توێژینه‌وه‌
  بەڵگەی دیزاین-بەشی یەکەم: ڕێک و پێکی سیستەمی گەردوون
محمد عبدالعزیز
بەگشتی زانایان ھاوڕان لەسەر ئەوەی کە یاساکانی گونجاون Fine-Tuning بۆ ژیان و مرۆڤ بەتایبەتی، و ھاوسەنگی بوونی ھەیە لە نێوان ھەموو تەنەکاندا، و (ڕێژەی ھایدرۆجین، ھێزی تەقینەوە گەورەکە، توانای ھەرچوار ھێزەکە، و چڕی ماددە) گشتی دیاریکراوە بەوردی، گۆڕانێکی کەم لەمانە گەردوونی تێکدەدا و گونجاوی نەدەما.

زانای فيزياى گەردوونی و بیرکاریزان (Roger Penrose) بەریتانی، پڕۆفیسۆر لە زانکۆی ئۆکسفۆڕد(Oxford)، ياساى ئەگەرەکان لە بیرکاریدا بەکاردەهێنێت بۆ دروستبوونی گەردوون بە ڕێککەوت و بزانێت ئەگەری ئەم ڕێکخستنەی کە ھەیە بەڕێککەوت چەندە!
ئەم زانایە دەڵێت لە خاڵی تەقینەوە گەورەکە (Singularity) زۆر وردتر و گونجاوتربووە یاساکانی و ھەڕەمەکی تیا نەبووە، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی وردە وردە بەرەو ھەڕەمەکی ڕۆیشتووە، وە دەڵێت لە سەرەتای گەردوون هەتا دروستبوونی هەموو ئەستێرەکان و هەسارەکان و زەوی و دروستبوونی ئەم ژیانەی لەسەر زەویدایە ئەگەر بە رێککەوت دروست بووبێت، ئەوا بە پێی یاسای ئەگەرەکان ڕێژەکەی دەکاتە (1×10^-1230) واته (یەك لە سەر 10 توان 1230)، بۆ تێگەشتن لەمە دوو نموونە باس دەکەين بۆ ڕوونکردنەوەی گەورەیی ئەو ژمارەیە:

نموونەی یەکەم: ئەگەر مۆبایلێك داخرابێت بە پاسۆردێکی چوار ژمارەیی(چوار خانەیی)، تۆش پاسۆردەکەی نازانیت بەڵام بە یاسای ئەگەرەکان دەتەوێ بیکەیتەوە هەموو جارێك چوار ژمارەی جیاواز لێ دەدەیت بەم شێوەیە 0000 - 0001 - 0002 – 0003 – 0004 – 0005 بەو شێوەیە چوار ژمارەیی جیاواز لێدەدەیت هەتا 10000 (دە هەزار) جار، لە یەکێك لەو دە هەزار جارەدا مۆبایلەکە دەکرێتەوە، ئەم ڕێژەیە پێی دەگوترێ یەك لە سەر (10 توان 4)، کە بلیۆنان جار کەمتریشە لەچاو ئەگەری دروستبوونی گەردوون لە (10 توان 1230)، بەڵکو ئەگەر ھەموو مرۆڤایەتی خەریکی شکاندنی ئەو کۆدە بن کە 8 ملیار مرۆڤن، و ھەریەکە لە چرکەیەکدا ژمارەیەک بنووسێت و ماوەی 70 ساڵیش بۆ ھەر یەکێک دابنێین، ئەوا تەنھا دەتوانن 19 خانە پڕ بکەنەوە لە 1230 خانە! بەڕای ئێوە ئایا گەردوون بە ڕێککەوت ڕوودەدات؟!

نموونەی دووەم: بچوکترین بەشی هەموو ماددەیەك پێی دەوترێ (گەردیلە) ئەمەش ئەوەندە بچووکە ئەگەر یەك ملیۆن گەردیلە لە سەر هێڵێکی ڕاست ڕیزبکەین درێژیەکەی بە قەدەر ئەستووری تاڵە موویەکە، زانایانی فیزیا دەڵێن ژمارەی هەموو گەردیلەکانی گەردوون نزیکەی (10 توان 80)یە (1×10^80)، ئەگەر بڵێین (10 توان 81) واتە دە ئەوەندەی گەردوون، وە ئەگەر بڵێین (10 توان 82) واتە سەد ئەوەندەی گەردوون، وە ئەگەر بڵێین (10 توان 86) واتە ملیۆن ئەوەندەی گەردوون، وە ئەگەر بڵێین (10 توان 104) واتە ملیۆن ملیار ملیار ھێندەی گەردوون! ئێستا بیربکەنەوە (10 توان 1230) چەنێك گەورەیە!
ئەم زانایە (ڕۆجر پێنڕۆس) دەڵێ ئەگەر بەقەد ئەو ژمارە گەورەیە ئەگەر هەبێت بۆ دروست بوونی گەردوون، ئەوا تەنها یەك ئەگەر (یەک ھەل) بۆی هەیە کە بە ڕێککەوت گەردوون دروست ببێت تیایدا، کە ئەم ئەگەرەش ملیار ملیار ملیار جار لە ژمارەی تەنۆلکەی گەردوون زیاترە توانەکەی و ھەرلیز ئەم ژمارەیە نابیندرێت لە گەردووندا.

