خێزان
  کایەی هەڵوەشاندنەوەی خێزان!
ماکوان کەریم

خێزان- پایەیەکی گرنگی هەموو کۆمەڵگاکانە، بەڵام هەندێك لەبەر چاوچنۆکی سەرمایەداری دەیەوێت خێزان هەڵەبوەشێنێتەوە، چونکە لە خزمەتی پرۆژەی سەرمایەداریدا نیە، سەرمایەداری نە خێزانی دەوێت نە کۆمەڵگا بەڵکو دەسەڵاتیش مۆنۆپۆڵ دەکات تا بتوانێت هەرچی وزەیەك هەیە بەکاری بهێنێت بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆی تا دەسکەوتی زیاتری هەبێت، مرۆڤەکان دابماڵێت لە هەرچی سۆزو هەست و نەست هەیە بۆ کاڵاکانی خۆی..
ئەم پرۆژەیە زۆر دەمێکە کار لەسەر ئەوە دەکات کە خێزان پارچەپارچە بکات و لەبەریەك هەڵیبوەشێنێتەوە، چونکە پرۆسەی دروستکردنی خێزان سود بە سەرمایەی سەرمایەداری ناگەیەنێت، هەرچەندە نامەوێت ئەم باسە لە دیدێکی فیکریەوە روماڵی بکەم، بەڵکو دەمەوێت لە رووی کۆمەڵایەتیەوە ئەو ترسە بخەمە بەردەم کۆمەڵگای کوردی کە سەرمایەداری چاوچنۆك ئێستا لەو کوردستانەدا کاری لەسەردەکات، هەوڵ بۆ نەهێشتنی خێزان دەدات. ئەزمونی رۆژئاوای لەبەرچاودایە بۆ لێکترازانی خێزان و لە ناو ئەو شارستانیەتیەدا ئەوەی ئەرزشی نەبێت خێزانە، بەهۆکاری کۆمپانیا زەبەلاحەکان سیستەمی سەرمایەداری بە تەواوەتی خەڵکی رۆژئاوا لێکترازاون و کۆمەڵگایەکی ساردوسڕیان پێكهێناوە، کە زۆر جار لە ووڵاتێکی وەك نەرویج دا کە زۆر خوشکو برای دایك و باوکی جیاواز یەکتر ناناسن لە پڕدا لە دیسکۆیەك بەیەك دەگەن و هەرچی حەزی خۆیانە لەگەڵ یەکتردا بەتاڵی دەکەنەوە، لە ووڵاتی فینلەندا بە هۆکاری سەرقاڵی دایك و باوك بە کاری رۆژانەوە خوشکو برایەك بە درێژای ڕۆژ کە دایک و باوکیان لە ئیش بوون لەگەڵیەکدا رایانبواردوە تا خوشکەکە سکی لە براکەی پڕ بووە ئینجا هەستیان پێکراوە، یاخود لە نەمسا پیاوێك لەگەڵ کچەکەی خۆیدا رایبواردوە بۆ ماوەی ١٨ ساڵیش لە ژێرزەمینەکەی ماڵی خۆیاندا زیندانی کردوە زیاد لە ٨ منداڵی لێبوو زۆرێك لە منداڵەکانی هەر لەو ژێر زەمینەدا بەهۆکاری ئەوەی کە نەخۆش دەکەوتن بۆ ئەوەی ئاشکرا نەبێت نەیدەبردنە نەخۆشخانە هەر لەوێ مردن، زۆری تر لەم رووداوانە لەئەورپادا دەبینرێت بێجگە لەو هەموو نەخۆشیە شازانەی کە توشی مرۆڤەکان دەبێتەوە لە رووی جنس و کاری بەدو خراپەوە..

خوای گەورە لە پەیامەکەی خۆیدا کۆمەڵێك یاساو رێسای بۆداناوین کە بۆتە سیستەمێك بۆ بونیادنانی کۆمەڵگای ئیسلامی، گومانی تێدا نیە بۆ هەموو رەهەندەکانی ژیان رێساو یاسای داناوە کردوێتیە بەرنامەو ڕێگا بۆی، بەڵام ووردبوونەوە و قوڵبوونەوەی بەجێهێشتوە بۆ خەڵکی سەردەمی خۆی تابتوانن لەگەڵ ئەوکۆمەڵگایەدا یاسای نوێی لێ هەڵبگۆزن و ببێتە مەنهەج بۆ ژیانیان. ئەوانەی کە ڕچاوی حەڵاڵ و حەرام دەکەن هەرئەوانیش دەبنە جێنشینی یاساو رێساکانی فەرمانی خوای گەورە، واتا ئەوەی کە پێویستی بە روونکردنەوەیە خوای گەورە خۆی بە تەواوەتی روونی کردۆتەوە یاخود بە جێی هێشتوە بۆ سونەتی پێغەمبەر (صلی للە علیە وسلم) یان بۆ ئیجتیهادی زانایانی ئیسلام لەو بوارەدا.

