چیرۆک
  مەملەکەتی شەیتان
ماکوان کەریم

بەشی سێیەم
زنجیرەی ٦١
نوسینی : ماکوان کەریم
ماکوان و نوسراداموس

لەئەڵمانیام لە ئوتێل بە خاولیەکەوە..
خوا حافیزیم کرد لە شێخ برقان، چوومە دەرەوە لە شاری نۆیس بۆ نان خواردن. لە نزیك ئوتێلەکەم دۆنەر کەبابێکی کوردەکانی تورکیای لێبوو بەناوی ئانا دۆنەر، منیش بەخۆشی ئانای کچم دەچومە لای ئەوان. هەرچەندە ئانا کەی ئەوان مەبەستی دایك بوو .. بەهەرحاڵ کۆمەڵێك پرسیار مێشکی ووروژاندم لەکاتی نان خواردن دا..
بیرم لەوە دەکردەوە باشە ئەم جنۆکانە لەپڕ دێن و دەڕۆن! کێ ناڵێت برقان هەمان ویرسان نیەو حەزقیلیش سەسیل نیە؟ ئاخر خۆ من نان و پیازم لەگەڵ ئەم جنۆکانەدا نە خواردوە. لەدڵی خۆمدا دەمووت: خۆ ئەمانە برای باوك و ئامۆزام نین، باشە کێ ناڵێت حەنانە خودی شەیتان نیە، بەئارەزووی خۆیان بگۆڕنە سەر شێوازی یەکتری؟!
بەتەنها لەسەر شەقامەکانی نۆیس لە شاری ئەڵمانیا پیاسەم دەکرد ..
بیرم لەوە دەکردەوە ئەم سەیارەی سورکێو لەپڕ سوتا و نەما من چۆن دەم بینی و کابرای ئەڵمانی کە بۆی شەحن کرد ئەویش بینی، بەڵام دوایی لە پڕنەما! نە پۆلیس بینی و نە من ئاسەوارێکم بینی هیچ دیار نەما ؟!
ئەوەندە بیرم کردەوە ناچار لەسەر لێواری شەقامەکان دانیشتم، خەڵکی وایان دەزانی سەرخۆشم! ماوەیەك بێدەنگی ڕووی تێکردم و لە پشتی سەرمەوە گۆرانی و دەنگە دەنگ بوو منیش ڕۆچوو بووم لە بیرکردنەوە، کە ئاوڕمدایەوە تەماشا دەکەم دوو حۆری بەسەر سەرمەوەن ..ا
لەدڵی خۆمدا ووتم: تۆ بڵێی مردبێتم؟ ئەم حۆریانە ئامادە کرابێت بۆ من ! زوو خۆم ناسی زانیم ئەوەندە کەسێکی باش و پاك نیم و بیرم کەوتەوە ئەمانە جنۆکە نەبن دیسان هاتبنەوە لام؟
تەماشای دەستیانم کرد بیرە کە بەدەستیانەوە بوو هەروەها جگەرەشیان دەکێشا دوو بەدوو گۆرانیان دەووت، بەڵام تابلۆیەکی زۆر جوانی فاحیشە بوون ..
ئای دڵ کە مایلی بۆ تاوان، جوانی ئەوان خەریك بوو سۆفیەتی و سەلەفێتی و هەموویم لە بیر بەرێتەوە، بە ئەڵمانی دایان بەیەکدا. منیش بە ئەڵمانی ووتم: (ئیش نیش گود شپرێخن دۆیچ) دایانە قاقای پێکەنین و بەئینگلیزی دایان بەیەکدا ، وەكو وابێت منیش برازای تۆم کروزم. لەدڵی خۆمدا ووتم: لە خوا بترسە ناسکە ڕیشێکت بۆ خوا هیشتۆتەوە بەجێی بهێڵەو بگەڕێوە بۆ هوتێلەکە، یەکێکیش ئەچپێنێت بە گوێمدا و ئەڵێت: هوتێل کەسی لێ نیە هەرخۆتی ، دەعوتیان بکە بۆ ئەوێ کێ ئاگادارە! تەماشای ئەو جوانی و لاشەو دەم چاوە و ناسکیان بکە بۆ ئەو ڕزقە لەدەست خۆت ئەدەیت!
لەلایەکی ترەوە ئەیان چپاند بەگوێمدا دەیووت: لە خوا بترسە تۆ لای خۆی موسڵمانیت و ناوت بە بانگخواز دەرکردوە، لەم هاتو چۆیەدا بووم لەگەڵ دڵ و ئەقڵ و ناخم دا لەپڕ بەجێمهیشتن و سێ جار ووتم استغفراللە. گەڕامەوە بۆ هوتێلەکە بەڵام لەو کاتەوە بۆم دەرکەوت کە تەنهایی بەشێکی گەورەیە لە خودی شەیتان، بۆیە مرۆڤ پێویستە هەمیشە لەگەڵ کۆمەڵ و خێزان و کەسوکاریدا بێت و هەوڵنەدات بۆ تەنهایی.
گەڕامەوە بۆ هوتێلەکە داوای قاوەیەکم کرد لە پرسگە و کەسێك هاتە لام ووتی: یارمەتی هەیە دابنیشم، چونکە زۆربەی کورسیەکان گیراون؟
ووتم: دانیشە..
کەسەکە دیار بوو خەڵکی ڕۆژهەڵات بوو! بە ئینگلیزی ووتم خەڵکی کوێت؟
- خەڵکی عێراقم
ماکوان: کەواتە خەڵکی وڵاتێکین منیش خەڵکی کوردستانم. بە عەرەبی دەستمان کرد بە قسە کردن کتێبێکی بەدەستەوە بوو دەیخوێندەوە ئەویش داوای قاوەی کرد بوو.
منیش هەر کەس کتێبی بەدەستەوە بێت و خەریکی خوێندنەوەی بێت هەر کەس بێت زۆر ڕێزی لێدەگرم ، سەرەتا قاوەکەیان بۆ من هێنا و منیش بە سەرڤیتۆرەکەم ووت بیدە بەو من چاوەڕێ دەکەم ..
بەتەمەن لە من گەورە تر بوو زۆر خۆشحاڵی دەربڕی کە ڕیزم گرت و قاوەکەم دایە، هەندێك موجامەلەی کردم و ووتی: پێویست ناکات و چاوەڕی دەکەم بۆم بهێنن.
جەختم کرد هەر دەبێت بیخۆیت، بەهەر حاڵ هەریەك لە ئێمە ناوی خۆی ووت، ئەو ووتی: ناوم موئەیەدە و خەڵکی بەغدادم و ماوەی چەند ساڵە لە ئەڵمانیام و لە عێراق ئەفسەری موخابەرات بووم ، ئەمە یەکەم جارە لەگەڵ کوردێک دا دابنیشم و ئاوا ڕێز بگرێت!
ماکوان: من ڕێزم لێگرتی لەبەر خاتری ئەوە نەبوو کە عەرەبیت وە نەلەبەر ئەوەش کە زانیومە ئەفسەری هەواڵگری عێراقی بوویت، نا؛ بەڵکو ڕێزی ئەو کتێبەم لێگرتی کە بەدەستەوە بوو دەتخوێندەوە .
موئەیەد: دیارە حەز بە کتێب دەکەیت ؟
ماکوان : زۆر
موئەیەد: زیاتر حەز بە خوێندنەوەی کام کتێب دەکەیت؟

