خێزان
  مافەکانی ئافرەتان بەسەر پیاوانەوە
باران ئاریایی

بزانە ئەوە قیاسی پێغەمبەری خوایەبۆ دەرخستنی باشترین پیاوی موسوڵمان، باشترین پیاو ئەو کەسەیە کەلەگەڵ خێزانەکەیدا باش بێت.
ئایا چەند پیاوی موسوڵمان ئەو وەسێتەی سەر جەهل و تاریکی هەموو جیهانی گرتبوو، ڕەوشت و داب و نەریتی کۆمەڵایەتی لەدەست ئیبلیس و قوتابیەکانی ئیبلیس دا بوو. ئەو خودایانەی کەلە دارو بەرد دروست کرابوون لەماڵ و پەرستگاکاندا دانرابوون و دەپەرستران، بەڵام لەڕاستیدا هەواو هەوەس بوو کە حوکمی خوایەتی دەکرد لەناو دڵی خەڵکاندا. ئافرەتانیش بوبوونە کاڵایەک بۆ دامرکانەوەی هەوا و هەوەسی پیاوان و لەژێر دەسەڵاتی پیاوان دا زوڵمیان لێ دەکراو ئازار و ئەشکەنجە دەدران. بۆیە لە هەموو لاوە هاواری فریا کەوتن دەبیسترا.
ئەوە بوو ئیسلام لەناو دوورگەی عەرەب دا سەری بەرز کردەوەو بەباڵا بەرزەکەیەوە لەنێو کۆمەڵگادا وەستاو ووتی منم فریادڕەسی هەموو مەزلومان و ستەم لێکراوانم، نەک تەنها فریادڕەسی ژنان، بەڵکو فریاد ڕەسی هەموو مرۆڤایەتی بوو.
بۆیە کەوتە فێرکردنی داب و نەریتەکانی ژیان و بووە یاریدەدەری مرۆڤایەتی بۆ دۆزینەوەی ڕیگا چاکەکانی ژیان.
ئافرەتانی لەناو زەلکاوی تاریکی و نەفامی و ئازار و ئەشکەنجەدا دەرهێناو لەسەر بڵندترین لوتکە و ڕەفیع ترین جێگادا داینا.
لەڕوانگەی ئیسلامەوە ئافرەت و پیاو بەیەکچاو سەیردەکرێن و هەردووکیان بەمرۆڤ دەزانرێن، بەپێچەوانەی نەتەوەکانی تری پێش ئیسلام کە تەنها پیاوانیان وەک مرۆڤ سەیر دەکرد.
خوای گەورە لەکاتێکدا ڕوونی دەکاتەوە کە پیاوان و ئافرەتان بەگشتی لە نەفسێک، یان لەکەسێک دروست بوون. وەک دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا النَّاسُ اتَّقُوا رَبَّكُمُ الَّذِي خَلَقَكُم مِّن نَّفْسٍ وَاحِدَةٍ....) النساء ١
وە هەر لەو تاکە کەسەش ئافرەتی دروست کردووە، چۆن پیاوانی تری لێ دروست کردووە وە دەفەرموێت: "وخلق منها زوجها" "وبث منهما رجالا کثیرا و نساء".
هەر لەم دوانەشەوە ژمارەیەکی زۆر خەڵکی دروست کردووە، وە خوای گەورە ئافرەت و پیاو وەک یەک ئاماژە دەکات وەک لەم ئایەتەدا بۆمان ڕووندەکاتەوە کەلە ماف و چاکە و سزا دادوەر بووە و دەفەرموێت: إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا ﴿٣٥﴾ الأحزاب
واتا: به‌ڕاستی پیاوان و ئافره‌تانی موسوڵمان، پیاوان و ئافره‌تانی ئیمان دار، پیاوان و ئافره‌تانی ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردار، پیاوان و ئافره‌تانی ڕاستگۆ، پیاوان و ئافره‌تانی خۆگر، پیاوان و ئافره‌تانی له‌خوا ترس، پیاوان و ئافره‌تانی به‌خشه‌نده‌، پیاوان و ئافره‌تانی ڕۆژووان، پیاوان و ئافره‌تانی داوێن پاك و ئه‌و پیاو و ئافره‌تانه‌ی که ‌زۆر یادی خوا ده‌که‌ن، به‌خشین و لێ بورده‌یی و پاداشتی زۆر مه‌زن و بێ سنووریان له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه ‌بۆ ئاماده‌کراوه‌ (هه‌ر که ‌دنیایان به‌جێهێشت پێی شاد ده‌بن).
هەر ئیسلامە کە بانگی پیاوان دەکات کەبەجۆرێکی زۆر باش مامەڵە لەگەڵ ژنان دا بکەن، وەک دەفەرموێت: "وعاشرهن بالمعروف"

لە بەرێوەبردن و دابەشکردنی کاروباردا چەند جیاوازیەک هەیە، ئەم جیاوازیانەش لەسەر بنەمای خەلق کردن و جێگاو پایەی ژنانە لە کۆمەگادا کە هەریەکەیان کارو مەسئولیەتی خۆی دەزانێت چییە، ئەمەش خزمەت کردنە بە ژن و ڕێزلێنانیانە نەک نا دادپەروەری و بەکەم سەیر کردنی ئافرەتان. ئاینی
ئیسلام دەیەوێت ئافرەتان بەوپەڕی مافەکانی خۆیان بگەن بەو شێوەیەی کە شایستەی مرۆڤێکە لەم ڕوەشەوە ڕێگای نیشان داون تا بتوانن بە ئیختیار و ئیرادەی خۆیان ڕێگای ژیانی بەختەوەری هەڵبژێرن.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا تەنها داوا لەپیاوان ناکات کەکاری چاکە ئەنجام بدەن و واز لە خراپە بهێنن، بەڵکو داوا لە مرۆڤ دەکات مرۆڤیش پێك هاتووە لە ژن و پیاو وە داوایان لێ دەکات کە خۆیان بگرنەوە لە خراپەو کاری چاکەش ئەنجام بدەن، خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت: " یا ایها الناس، یا ایها الذین آمنوا".
ئەم بانگکردنەش تەنها مەبەست لە پیاوان نیە، بەڵکو ئافرەت و پیاو پێکەوە.
قورئانی پیرۆز ئافرەتان کەلەو پەڕی بێ مافی و بێدەسەڵاتی و بەکەم سەیر کردنەوە، کە بە کەسێکی کەم عەقڵ و دوور لەهەرچی بڕیاردانە بۆ ژیانی خۆی گەیاندە ئەوپەڕی سەرفەرازی و بەرزیەتی وە تاجی ڕێزلێنانی "ولقد کرمنا بنی آدم"ی نایە سەر سەری ئافرەتان و شانبەشانی پیاوان کردنیە جێنشینی خوای گەورە لەسەر زەویدا.
خوای گەورە لە قورئانی پیرۆزدا هەموو ئەو بەڵگانەی بەدرۆ خستنەوە کە جاهیلان دەیان ووت کە ئافرەت کەسێکی ناتەواوە و دەبێت تەنها بەکار بهێنرێت بۆ ئارەزوەکانی پیاوان وە بەدرۆ خستنەوەی ئەو دینانەی کە پێش هاتنی دینی ئیسلام بوون و دەستکارییان کرابوو بەپێی بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتداران.