ئەو کایە گرنگەی کە ئێستا باسی دەکەم خێزانە، لە شەرعی ئیسلامدا خێزانیش دڵی کۆمەڵگایە، بەوهۆکارەیە قورئان بنەماکانی داڕشتوە زۆرێکیش لە ژیانی پێغەمبەردا روونکراوەتەوە.. بۆ نمونە لە باسی پێکهاتەی خێزان قورئان زۆر گرنگی داوە بە باسەکانی نیکاح و تەڵاق و میرات و شیردان و تەنانەت دەست نیشانی کاتی شیردانیشی کردوە، ئەمانە پایەی گرنگی خێزانن ئەحکامی زۆریان لەسەر دادەمەزرێت.
ئەوەی ئاماژەم پێداوە پێشتر- لەسەر پایەی سۆزو بەزەیی (ڕەحم) دادەمەزرێت، چونکە سۆزو بەزەیی لە ئیسلامدا سەرەکیترین بنەمان بۆ پێکهێنانی خێزان..
لە رۆژئاوادا یاخود شارستانیەتیەکانی تردا لەسەر بنەمای حەزو ئارەزوو دەدامەزرێت نەك سۆزو بەزەیی، بۆیە حەزو ئارەزوەکانی مرۆڤ زوو گۆڕانکاری بەسەردا دێت، هەر ئەو هۆکارەیە کە خێزان لە جێگاکانی تردا ئەوەندە تەنك بووە وەك باڵی مێشە، نمونەی ووڵاتێکی وەك سوید کە زۆرترین خێزانی کوردی تێدایە، چونکە سیستەمەکەی لەسەر مافەکانی حەزو ئارەزوە، بووە بە باو لە ناو خانەوادە کوردەکانی ئەو ووڵاتەدا ئەگەر ژن و مێردێك لەیەك جیانەبووبێتنەوە سەرزەنشت دەکرێن!، دوو برای ڕاستگۆ بۆیان گێڕامەوە لە سوید کە ژننان دەگەن بەیەك دەڵێن ئەوا تا ئێستا لەگەڵ مێردەکەتدا جیانەبویتەوە! کەواتە لەو کۆمەڵگایەدا نامۆ ئەوەیە کە خێزانەکەی هەڵنەوەشابێتەوە، بێجگە لەوەی کە منداڵەکانیان زۆربەیان توشی کاری خراپە بوون ئەگەر کوڕ بێت بەلای کەمەوە لە سۆزی خۆشەویستی هەردوکیان بێ بەشە، پاشان زۆرێك لە منداڵانی دایك و باوك جیابووەکان دیارە مەبەستم کوڕە فێری کڕین و فرۆشتنی مادە بیهۆشەکان بوون، خۆ کچان لەوێ وەك مەدالیا هەر رۆژەو بەدەست یەکێکەوەن، ئەم ووتەیەم بە گشتی نیە، بەڵام زۆرینەیە، گومانی تێدا نیە بە دەیان خانەوادە هەیە تا ئێستاش پابەندن بە قیەم و رەوشتی رەسەنی ئیسلامی و کوردەواری، بۆ ئەوەی هەموو باسەکەم لەسەر بنەمای شەرعی و پابەند بوون بە ئیسلامە دابمەزرێت، خۆ گومانی تێدا نیە بە سەدان پەیوەندی ناتەندروست لە نێوانی ژن و پیاواندا دەبینرێت تەنانەت منداڵی بێ باوك لەو نێوەندەدا دروست دەبێت، هەربۆیە ئیسلام گرنگی داوە بە خێزان و بە نیکاح و بە تەڵاق و بە میرات و ..تاد، بۆ ئەوەی رەگەز پارێزراوبێت یاخود مەبەست بە رەگەزی بنەماڵيیە "نەسل" لە ئیسلامدا ئەگەر منداڵ بە کاری ناشەرعی لەدایك بێت ئەوە بە ناوی باوکیەوە نابێت دەبێت دایکی ناوەکەی هەڵبگرێت بە ناوی دایکەوە بانگ دەکرێت، زۆرێك ئێستا هەر سۆزی باوکایەتی نازانێت چیە!.