ماکوان : مێژوو و فیکر
موئەیەد: چییە کە ووتم ئەفسەری هەواڵگری عێراق بووم هەستم کرد دەموچاوت گۆڕاو سارد بوویتەوە لەگەڵمدا وایە؟
ماکوان : بەدڵنیایەوە وایە، خۆ ئەوەندە ناڕەحەتی و ئەشکەنجەمان بەدەست ئێوە چەشتوە قابیلە فەرشی سورتان بۆ داناخەین ..وایە؟
موئەیەد: بەشێك لە قسەکانت تەواون دڵنیام لەوەی کە گەلی کورد ئازاری زۆری چەشتوە بەدەست ڕژێمی بەعسەوە ، بەس ئەوەش بزانە من دایکم کوردە و وەکو تۆ کوردم خۆش دەوێت، هەست بەئازارەکانیان دەکەم.
ماکوان: ئەوەی ئێوە کردتان لە کیمیایی بارانکردن لە بالیسانەوە تاکو هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژی دنیاتان کرد کاکە تازە باسی ئەوە دەکەیت کە کورد خۆش دەوێت؟

موئەیەد : بڕوا بکە لە موعاناتەکەت تێدەگەم ، بەڵام ئەوەش بزانە گەلانی عێراق هەر هەمان دەرد و ناسۆری کوردیان هەبووە ..