لە دینی ئیسلامدا بە پێچەوانەی هەموو دینەکانی کە وە حوکمی دەسەڵاتداران و جاهیلان کە دەسەڵاتیان هەبوو لەناو کۆمەڵگای پێش هاتنی ئاینی ئیسلام دا، ئافرەتی یەکسان کردوە لە زۆربەی مافەکان دا لەبەرانبەر پیاوان دا، ئەگەر چەند جیاوازیەکی بچوک ببینین لە ڕووی میراتی و سپاردنی بەڕێوەبەرایەتی خانەوادە بە پیاوان. ئەمانە بە جیاوازی ژن و پیاو ناژمێردرێت، بەڵکو ئەم جیاوازیانە لە ڕووی ژیانی کۆمەڵگاکەیە کە ئافرەت و پیاوانی تێدا دەژین، نەک جیاوازی کردن بێت لە ڕووی مرۆڤایەتی و بەندایەتی کردنی خوای گەورەوە .
یەکسان بوون لە ڕووی بەدیهێنانەوە:
ئەگەر بمانەوێت سەیری قورئان و قانونەکانی دینی ئیسلام بکەین لەبارەی بەدیهێنانی پیاو و ئافرەتەوە، ئەوا باشتر وایە پێشتر سەیری کتێب و مەزهەبەکانی تری بێجگە لە ئیسلام بکەین تا بزانین لەو بارەیەوە چی دەڵێن، سەیری عەقڵ و هزر و بیری خەڵکانێک بکەین کە لە سەردەمی جاهیلیدا ژیاون بەتایبەت ئەو خەڵکەی کە لە دورگەی عەرەبیدا ژیاون ئاشنا ببین بۆ ئەوەی ئایەتەکانی قورئانی پیرۆزمان باشتر بۆ ڕوون بێتەوە.
ئەو پەرتوکانەی کە ئەمڕۆ لەبەردەستان و دواکەوتوانێکی بەرچاویان لە جیهان دا هەیە (تەورات و ئینجیل)ە لەم دوو کتێبەدا ئافرەت هەروەک لە کۆمەڵگاکانی تردا وەک مرۆڤێک سەیر نەکراوە، کە دەبێت بەکاربهێنرێت لە ڕێگای بەرژەوەندەیەکانی پیاواندا.
لەداستانی دەرکردنی ئادەم لەبەهەشت دا لە تەورات و ئینجیل دا هاتووە کە حەوا لە باخی عەدەن بووە بەهۆی فریودانی ئادەم وای لێ کرد تا سەرپێچی لەفەرمانی خوا بکات، تا لەبەری ئەو درەختە بخوات کە خوای گەورە خواردنی قەدەغە کردبوو. لەتەوراتی سەفەری بەدیهێنان بابی ٣ ئایەتی ٦دا هاتووە و دەڵێت: "لەدوای ئەوەی کە شەیتان حەوای فریودا تا لە بەری ئەو درەخە بخوات، حەواش بۆ ئەوەی ئادەم فریو بدات تا ئادەمیش بێ بەش نەبێت لەو سەرپێچی کردنەی خوای گەورە، وە ئەویش سزا وەربگرێت.
لەهەمان باب دا ئایەتی ١٢ هاتووە کە کاتێک خوای گەورە بەئادەمی ووت من خواردنی بەری ئەو درەختەم لێ یاساغ کردبووی بۆ خواردت، لە وەڵامدا ئادەم دەڵێت: "حەوا منی فریو داوە و لەبەری ئەو درەختەی داومەتێ و خواردومە" (تەورات چاپی لەندەن).
لە ئینجیلی بەرنابا بەشی ٤٠ ئایەتی ٢٦-٢٧دا هاتووە کە "کاتێک شەیتان حەوای فریو دا لەبەری درەختەکەی خوارد، ئادەم خەوتبوو کاتێک کە لەخەو هەستا ئەوا حەوا لەو میوەیەی دا بە ئادەم ئەویش خواردی، کەوابوو حەوا ئادەمی فریو دا" (ئینجیل بەرنابا وەرگێڕانی سردار کابلی).
ئەو کەسانەی کە تەفسیری کتێبە پیرۆزەکان دەکەن و ئەربابانی کلیساکان بەم جۆرە تەفسیری ئەم ئایەتە دەکەن کە "ئافرەت بۆتە هۆی بەدبەختی مرۆڤایەتی، ئەگەرنا ئادەم بۆ هەتا هەتایە لەبەهەشت دەمایەوە" بۆیە بە چاوێکی نەفرەت ئامێز سەیری ئافرەتان دەکەن، بەڵام قورئانی پیرۆز بەیەک چاو سەیریان دەکات و بە سەرپێچی کردن لە حوکمی خوای گەورە باس دەکات، نەک ئەوەی کە هەموو گوناهەکە بخاتە گەردنی حەوا ، هەروەک لە قورئانی پیرۆزدا دەفەرموێت:
وَقُلْنَا يَا آدَمُ اسْكُنْ أَنتَ وَزَوْجُكَ الْجَنَّةَ وَكُلاَ مِنْهَا رَغَدًا حَيْثُ شِئْتُمَا وَلاَ تَقْرَبَا هَذِهِ الشَّجَرَةَ فَتَكُونَا مِنَ الْظَّالِمِينَ ﴿٣٥﴾ البقرة

“واتا: ئه‌وجا وتمان: ئه‌ی ئاده‌م خۆت و هاوسه‌رت له‌ به‌هه‌شتدا ژیان به‌رنه‌ سه‌ر و نیشته‌جێ بن له‌ هه‌رکوێ حه‌زده‌که‌ن بخۆن و بخۆنه‌وه‌ به‌ تێرو ته‌سه‌لی، به‌ڵام نزیك ئه‌م دره‌خته‌ مه‌که‌ون (دره‌ختێکی دیاری کراو بۆ تاقی کردنه‌وه‌ لێیان قه‌ده‌غه‌ کرد) ئه‌گینا ده‌چنه‌ ڕیزی سته‌مکارانه‌وه".‌
هەردووکیان شەیتان وەسوەسەی خستە دڵیان تا لەبەری ئەو درەختە بخۆن.
فَوَسْوَسَ لَهُمَا الشَّيْطَانُ لِيُبْدِيَ لَهُمَا مَا وُورِيَ عَنْهُمَا مِن سَوْءَاتِهِمَا وَقَالَ مَا نَهَاكُمَا رَبُّكُمَا عَنْ هَذِهِ الشَّجَرَةِ إِلاَّ أَن تَكُونَا مَلَكَيْنِ أَوْ تَكُونَا مِنَ الْخَالِدِينَ ﴿۲۰﴾ الأعراف
واتا: شه‌یتان (ئه‌و سنووره‌ی بۆ ئاده‌م و حه‌وا به‌فرسه‌ت زانی) و ئینجا که‌وته‌ فڕێدانی وه‌سوه‌سه‌و خه‌ته‌ره‌ و خه‌یاڵ بۆ ناو دڵ و ده‌روونیان تا ئه‌و عه‌یب و عاره‌یان ده‌ربخات که‌ شاراوه‌بوو لێیان (دوایی خۆی ئاشکراکرد) و پێی وتن: په‌روه‌ردگارتان ئه‌م دره‌خته‌ی لێ قه‌ده‌غه‌ نه‌کردوون ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌کو ببنه‌ فریشته‌، یاخود بۆ ئه‌وه‌یه‌ نه‌وه‌کو له‌ نه‌مران بن!
وە هەردووکیان سزا دران لەلایەن خوای گەورەوە "وناداهما ربهما لکم أنهکما عن تلکما الشجرة"
سزای هەردووکیان وەک یەک بوو کە دەرکردنی هەردووکیان بوو لە بەهەشت.