کەواتە خێزان لەسەربنەمای پەیوەندی تەندروست دادەمەزرێت کە نیکاحی شەرعیەو لەسەربنەمای قورئان و سونەت، چونکە خوای گەورە خێزانی گرێداوە بە پایەکانی یەکتاپەرستی(توحید) ..
يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُواْ رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ وَخَلَقَ مِنْهَا زَوْجَهَا وَبَثَّ مِنْهُمَا رِجَالًا كَثِيرًا وَنِسَاء وَاتَّقُواْ اللّهَ الَّذِي تَسَاءلُونَ بِهِ وَالأَرْحَامَ إِنَّ اللّهَ كَانَ عَلَيْكُمْ رَقِيبًا ﴿١﴾ النساء
ئه‌ی خه‌ڵکینه‌ له‌ خه‌شم و ناڕه‌زایی ئه‌و په‌روه‌ردگاره‌تان خۆتان بپارێزن که‌ ئێوه‌ی له‌ تاکه‌ که‌سێك دروست کردووه‌، وه‌ له‌و که‌سه‌ش هاوسه‌ره‌که‌ی به‌دی هێناوه‌، وه‌ له‌و دوانه‌ پیاوان و ژنانی زۆری هێناوه‌ته‌و کایه‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌و خوایه‌ بترسن که‌ سوێندی پی ده‌خۆن، (هه‌وڵ بده‌ن) په‌یوه‌ندی خزمایه‌تیش بپارێزن و (پته‌وی بکه‌ن) چونکه‌ به‌ ڕاستی خوا (هه‌میشه‌و به‌رده‌وام) چاودێره‌ به‌سه‌رتانه‌وه‌.

کەواتە چەند خاڵێك هەیە پێویستە خێزانەکان پەیوەستبن پێوەی بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەکی تەندروست و پاشان دەسەڵاتێکی پێگەیشتوو بەرهەم بێت..

خاڵی یەکەم : ناساندنی رەگەزەکان وەك خۆی..
بۆ ئەم مەبستە پێویستە روونکردنەوە لە سەر چەمکی رەگەزەکان وەك خۆی بدەم .. ئەویش بریتیە لەوەی کە پیاو کاروفەرمانی خۆی لە دەست نەدات ئافرەتانیش پارێزگاری لە کارو فەرمان و مافەکانی خۆیان بکەن.
شیکاری..
لە مەیدانی کارکردندا ئافرەت و پیاو خەریکە کارو فەرمانەکانیان و مافەکانیان لە دەست ئەدەن، بە هۆکاری یەکسانی، کەس لاری لەوە نیە کە یەکسانی هەبێت لە مافدا، بەڵام لە کارو فەرماندا هەرگیز یەکسان نابن.. بۆ نمونە ئەوەی کە هەڵوەشاندنەوەی خێزانە، بریتیە لەوەی کە پیاو و ژن هەردوکیان یەك فەرمان و کار لەسەر شانی یەکتری بە رێوە دەبن کارەکانیان لێ ئاڵۆز بووە بۆ نمونە ئافرەت شان بەشانی پیاو لە دەرەوەی ماڵەکەیەتی هەر وەك پیاو کار دەکات، لێرەدا مەبەستم ئەوە نیە کە ئافرەتان بۆیان نیە کارو چالاکی و فەرمانی خۆیان لەدەرەوە بکەن بە شداربن لە کایەی ژیان و تەنانەت ئەو پێشکەوتنە گەورەی کە دوونیا ئەمڕۆ بەدەستی هێناوە تەنانەت قورئانیش باس لەوە دەکات کە ئافرەتان دەتوانن وەك پیاو کار بکەن لە باسی بەسەرهاتی خەزوری موسادا کە دەبینین دوو کچی هەیە هەر دوو کچەکەی شوانی مێگەلن، ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئافرەتانیش دەتوانن بڕۆنە دەرەوە بۆ کارکردن، چونکە قورس ترین کار بریتیە لە شوانی کەچی ئافرەتان بەشدارن تێیدا.. ( وَلَمَّا وَرَدَ مَاء مَدْيَنَ وَجَدَ عَلَيْهِ أُمَّةً مِّنَ النَّاسِ يَسْقُونَ وَوَجَدَ مِن دُونِهِمُ امْرَأتَيْنِ تَذُودَانِ قَالَ مَا خَطْبُكُمَا قَالَتَا لا نَسْقِي حَتَّى يُصْدِرَ الرِّعَاء وَأَبُونَا شَيْخٌ كَبِيرٌ)٢٣ القصص
