر خود و کەسانی دەوروبەر، مرۆڤێک ئەگەر باوەڕدار نەبێت و دەستوورێکی نەبێت ئەوا زۆرجار ھەموو کارێک بۆی ڕێگە پێدراو دەبێت بەڵام کاتێک لە ژێر دەستوور و یاسایەک بێت ئەوا کار و کردەوەی سنووردار دەبێت و بەپێی ئەو دەستوورە دەبێت، بۆ نموونە وای دابنێ کە شارێک یاسایەکی نییە بەڕێوەی ببات، ئایا ئەم شارە چۆن دەبێت؟ بێگومان پڕ دەبێت لە کێشە و ئاژاوە، مرۆڤێکیش ئەگەر ڕێبازێکی نەبێت و دەستوورێکی ڕێک و پێک و مرۆڤ دۆستانەی نەبێت ئیدی کە دەسەڵاتی ھەبوو ھەمیشە لە ستەم و زۆرداری دا دەبێت و مافی کەسانی تر دەخوات یاخود ناترسێت کاتی تاوان و ھەڵە دەکات و ھەست بە بەرپرسیاریەتی ناکات، بۆیە وا باشە مرۆڤ لە ناخی خۆیدا یاسایەکی ھەبێت و پەیڕەوی بکات، سەرەڕای ھەبوونی یاسای وڵاتیش، کە لە سایەی بجوڵێتەوە و فێر بکرێت و ڕێگایەکی بۆ دیاری بکرێت ھەر لە بچووکیەوە بۆ ئەوەی لەسەر کاری جوان ڕابێت.

٢- مەبەستی ئایينی خودا بریتیيە لە چاکەگەری و خۆشگوزەرانی مرۆڤ نەک لە پێناوی خودا خوێن بڕێژێت و بۆ خزمەتی دین دروست بووبێت، بەڵکو خودا دینی ناردووە بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و شەڕ کردنیش بۆ ئەوەیە کە ستەم نەمێنێت و ئازادی بە بانگەشەکردن بدرێت، و ئاشتی بڵاو بێتەوە نەک بە زۆرە ملێ دین بسەپێنی بەسەر خەڵکدا، وە خودا ھەر خۆیشی دەفەرموێت ((إِنَ اللَّهَ غَنِيٌّ عَنِ الْعَالَمِينَ))(آل عمران:97). خودا بێ نیازه له هه‌موو خه‌ڵکان و کاری بە کەس نییە، بەڵکو کارەکەنمان ھەر بۆ خۆمانن سوود و زیانەکەشی، بۆیەش خودا بۆ کارە چاکەکانمان پاداشتی بەھەشتی داناوە و بۆ ئەوەی ھاندەرمان بێت لەسەر چاکە و بۆ کاری خراپیش سزای دۆزەخی داناوە تاوەکو مرۆڤ بترسێت و دوور بکەوێتەوە لەو کارە خراپانە، ھەروەک چۆن یاسای دەوڵەت سزای داناوە بۆ سەرپێچیکاران، تاوەکو ھەمووان لە سایەی ئەم یاسایەوە ڕێک وپێک و بێ کێشەبن و کاتی ویستی کاری خراپیان ھەبوو لە سزاکە بترسن و بەمەش ئەنجامی نەدەن، دینیش بەھەمان شێوە یاسایەکە بۆ گشت مرۆڤایەتی و گەر جێبەجێی بکەین بەتێگەشتنەوە مایەی خۆشبەختی تاک و کۆمەڵە، گەر بە کەلتوورێکیش وەریبگرین و تێینەگەی ئەوە چی فێردەبین لە کۆمەڵگا بە ئایینی دادەنێین و بەمەش ئەگەر کۆمەڵگا لاربوو ئیتر سەر لێشێواو دەبین. 