فَأَزَلَّهُمَا الشَّيْطَانُ عَنْهَا فَأَخْرَجَهُمَا مِمَّا كَانَا فِيهِ وَقُلْنَا اهْبِطُواْ بَعْضُكُمْ لِبَعْضٍ عَدُوٌّ وَلَكُمْ فِي الأَرْضِ مُسْتَقَرٌّ وَمَتَاعٌ إِلَى حِينٍ ﴿٣٦﴾ البقرة

“واتا: شه‌یتان (فرسه‌تی لێ هێنان) و له‌خشته‌ی بردن (وای لێ کردن له‌ به‌روبومی دره‌خته‌ قه‌ده‌غه‌ کراوه‌که بخۆن) وه‌ له‌و (شوێنه‌ خۆش و پڕ له‌ نازو نیعمه‌ته‌) به‌ ده‌رکردنی دان ئه‌وسا پێمان وتن: (ماده‌م سه‌رپێچیتان کرد ئیتر لێره‌ جێتان نابێته‌وه‌، ده‌بێ) دابه‌زنه‌ خواره‌وه‌ (بۆ سه‌ر زه‌وی) وه‌ له‌وێ هه‌ندێکتان دوژمنی هه‌ندێکتانن، تا ماوه‌یه‌کی دیاری کراو نیشته‌جێ ده‌بن و له‌ نازونیعمه‌تان سود وه‌رده‌گرن و به‌هره‌وه‌ر ده‌بن".
ئادەم و حەوا هەردووکیان تەوبەیان کرد.
قَالاَ رَبَّنَا ظَلَمْنَا أَنفُسَنَا وَإِن لَّمْ تَغْفِرْ لَنَا وَتَرْحَمْنَا لَنَكُونَنَّ مِنَ الْخَاسِرِينَ ﴿۲۳﴾ الأعراف
(ئه‌وسا ئیتر هه‌ردووکیان هه‌ستیان به‌هه‌ڵه‌ی خۆیان کردو) وتیان: په‌روه‌ردگارا ئێمه‌ سته‌ممان له‌ خۆمان کرد، خۆ ئه‌گه‌ر لێمان خۆش نه‌بیت و به‌زه‌ییت پێماندا نه‌یه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ به‌ڕاستی ئێمه‌ سوێند به‌ خوا له‌ خه‌ساره‌تمه‌ند و زه‌ره‌رمه‌ندانین.

کەواتە ئەنجامەکە ئەوەیە کە ژن و پیاو لە ڕووی بەدیهێنانەوە یەکسانن و هیچکامێکیان ڕێزی نەدراوە بەسەر ئەویکەیاندا، ئەگەر زیاتر ڕیزلێنانێك بێت ئەوا لەڕووی دینداری و بەندایەتیەوە بۆ خوای گەورە.
یەکسان بوون لەرووی کەمالات و فەزڵی مرۆڤایەتیەوە
یەکێکی دیکە لەتێڕوانینە خراپەکان و بەسوک سەیرکردنی ژنان کە لەسەردەمی جاهیلی و لە دینە دەستکاری کراوەکان دا هەیە ئەوەیە کەوا ئافرەت لە ڕووی مەعنەوی و ڕۆحانیەوە ناتوانێت بگاتە پلە بەرزەکانی مرۆڤایەتی، هەروەک چۆن پیاوان دەگەنە ئەو پلەیە. قورئانی پیرۆز لە زۆر جێگادا بۆمان باس دەکات کە پاداشت وەرگرتن بۆ بەندایەتی کردنی خوای گەورە لە ڕووی ڕەگەزەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە ئیمان و کارو کردەوەکانی مرۆڤەکانەوە.خوای گەورە هەروەک چۆن کاروفەرمانی بۆ پیاوان داناوە و پێیان ڕادەگەیەنێت کە کاری چاکە بکەن هەروەها بە ئافرەتانیش دەڵێت: إِنَّ الْمُسْلِمِينَ وَالْمُسْلِمَاتِ وَالْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ وَالْقَانِتِينَ وَالْقَانِتَاتِ وَالصَّادِقِينَ وَالصَّادِقَاتِ وَالصَّابِرِينَ وَالصَّابِرَاتِ وَالْخَاشِعِينَ وَالْخَاشِعَاتِ وَالْمُتَصَدِّقِينَ وَالْمُتَصَدِّقَاتِ وَالصَّائِمِينَ وَالصَّائِمَاتِ وَالْحَافِظِينَ فُرُوجَهُمْ وَالْحَافِظَاتِ وَالذَّاكِرِينَ اللَّهَ كَثِيرًا وَالذَّاكِرَاتِ أَعَدَّ اللَّهُ لَهُم مَّغْفِرَةً وَأَجْرًا عَظِيمًا ﴿٣٥﴾ الأحزاب
واتا: به‌ڕاستی پیاوان و ئافره‌تانی موسوڵمان، پیاوان و ئافره‌تانی ئیمان دار، پیاوان و ئافره‌تانی ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌ردار، پیاوان و ئافره‌تانی ڕاستگۆ، پیاوان و ئافره‌تانی خۆگر، پیاوان و ئافره‌تانی له‌خوا ترس، پیاوان و ئافره‌تانی به‌خشه‌نده‌، پیاوان و ئافره‌تانی ڕۆژووان، پیاوان و ئافره‌تانی داوێن پاك و ئه‌و پیاو و ئافره‌تانه‌ی که ‌زۆر یادی خوا ده‌که‌ن، به‌خشین و لێ بورده‌یی و پاداشتی زۆر مه‌زن و بێ سنووریان له‌لایه‌ن خوای گه‌وره‌وه ‌بۆ ئاماده ‌کراوه‌ (هه‌ر که ‌دنیایان به‌جێهێشت پێی شاد ده‌بن).
پەیمانی ژیانێکی ئاسودە بەهەردوو ڕەگەز دەدات، ئەگەر لە کارو کردەوەیاندا چاکەخواز بن.
مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُم بِأَحْسَنِ مَا كَانُواْ يَعْمَلُونَ ﴿٩٧﴾ النحل

واتا: ئه‌وه‌ی کارو کرده‌وه‌ی چاکه‌ بکات، پیاو بێ یا ئافره‌ت، وه‌ ڕێبازی ئیمان به‌رنه‌دا (له‌هه‌ر بارودۆخێکدا بێت) به‌ڕاستی به‌ ژیانێکی کامه‌ران و ئاسووده‌ (دنیا ده‌باته‌ سه‌ر له‌ قیامه‌تیشدا)، به‌جوانترین شێوه‌ پاداشتی چاکترین کرده‌وه‌ی باشی (ئه‌و جۆره‌ که‌سانه‌) ده‌ده‌ینه‌وه‌و چاوپۆشی ده‌که‌ین له‌ هه‌ڵه‌و گوناهیان.
هەروەها پەیمانی چونە بەهەشت بە هەردوو ڕەگەز دەدات، نەک تەنها بە پیاوان، هەروەها دەفەرموێت:
مَنْ عَمِلَ سَيِّئَةً فَلَا يُجْزَى إِلَّا مِثْلَهَا وَمَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَى وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَأُوْلَئِكَ يَدْخُلُونَ الْجَنَّةَ يُرْزَقُونَ فِيهَا بِغَيْرِ حِسَابٍ ﴿٤٠﴾ غافر
واتا: ئه‌وه‌ی گوناهو هه‌ڵه‌یه‌ك بکات، به‌قه‌ده‌ر هه‌ڵه‌و گوناهه‌که‌ی خۆی تۆڵه‌ی لێ ده‌سه‌نرێت، ئه‌وه‌ش که‌ چاکه‌ ده‌کات له‌ پیاوان و ئافره‌تان، له‌ لاوان و له‌ کچان له‌ کاتێکدا که‌ خاوه‌نی باوه‌ڕی دامه‌زراون، ئا ئه‌وانه‌ ده‌چنه‌ به‌هه‌شته‌وه‌و بێ سنوورو بێ حساب ڕزق و ڕۆزیی (هه‌مەجۆرو هه‌مه‌چه‌شنیان) پێ ده‌به‌خشرێت.
