وەڵامدانەوەی گومانەکان
  بۆچی دیندار بم؟
محمد عبدالعزیز
بۆچی_دینداربم؟

 زیکر و وێردەکانمان بۆ چیيە؟

کتێبێک ھەیە بە ناوی (ووشەکان دەتوانن مێشکت بگۆڕن) کە پڕۆفیسۆری دەماری (ئاندرۆ نیوبێرگ) نووسیویەتی، باس لە کاریگەری ووشەکان دەکات لەسەر مێشک کاتێک دەریاندەبڕیت، وەک وشەی ئاشتی و خۆشەویستی و ناوھێنانی کەسە خۆشەویستەکان کە دەبنە ھۆی کاریگەری ئەرێنی و گەورە لەسەر مێشک و چارەسەری زۆر کێشەی دەروونین، زۆر باشتر لە دەرمان کار دەکەن ئەم وشانە.

بۆنموونە ڕۆژانە ئەگەر بڵێی ئاشتی(السلام) ئەوا کاریگەریەکی بەرچاو ڕوودەدات لەنێو مێشکدا، دەبێتە ھۆی:

١- نەمانی دڵە ڕاوکێ.
٣- شڵەژانی دەروونی.
٤- ڕێکخستنی پەستانی دەروونی.
٥- نەمانی ترس.
٦- نەمانی خەم. 
٧- نەمانی رق و كينە.

هەروەها دەبێتە هۆی بەهێزكردنی بەشی پێشەوەی مێشك(نێوچەوانە پل: ناوچەی بيركردنەوە و لۆژیک و ھۆشیاری)، لەبەرامبەر ئەوەشدا دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەشی هەست لە مێشکدا (ناوەڕاستە پل: ئەم بەشەی کەوتووتە ناوەڕاستی مێشك و بەرپرسە لە هەست و سۆز و توڕەیی و كاردانەوە و ترس...هتد، واتا: ئەم وشە ئەرێنییانە وادەكات زياتر كەسێكی عاقڵ و لەسەرخۆ و ئارامبيت لەجیاتی ئەوەی كەسێكی توڕەبی و زوو ھەڵبچی و کاردانەوەی عاتفیانەت ھەبێ كە دواتريش لێی پەشيمان بیت! 

ئەم هەموو كاريگەرييە تەنها وشەی ئاشتی دروستی دەكات کە موسڵمان ڕۆژانە دەیڵێت لە کاتی سڵاوکردن لە یەکتر و لەکاتی نوێژ و سەلامدانەوە، ئینجا وتنی زیکرەکانی تر وەک:
١- سبحان الله: کە سەرسام بوون و بەگەورەدانانی دەسەڵاتی خودایە.
٢- الحمدلله: سوپاس و ستایشکردنی خودا و ڕازی بوونە بەوەی پێی بەخشیوی و نەھێشتنی لوتبەرزی. 
٣- استغفرالله: داوای لێخۆشبوون کردن و دانپیانان بە تاوانەکان و خۆ بەڕاست نەزانین.
جگە لەوەی دەبنە ھۆی ئەوەی مرۆڤ کەسێکی خاکی و خۆ بەکەمزان بێت، کەسێک دان بە ھەڵەکانیدا بنێت و لوتبەرزنەبێت، بەدڵنیاییەوەش ئەم ووشانەش ھەمووی کاریگەری ئەرێنی بەرچاو دروست دەکەن لەسەر مێشک و دەروون بە تێپەڕبوونی کات، ئەگەر لە دڵەوە بیانخوێنیت.

ھەروەھا یەکێکی تر لە ئەنجامەکانی ئەو توێژینەوانە کە لە کتێبەکەدا باسی دەکات، ناو ھێنانی ئەو کەسەی کە خۆش دەوێت دەبێتە ھۆی کاریگەری ئەرێنی بەرچاو: 
١- دەبێتە ھۆی دەردانی ھۆڕمۆن لە مێشک کە ئارامیت پێ دەبەخشێ، ھێورت دەکاتەوە.
٢- ھەروەھا دڵ خۆشیت پێدەبەخشێ.
٣- کاتێک شتێک لەیاد دەکەی وبیرت نایەتەوە ناوی ئەو کەسە بێنە کە خۆشتدەوێت.

بەپێچەوانەشەوە وشە نەرێنی و ڕووخێنەرەکان کاریگەری نەرێنی و خراپ لەسەر مێشک دروست دەکەن توڕەیی و ھەڵچوون و ترس زیاد دەکەن ولۆژیک و بیرکردنەوە و ھۆشیاری لاواز دەکەن، بۆیە پێویستە بەردەوام گەشبین و قسە خۆشبین وەک پێغەمبەر دەفەرمووێت قسەی جوان و باش سەدەقە و چاکەیە ((الكلمة الطيبة صدقة))، یان دەفەرمووێت ئەوەی بڕوای بە خودا و ڕۆژی دوایی ھەیە با قسەی خێر بکات ئەگەرنا با بێدەنک بێت ((من كان يؤمن بالله وباليوم الآخر فليقل خيرا أو ليصمت)).

ھەر بۆیەش خودا دەفەرمووێت بەزیکر و یادی خودا دڵەکان ئارام دەبن ((ألا بذكر الله تطمئن القلوب))، یان دەفەرمووێت فریشتەکان سەڵاوات لەسەر پێغەمبەر دەدەن، ئەی ئەوانەی باوەڕتان ھێناوە ئێوەش سەڵاواتی لەسەر لێبدەن ((إن الله و ملائكته يصلون على النبي يا أيهاللذين آمنوا صلوا عليه وسلموا تسليما)).

Mohammed Abdulaziz
-------------------------------------
سەرچاوە:
کتێبی (ووشەکان دەتوانن مێشکت بگۆڕن) نووسین پڕۆفیسۆری لە پەنسلڤێنیا (ئاندرۆ نیوبێرگ) و (مارک ڕۆبرێت).
Words can change your brain, by Andrew newberg, Mark Robert Waldman.
به‌روار: 19/07/2019
بینین: 659