وەڵامدانەوەی گومانەکان
  ئایە معجیزە ئەفسانەیە!؟
محمدعبالعزیز
بڕگەی_گومان
بەشی چوارەم: موعجیزە ئەفسانەیە!

موعجیزە نیشانەیەک بووە لە نیشانەکانی خودا کە لەسەر دەستی پێغەمبەران ئەنجام دراوە تاوەکو بۆ خەڵکی بێباوەڕ بسەلمێنێت کە پێغەمبەری خودایە، یاخود بۆئەوەی باوەڕداران زیاتر باوەڕیان پتەوبێت یان بۆ ڕزگارکردن بووە لەدەستی بێباوەڕان (وەک لە قورئان و فەرموودەدا باس کراوە وردەکاری چۆنیەتی ڕووداوەکان، کە لێرە پێویست نییە باسیان بکەین، ئەوەی گرنگە چەمکی موعجیزە و سروشتی ڕووداوەکەیە).

ئەگەر سەیری قورئان بکەین هەروەک چۆن باسی سروشت و دیاردە سروشتییەکان دەکات بە ئایەت ناویان دەبات بەهەمان شێوە موعجیزەشی بە ئایەت ناوبردووە، واتە موعجیزە و سروشتی لە یەک ئاست داناوە!
لەوانەیە زۆرجار ڕەخنە بگیرێت و بگوترێت موعجیزە ئەفسانەیە و ناچێتە ئەقلەوە و شکاندنی یاسای سروشتییە و لۆژیکی نییە...هتد، کە ئەمەش هەمووی بەهۆی سەکردنێکی ڕووکەشیانەیە،لێرەدا هەوڵ دەدەم بەشێوەیەکی فەلسەفی و زانستی ئەو بابەتە ڕوونبکەمەوە.

یاسای هۆکاری کەبیتییە لە بوونی هۆکار و ڕووداو(Cause & Effect) بۆنموونە: ئاگر(کە هۆکارە) سوتێنەرە و سوتانیش بریتییە لە (ڕووداو)، ئێمە هەموومان پێمان وایە کە ئاگر دەبێتە هۆی سوتان واتە ئاگر هۆکارە و سوتانیش ڕووداوە، بەڵام زانا و فەیلەسویی ئیسلامی (ئیمامی غەزالی)(١) لەم بابەتەدا تێڕوانینێکی جیاوازی هەیە بۆ ڕوونکردنەوەی ئەمە و دەڵێت: ئاگر هۆکاری سوتان نییە، بەڵکو ئاگر و سوتان لەگەڵ یەکدا ڕوودەدن و یاخود لەگەڵ بوونی ئاگر سوتان ڕوودەدات، بۆیە ئێمە پێمان وایە کە ئاگر هۆکاری سوتانە، بەڵکو ئەو دەڵێت خودا بەدیهێنەری هۆکار و ڕووداوە بەبەردەوامی (واتە ئەو بەردەوامی بە ڕووداوەکان دەدەات و دروستیان دەکات لەسەر ئەو شێوەی کە هەیە، ئەمە خودایە لەگەڵ بوونی ئاگر سوتانیش دروست دەکات، نەک ئاگر هۆکاری سوتان بێت) کە ئەمە تیۆری بەدیهێنانی بەردەوامی پێدەگوترێت، ئەو زانا و فەیلەسوف ئیسلامیانەی لەسەر ئەم تیۆرەن پێیان وایە خودا بەردەوام بەدیهێنەرە و نەوەستاوە، تەنها بزوێنەری یەکەمی نییە کە گەردوونی هێنابێتە بوون ئیتر گەردوون خۆی بچێت بەڕێوە، بەڵکو خۆی بەڕێوەی دەبات و بەردەوام هۆکار و ڕووداو بەدیدەهێنێت.
بۆیە ئیمامی غەزالی بڕوای بە (الحتمیە اللاسببیە) هەیە، واتە ڕووداوەکان بەردەوام وەک خۆیان ڕوودەدەن و بەدوایەکدا دێن بەڵام هۆکاری یەکترنین، خودا هۆکاری بەردەوەم و بەدیهێنەری بەردەوامی ڕووداو و هۆکارەکانە، هەر بۆیە هەرکاتێک خودا ویستی لەسەربێت ئەوا ڕووداوی جیاواز بەدیدەهێنێت و موعجیزە دەخولقێنێت، بۆنموونە گۆچانەکەی پێغەمبەر موسا کە دەبوویە مار، خۆی بنچینەی ئەو گۆچانە خاکە و خۆڵی زەوییە، بەهەمان شێوە بنچینەی ماریش ئەم خاکەیە، بۆئەوەی ئەم دارە ببێتەوە بە خاک و شیببێتەوە و دواتر مارێک لەم خاک و خۆڵە دروستببێت کاتێکی زۆر زۆری پێویستە، بەڵام خودا دەتوانێت ئەم کاتە کورت بکاتەوە و خێرای بکات، بەمەش مار دەگۆڕێت بۆ گۆچان و گۆچانیش بۆ مار لە کاتێکی زۆر کەمدا!
بەهەمان شێوە کاتێک پێغەمبەر (ابراهیم) خرایە نێو ئاگرەوە نەسوتا چونکە ئەمە خودایە سوتان بەدیدەهێنێت نەک ئاگر، هەر خۆشی دەتوانێت کە ڕێگربێت لە ڕوودانی سوتانەکە، بەڵام بۆیە ڕووداوەکان هەمیشە بەو شێوە لەدوای یەکتردا ڕوودەدەن (حتمی)ین، تاوەکو ئێمە لێیان تێبگەین و بتوانین پێشبینی ڕووداوەکان بکەین و بزانین لەداهاتوودا چی ڕوودەدات و بتوانین زانست بنیات بنێین، و بتوانی مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، نەک هەر جار و ڕووداوەکان بەجۆرێک بن کە مرۆڤ توانای پێشبینی و تێگەیشتن و مامەڵە لەگەڵداکردنی نەبێت.