هەروەها لە جێگەیەکی تردا هاتووە لە قورئانی پیرۆزدا کە خوای گەورە پەیمانی بەخشینی نیعمەتەکانی خۆی بەهەردوو ڕەگەز دەدات لە بەهەشت دا، دەفەرموێت: وَعَدَ اللَّهُ الْمُؤْمِنِينَ وَالْمُؤْمِنَاتِ جَنَّاتٍ تَجْرِي مِن تَحْتِهَا الأَنْهَارُ خَالِدِينَ فِيهَا وَمَسَاكِنَ طَيِّبَةً فِي جَنَّاتِ عَدْنٍ وَرِضْوَانٌ مِّنَ اللَّهِ أَكْبَرُ ذَلِكَ هُوَ الْفَوْزُ الْعَظِيمُ ﴿٧٢﴾ التوبة
واتا: خوای گه‌وره‌ به‌ڵێنی داوه‌ به‌ ئیمانداران له‌ پیاوان و له‌ ئافره‌تان، به‌وه‌ی که‌ باخه‌کانی به‌هه‌شتیان پێ ده‌به‌خشێت که‌ چه‌نده‌ها ڕوبار به‌ژێر دره‌خته‌کانیدا ده‌ڕوات و جاریه‌ به‌ به‌رده‌م کۆشکه‌کانیاندا، هاوڕێ له‌گه‌ڵ ژیانی هه‌میشه‌یی و نه‌بڕاوه‌ تیایدا، هه‌روه‌ها چه‌نده‌ها جێگه‌ و ڕێگه‌ و کۆشک و ته‌لاری خۆش و ڕازاوه‌ی تایبه‌تی له‌ به‌هه‌شتداو له‌ناو باخی چڕوپڕی (عه‌دن) دا، له‌گه‌ڵ ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌دا، که‌ له‌ هه‌موو نازو نیعمه‌ته‌کان به‌نرخترو گرنگتره‌، ئه‌وه‌ خۆی سه‌رفرازیه‌کی زۆر گه‌وره‌ و بێ ئه‌ندازه‌یه.
لە قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بە ڕۆڵی ئافرەتان کراوە.
کە لەپشت هەموو پیاوێکی گەورە و پایەبەرز ئافرەتێکی گەورە هەیە، هەروەک لەپشتی پێغەمبەران ئادەم و ئیبراهیم "علیهما السلام" خێزانەکانیان ناوبراوە، لە پشتی پێغەمبەران موسی و عیسی "علیهما السلام" دایکانیان ناوبراون. هەروەها خێزانی هەردوو پێغەمبەر نوح و لوط "علیهما السلام" ناوبراون بە ئافرەتانێکی ناشایستە بۆ هاوسەرەکانیان، وە ژنەکەی فرعەون بەئافرەتێکی گەورەو پایەبەرز کە گرفتاری پیاوێکی بەدکردار بووە ناودەبات.
خوای گەورە دەفەرموێت: إِذْ قَالَتِ الْمَلآئِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللّهَ يُبَشِّرُكِ بِكَلِمَةٍ مِّنْهُ اسْمُهُ الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ وَجِيهًا فِي الدُّنْيَا وَالآخِرَةِ وَمِنَ الْمُقَرَّبِينَ ﴿٤٥﴾ آل عمران
واتا: (هه‌روه‌ها تۆ له‌وێ نه‌بوویت) کاتێ که‌ فریشته‌کان به‌ مه‌ریه‌میان وت: ئه‌ی مه‌ریه‌م به‌ ڕاستی خوا مژده‌ت ده‌داتێ که‌ به‌ وشه‌یه‌کی خۆی (به‌ فه‌رمانی خۆی ڕۆڵه‌یه‌کت پێ ببه‌خشێت) که‌ ناوی مه‌سیح، عیسای کوڕی مه‌ریه‌مه‌، که‌ پیاو ماقووڵ و پایه‌به‌رزه‌ له‌م دنیادا، له‌ قیامه‌تیشدا له‌ ده‌سته‌ی نزیکانه‌ (له‌ ئێمه‌وه‌).


‌هەروەها لە جێگایەکی تردا هاتووە وَإِذْ قَالَتِ الْمَلاَئِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللّهَ اصْطَفَاكِ وَطَهَّرَكِ وَاصْطَفَاكِ عَلَى نِسَاء الْعَالَمِينَ ﴿٤٢﴾ آل عمران
واتا: (هه‌روه‌ها یادیان بێنه‌ کاتێ که‌) فریشته‌کان وتیان ئه‌ی مه‌ریه‌م به‌ڕاستی خوا تۆی هه‌ڵبژاردوه‌و خاوێن و پاکیزه‌ی کردوویت و هه‌ڵی بژاردویت له‌ناو هه‌موو ئافره‌تانی جیهاندا.
خوای گەورە پێی دەفەرموو کە عیبادەتی خوای گەورە بکات.
يَا مَرْيَمُ اقْنُتِي لِرَبِّكِ وَاسْجُدِي وَارْكَعِي مَعَ الرَّاكِعِينَ ﴿٤٣﴾ آل عمران
واتا: ئه‌ی مه‌ریه‌م ملکه‌چ و فه‌رمانبه‌رداری په‌روه‌ردگارت به‌، وه‌ سوژده‌ و کڕنوشی بۆ به‌ره‌ له‌گه‌ڵ کڕنوشبه‌راندا.
هەروەها خوای گەورە ڕزق و ڕۆزی بۆ دەنارد لەڕێگای غەیبەوە.
فَتَقَبَّلَهَا رَبُّهَا بِقَبُولٍ حَسَنٍ وَأَنبَتَهَا نَبَاتًا حَسَنًا وَكَفَّلَهَا زَكَرِيَّا كُلَّمَا دَخَلَ عَلَيْهَا زَكَرِيَّا الْمِحْرَابَ وَجَدَ عِندَهَا رِزْقًا قَالَ يَا مَرْيَمُ أَنَّى لَكِ هَذَا قَالَتْ هُوَ مِنْ عِندِ اللّهِ إنَّ اللّهَ يَرْزُقُ مَن يَشَاءُ بِغَيْرِ حِسَابٍ ﴿٣٧﴾ آل عمران

واتا: (له‌وه‌دوا) په‌روه‌ردگاری به‌ شێوه‌یه‌کی جوان و په‌سه‌ند مه‌ریه‌می وه‌رگرت، زۆر به‌ جوانی پێی گه‌یاند، زه‌که‌ریای کرده‌ مامۆستاو سه‌رپه‌رشتی (که‌ هه‌م خزم و هه‌م پێغه‌مبه‌ر بوو، تا به‌چاکی دینداریی فێر بکات، پاشان که‌ مه‌ریه‌م گه‌وره‌ بوو) هه‌رکاتێ زه‌که‌ریا ده‌چوو بۆ سه‌ردانی له‌ شوێنی خوا په‌رستیه‌که‌ی دا ده‌یبینی ڕزق و ڕۆزیی و نازو نیعمه‌تی جۆراو جۆری لایه‌، (زه‌که‌ریا ده‌یپرسی): ئه‌ی مه‌ریه‌م (ئه‌م هه‌موو ڕزق و ڕۆزیه‌ت) له‌کوێ بوو؟!، مه‌ریه‌م له‌ وه‌ڵامیدا ده‌یوت: هه‌موو ئه‌وانه‌ له‌لایه‌ن خواوه‌یه‌، ئه‌و بۆم ده‌نێرێت، به‌ڕاستی خوا به‌ هه‌رکه‌س که‌ بیه‌وێت ڕزق و ڕۆزیی بێ سنوور و بێ شومار ده‌به‌خشیت.
کەواتە لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئافرەتان لەگەیشتن بەبەرزترین پلەی مەعنەویەت و ئیمانداری و لەخوا نزیک بوون لەگەل پیاوان هیچ جیاوازیەکیان نیە.
