توێژینه‌وه‌
  زنجیرەی ئایین و بیروباوەرەکان
هامنۆ هەورامی

بەشی شازدەهەم:

زەردەشتیەت و کاریگەربوون و کاریگەردانان:

حەڤدەهەم/ یەهودییەت:

یەهودییەت یەکێکە لە ئایینەکانی نێو گەلانی سامی و لە ڕیزبەندی ئایینە ئیبراهیمییەکان دادەنرێت، پەیامبەر موسا سڵاوی خوای لێبێت و شەریعەتەکەی کە تەوراتە بە پەیڕەوی سەرەکی ئەم ئایینە دادەنرێت، تەورات بە کتێبی سەرەکیان دادەنرێت کە دەستەواژەکەیان واتای فێرکردن دەگەیەنێت.
جگە لە پەیامبەر موسا چەندان پەیامبەری دیکە لەنێو پەیڕەوانی ئەم ئایینە دەرکەوتوون کە ئەرکیان ڕابەرایەتی و ڕێنوێنی گەلی ئیسرائیلییەکان بووە، کە هەندێکیان بریتین لە:

زەکەریا، یەحییا، مەلاخی، حەگەی، یوشەع و هتد ..........

ئەوەی پەیوەندییە لە نێوان ئایینی زەردەشتییەت و یەهودییەکاندا ئەوەیە کە لە پەرتوکە پیرۆزەکانی یەهودیدا ئاماژە بە دەستەواژەکانی مەجوس و موغ دراوە.
مامۆستا عەبدوڵڵای موبلغی ئابادانی دەربارەی واژەی مەجوس لە تەوراتدا لە پەرتوکی مێژووی ئایینی زەردەشتدا دەڵێت:
واژەی مەجوس لە تەوراتدا هاتووە، لە (قاموسی کتاب مقدس) کە ڕوونکردنەوەی وشە و ناوەکانی ناو تەورات و ئینجیلە، هاتووە دەڵێت:
مەجوس زاراوەیەکی کلدانییە، بە واتای –کەهەنە- دێت، پلەی کۆمەڵایەتییان لە نێوان فەرمانڕەواکان و ئەندامانی هۆزەکەیاندا بوو، خزمەتگوزاری ئایینی زەردەشتی پێیان دەڵێن مەجوسی، بەهۆی جلوبەرگی تایبەتییان و گۆشەگیریان.
لە کتێبی (ئەرمیا) بەشی ٣٢ ئایەتی ٣ –دا هاتووە، هەرچەندە زانییاریان لەسەر بنەمایەکی ڕاست دانەڕێژرابوو.
لەگەڵ ئەوەشدا دانیال ئەوانی بە حەکیم و زانا ناوبردووە، لە تەوراتدا چەند جار واژەی مەجوس بەکارهاتووە.
لێرەدا نازانم هەڵەی چاپە یاخود مامۆستای ئابادانی بە هەڵە گواستوویەتییەوە، چونکە ئەو دەقە لە بەشی ٣٢ –دا نەبووە بەڵکو لە بەشی ٣٩ بڕگەی ٣ – ١٣ دایە کە دەڵێت:
۳
جا هه‌موو سه‌ركرده‌كانی پاشای بابل هاتن و له‌ ده‌روازه‌كه‌ی ناوه‌ڕاست دانیشتن: نێرگه‌ل‌سه‌رئه‌چه‌ری سمه‌گه‌ری، نه‌بۆ‌سه‌رسه‌خیم كه‌ سه‌رۆكی دیوان بوو، نێرگه‌ل‌سه‌رئه‌چه‌ر كه‌ سه‌رۆكی مۆغه‌كان بوو، له‌گه‌ڵ پاشماوه‌ی سه‌ركرده‌كانی پاشای بابل.
٤
كاتێك كه‌ سدقیای پاشای یه‌هودا و هه‌موو جه‌نگاوه‌ره‌كان ئه‌وانیان بینی، هه‌ڵاتن و به‌ شه‌و به‌ ڕێگای باخچه‌ی پاشادا به‌ ده‌روازه‌كه‌ی نێوان دوو شووراكه‌دا شاره‌كه‌یان به‌جێهێشت، به‌ره‌و ده‌شتایی عه‌راڤا ڕۆیشتن.
٥
به‌ڵام سوپای بابلییه‌كان به‌دوایان كه‌وتن، له‌ ده‌شتی ئه‌ریحا گه‌یشتنه‌ سدقیا. گرتیان و هێنایان بۆ لای نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌ ڕیڤله‌، له‌ خاكی حه‌مات، ئه‌ویش دادگایی كرد.
٦
هه‌ر له‌ ڕیڤله‌ پاشای بابل كوڕه‌كانی سدقیای له‌به‌رچاوی باوكیان كوشت، ئینجا هه‌موو پیاوماقوڵانی یه‌هوداشی له‌ناوبرد.
۷
پاشان هه‌ردوو چاوی سدقیای ده‌رهێنا، به‌ زنجیری بڕۆنز كۆتی كرد بۆ ئه‌وه‌ی بیباته‌ بابل.
۸
هه‌روه‌ها بابلییه‌كان كۆشكی پاشا و ماڵه‌كانی خه‌ڵكیان سووتاند، شووراكانی ئۆرشه‌لیمیان ڕووخاند.
۹
ئه‌و پاشماوه‌یه‌ی خه‌ڵكی كه‌ له‌ شاره‌كه‌ مابوونه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی چووبوونه‌ پاڵی و په‌نایان بردبووه‌ به‌ر پاشای بابل، نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا ڕاپێچی كردن بۆ بابل.
۱۰
به‌ڵام هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكه‌ هه‌ژاره‌ی هیچیان نه‌بوو، نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا له‌ خاكی یه‌هودا به‌جێی هێشتن، هه‌ر له‌و كاته‌دا ڕه‌ز و كێڵگه‌ی پێدان.
۱۱
نه‌بوخودنه‌سری پاشای بابل له‌باره‌ی یه‌رمیاوه‌ فه‌رمانی به‌ نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا كرد:
۱۲
«بیبه‌ و با چاوت له‌سه‌ری بێت، زیانی پێ مه‌گه‌یه‌نه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی داوای ده‌كات بۆی بكه‌.»
۱۳
نه‌بوزه‌ره‌دانی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانانی پاشا، نه‌بوشه‌زبانی سه‌رۆكی دیوان، نێرگه‌ل‌سه‌رئه‌چه‌ری سه‌رۆكی مۆغه‌كان، له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌ركرده‌كانی پاشای بابل