هاوشێوەی ئیمامی غەزالی فەیلەسوفی ناودار دەیڤد هیوم(David hume)(٢) کە بێباوەڕبووە، دەڵێت: ڕووداو و هۆکار لەدوەی یەکتردا ڕوودەدەن و بەردەوام بەدوای یەکدادێن بۆیە ئێمە پێمان وایە هۆکاری یەکترن (بۆیە پێمان وایە ئاگر هۆکاری سوتانە، بەڵکو ئاگر و سوتان دوو ڕووداوی جیاوازن وتەنها بەدوای یەکدادێن)، ئەو دەڵێت دەکرێ هەمیشە ڕووداوەکان وەک خۆیان ڕوونەدەن و هەندێک جار جیاواز ڕووبدەن، ئێمە بەهۆی ئەزموونی ڕابردووە کە دەڵێین ڕووداوەکان هۆکاری یەکترن و عەقڵمان بۆی دروستکردووین هیچ هۆکارێکی تر نییە، چونکە هەرگیزیش نەچووین هەموو ڕووداوەکانی گەردوون تاقیبکەینەوە و بزانین ئایا هەر بەو شێوە ڕوودەدات کە تێگەیشتووین، بەڵگەیەگیش نییە بیسەلمێنێت کە هۆکاری یەکەم دەبێتە هۆی ڕووداوی دوای خۆی (ئاگر دەبێتە هۆی سوتان)، ئەو بڕوای وابوو ئەمانە هەمووی لەنێو هزر و هۆشی ئێمەدا بەو شێوەیەن و جیهانی دەرەوە جۆرێکی ترە.
بۆیە دەڵێت ئەگەر کەسێک بێتە لام و بڵێت ئەگەر مانگت بۆ شەق بکەم بڕوام پێدەکەی کە ۱+۱=۳! ئەگەرچی ئەو بڕوا بە موعجیزە ناکات کە ڕوویدابێت، بەڵام  ئەو ناڵێت مەحاڵە شەق بوونی مانگ لەسەر دەستی مرۆڤ، بەڵکو دەڵێت نەخێر ئەگەر مانگیش شەق بکات ۱+۱ هەرگیز ناکاتە ۳، (واتە بۆی هەیە ڕووداوە سروشتییەکان بگۆڕێن و هەمیشە وەک خۆیان ڕوونەدەن، بەڵام یاسا عەقڵییەکان یاخود لۆژیک نەگۆڕە (۱+۱ هەمیشە دەکاتە ۲، بەشێکی شتێک هەمیشە بچوکترە لە هەموو شتەکە بۆنموونە دەستی مرۆڤ کە بەشێکی لاشەیە هەمیشە بچوکترە لە هەموو لاشە، ناکرێت بەشێکی لاشە لە هەموو لاشەکە گەورەتربێت، من هەر منم ئەگەر ملیۆنان کەسی وەک من دورست بکرێت کەسیان نابن بەمن، ناکرێت لەیەککاتدا شتێک هەبێت و نەشبێت، یان دوو دژبەیەک کۆببنەوە لەهەمان کات و شوێندا ...هتد).