لەهەمان کاتدا کە قورئانی پیرۆز ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئافرەتان و پیاوان هیچ جیاوازیەکیان نیە لە ڕووی بەندایەتیەوە، ئەوەشمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم دوو ڕەگەزە لەڕووی هێزو توانای وەرگرتن و فێربوونەوە جیاوازیان نیە، هەروەک چۆن لەم سەردەمەدا هەڵەیەکی زۆر دەکرێت بەتایبەت لە کۆمەڵگا ڕۆژئاواییەکان دا کە تەنانەت لەڕووی ئەرک و فرمان و پێگە کۆمەڵایەتیەکانەوە هیچ جیاوازیەک نابینن لە نێوان ئافرەتان و پیاوان دا کە ئەمەش وای کردووە کە کۆمەڵگایی وڵاتانی ڕۆژئاوا یەک ڕەگەزی بێت، تا ئەو ڕادەیەی کە ئافرەتان لە ئافرەت بوونی خۆیان بخەنە کار تا بتوانن وەک پیاوان ڕەفتار بکەن، چونکە کۆمەڵگاکە ئەو قانونەی داناوە کە دەبیت وەک پیاوان هەوڵ بدەن. ئەم کارەش وای لەئافرەتان کردووە کە بەتەواوەتی ئەرک و فەرمانە سەرەکیەکەی خۆی کە دایکایەتیە لەبیر بکات، وە لە بری ئەوە لەگەڵ پیاواندا کێبەرکێ بکەن لە ئیش و کارەکانی دەرەوەدا.
کۆمەڵگایەک کە لە سەر بنەماکانی ئینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز دابمەزرێت ئەوا کۆمەڵگایەکی دوو ڕەگەزی دەبێت، کە هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو ئەرک و فەرمانی تایبەتی خۆیان هەیە، وە لەم دابەش کردنی ئەرکانەدا بەشی بە دەستهێنانی بژێوی ژیان و کارکردن لە ئەستۆی پیاوان دایە، هەروەک چۆن بەڕێوەبردنی ماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ لەئەستۆی ئافرەت دایە، کە ئەمە گەورەترین وپیرۆزترین کارە، چونکە ئەو ڕەوەندەی کە ئەوان پەروەردەی دەکەن پێکهێنەری کۆمەڵگان لەداهاتوودا.
تەنها بەم شێوەیەیە کە کۆمەڵگایەکی سەلامەت و ژیانێکی ئاسودە بۆ هەموان فەراهەم دێت، خوای پەروەردگار لە قورئانی پیرۆزدا لەم بارەیەوە دەفەرموێت: وَالْوَالِدَاتُ يُرْضِعْنَ أَوْلاَدَهُنَّ حَوْلَيْنِ كَامِلَيْنِ لِمَنْ أَرَادَ أَن يُتِمَّ الرَّضَاعَةَ وَعلَى الْمَوْلُودِ لَهُ رِزْقُهُنَّ وَكِسْوَتُهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ لاَ تُكَلَّفُ نَفْسٌ إِلاَّ وُسْعَهَا لاَ تُضَآرَّ وَالِدَةٌ بِوَلَدِهَا وَلاَ مَوْلُودٌ لَّهُ بِوَلَدِهِ وَعَلَى الْوَارِثِ مِثْلُ ذَلِكَ فَإِنْ أَرَادَا فِصَالًا عَن تَرَاضٍ مِّنْهُمَا وَتَشَاوُرٍ فَلاَ جُنَاحَ عَلَيْهِمَا وَإِنْ أَرَدتُّمْ أَن تَسْتَرْضِعُواْ أَوْلاَدَكُمْ فَلاَ جُنَاحَ عَلَيْكُمْ إِذَا سَلَّمْتُم مَّآ آتَيْتُم بِالْمَعْرُوفِ وَاتَّقُواْ اللّهَ وَاعْلَمُواْ أَنَّ اللّهَ بِمَا تَعْمَلُونَ بَصِيرٌ ﴿٢٣٣﴾ البقرة

واتا: دایکان با شیر بده‌ن به‌ منداڵه‌کانیان دوو دانه‌ ساڵی ته‌واو بۆ هه‌رکه‌س که‌ ده‌یه‌وێت شیری ته‌واو بدات، وه‌ بۆ ئه‌و که‌سه‌ی که‌ خاوه‌نی منداڵه‌که‌یه‌ (واته‌ باوکی منداڵه‌که‌) ڕزق و ڕۆزی و پۆشاك به‌شێوه‌یه‌کی جوان و چاك ده‌بێ ئاماده‌ بکات بۆ دایکان، هه‌رکه‌س به‌گوێره‌ی توانای خۆی داوای لێ ده‌کرێت، نابێت هیچ دایکێك زیانی پێ بگات و (له‌ دیتنی منداڵی بێ به‌ش بکرێ)، هه‌روه‌ها خاوه‌نی مناڵه‌که‌ (واته‌ باوکی، نابێت زیانی پێ بگاو، له‌ دیتنی مناڵه‌که‌ی بێ به‌ش بکرێت)، وه‌ وه‌ره‌سه‌ی مناڵه‌که‌ش بۆیان هه‌یه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ (گرنگی به‌ مناڵه‌که‌ بده‌ن، چ خزمانی دایك، چ خزمانی باوك)، خۆ ئه‌گه‌ر دایك و باوك به‌ڕه‌زامه‌ندی و پرس و ڕای هه‌ردوو لایان ویستیان مناڵه‌که‌یان له‌ شێر ببڕنه‌وه‌، ئه‌وه‌ قه‌یناکاو گوناهیان ناگات، ئه‌گه‌ر ویستتان دایه‌ن بۆ شیر پێدانی مناڵه‌که‌تان بگرن، ئه‌وه‌ش قه‌یناکا به‌مه‌رجێك ماف و کرێیان به‌جوانی و شایسته‌ پێ بده‌ن، له‌ خوا بترسن و پارێزکار بن، وه‌ چاك بزانن که‌ خوا بینایه‌ به‌و کارو کرده‌وانه‌ی که‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن.

هەروەها دەفەرموێت: الرِّجَالُ قَوَّامُونَ عَلَى النِّسَاء بِمَا فَضَّلَ اللّهُ بَعْضَهُمْ عَلَى بَعْضٍ وَبِمَا أَنفَقُواْ مِنْ أَمْوَالِهِمْ فَالصَّالِحَاتُ قَانِتَاتٌ حَافِظَاتٌ لِّلْغَيْبِ بِمَا حَفِظَ اللّهُ وَاللاَّتِي تَخَافُونَ نُشُوزَهُنَّ فَعِظُوهُنَّ وَاهْجُرُوهُنَّ فِي الْمَضَاجِعِ وَاضْرِبُوهُنَّ فَإِنْ أَطَعْنَكُمْ فَلاَ تَبْغُواْ عَلَيْهِنَّ سَبِيلًا إِنَّ اللّهَ كَانَ عَلِيًّا كَبِيرًا ﴿٣٤﴾ النساء

واتا: پیاوان مافی سه‌رپه‌رشتیان هه‌یه‌ به‌سه‌ر ژناندا، ئه‌مه‌ش بڕیاری خوایه‌ فه‌زڵ و ڕێزی هه‌ندێك ده‌دات به‌سه‌ر هه‌ندێکی تردا (سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌) پیاوان ماڵ و سامانیان ده‌به‌خشن (له‌ پێناوی ئاسوده‌یی و خۆشگوزه‌رانی ئافره‌تاندا) له‌ولاشه‌وه‌ ئافره‌تانی (ژیر) چاك و پاکن، له‌ خواترسن، نهێنی نێوان خۆیان و مێرده‌کانیان ده‌پارێزن که‌ (ئه‌مه‌ش خۆی له‌ خۆیدا بەجێ هێنانی فه‌رمانی خوایه‌)، ئه‌گه‌ر ترسان له‌ سه‌رکه‌شیی و سه‌رپێچی هاوسه‌رتان، سه‌ره‌تا ئامۆژگاریان بکه‌ن، (ئه‌گه‌ر سودی نه‌بوو) لێیان بده‌ن (به‌ مه‌رجێك لێدانه‌که‌ له‌ ده‌م و چاو نه‌بێت و ئاسه‌وار به‌جێ نه‌هێلێت)، ئه‌گه‌ر به‌م هۆیانه‌ لادان و یاخی بوون وازیان هێنا، ئه‌وه‌ ئیتر سته‌میان لێ مه‌که‌ن و ڕێگه‌ی تر مه‌گرنه‌ به‌ر (بۆ ئازاردانیان) بێگومان خوا به‌رزو بڵندو گه‌وره‌یه‌. (ئه‌گه‌ر سته‌میان لێ بکه‌ن تۆڵه‌تان لێ ده‌سێنێت).