هەژدەهەم/ مەسیحییەت:
مەسیحییەت بە هەمان شێوەی ئایینی یەهودی لە ڕەگەزی سامی و ڕیزبەندی ئایینە ئیبراهیمییەکاندایە، نزیکەی دوو بلیۆن شوێنکەوتووی هەیە لە گشت جیهاندا، ناوی کرستیانێتی وەرگیراوە لە ناوی (جیزز کرایس) کە دەکاتە پەیامبەر عیسا سڵاوی خوای لێبێت، وە ئایینەکە بە شێوە گشتی و سەرەکییەکە سێ مەزهەبی سەرەکین، هەرچەندە مەزهەب و وردە گروهی دیکە هەن، بەڵام سەرەکییەکان بریتین لە:

ئۆرتۆدۆکس، کاثۆلیك، پڕۆتستانت.

پەرتوکی پیرۆزی مەسیحییەت لە دوو بەشی سەرەکی پێكدێت کە بریتییە لە (پەیمانی کۆن: تەورات و پەرتوکی پەیامبەرە پێشینەکان و و چەند پەرتوکێکی دیکەی وێژەی یەهودە، پەیمانی نوێ: پێکهاتووە لە ئینجیل و کرداری نێردراوان و نامەکانی پۆڵس و و قوتابی و کارەکتەرەکانی دیکەی مەسیحییەتە لەو سەردەمەدا).