ئەگەر سەیری زانستی سەردەم بکەین بەتایبەت تیۆری (کوانتەم میکانیک) پێمان دەڵێت ڕووداوە سروشتییەکان ئەگەرین، واتە هەمیشە وەک خۆیان ڕوونادەن دەکرێت جارێک لە جارەکان شتێکی جیاواز ڕووبدات، دەکرێت مرۆڤێک بچێتە نێو ئاگر و نەسوتێت، یاخود وەک ڕیچارد داوکینز(Richard dawkins)(٣) دەڵێت دەکرێ مانگا بەیەک باز بچێتە سەر مانگ! دەی منیش دەڵێم نەک مانگا بەڵکو مرۆڤیش دەتوانێت بەیەک باز بگاتە سەر مانگ بەڕێگایەکی سروشتی، بەڵام ئەم ڕووداوە جیاوازانە ئەگەرێکی مەحاڵن واتە ئەگەری ڕوودانیان زۆر زۆر کەمە تەمەنی گەردوون بەشی ئەم چاوەڕوانییە ناکات کە ببینین ڕووبدات!
لەهەمان کاتدا کوانتەم پرسیاری ئەوەمان بۆ دروستدەکات کە ڕووداوەکانی ماددە و بەردەوامی جووڵەی تەنۆلکەکان و یاسا سروشتییەکان چۆن بەڕێوە دەچن و ڕوودەدەن بۆ ناوەستن یان لانادەن لەو یاسایانە! ئێمە پێمان وایە خودایەک هەیە کە بەڕێوەبەر و چاودێریەتی ماددە دەجوڵێنێت و سروشت بەڕێوە دەبات و ماددە لەسەر یاساکان دەهێڵێتەوە، هەر ئەویش بە ڕێگایەکی سروشتی دەتوانێت ڕووداوی جیاواز بهێنێتە بوون و دەتوانێت ئەگەرە مەحاڵەکان بکات بە ڕێتێچوو و ڕووبدەن! 

لەکۆتاییدا ئێمە بۆیە موعجیزە بە سەرسوڕهێنەر دەبینین یان پێمان وایە عەقڵ قبوولی ناکات چونکە ڕووداوگەلێکی دەگمەنن، هەمان ئەو ڕووداو سروشتییەی کە بەردەوام دەیبینین گەر دەگمەن بووایە ئەوا سەرمان دەسوڕما و دەبوویە موعجیزە (بۆنموونە گەر بەردەوام تەنەکان لەجیاتی بۆ خوارەوە بێن بۆ سەرەوە بچوونایە ئەوا ڕووداێکی ئاسایی دەبوو ئەوکات، بەڵام گەر جارێک بمانبینیایە تەنێک بۆ خوارەوە دێت ئەوا سەرمان دەسوڕما چونکە ڕووداوی وا مەحال بووە لە هزری ئێمەدا و هەر لەگەڵ ڕووداوە ئاساییەکە ڕاهاتووین!)، ڕووناکی کە بەخێرایی ۳۰۰ هەزار کیلۆمەتر لە چرکەیەک دەڕوات تا ئێستا نازاندرێت هۆکار چییە و بۆ دەڕوات بەم شێوەیە! بەڵام چونکە سروشتییە و بەرچاوە ڕووداوەکە کەس سەری لێی نەسوڕماوە و هەر بیریشی لێ ناکەنەوە! مەگەر ئەمە موعجیزە نییە ئەم خێراییە زۆرە بەبێ بوونی هۆکارێکی ماددی ڕووبدات!