٣- ئامانجێکی تری ئایین بریتیيە لە دانانی نرخ و بایەخ بۆ ھەندێک شت و وریا کردنەوەمان لە ھەندێکی تر (نرخ و بەھای ژیان بەرز دەکاتەوە) ھیوامان پێ دەبەخشێت و ئایینەکەمان پێمان دەڵێ کە خودایەک ھەیە ھەردەم چاودێرە بەسەرمانەوە و یارمەتیمان دەدات لە تەنگانە، ئەمەش وا دەکات مرۆڤ ھەردەم بەھیواوە بژیت و نەڕوخێت لە ژیان و بێزار نەبێت، ھەروەھا دانانی ھەندێک نرخی تایبەتە، نموونە: لە ئاینی ئیسلامدا مرۆڤ نرخێکی بەرز و تایبەتی ھەیە وەک خودا دەفەرموێت ((مَن قَتَلَ نَفْسًا بِغَيْرِ نَفْسٍ أَوْ فَسَادٍ فِي الْأَرْضِ فَكَأَنَّمَا قَتَلَ النَّاسَ جَمِيعًا...))(المائدة: 32)  کوشتنی مرۆڤێک وەک کوشتنی ھەموو مرۆڤایەتی وایە و ڕزگار کردنی مرۆڤێک وەک ڕزگارکردنی ھەموو مرۆڤایەتی وایە، لێرەدا خودای گەورە مرۆڤی بە گرینگ داناوە و پێمان دەڵێت کە مرۆڤەکان بە نرخن و بە کەم سەیریان مەکەن، و دەستمان نەچێتە کوشتنی مرۆڤ و چەوساندنەوی، وە خزمەت کردنی دایک و باوک تیایدا کراوە بە ئەرکێکی سەر شانی بڕوادار و جێبەجێ کردنی سەردانی دۆست و کەس و کار کە ئەمانەش بەشێکن لە داواکاریەکانی دینی ئیسلام بۆ ئەوەی پەیوەندی مرۆڤانە و ھاوکاری ھەر بمێنێت و مرۆڤەکان لەیەکتر دوور نەکەونەوە و لە خۆپەرستی دووربن، ھەروەھا وریاکردنەوەمان لە کۆمەڵێک کاری خراپ وەک درۆ و فێڵ و خواردن و خواردنەوەی خراپ، ئایین لەمانە وریای کردووینەتەوە تاوەکو ئێمە ھەر لە زوەوە ڕقمان لێی بێت و لێی دوور کەوینەوە، ئینجا داوای خوێندن و خوێندنەوەمان لێدەکات وەک پێغەمبەر (صل الله عليه وسلم) دەفەرموێت ((طَلَبُ الْعِلْمِ فَرِيضَةٌ عَلَى كُلِّ مُسْلِمٍ))(ابن ماجة)، کراوە بە فەرزێک لەسەر ھەموو تاکێکی موسڵمان بۆ ئەوەی مرۆڤ نەخوێندەوار نەبێت و فێر ببێت و عەقڵی فراوان بێت و بەردەوام لە نوێکاری و خۆشکردنی ژیانی خۆی و دەوروبەر بێت وەک پێغەمبەر دەفەرموێت ((خير الناس انفعهم للناس))(الطبراني) باشترین کەس ئەو کەسەیە کە لەھەمووان زیاتر سوودی بۆ خەڵک ھەیە، بەم شێوە ئایينی ئیسلام کۆمەڵێ شتی نرخاندووە بۆمان و ڕێگایەکی بۆ داناوین و لەژێر یاسایەک کۆی کردووینەتەوە، و وریای کردووینەوە لە باش و خراپ و سوود و زیان، ئەمە سوودی ئایینەکانە بەگشتی و ئیسلامیش بەتایبەتی، ھەر بۆیەش مرۆڤ ھەمیشە پێویستە لەسەری کە شوێنکەوتەی ڕێبازێک بێت نەک بە جۆرێک بژی کە ئامانجی نەبێت و یاسایەکی نەبێت و نرخی ژیان نەزانێت یان لەبەر بێ یاسایی بەدڵی خۆی باش و خراپ و سود و زیان دیاری بکات کە خۆشی نازانێ ئەنجامەکەی چییە.

Mohammed Abdulaziz
به‌روار: 16/07/2019
بینین: 441