لە جیهانی ئەمڕۆی ڕۆژئاوا زۆربەی ئافرەتان بێزارن لەو دروشمانەی کە دەدرێن وەک (ئازادی، یەکسانی و فێمێنیستی)، خانمێکی ڕۆژنامەنوسی ئەمەریکی کە لایەنگری مافەکانی ئافرەتە، کتێبێکی نوسیووە و چاپ کردووە کە باس لە ژیانی خۆی دەکات.
لە کتێبەکەیدا هاتووە کە "ئافرەتانی ئەمەریکی بەسەرقاڵ بوون بەکاری دەردەوە و کێبەرکێی لەگەڵ پیاوان، گەورەترین سۆزی ژیانیان لەدەست داوە کە دایکایەتیە" ئەم ڕۆژنامەنوسە ئافرەتە ئەمەریکییە ئامۆژگاری هەموو ئافرەتان دەکات و دەڵێت: "ئەگەر دەتانەوێت خێزان پێکەوە بنێن و ببنە دایک، ئەوا تەنها ئەرک و فەرمانەکانی خۆتان جێبەجێ بکەن"
ئیسلام لەسەر هەریەک لە ژن و مێرد چەند ئەرک و فرمانێکی واجب کردووە بەرانبەر بە یەکتری، وە هەریەکەیان مەسئولن لەبەرانبەر یەکتریدا، هەروەک خوای گەورە دەفەرمویت: (ولهن مثل الذي علیهن درجة واللە عزیز حکیم)
بۆیە لەسەر هەریەک لە ژن ومێرد واجبە کە ڕێز لە لە یەکتری بگرن و خۆش گوفتار بن لەگەل یەکتری، وە موراعاتی یەکتری بکەن.
ژن و پیاو لەمافەکان و لەئەرک و واجیباتدا یەکسانن، چۆن ماف بۆ پیاو هەبێت ئەو مافەش بۆ ئافرەت هەیە، چەند واجب لەسەر ئافرەت هەبێت ئەوەندە واجیباتیش لەسەر پیاو هەیە بەرانبەر بە خێزانەکەی.
جا ئەگەر داوای مافەکانی خۆت دەکەیت لە خێزانەکەت وە پێی دەڵێی گوی بگرە بزانە پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) چی دەفەرموێت، بزانە خوای گەورە چی دەفەرموێت بەرانبەر بە تۆی پیاو کە جێبەجێی بکەیت بەرانبەر بە خێزان و مناڵەکانت، تۆ مافی ئەوان بدە ئەنجا داوای مافی خۆت بکە.
خوای گەورە دەفەرموێت: (ولهن مثل الذي علیهن بالمعروف)

چۆن داوای حەق دەکەیت لە خێزانەکەت دەبێت ئاوا حەقی ئەویش بدەیت.
بەڵکو دەبێت یەکەمجار تۆ حەقی ئەو بدەیت ئەوجا داوای حەقەکەی لێ بکەیت، خوای گەورە دەفەرموێت: (بالمعروف)
لەگەڵ هاوسەرانی خۆتان جوان ڕەفتار بکەن.
دوو ووشەیە بەڵام مانایەکی زۆری تێدایە، لەوانەیە زۆربەتان زۆرجار بەسەر ئەو ئایەتەدا تێپەڕ بوبێتن لە قورئانی پیرۆزدا، بەڵام تێی ناگەن ماناکەی چییە.
(وعاشروهن) (عشر) فرمانی ئەمرە، کەواتە خوای گەورە ئەمرت پێدەکات بەوەی کە لەگەڵیان بژین، لەگەڵیان تەعامول بکەن، لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکەن، بەچ شێوەیەک؟ (بالمعروف) بەچاکە، زوڵمیان لێ مەکەن، غەدریان لێ مەکەن، وە حەقیان مەخۆن، مافێکی زیاتری بدەرێ و ئەرکێکی کەمتری لێ داوا بکە.
جا ئەگەر لە ماوەی ئەو موعاشەرەیەدا کردارێکی وای کرد یان سیفاتێکی وای هەبوو کە تۆ پێت باش نەبوو ئەوا (...وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ ۚ فَإِن كَرِهْتُمُوهُنَّ فَعَسَىٰ أَن تَكْرَهُوا شَيْئًا وَيَجْعَلَ اللَّهُ فِيهِ خَيْرًا كَثِيرًا ).
واتە: (...وە با ڕەفتار و کردار و گوفتارتان چاک و جوان بێت لەگەڵیان دا، خۆ ئەگەر خۆشتان نەویستن و لێیان بێزار بوون، دوور نیە و دەشێت حەزتان لە شتێک نەبێت و خوا بیکات بەمایەی خێر و بێری زۆر و بێ سنور).
تۆ نازانی لەوانەیە خوای گەورە خێری زۆر گەورەی بۆ تۆ دانابێت لەلای ئەو ئافرەتە، ئەگەر سیفەتێکی خراپەی تێدا بوو مەڵێ من ئیکراهی دەکەم، لێی جیا دەبمەوە و خۆشەویستیم بۆی نەماوە، نەخێر تۆ ئەو قسەیە مەکە، بەڵکو لەگەڵی دابنیشە، لەوانەیە خوای گەورە لەو ئافرەتە مناڵی وات پێ ببەخشێت کە ببێتە مایەی سەربەرزیت لەناو خەڵکیدا، تۆ نازانیت خوای گەورە چیت دەداتێ.
جا با ئەو ئەمرەی خوای گەورە کە ئەمرتان پێ دەکات (وعاشرهون بالمعروف) لەپێش چاوی هەموو پیاوێکی موسوڵمان بێت، لەگەڵ چووە ناو ماڵەکەیەوە بە بیری بێتەوە.
هەروەک لەسەرەتادا باسمان کرد کە لە قورئان دا هاتووە کە ئافرەتانیش وەک پیاوان خاوەنی چەند مافێکە لە ژیانی هاوسەرێتیدا وە داوا لە پیاوان دەکات کە ڕەفتار جوان بن لەگەڵ خێزانەکانین دا، وە ئازاریان نەدەن، ڕێزیان بگرن وەک مرۆڤ ڕەفتاریان لەگەڵ بکەن.
کە لێرەدا جێگای ئاماژە پێ کردنە بەداخەوە زۆربەی پیاوان خۆیان بە ئیماندار دەزانن وە بگرە خۆشیان بە بانگخواز دەزانن کەچی وەک مرۆڤێکی پلە دوو سەیری خێزانەکانیان دەکەن، وە وا هەست دەکەن کە خوای گەورە ئافرەتی خەلق کردووە بۆ خزمەت کردنی پیاوان! بەداخەوە
ئافرەتانیش وەک پیاوان خاوەنی شەخستیەتن وە پێیان خۆشە هەر وەک پیاوانیش شەخسیەتیان پارێزراو بێت.