كاتێك گه‌یشته‌ ئاوه‌كه‌ی مه‌دیه‌ن خه‌ڵكێكی بینی ماڵاته‌كانیان ئاوده‌دا، له‌ولاشه‌وه‌ دوو ئافره‌تی بینی كه‌ به‌خۆیان و مه‌ڕه‌كانیانه‌وه‌ دووره ‌په‌رێز وه‌ستا بوون، بۆیه‌لێیان چووه‌ پێشه‌وه‌ و پرسی و وتی: ئه‌وه‌ ئێوه‌ بۆچی لێره‌ وه‌ستاون؟ كێشه‌تان چیه‌ وادووره‌په‌رێزن؟ ئافره‌ته‌كان وتیان: ئێمه‌ ناتوانین ماڵاته‌كه‌مان ئاوبده‌ین، هه‌تا شوانه‌كان نه‌ڕۆن و چۆڵی نه‌كه‌ن، باوكیشمان پیره‌مێردێكی به‌ساڵا چووه‌.
لێرەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئافرەتان توانای هەموو کارێکیان هەیە، بەڵام ئەگەر پیاوێك نەبوو کارەکەی ئەوان بکات ئەوا زۆر ئاساییە کارەکە بسپێرێت بە ئافرەتان، کەواتە پرسیار ئەوەیە کە مادام پیاوان دەتوان کاری دەرەوە ئەنجام بدەن، ئیتر دەبێت ئافرت بگەڕێتەوە سەر سروشتی خۆی کە دایکایەتی و بەڕێوە بردنی خێزانە، کە من پێم وایە هیچ کارێك ئەوەندەی ئەم کارە قورس نیە هیچ پیاوێکیش لەسەر ئەم زەویەدا ناتوانێت دەوری ئافرەتێك ببینێت لەو بوارەدا، چونکە هەر ئافرەتانن دەتوانن سەدان پیاوی زانا و دانشمەندو پیاوی سەربازی و سیاسی بۆ کۆمەڵگا بەرهەم بێنن، وەك (سەلاحەدینی ئەیوبی، ئیمامی شافعی، ئیبن تیمیە،عیمادەدینی زەنکی..تاد).
کەواتە زۆر پێویستە ئیدارەی خێزان ئافرەت بیبات بەڕێوە، چونکە کاری ئەوە پیاو نابێتە هاوشانی لەو بورەدا، هەروەك چۆن لە رووی هێزی بازوییەوە ئافرەت توانای پیاوی نیە لە رووی خێزانەوە پێچەوانەکەیەتی..
لێرەدا پرسیار دروست دەبێت ئەی بۆ هەموو میدیاکان یا زۆریك لە دەزگاکان لە بوارە جیاجیاکاندا هەوڵی ئەوە ئەدەن ئافرەتان وەك پیاوان نیشان بدەن و یەکسانیان بکەن لە هەموو روویەکەوە؟
بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە جێگای خۆیەتی لێرەدا بەوە دەست پێبکەم، سەرەتا ئەم قسەیە پێشل کردنی مافی ئافرەتانە ئینجا پیاوان، دەگەڕێمەوە سەر سەرەتای باسەکەم کە ئاماژەم بەوەدا تەنها ئەم چونە ناو کارەو فەرمانی یەکتری تەنها سودی سیستەمی سەرمایەداریە، لای هەمووان ئاشکرایە ئەویش هەرچی دەزگاکانی میدیاو پەروەردە هەیە بۆ خۆی قۆرغی کردوە هەموو لە خزمەتی پرۆژەکانی خۆیدان بۆیە ئەو هەموو ئاوازەی کە لێئەدرێت لە بنەچەدا بەشی زۆری سەرمایەداریە و ئەوی تری دەگەڕێتەوە سەر شێوازی کاری عەلمانی کە دەشێت لەسەر ئەو خەتە کار بکات هیچ پیرۆزیەك نەهێڵێت ئەمیش کاری کۆن و نوێ سیکۆلار بووە.
