وەڵامدانەوەی گومانەکان
  پەیامبەران و مەسیحانی درۆزن کێن ؟!
هامنۆ هەورامی

زۆرجار کاتێك ئێمە باس لە  محمد ( صلی الله علیه وسلم) دەکەین هەم وەك پەیامبەر هەم وەک کۆتایی پەیامی خوا بۆ مرۆڤایەتی، باوەڕدارانی مەسیحی دژی ئەم ڕاستییانە دەوەستنەوە و چەند دەقێك لە پەڕتوکی  پیرۆزیاندا دەهێننە دەرەوە و ئاماژە  بەوە دەکەن کە باس لەوە کراوە  پەیامبەران و مەسیحانی  درۆزن دەردەکەون و بانگەواز بۆ خۆیان دەکەین ، واتە بەڕای ئەوان محمد ( صلی الله علیه وسلم) یەکێکە لەو پەیامبەره درۆزنانە .
ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە هەم لە قورئان و هەم لە فەرموودەکانیشدا بەڕوونی ڕاستێتی پەیامبەرییەتی و پەیامەکە گەیاندراوە و بۆ ئێمە دڵنیاکراوەتەوە، بەڵام هاوڕێیانی مەسیحی بە بەڵگە ئیسلامییەکان ڕازی نابن بۆیە ئێمە بە خودی پەرتوکی خۆیان لە مەڕ ئەم باسەدا دەڕۆین و بزانین ئەم پەیامبەرە درۆزنانە کێن؟!

لە پەرتوکی پیرۆزدا لە چەندین جێگەدا ئاماژە  بەم درۆزنانە دراوە ئێمە بۆ ئەوەی زۆر درێژە بەمە نەدەین کەمترین دەق بەکاردەهێنین :

لە ئینجیلی مەتتا : بەشی 7 : بڕگەی 15 دەڵێت :
ئاگادار بن لە پێغەمبەرانی درۆزن ،کە لە پێستی بەرخدا بۆ لاتان دێن ، بەڵام لە نێوەوە گورگی دڕندەن!

لە نامەی یەکەمی یوحەننا : بەشی 4 : بڕگەی 1 - 3 دەڵێت :
 1
خۆشەویستان بڕوا بە هەموو ڕۆحێک مەکەن بەڵکو تاقییان بکەنەوە بزانن ئەوانە لەلایەن خوداوەن ، چونکە زۆر پێغەمبەری درۆزن هاتوونەتە جیهان. 
2
ڕۆحی خودا بەمە دەناسنەوە: هەر ڕۆحێک دان بەوە بنێت کە عیسای مەسیح لەلەشەوە بۆ جیهان هاتووە ، ئەم ڕۆحە لەلایەن خوداوەیە،
3
هەر ڕۆحێکیش دان بە عیسا نەنێت لەلایەن خوداوە نییە.ئەو ڕۆحە دژە مەسیحە بیستوتانە دێت و ئێستا هاتووەتە جیهان.

کەواتە ئەم پەیامبەرە درۆزنانە تەنها مەبەستی لە نێردراوی پەیامدار نییە بەڵکو ڕابەر و مامۆستایانی بانگەوازکاری مژدەدەریش دەگرێتەوە کە پێویستە خودی مەسیحییەکان بیانناسنەوە و ڕوونکردنەوەشیان بۆ دراوە کە چۆن بیانناسنەوە، وە ئەگەر بەڕوونی سەرنج لە نووسینەکەی ئینجیلی مەتتا بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە دەبێت ئەم پەیامبەرە درۆزن و فێڵباز و دهۆباز بێت، لەکاتێکدا ڕوون و ئاشکرایە کە محمدی پێغەمبەر (صلی الله علیه وسلم) لەنێو هاوبەشدانەران  و خەڵکی مەککەشدا بە ڕاستگۆی دەستپاک (صادق الامین) ناوبانگی دەرکردووە و ئەوەندەش متمانەیان پێ بووە کە سپاردەکانی خۆیان لەلای ئەم کەسایەتییە داناوە، وە بەهیچ جۆرێک هیچ کەس ناتوانێت بۆماوەی چل ساڵ بەشێوەیەکی دووڕووانە خۆیدەربخات بەبێ ئەوەی هیچ هەڵەیەک نەکات لە هەڵخەڵەتاندنی دەوروبەرەکەیدا.
هەروەها محمد (صلی الله علیه وسلم) کە پەیامی خوای گەیاندووە زۆر بەڕوونی ئاماژەی بەوە داوە کە مەسیح (علیه صلاة وسلام) بە وشەی خودا و بە فەرمانی خودا و بەبێ باوک لە  مەریەمی پاکیزە بووە ، وەک چۆن دەفەرموێت :