ماکوان : بەهەرحال چاکەتان کەمە بەسەر کوردەوە بۆیە ناڕەحەتین لە دەستان
موئەیەد: حەز دەکەم ئەم کتێبەی دەستی خۆمت پێشکەش بکەم وەك یادگاریەك لە نێوانماندا هەبێت؟
ماکوان : بەخۆشحالیەوە زۆر سوپاس بۆ دیاریەکەت .
موئەیەد: ئەم کتێبە باسی پێشبینی و پێشگۆیەکانی نوستراداموس- ە ، کتێبێکی زۆر باشە هیوام وایە سودی لێوەربگریت و ئەوە لەسەری دەینوسم بۆ جەنابتان.
ماکوان : زۆر سوپاس بۆ دیاریەکەت دووبارە بەدڵنیایەوە هەر سودی دەبێت ، بەڵام بڕوام بەو قسانەی نوسترداموس نیە بەهیچ شێوەیەك!
موئەیەد: چۆن وادەڵێیت؟! پێشبینی زۆر سەرنج ڕاکێشی کردوە، بۆ نمونە باسی جەنگی کوێت و عێراقی کردوە باسی ١١ سێپتەمبەری کردوە و باسی لاوازی بەریتانیای کردوە ، باسی جەنگی جیهانی سێیەمی کردوە هەروەها باسی جەنگی جیهانی دووەم و باسی هێتلەریشی کردوە.

ماکوان : بڕوام وانیە وابێت بۆ نمونە ئەم کتێبە لە چ زمانێکەوە وەڕگێردراوە بۆ عەرەبی؟
موئەیەد: ئینگلییزی بۆعەرەبی ئەوکەسەی کە وەریگێڕاوە ئەمریکیە .
ماکوان: باشە تەماشای بکە لە پێشکەیەکەیدا بزانە لە کام زمانی ترەوە وەرگێڕدراوە ؟
موئەیەد: لە پێشەکیەکەی نەنوسراوە ..
ماکوان : ئەی لە کۆتایەکەیدا بزانە هیچ نوسراوە؟
موئەیەد : دوای کەمیك تەماشا کردن هیچ نەنوسراوە .
ماکوان : جەنابت دەزانی کە میشێل نوستراداموس لە بنەڕەتدا خەڵکی فەڕەنسایە و کتێبەکەی لە شێوەی چوارینەدا داڕشتوە، کتێبەکەی ناوی سەدەکانە، بەڵام ئەم پەرتوکەی جەنابت ناوی سەدەیە، تەنانەت هەڵە لەناوی کتێبەکەیدا کراوە، ئاخۆ ناوەرۆکەکەی چۆن دەستکاری کرابێت، بۆ بەرژەوەندی موخابەراتەکانی جیهان!

موئەیەد: جا ئەمە چ پەیوەندیەکی هەیە بەسەر کاری موخابەراتیەوە؟

ماکوان : بەلامەوە سەیرە خۆت لەو خەتە کارت کردبێت و وا بەمن بڵێیت یاخود لە قسەکانم تێنەگەیت، لە کاتێکدا دەزگاو ئاژانسە هەواڵگریەکان چەندین کەسایەتی مردوو زیندوو دەکەنەوە بۆ مەرامی سیاسی دەسەڵاتی خۆیان.

موئەیەد: مردوو زیندو دەکاتەوە سەیرە قسەکانت ، چۆن مردوو زیندوو دەکەنەوە؟

ماکوان: مەبەستم ئەوە نیە کە مردووەکە لەناو گۆڕەکەیدا زیندوو بکەنەوە ، بەڵکو مەبەستمە بڵێم کەکەسایەتیەکانیان زیندوو دەکەنەوە و بۆ مەرامی خۆیان بەکاری دەهێنن، لە عێراق و ئێران وسوریاو میسر و زۆرێکی تر لە وڵاتانی جیهان کاتێک بەریتانیا داگیر و ئیستعماری کردن ئەو کارەی ئەنجامداوە.