ناپلیۆن پۆناپارت(٤) دەڵێت: هێندەی ڕووداوە ئاساییەکان و  ئەوانەی دەیبینین سەرسوڕهێنەر و موعجیزەن، هێندە موعجیزە سەرسوڕهێنەر نییە(؟).
ئەمە موعجیزە نییە تۆ شتێکت بەدەستەوەیە دەتوانی ئەم سەر و ئەم سەری زەوی پێ ببینی و قسە لەگەڵ کەسێ بکەی کە هەزاران کیلۆمەتر لێتەوە دوورە؟
ئەوە موعجیزە نییە کە تۆ دەستەکانت دەجوڵێنی و پەنجەکانت ڕێک ئەو شتەت بۆ دەکەن کە تۆدەتەوێ بەبێ ئەوەی بیر لە خودی دەست و پەنجەت بکەیەوە و بڵێی با فڵان جووڵەی پێ بکەم و بە فڵان شێوە بیهێنم و بیبەم و بەبێ ماندووبوون بە بیرکردنەوە لە جووڵەپێکردنیان؟ موعجیزە نییە چونکە ڕووداوگەلێکی بەرچاون، کاتێک تێدەفکری و ورد دەبیتەوە ئەوکات هەستی پێ دەکەی!

لەکۆتاییدا موعجیزە شکاندنی یاسا سروشتییەکان نییە و نالۆژیکیش نییە، بەڵکو ڕووداوێکە دووبارە نییە کە وەک هەمیشە لەبەرچاومان ڕووبدات، یاخود دەکرێت بڵێین ڕووداوێکە لەتوانای سروشتدا نییە و ئەگەرێکی مەحاڵە ڕوودانی، بەڵام بگوێرەی عەقڵ و زانستیش ڕوودانی ئاساییە و ڕێتێچووە، دروستبوونی ئامێرێکی موبایل لە سروشتدا مەحاڵە بەڵام مرۆڤ لەنێو ئەم سروشتەدا ئەنجامی دەدات، ئەمە مانای وا نییە دروستکردنی موبایل شکاندنی یاسا سروشتییەکانە بەڵام موعجیزەشە بۆ سروشت و بۆ مرۆڤێکیش کە نەیدیوە، بۆیە موعجیزە ئەفسانە نییە و دژ بە عەقڵ نییە، بەڵکو لە ڕووی فەلسەفی و زانستیشەوە ڕێتێچووە، بۆیە لەکۆتاییدا ئەوەی پێی وایە ئەفسانەیە ئەوا تێنەگەیشتووە لەم بابەتە، وەک چۆن ڕووداوە سروشتیەکان بە ئایەت ناوبراون موعجیزەش بەهەمان شێوە! 

Mohammed Abdulaziz.
---------------------------------------------------------------------
٭ سودم بینیوە لە زنجیرە بابەتی (سلسلة الغزالي الباحث عن الحقيقة).

(۱) ئیمامی غەزالی: زانا و فەیلەسوفێکی ئیسلامییە نزیکی ۱۰۰۰ ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، ناسراوە بە شافعی دووەم.
(۲) دێڤد هیوم: مێژوونوس و فەیلەسوفێکی گەورەی خۆرئاواییە، فەلسەفەکەی کاریکردووتە سەر چەندین زانا و فەیلەسوفی بەناوبانگ لەوانە (ئیمانوێل کانت، کارل پۆپەر، بێرتراند ڕاسل، نوام چۆمسکی، چارلس داروین، ئەنیشتاین ...هتد).
(۳) ڕیچارد داوکینز: پڕۆفیسۆری بایۆلۆجی لە زانکۆی ئۆکسفۆرد، یەکێکە لە ڕابەرانی هزری ماددیگەرایی(ئیلحاد)، خاوەنی کتێبی وەهمی خودا(the god delusion).
(٤) ناپلیۆن پۆناپارت(۱۷٦۹-۱۸۲۱): سەرکردەیەکی فەڕەنسا بوو، پێگەیەکی بەرزی هەبووە لە سیاسەت و سەرخستنی فەڕەنسا لە چەندین جەنگدا، و کاریگەری لەسەر تەواوی لەوروپا هەبوو، گرنگیدەریشبووە بە زانست.
به‌روار: 14/09/2019
بینین: 822