پێی خۆشە ڕێزی لێ بگیرێت، وە لە تەوهین و بەکەم سەیرکردنی ئازار دەچێژێت، خۆ ئەگەر ڕێزی لێ بگیرێت وا هەست دەکات کە شەخسیەتی پارێزراوە وە دڵ گەرم دەبێت بەو ژیانەی کە هەیەتی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا.
جا کەوایە ئەی هاوسەری بەڕێز: خێزانەکەت زیاتر لەکەسانی تری دەوروپشتی چاوەڕێیە کە تۆ ڕێزی لێ بگریت، ئەڵبەت ئەمە کەمترین داوایە لەتۆ کە خێزانەکەت هەیەتی وە حەقی خۆشیەتی کە چاوەڕێی ئەوەت لێ بکات، چونکە تۆ شەریکی ژیانی ئەویت و بە نزیکترین یارو یاوەری خۆیت دەزانێت.
ڕێز لێگرتنی و هاوکاری خێزانەکەت هیچ لە پیاوەتی تۆ کەم ناکاتەوە، بەڵکو زیاتر خۆشەویستت دەکات لای خێزانەکەت وە مەوەدە و ڕەحمە زیاتر دەبێت لە نێوانتاندا.
هەوڵ بدە چەندە ڕێز لەکەسانی دەوروبەرت دەگریت هیچ نەبێت ئەوەندەش ڕێز قایل بە بۆ خێزانەکەت وەک خزمەتکارێک سەیری مەکە.
کاتێک قسەی لەگەڵ: دەکەیت یان کێشەیەکتان هەیە بە ئەدەبەوە قسەی لەگەڵ بکە نەک قسەی ناشرین و شکاندنی ئەو ئافرەتە بێت، یان دەست بکەیت بە لێدانی و هێزو قودرەتی خۆتی تێدا تاقی بکەیتەوە.
هەوڵ بدە بەناوی جوان بانگی بکە، کە لەماڵ دەرچویت ماڵئاوایی لێ بکە، هیچ نەبێت بۆ پێزانینی ئەو هەموو ڕێزەی کەلێت دەگرێت وە ئەو خزمەتانەی کە دەیکات کە چویتە ماڵەوە لەگەڵی ڕوت خۆش بێت، ئەگەر لە جێگایەکی کە کێشەیەکت توش دەبێت لەماڵەوە بە خێزانەکەیتی مەڕێژە و بەسەر ئەودا هاوار مەکە و قسەی سوک و ناشرینی پێ مەڵێ.
کاتێک کە سەفەر دەکەیت یان دەچیت بۆ جێگایەک هەوڵ بدە لەگەڵ خۆت بیبەیت، خۆ ئەگەر کارێکی تایبەت بوو نەگونجا لەگەڵت بێت ئەوا هیچ نەبێت ئاگاداری بکەوە کە سەفەرت لەپێشە.
هەرگیز لەناو خەڵکی تەریقی مەکەوە و گاڵتەی پێ مەکە بەوەی کە پێی بڵێیت وەڵا ئەگەر من نەبم کەس تۆی ناوێت، چونکە هیچ نازانیت.
ئەگەر باگاڵتەشەوە بێت هیج کاتێک مەیشکێنە، چونکە ئافرەت زۆر ناسکە وە زۆر زوو دڵگران دەبێت.
ئافرەتان زۆر بەدرەنگ دەتوانن کەسێکیان خۆش بویت، وە زۆر بە سەختیش دەتوانن وازی لێ بهێنن و فەرامۆشی بکەن، کاتێکیش ڕقیان لێ هەڵدەگرن وە لەوانەیە نەتوانێت بۆجارێکی کە ئەو کەسە ببەخشێت.
لێرەدا سەرنجتان ڕادەکێشین بۆ چیرۆکێکی کورت: (ئافرەتێک کە تەمەنی لە دەوروبەری ٣٠ ساڵ دایە، زۆر دڵ گرانانە چووە دادگا و داوای جیابونەوەی لە مێردەکەی کرد. کاتێک کە قازی لێی پرسی ئایا هۆکاری جیا بونەوەکەت چییە؟ بە دڵێکی پڕ لە گریانەوە ووتی: ماوەی شەش ساڵە ژیانی هاوسەریم پێک هێناوە ، پیاوێکی زۆر باشە، زۆرم خۆش دەوێت، زۆر ڕێزی دەگرم، هەمیشە وا هەستم کردووە کە تاکە کەسێکە لەم دنیایەدا من بتوانم خۆشم بوێت و لەگەڵی بژیم، هیچ کاتێک نەمتوانیووە بەرگەی دووری بگرم، تا ئەم کاتەش کە لەدادگام و دەمەوێت لێی جیا ببمەوە هەر خۆشم دەوێت، چونکە کەسێکە کە زۆربەی سیفاتە باشەکانی مرۆڤی تێدایە. بە حسابی خۆی زۆر ڕێزم دەگریت و خۆشی دەوێم، بەڵام ئەو خۆی هەستی پێ ناکات کە چەندە بە کردار و ڕەفتار و قسەکانی من دەشکێنێت و ئازارم دەدات، ئەو هیچ کات وا هەستی نەکرد کە من خێزانیم و هاوبەشی ژیانیم، بە حسابی خۆی قسەی خۆشم بۆ دەکات و شۆخیم لەگەڵ دەکات بەقسەی ناشرین و سوک و تەحلیق ئامێز.
لەماوەی ئەم شەش ساڵەدا هیچیم نەدا لەڕووی هەر ڕێزم دەگرت، وە دەموت بەشکوم ڕۆژێک خۆی هەست بکات و بەهەڵەکانیدا بچێتەوە، بەڵام بەداخەوە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خراپتر دەبوو هەستم دەکرد کە زۆر بەکەمی بایەخ بە من دەداو هەستم پێ دەکات لەماڵەکەدا، تا گەیشتە ئەو رادەیەی کە جامی سەبری من پڕ ببێت و داوای جیابونەوەی لێ بکەم، باری دەروونیم زۆر خراپە گەیشتومەتە ڕادەیەک کە دەبێت زوو زوو سەردانی پزیشک بکەم. سەرەڕای ئەو هەموو ڕەنجەی کە لە پێش چاومە کە دێتە ڕێگام لە داهاتوودا کە لە هاوسەرەکەم جیا ببمەوە، وە سەرەڕایی قسەی خەڵک کە دێتە سەرم بە چاوێکی سوک تەماشا دەکرێم کە بە تەڵاق دراو و بێوەژن ناودەبرێم لەناو خەڵکیدا، هەروەها پێم دەوترێت کە ئەگەر باش بویتایە مێردەکەت تەڵاقی نەدەدایت!
سەرەڕایی هەموو ئەمانە ئامادەم لێی جیا ببمەوە چونکە گەیشتومەتە ڕادەیەک کە هەست دەکەم هێچ شەخسێتم نەماوە، وا هەست دەکەم کە لەم ماوە دوورو درێژەدا بەچاوی سوک سەیر کراوم، وە کەرامەتم شکێنراوە و کەسایەتیم بەتەواوەتی ڕوخاوە).
هەموو ئافرەتێک وەک ئەو ئافرەتەی کە باسمان کرد چاوەڕێی ئەوە دەکەن لە هاوسەرەکانیان کە ڕێز و تەقدیریان بگرێت، ئەو ئافرەتانەی کە هاوسەرەکانیان ڕیزیان لێ ناگرن و بێدەنگ بوون لەو کارە، دڵنیا بن ڕازی نین بەو حاڵە، بەڵکو لەبەر قسە و قسەڵۆکی خەڵک بێدەنگن و هاوسەرەکانیان خۆش دەوێت و نایانەوێت ژیانیان لێ تێک بچێت.