کەواتە دەڵێین ئیسلام هەوڵی ئەوە ئەدات کە خێزان پارێزراو بکات بە پارسەنگی دیدو رێیەك(مەنهەج) لە دوو سەرچاوە..
آ- دید و رێی تیۆری: پەروەردەکردن و ئاراستە کردنی بە قورئان و سونەت، ئەزمونی باش گواستنەوەی بۆ ناو خێزانەکان.
ب- دیدو ڕێی مەیدانی: کە پیاوان و ئافرەتان ئەرکەکان دابەش بکەن لەسەر بنەمای ئەوەی کە گونجاوە لەگەڵ سروشت(فیترەتی) هەردوولایان.
کە ئەشێت لەسەر ئەم دوو دیدورێیە زیاتر قوڵ بینەوە، بەڵام ئەوە هەڵئەگرم بۆ باسێکی جیاواز لەجێگایەکی تردا بە باسێک زیاتر لێوردبوونەوەی لەسەر بکەین.


خاڵی دووەم: ڕاگەیاندنەکان و چەواشەکاری..

زۆرێك لەوەی کە ئافرەتی سەربەست کردوە زنجیرە دراماکانن کە ئافرەتان زۆر تەماشای دەکەن لەو ڕێگایەوە رۆژئاوا یاخود جوانتر بڵێم سیستەمی سەرمایەداری کاری خۆی دەکات و ئاراستە دەکات، ناسکی ئافرەت و پیاوان فریو ئەدەن لەوەی کە هاوشانیان کار بکەن ناسکی جوانی خۆیان لەدەست بدەن، ئەم ئەزمونە بۆ خوێنەر دەگوازمەوە کە خۆم لە رەوشەکەدا ژیاوم، بۆ ماوەی ٤ ساڵ لەگەڵ ئافرەتێکدا پێکەوە هاوکار بووین لە دوو جێگای جیاوازدا کارمان دەکرد، لە هەردوو جێگاکەدا هەمیشە لەگەڵیەکدا بوین لەگەڵ هاوکاراکانی ترمان پێکەوە ستافێك بووین کارمان دەکرد، بریتی بوو لە دیزاین کردنی فرانچایس و زۆرترین فرۆشی پرودۆکشنی ئەمریکی لە دوو مارکێتی جیاوازدا بە ناوی "سێڤن ئلێڤن و یۆکەر" بە هەر حاڵ زۆر جار زۆر ماندوو دەبوین. دوای ئەوەی کەزانی من خێزانم هەیە و زۆر تر ماندوو دەبووم ووتی بۆ بە خێزانت ناڵێیت هاوکاریت بکات، ئەویش کار بکات، وەڵامی من بۆ "لیندا" ئەمە بوو پێم ووت حەز ناکەم خێزانم ئەو ناڕەحەتیەی من دەیبینم لە کاری رۆژانەدا ئەو بیبینێت یەکێکمان بەس دەتوانین بژێوی خۆمان دەربێنین ماڵ پێویستی بە ئافرەتە، ئافرەتیش ناکرێت لەم جەنجاڵی ژیانە سەرقاڵی بکەین کە لەکاتێکدا ئافرەتان زۆر توانای ئاڵۆزی جەناجاڵیان نیەو دنیایەکەی تایبەت و ناسکیان هەیە.. هەستم کرد دڵی پڕە، منیش ترسام لەوەی دیارە کلتوری من ناگونجێت لەگەڵ ئەم ئافرەتە زوو بە خۆمم ووت ئەڵێی لە شارەزورو سەیدسادقی خۆمانم قسە دەکەم، پێم ووت تۆ نابێت لە قسەی من دڵگران بێت، من وا بیر دەکەمەوە ئەشێت بە بۆچونی تۆ دواکەوتوبێت.. بەڵام بە تەئکید ئەوە بیرو بۆچونی منە و منیش ئازادم.
لیندا بە سەرسوڕمانەوە ووتی: نا من تۆ بە میسالی سەیر دەکەم، تەنانەت خانەوادە زۆر ئەرستۆکراتیەکانیش لێرە وابیر ناکەنەوە، بەڵکو من دڵم لە خۆم داماوە کە هاوڕێکەم چەند جار باسی خۆشەویستی دەکات لەگەڵمەدا، بەڵام ئەگەر مانگێك کرێ خانوەکەی لەگەڵ نەدەم من دەردەکرێمە دەرەوە یاخود کڕێنی شتو مەکی لەگەڵدا بەش نەکەم ئەوا بۆڵە بۆڵی دنیام بەسەردا دەکات.