{إِنَّ مَثَلَ عِيسَى عِندَ اللّهِ كَمَثَلِ آدَمَ خَلَقَهُ مِن تُرَابٍ ثِمَّ قَالَ لَهُ كُن فَيَكُونُ} (آل عمران: 59)


کە ئەمەش دانپێدانانێکی ئاشکرایە .
 بۆیە ئەم پێناساندنە و سەپاندنی بەسەر محمددا (صلی الله علیه وسلم) هەڵەیەکی ڕوون و زەقە کە مەسیحییەکانی تێکەوتوون .
وە مەسیح و ئینجیلیش جوانتر پێمان دەڵێن کە ئەوانە بانگەوازی مەسیحی بوون دەکەن وە گرنگتر لەوە ئەو شێواز و داڕشتانەی خاڵەکان و دێڕەکانی ئینجیلە کە یەک لەدوای یەک ئەم وەسفانەمان بۆ دەکات و هاوکارمان دەبێت تا باشتر ناساندنی بۆ بکەین لە سێ دیمەنی سەرەکی یەک بەشدا :

یەکەم/ ئینجیلی مەتتا: بەشی 24 : بڕگەی 5 دەڵێت :
چونکە زۆر کەس بەناوی منەوە دێن و دەڵێن:
من مەسیحم! 
زۆر کەسیش گومڕا دەکەن.
دووەم/ ئینجیلی مەتتا: بەشی 24 : بڕگەی 11 دەڵێت :
زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون ، زۆر کەس گومڕا دەکەن.
سێیەم/ ئینجیلی مەتتا: بەشی 24 : دێڕی 23-24 دەڵێت:
23
ئەوسا ئەگەر یەکێک پێی وتن:
ئەوەتا مەسیح لێرەیە !
یان:ئەوەتا لەوێیە!
باوەڕ مەکەن
24
چونکە مەسیحانی درۆزن و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون ، نیشانەی مەزن و پەرجو دەکەن ، تا ئەگەر بکرێ تەنانەت بژاردەکانیش گومڕا دەکەن .

ئەگەر کەسێک وێڵی ڕاستی بێت ، وە ئەگەر کەسێک ئەکادیمی و بەویژدان بێت ، پاش خوێندنەوەی ئەم دەقانه دەزانێت ئەم پەیامبەرە دۆزنانە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئەمە مەسیحە و گەڕاوەتەوە یاخود شوێنکەوتە و ڕابەری مەسیحین و موژدەدەری مەسیحن لەکاتێکدا قەت محمد (صلی الله علیه وسلم) بەهیچ شێوەیەک ئاماژەی بەوە نەداوە کە ئەم مەسیحە بەڵکو خودای گەورە لە قورئاندا دەفەرموێت عیسا مەسیحەکەیە (علیه صلاة وسلام) :

{إِذْ قَالَتِ الْمَلآئِكَةُ يَا مَرْيَمُ إِنَّ اللّهَ يُبَشِّرُكِ بِكَلِمَةٍ مِّنْهُ اسْمُهُ الْمَسِيحُ عِيسَى ابْنُ مَرْيَمَ وَجِيهاً فِي الدُّنْيَا وَالآخِرَةِ وَمِنَ الْمُقَرَّبِينَ} (آل عمران: 45)


خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە خودی پەرتوکی پیرۆزی مەسیحییەت دان بەوەدا دەنێت هەرکەس پەیامبەری درۆزن بێت دەمرێت!