خۆ ئەگەر پیاوان ڕێز بۆ خێزانەکانیان دابنێن ئەوا خێزانەکانیشیان زیاتر ڕێزیان دەگرن لەناو خەڵکیدا پلە و پایەیان بەرز دەبێتەوە و ڕێزدار تر دەبن لەلای دۆست و هاوڕێکانیان.
پیاوی بەڕێز، هاوسەری گرامی...
سەردەمی جاهیلیەت بەسەر چوو، تا وابزانیت کە ژنت هێناوە وەک ئەوە وایە بەندەیەکت کڕیبێت ئیتر بەئارەزووی خۆت و چۆنت پێ خۆشە ئاوا رەفتاری لەگەڵ بکەیت، ئەو ئافرەتەی کە دێتە ماڵەکەتەوە بە ناونیشانی بەندە و ئەسیر نایەتە ماڵەکەتەوە، بەڵکو مرۆڤێکی ئازادە وەک تۆ دەیەوێت ژیانێکی هاوبەش پێک بهێنێت لەگەڵ تۆ، پڕ بێت لەکامەرانی. هەرچۆن تۆ چاوەڕێی لەو کە لەگەڵت خۆش ڕەفتار بێت، دەتۆش وابە لەگەڵی!
مەگەر تۆ شوێنکەوتووی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) نیت؟ ئایا تۆ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ناکەیتە قودوەی خۆت؟ ئایا تۆ لەسەر ڕێبازی پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ناڕۆیت؟
دەبزانە کە پێغەمبەری خوا دەفەرموێت: (رواه الترمذي وابن ماجه عن عائشة رضي الله عنها قالت: قال : رسول الله صلى الله عليه وسلم، خيركم خيركم لأهله، وأنا خيركم لأهلي)
واتا: چاکترین پیاوی موسوڵمان ئەو کەسەیە کە لەگەڵ خێزانەکەیدا جوان ڕەفتار بێت، وە من باشترینتانم بۆ خێزانەکانم.
بەڵێ؛ بەڕاستی پێغەمبەری خوا (صلی اللە علیە وسلم) لەگەڵ هەموو خێزانەکانی خۆی باش بووە، ڕۆژێک لە ڕۆژان قسەیەکی ناشرینی بە خێزانەکانی نەوت، وە ڕۆژێک لە ڕۆژان جنێوی پێ نەدان، ڕۆژێک لە ڕۆژان لە یەکێکیانی نەدا و ڕووی خۆی گرژ نەکرد بەبێ هۆکار، وە ڕۆژێک لە ڕۆژان دڵی یەکێکیانی نەشکاند.
ئەوە پێغەمبەری خوایە وە خۆشەویستی خوایە کە هەموومان خۆشمان دەوێت و دایک و باوکمانی بە قوربان دەکەین، دەیبا هیچ نەبێت کەمێک لەکارو کردەوەکانی ئەو سەروەرە (صلی اللە علیە وسلم) لە کردەوەکانمان دا ڕەنگ بداتەوە.
پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لە "حج الوداع" لەوێ وتارێکی دا ئالەو وتارەدا ئافرەتانی لەبیر نەکرد و فەرموی: "وەسیەتان بۆ دەکەم لەگەڵ ژنەکانتان زۆر باش بن) چونکە پێغەمبەری خوا ڕێز و تەقدیری ژنی لابوو، جا ئەگەر پێغەمبەری خوات خۆش دەوێت ئەوا خێزانەکەی خۆت خۆش بوێت.
پێغەمبەر(صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: "سێ شت لە دنیادا لای من خۆشەویستە، یەکەمیان ئافرەتان، دووەمیان بۆنی خۆش، سێیەمیان بیلبیلەی چاویشم لەنوێژدایە، نوێژیشی لا خۆشەویست بووە".
ئافرەتانی خۆش نەویستووە لەبەر جنس، نەخێر؛ بەڵکو خۆشی ویستوون لەبەر ئەوەی ڕێز و تەقدیریان بداتێ.
لەماڵەوە بەدەستی موبارەکی خۆی ئیشی دەکرد، ئەگەر پێڵاوەکانی یاخود جلوبەرگەکانی بدڕایە خۆی دەیدورینەوە، بەڵێ ئەوە پێغەمبەرمانە (صلی اللە علیە وسلم) جا ئەگەر ئێوە لەسەر رێبازی پێغەمبەرن ئەگەر ئێوە خۆتان بە ئومەتی پێغەمبەر هەژمار دەکەن وە پێتان خۆشە ڕۆژی قیامەت لەسەر حەوزی (کوثر) پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) ڕووی خۆتت لێ وەرنەگێڕێت ئەوا لەگەڵ خاوخێزانەکەی خۆت باش بە بۆ ئەوەی بگەیتە محمد (صلی اللە علیە وسلم).
پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) لە فەرمودەیەکی تردا جەخت لەسەر ئەو خاڵە دەکاتەوە و دەفەرموێت: (أكمل المؤمنين إيماناً أحسنهم خلقاً، وخياركم خياركم لنسائهم خلقاً ) رواه الترمذي
وەرمانی جێبەجێ کردووە؟
سەروەرمان لە فەرمودەیەکی دیکەدا دەفەرموێت: " أَكْمَلُ المُؤمِنِينَ إِيمَاناً أَحسَنُهُم خُلُقا"
واتا: کامڵ ترین موسوڵمانێک لە ڕووی ئیمانەوە ئەو کەسەیە کە خۆش ڕەفتار بێت، وە لەگەڵ ماڵ و خێزانی خۆیدا میهرەبان بێت.
چونکە لە ڕوانگەی دینی ئیسلامەوە پیاو بەرپرسیاری خێزانە، جا ئەگەر ئەو بەرپرسیارە کەسێکی بەسۆز و میهرەبان نەبێت دەبێت چارەنوسی ئەو خێزانە بگاتە کوێ؟
بۆیە لەسەر بەرپرس واجبە کە جوان ڕەفتار و میهرەبان بێت بەرانبەر بەو کەسانەی کە بەرانبەریان بەرپرسە، توند کردار و ڕەفتار ناشرین نەبێت وە لە ڕق و کینە و ئازار و ئەزیەت دان بەدوور بێت لە بەرانبەریدا.
یەکەم مافی ئافرەت لەسەر پیاو مارەییەکەیەتی، دەبێت مارەییەکەی بداتێ پێغەمبەر (صلی اللە علیە وسلم) دەفەرموێت: " ئەگەر پیاوێک ئافرەتێکی مارەکرد لەسەر مارەییەکی مەعلوموە نیەتیشێ وابو مارەییەکەی نەداتێ، ئەگەر بەو شێوەیە مرد ئەوا دەچێتە بەرانبەری خوا بە زیناکەر"
یەکێکی کە لەمافەکانی ئافرەت لەسەر پیاو ئەوەیە کە دەبێ ماڵ و خواردن و پۆشاک بۆ خێزانەکەی دابین بکات.
یەکیکی کە لەمافەکانی ئافرەت لەسەر پیاو ئەوەیە کە دەبێت بەچاوی مرۆڤ بوون سەیری بکات، وا مەزانە کە ئەو دروست کراوە تەنها بۆ خزمەتکردنی تۆ، بەو چاوە سەیری مەکە کە زەعیف و بێ مافە.
ئەڵبەت مافەکانی ئافرەت زۆر زیاترن لەوانەی کە ئێمە لەم بابەتەدا باسمان لێوە کردوون، بەڵام کۆتا ماف کە ئێمە باسی لێوە دەکەین ئەوەیە کە پیاو بەرپرسە لە فێرکردن و بیرخستنەوەی ئافرەت، لەکاتێکدا ئافرەتەکە خۆی نەتوانێت لە کۆڕ و کۆبونەوەکان دا بەشدار بێت بۆ فێر بوونی زانستە ئاینیەکان.






به‌روار: 26/10/2019
بینین: 2662