منیش ووتم ئاخر تۆش بە هەمان شێوەی؟
ووتی ڕاستە.

کەواتە من هاتمە سەر ئەو دەرئەنجامەی کە پاراستنی خێزان لە نێوانی هەردوو رەگەزدا دەپارێزرێت بە دابەش کردنی کارەکانیان، نە یەکسانی کارەکانیان، راگەیاندنەکان هەموو دەزگا پەروەردەیەکانی سەرمایەداری پێویستیان بە وزەو توانای مرۆڤەکان هەیە بۆ دەوڵەمەند بوونی خۆیان بۆیە گوێ نادەنە پاراستنی رەگەز، لە ماوەی ڕابوردودا لە یەك دیاردە تینەدەگیشتم نەم دەزانی بۆ ئەمە رووئەدات.. ئەویش چەند گەنجێکی خراپەکاری کە هەمیشە لە دیسکۆو باڕەکاندا کەوتبوون زۆر جار دەمبینی کە مادەی بێهۆشکەر دەفرۆشن، خۆیان پابەند نەدەکرد بەهیچ شتێکەوە لەسەر ئیسلامیش ماڵن، ئەو گەنجانە لە هەموو خەڵکی ووڵاتەکان پێکهاتبوون، بەڵام هەمووی موسڵمان بوون بۆ نمونە لە کورد، فارس، عەرەب، کۆسۆڤۆ و سۆماڵی..تادو کەچی دەمبینی ئەو ئافرەتانەی لە گەڵیاندا بوون بۆ مەرامی حەزی شەهوانی بەکاریان دەهێنان زۆربەیان موسڵمان کردبوو یاخود پرس وڕایان دەکرد چۆن مارەیان بکەن ئەوان موسڵمان بوون، لێیان دەیانپرسین ئەوە باسی ئیسلامتان بۆ کرودن، لەوەڵامدا دەیانوت نەخێر خۆشم دەمزانی کە ئەمانە خۆیان نازانن ئیسلام چیە ئێستا چۆن دەتوانن باسی بکەن، ئەم لوغزەم بۆ چارەسەر نەکراو دەرئەنجامێکم دەست نەکەوت، تا لە ماوەی رابوردوو لەگەڵ مامۆستایەکی زانکۆی ئۆسلۆ لە بواری سۆسۆلۆژیدا باسی هەندیك باسو خواستی کۆمەڵناسیم لەگەڵ کرد، لە کۆتایدا باسێکی کرد وەك ئەوەی کە ئەو وەڵامە بۆ من دەستەبەر بکات بەڵام لە ڕێگای پرسیارێکی ترەوە بە نمونە بۆ منی باسکرد ووتی: دەبینی ئافرەتانی ئەم ووڵاتە زۆربەیان زووتر موسڵمان دەبن تا پیاوانیئەم ووڵاتە منیش ووتم هۆکاری چیە؟
هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ئافرەتان لەگەڵ پیاوانی موسڵمان دەبنە هاوڕێ ناهێڵن بەرپرسیارێتیان بکەوێتە سەرشان ئەگەر دزیش بکەن یان کاری ناتەندروست دەکەن بەس ناهێڵن ئەو ئافرەتەی کە لەگەڵیدا دەژی کار بکات، ئەمیش وای کردوە کە ئافرەتان زیاتر ئەمە وەربگرن لەپیاوانەوە ئەگەرچی رەفتاریشیان باش نەبێت ئەو پاراستنی سروشتی ئافرەتە لە ماڵدا وا دەکات کە ئافرەتان بە هەموو شێوەیەك حەز بە پیاوانی موسڵمان بکەن، چونکە نانیان بۆ دەستەبەر دەکەن لەگەڵ کەرامەت، نایانەوێت وەك پیاوان ماندوو بن کەرامەتیشیان بشکێت لە کاتێك کە پیاوەکەیان سەرخۆشە چەند کەس لە هاوڕێ پیاوەکانی ئامادەن هەر هەمان شەو لەگەڵیدا بخەون، چونکە ئافرەتانی رۆژئاوا زۆر ماندون لە کار وە زۆر ماندوون لە کاری خیانەت کاری.