لێرەدا ھەندێک پێیان وایە فرەگەردوونی بوونی ھەیە (واتە بێ کۆتا گەردوونی جیاواز بوونیان ھەیە) و یەکێک لەوانە گونجاوبووە بۆ ژیان، ھەروەک: زانای فیزیایی بەناوبانگ (stephen hawkins) لە کتێبی (the grand design)-p. 162 دا دەڵێت:
گەردوونی ئێمە و یاساکانی وا دەردەکەون کە دیزاین کرابن و ناخشێندراون و دووراون، بۆ پشگیری لە ھاتنی ئێمە!
بەڵام ئەوان ھەوڵ دەدەن وەڵامی ئەوە بە فرەگەردوونی(Multiverse) بدەنەوە! کە بێکۆتا گەردوونی جیاواز بوونی ھەیە بەمەش دانەیەک ھەر کونجاو دەبێت بۆ ژیان، ئینجا (ستیفن ھاوکینز) بۆ کەناڵی CNN باسی کتێبەکەی دەکات(2) و دەڵێت ئێمە نەبوونی خودامان نەسەلماندووە، بەڵکو ئەوەمان ڕوونکردووەتەوە کە زانست دەتوانێت گەردوونمان بۆ شیبکاتەوە بەبێ ئەوەی پێویستی بە خودا ھەبێت!

لەبەرامبەر ئەم بیرۆکانەدا زانای گەردوونناسی و فيزيايى Neil Tyson لە کتێبی (Origins)- p. 56 دا دەڵێت: ئەگەر فرەگەردوونی ھەرچەندە ڕاستیش بێت لەڕووی تیۆرییەوە، بەڵام ناتواندرێت پێوانە بکرێت، بەمەش بوونی ناسەلمێندرێت.
کەواتە باوەڕبوون بە (فرەگەردوونی) ناچێتە سەر بەڵگەی زانستی! و ئەمەش تەنھا بریتییە لە باوەڕێکی بێ بەڵگە، بەڵکو دان نەنانە بە بوونی خودا، ھەروەھا ئەگەریش سەلمێندرا کە فرەگەردوونی بوونی ھەیە، ئەوکاتیش پرسیارەکانمان کۆتایی نایێت بەڵکو دوبارە پرسیاری ئەوە دێتە کایەوە کە ئایا فرەگەردوونی لەکوێوە ھات؟ و چۆن گەردوونەکان ڕێککەوتن و چۆن یاساکانیان بەدیھاتن... ھتد.

بۆیە Robert jastrow کە خۆی ئیگنۆستیکە و یەکێکە لە سەرانی پەیمانگای ناسا بۆ خوێندنی گەردوونناسی، دەربارەی گونجاوبوونی یاساکانی گەردوون بۆ ژیان دەڵێت: ئەمە بەھێزترین بەڵگەیە کە زانست بۆمانی دەرخستووە لەسەر بوونی خودا(3).
ھەروەھا بیردۆزناسی فیزیایی micheo kaku کە ئەویش گرینگی دەرە بە بیردۆزی ژێ(سترینگ): دەڵێت گەردوون بریتییە لە دیزاین نەک ھەڕەمەکی و بێ سەروبەری، خوداش گەردوونی لەشێوەی (ماترێکسی)چنین و داڕشتن دیزاین کردووە.
زانای فیزیایی ناووکیFreeman dyson كه خاوەنی خەڵاتی (تیمپڵتۆنە کە نرخی زیاترە لە نۆبڵ) بەھەمان شێوە دەڵێت گەردوون بەشیوەیەک خۆی ئامادە کردوە وەک ئەوەی زانیبێتی کە ئێمەی مرۆڤ دێین!

ئایا بەڕای تۆ گەردوون ئەنجامی ڕێککەوتە؟ و فرەگەردوونی وەڵامی ئەوەمان دەداتەوە کە گەردوون چۆن ڕێککەوتووە بۆ ژیان؟ یان گەردوون بەدیهێنەرێک دروستی کردووە؟


-------------------------------------
Reference:-

(1) Roger Penrose
EN: Roger Penrose on Cosmic Fine-Tuning.

EN EVOLOTINO NEWS

(2) Hawking versus God: What Did the Physicist Really Say about the Deity?

SCIENTIFIC AMERICAN

(3) William lane craig
youTube: How does the fine tuning of the universe points to intelligent designer.
youtu:John Anker berg show
به‌روار: 24/10/2019
بینین: 1053
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت