بۆچوونەکان
  نەخۆشییەکانی ئومەت زنجیرەی حەوتەم
ئارام محمد

سوککردنی زانایان
هەر زانایەک هاو فکری نەبێ ئەوە دەستدەکاتە لۆمەکردنێی،لەخوای دەوێ هەڵەیەکی هەبێ تا لێی لەهەڵا بدا، لە ئاست هەموو چاکی و فەتوا ڕاستەکانیشیدا خۆی دەکاتە کەڕەی شەربەت و چاوان لێک دەنێ، خوا نەکردە فەتوایەک بدا کە نوێگەری پێوەدیار بێ، ئەوە هەر زوو بە گومڕا و مبتدیع و مورتەد تاوانباری دەکات فەتوایەکی ابن تەیمیەشی بەگژدا دەکات، وەک بڵێی ابن تەیمیە پێغەمبەر بێ، کەس نەتوانێ پێچەوانەی بکات، خۆشیەکەی لەوەدایە ناوناتۆرانیشی لێ دەبینەوە، هەموان ئەو نەورۆزە دیتمان چ تەشهیرێ کرا بە م علی باپیر؟! ئای چەندیان پێ خۆش بوو کە فەتوایەکی دا پێچەوانەی خواستیان بوو تا تێیهەڵشێلن، لە بەرانبەر ڕاستیەکانیشی قەت نابینین بڵێن: چش....
ئاخر تخوا خەجاڵەتی نییە (شێخ ربیع بن هادی المدخلی) سەید قوتب بە مریشک بچوێنێ و بڵێ: وەک مریشک لە قەفەسیان هێنایە دەر! یان (مقبل بن هادی الوادعی) لە بەرگی کتێبەکەیدا بنوسێ: (اسکات الکلب العاوی، عبداللە بن یوسف القرضاوى)،( بێ دەنگ کردنی صەگی وەڕیو) کە مەبەستیلە سەگ قەرزاویە... سەرنج بدەن نەزانانیش ئەو قسانە لەخۆیان ناوەشێننەوە! تەنانەت بۆ وشەی (بئس، خراپترین) (محمد بن مهدي بن ظافر)،لە زانستی نحودا دەڵێ: (بئس الرجل القرضاوی)، واتا (خراپترینی پیاوەکان قەرزاویە)... دەڵێی بابی کوشتوە بڕی لێ ناشکێ.... بە ڕاستی کاتێ مرۆڤ ئەو جۆرە شتانە لە ئەهلی عیلم دەبیستێ موی گرژ دەبێ و پێستی وێک دێتەوە، ئاخر هەموو ئەو قین و بوغزە لەسەر ئەوەندەی کە وەک ئەو بیرناکاتەوە، یان بە (في ظلال القرأن لە ناو سایەی قوڕئاندا) بگوترێ: (في ضلال لە ناو گومڕایی) ، یان بە م عبدالله چوارتا بگوترێ چوار...... و بەیەکی دی بگوترێ باجی و ...هتد، بەم چەشنە تەنانەت لە جێگەیەکدا مامۆستایەک داوای لە قوتابیەکانی کردوە بە کۆرس بڵێن: (ابن تەیمیە کە___رە)، ابن تەیمیە نە پێغەمبەرە تا ڕەئیەکانی وەک دین وەرگرین و کەس نەتوانێ پێچەوانەی بێ، نە فاسق و خراپەکاریشە وەک هەندێ تۆمەتانی بۆ هەڵدەبەستن، زانایەکی موعتەبەری گەورەی ئیسلامە و ڕاستی زۆر زۆرن و هەڵەشی هەن.
ئەسڵ ئەوەیە مسوڵمان هاوسەنگانە مامەڵە بکات لەگەڵ دۆست و دوژمن و یار و نەیار،  و إذا قلتم فاعدلوا،  تەنانەت خودا لە بارەی جولەکە و مەسیحیش هاوسەنگانە مامەڵە دەکات (لیسو سواء من اهل الكتاب امة قائمة) جا سەیرەکەی لەوەدایە هەموو ئەو جوێن و تەشهیرە بەناوی خواوە دەکرێ، حەققەتەن ئەسڵ ئەوەیە کە ئینسان بەرنبەر زانایان هاوسەنگ بێ، نە پیرۆزکردن نە سوککردن، ئەگەر هەڵەی هەبوو دەکرێ بەو پەڕی ڕێزەوە وەڵام بدرێتەوە نەک لەسەر بەرگی وەڵام نامەکەوە بە جوێن دەستپیبکەی..... دیاردەی سوککردنی زانایان یان پیرۆزکردنیان بەهۆی دوو هۆکارەوەیە:
١_ نەبوونی تەزکیەی نەفس و نزمی لایەنی ڕوحی.
٢_ سەیرنەکردنی ئیسلام لە دەلاقەی قوڕئان و سیرەی پێغەمبەر، لەولاشەوە کورتکردنەوەی دین لە تێگەیشتنی چەند زانایەک و ئافەڕۆزکردن لە تەواوی زانایانی دی، بە جۆرێ پێت وابێ هەر تێگەیشتنی تۆ ڕاستە و ئەوەیدی گومڕاکاریە..... 

خوا هیدایەتی هەموو لایەکمان بدات
به‌روار: 05/08/2019
بینین: 677