بە هەمان شێوەی تەورات لە مەسیحییەت و ئینجیلیشدا ئاماژە بە مەجوس دراوەتەوە لە ئینجیلی مەتتا بەشی ٢: برگەی ١-١٢ کە دەلێت:
۱
له‌دوای له‌دایكبوونی عیسا له‌ بێت‌له‌حمی یه‌هودیا ، له‌ سه‌رده‌می شا هێرۆدس، هه‌ندێك مۆغ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ هاتنه‌ ئۆرشه‌لیم،
۲
پرسییان: «كوا ئه‌وه‌ی له‌دایك بووه‌ كه‌ پاشای جوله‌كه‌یه‌؟ له‌ ڕۆژهه‌ڵاته‌وه‌ ئه‌ستێره‌ی ئه‌ومان بینی، هاتووین كڕنۆشی بۆ ببه‌ین.»
۳
كاتێك شا هێرۆدس ئه‌مه‌ی بیست، په‌شۆكا و هه‌موو خه‌ڵكی ئۆرشه‌لیم له‌گه‌ڵی په‌شۆكان.
٤
هه‌موو كاهینانی باڵا و مامۆستایانی ته‌وراتی گه‌لی كۆكرده‌وه‌، لێی پرسین: «مه‌سیح له‌كوێ له‌ دایك ده‌بێت؟»
٥
وه‌ڵامیان دایه‌وه‌: «له‌ بێت‌له‌حم له‌ یه‌هودیا، چونكه‌ له‌ ڕێی پێغه‌مبه‌ره‌كه‌وه‌ ئاوای نووسیوه‌:
٦
«{به‌ڵام تۆ ئه‌ی بێت‌له‌حمی خاكی یه‌هودا،
كه‌متر نیت له‌ فه‌رمانڕه‌واكانی یه‌هودا،
چونكه‌ له‌ تۆوه‌ فه‌رمانڕه‌وایه‌ك ده‌رده‌كه‌وێت،
شوانایه‌تی گه‌لی ئیسرائیلم ده‌كات.}»
۷
هێرۆدسیش به‌ نهێنی مۆغه‌كانی بانگكرد و له‌باره‌ی كاتی ده‌ركه‌وتنی ئه‌ستێره‌كه‌ لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ كردن.
۸
ئینجا بۆ بێت‌له‌حمی ناردن و پێی گوتن: «بڕۆن و به‌ وردی به‌دوای منداڵه‌كه‌دا بگه‌ڕێن. كاتێك دۆزیتانه‌وه‌ هه‌واڵم بده‌نێ، تاكو منیش بێم و كڕنۆشی بۆ ببه‌م.»
۹
له‌دوای ئه‌وه‌ی گوێبیستی پاشا بوون، ڕۆیشتن، ئه‌ستێره‌كه‌ی له‌ ڕۆژهه‌ڵات بینیبوویان، پێشیان كه‌وت هه‌تا له‌سه‌ر ئه‌و شوێنه‌ی منداڵه‌كه‌ی لێبوو ڕاوه‌ستا.
۱۰
به‌ بینینی ئه‌ستێره‌كه‌ زۆر شادمان بوون،
۱۱
چوونه‌ ماڵه‌كه‌، منداڵه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ مریه‌می دایكی بینی، دانه‌وین و كڕنۆشیان بۆ برد و گه‌نجینه‌كانیان كرده‌وه‌، زێڕ و بخوور و موڕیان به‌ دیاری پێشكه‌ش كرد.
۱۲
ئینجا خودا له‌ خه‌وندا مۆغه‌كانی ئاگادار كرده‌وه‌ كه‌ نه‌گه‌ڕێنه‌وه‌ لای هێرۆدس، ئه‌وانیش به‌ ڕێگایه‌كی دیكه‌دا گه‌ڕانه‌وه‌ وڵاتی خۆیان.

لێرەدا کە باسی موغەکان دەکات وەك پیاوی ئایینی زەردەشتی کە بەهۆی ئەستێرە ناسییەوە ئەستێرەی ئەم منداڵە لەدایکبووەیان دیوە و هاتوون بۆ فەڵەستین بۆ ئەوەی کڕنوشی بۆ ببەن و ڕێزی بگرن.

بەڵام لە مێژوودا نێوانی دەوڵەتە زەردەشتییەکان لەگەڵ بێزەنتی و ڕۆمە مەسیحییەکاندا باش نەبووە کە کوردستان بووە و یەکەمجاریش کە کوردستان دابەشکراوە لە مێژوودا لە نێوان دوو هێزەدا بووە و خەڵکەکەش بە تەواوی لەم شەڕ و شۆڕە بێزار ببوون ئەم حکومەتانە ببون بە بار بەسەر خەڵکەکانیانەوە و هاونیشتمانیانیش چاوەروانبوون بۆ ڕزگاربوونیان و گەشتنی فریادڕەسێك.






نۆزدەهەم/ سەرچاوەکان:

۱. پەیمانی کۆن.
۲. پەیمانی نوێ
۳. چەمکی خوا و وەڵامی پرسیارەکان لەسەر ئیسلام – د. زاکیر نایك – وەرگێڕانی: محمد شێخانی
٤. مێژووی ئایینی زەردەشت – عەبدوڵڵای موبلیغی ئابادانی
٥. دونیای زەردەشتییەت – هامنۆ هەورامی


به‌روار: 12/11/2019
بینین: 199