خاڵی سێیەم: باسکردن لە یاسای باری کەسێتی و نەهێشتنی..
ئەم بیرە زۆر دەمێکەیە کاری بۆ دەکرێت دەتوانم بڵێم لەسەرەتای سەدەی بیستەوە وا سەدەیەکە عەلمانیەکان کار لەسەر یاسای باری کەسێتی دەکەن کە دەیانەوێت بە ناوی یەکسانیەوە خێزان پارچەپارچە بکەن، واتا نە گەورەی ماڵ بمینێ کە باوکە و سەرپەرشتیاری منداڵ و ماڵ بمێنێت کە دایکە وە پەروەردەکەری خێزانە، نە ماناو چەمکی گەورە و بچوك لە ناو خێزاندا بوونی بمێنێت بەناوی پاراستنی منداڵ، ئەمە هەموو ئەو یاسایانە کە بە ناوی (جێندەر) خۆی لە کۆمەڵگای ئێمەدا زیندوو دەکاتەوە، یاخود مافی ئافرەتان و ئینجا دەیان ناو و نازناوی بێ ناوەرۆك هەمووی بۆ هەڵەوەشاندنەوەی خێزانە..

خاڵی چوارەم: خۆپاراستن لەو کەسانەی کە باسی خۆشەویستی و دڵداری و عیشق و کۆمەڵێك ووتەی بێ مانا کە لەڕاستیدا ئەم ناوانەیان کردوە بە دروشم کردویانەتە کاڵاو باڵای خۆشەویستی بۆ پێکهێنانی خێزان..
سەرەتا من دژی ئەوەنیم کە ئافرەت و پیاو حەز لە یەکتری بکەن، بە پێچەوانەوە بەڵکو ئەوە فیترەتێکی ئاساییە سروشتی مرۆڤە کە ئەو دوو رەگەزە ئارەزوی یەکتایان هەبێت حەزیان بچێتە سەر یەکتری، بەڵام بە بەرژەوەندی دروست کردنی خێزان نەك دەست گەرم کردنەوەو بەسەر بردنی کات، لەوانەیە پرسیار لە مێشکی خوێنەر دروست ببێت و بڵێت.. خۆ هەموو ئامانجەکان بۆ ئەوەی کە هاوسەرگیری بکرێت، بەڵام من دەڵێم وانیە ئێستا ئەم چەمکی عیشق و خۆشەویستیە بۆتە دیاردە، جاران زۆر نهێنی بوو کە رووی ئەدا لە ئەمڕۆدا بە دیاردە دەیبینی، بەڵام ئەگەر وابڕوات کۆمەڵگاو لێکۆڵەرەوانی کۆمەڵناسی ئیسلامی بەربەستی بۆ دانەنێن لە دیاردە دەردەچێت وەك کۆمەڵگای رۆژئاوا دەبێتە بەشێکی کۆمەڵایەتی لە ناو کۆمەڵگادا!!
هەموو دەبینین لە ناو کۆمەڵگای ئێستای ئێمەدا چەند پیاو بە ئاشکرا خاوەنی خێزانەو لەگەڵ ئەویشدا لە گەڵ ژنی فڵان کەس و فیسار کەسدا دەستی تێکەڵ کردوە بە تەلەفون و رێگاکانی پەیوەندی کردن بە دەیان کاتژمێر قسە دەکەن و تەنانەت خانوی تایبەت دەگرن یاخود شوقە بۆ بەسەر بردنی کات، کە هەموو ئەمانە لە تەمەنێکی لاوێتی و موراهقیدا نین، بەڵکو لەتەمەنی پیاوەتی و ژنێتیدان وەك کوردەواری دەڵێت، پێچەوانەکەشی زۆریك لە ئافرەتان زۆر بەلایانەوە ئاسایە کە پەیوەندی دروست بکەن لەگەڵ چەند پیاوێك، هەموو ئەمانەی باسم کرد ئێستا دیاردەن، بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەمانە ئەوەیە کە عەلمانیەت لە رووی فەرهەنگی پەروەردەکردنی خێزانەوە نەیتوانیوە خاوەنی پرۆژە بێت تەنانەت زۆرێك لە خێزانەکان لەسایەی ئەم سیستەمەدا توشی لێک هەڵوەشان بوون.
به‌روار: 25/10/2019
بینین: 2405