بەنموونە لە دواوتار (تثنیة) بەشـی ۱٨ : بڕگەی ۲۰دا دەڵێت : 
ئەو پێغـەمبەرەی به ناوی منەوه قسەیەی زیاده دەكات كەوا من فەرمانم پێی نەكردووه بیكات، یان ئەوەی به ناوی خودای دیكەوه قسه بكات . سزای ئەو پێغەمبەره ئەوەیه دەبێت بمرێت.

سەرنج دەدەین محمد (صلی الله علیه وسلم)  (23) ساڵ بەردەوامبوو لەگەیاندنی پەیامەکەیی ونەشمرد !
ئەمەش باشترین بەڵگەی ڕەتکردنەوەی بیروڕاکەیانە.

 بەڵام سەبارەت بەوانە مەسیح هۆشیاری توندیان لێدەدات و بە درۆزن ناویان دەبات ، تەنانەت بەجوانیش باس و ئاماژە لەوە دەکات دوای گەڕانەوەی پەرێزیان لێدەکات و ڕەتیان دەکاتەوە،
هەروەك چۆن لە ئینجیلی مەتتا : بەشی 7 : بڕگەی 21 ـ 23 دەڵێت : 
21
نەک هەر کەسێک پێم بڵێت پەروەردگار،پەروەردگار!دەچێتە نێو پاشایەتیی ئاسمانانەوە،بەڵکو ئەوەی بەخواستی باوکم دەکات کە لە ئاسماناندایە
22
زۆر کەس لەو ڕۆژەدا پێم دەڵێن:
پەروەردگار،پەروەردگار،ئایا بەناوی تۆوە پێشبینیمان نەکرد؟بەناوی تۆوە ڕووحی گڵاومان دەرنەکرد؟بەناوی تۆوە پەرجووی زۆرمان نەکرد؟23.ئینجا منیش پێیان ڕادەگەیەنم :هەرگیز ئێوەم نەناسیوە.لێم دووربکەونەوە،ئەی خراپەکاران!

ئەوەی لە هەمووی سەرنجڕاکێشترە کە مەسیح پێمانڕادەگەیەنێت ئەم درۆزنانەش لەسەردەمی جیلی ئەودا دێن ، وەک لە بەشی 24 کە وەسفی زۆری ئەم پەیامبەر و مەسیحە درۆزنانەی کرد لەکۆتاییەکەشدا دیمەنەکەمان بۆ تەواو دەکات و دەڵێت لە ئینجیلی مەتتادا : بەشی 24 : بڕگەی 34 : ڕەواتان پێ دەڵێم:
ئەم نەوەیە بەسەرناچێت تاکو ئەمانە هەمووی دەبێت.

ئەگەر ئەم ڕووداوانە لە سەردەمی نەوەی هاوچەرخی مەسیحدان ئیتر بۆچی مەسیحییەکان ئەم بانگەوازە دەکەن کە محمد  پەامبەری درۆزنە ؟!
 لەکاتێکدا دەبێت  درۆزن بمرێت ، کەچی ئەم پەیامبەرە تا دوا پەیام و دوا وشەی نەگەیاند کۆچی دوای نەکرد بەدرێژایی (23) ساڵ، ئەگەر یەکێک بوایە لەو پەیامبەرە درۆزنانە بۆچی خودا لەناوی نەبرد و هێشتییەوە تاکو خەڵکی گومڕا بکات!
به‌روار: 04/11/2019
بینین: 1269