موئەیەد: بەڵێ؛ ئەوەی دەیڵێیت ڕاستە! لە سەدەی ڕابردوو زۆرێک لەو کەسایەتیانە کرانە بەری کۆمەڵە کەسانێک کە لە دەزگاو ئاژانسەکانی هەواڵگریەکانی بەریتانیادا کاریان دەکرد بۆ گەیاندنی پەیامی ئینگلیز و پاراستن و سەقامگیری ناوچەکان نازناوی شێخ و پیاوانی ناوداری کۆمەڵایەتی سیاسیان بەکاردەهێنا، بەڵام ئەمە چ پەیوەندیەکی هەیە بە نوستراداموس؟

ماکوان: بەلامەوە جێگای سەرنجە کە کتێبی ئەو دەخوێنیتەوە پیشەکەشت کاری هەواڵگری بووە، بەڵام دەفەرمویت پەیوەندی نیە، بەهەر حاڵ شیکاریەکت بۆ دەکەم لەسەر دکتۆر میشێل نوستراداموس کە لەبنەڕەتدا خەڵکی فەڕەنسایە لە ساڵی۱٥۰۳ زایین لەوێ لەدایک بووە و لەساڵی ۱٥٦٦ زایین کۆچی دوای کردوە. لە ساڵی ۱٥٤٦ نەخۆشی طاعون ڕوویکردە ئەو وڵاتە خەڵکێکی زۆر لە ناوچون میشل نوستراداموس هەوڵی ئەوەی بوو کە دەرمانێک بدۆزێتەوە بۆ لەناوبردنی ئەو نەخۆشیە کوشندەیە، بەڵام بەداخەوە نەیتوانی تا کار گەیشتە ئەو ڕادەیەی منداڵ و ژنەکەی لەبەرچاویدا بەو نەخۆشیە مردن. لەدوایدا لە وڵاتی فەڕەنسا و بەگشتی لە ئەوروپا دا بڵاو بوویەوە کە جولەکە گەلێکی مەلعون و پیسن، پێویستە دەربکرێن تا خوا و مەسیح چیتر ڕقیان لێهەڵنەگرن. ئەویش ناچار ماوەیەک خۆی شاردەوە تا ئەوکاتەی پاشای فەڕەنسا هێنری بڕیاریدا جولەکەکان یان دەبێت ئەوروپا جێبهڵن یاخود دەبنە مەسیحی یان دەکوژرێن. نوستراداموس لە بنەماڵەیەکی جولەکە بوو ناچار بووە مەسیحی و ئاینی نەسرانی هەڵبژارد، وازی لە کارو پیشەی دکتۆری هێناو بوو بەفاڵ گرەوە و عەڕاف، خەریکی پێش بینی و پێشگۆی بوو بۆ خەڵکی. دوان لە پێش بینیەکانی ناو ناوبانگێکی زۆری دەرکرد لە ناوخەڵکیدا کە بریتی بوو لەوە بە شوانێکی ووت کە ئەو دەبێتە پاپای کاتۆلیکەکان و هەموو پادشاو ئیمپراتۆرەکان سوجدەت بۆ دەبەن، قسەکەی لەماوەیەکی کورتدا هاتەدی. ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی هێنری دووەم بانگی بکات لێی بپرسێت دەربارەی ژیانی خۆی و وڵاتەکەی ئەویش لەوڵامدا ووتی: کە بەدەستی سەربازێکی خۆت دەکوژرێیت و دەسەڵاتەکەت دەبات!
نیوەی پێش بینیەکەی ڕاست بوو..

موئەیەد: واتای چی کە نیوەی پێش بینیەکەی ڕاست بوو؟

ماکوان: واتا نیوەی هاتە دی، ئەویش ئەوە بوو کە لە ئاهەنگی بەشودانی کچەکەیدا لەکاتی یاریکردن سوارچاکی و ڕم بازیدا بە هەڵە ڕمێك بەر چاوی هێنری دووەم دەکەوێت کاریگەری لە سەر مێشک و مۆخی دروست دەکات و توشی شەلەل دەبێت و دەمرێت .
ئەمە بووە هۆکاری ئەوەی زیاتر ناو ناوبانگی دەرکرد، پاشان گەڕانێکی زۆر بەناو وڵاتانی ئیتالیا و یۆنان و تورکیا دا گەڕاو زۆریك لە قوتابخانە کۆنەکانی ئەو سەردەمەی بەسەر دەکردەوە، توانایەکی زانستی زۆر باشی هەبوو لە بوارەکانی پزیشکی و هەندەسە و فەلەك دا. ئەو کتێبەی کە نوسی زۆربەی زۆری لەسەر بوارەکانی ئەو سەردەمەدا نوسی، بەڵام لە دوایدا لە هەر سەردەمێکدا تەفسیرو تەئویلی جیاوازیان بۆ دەکرد، لەڕاستیشدا جێگای گومانە کتێبی لەو شێوەیە هیچ لە زانکۆکان گرنگیان پێنەدابێت؟!

موئەیەد: هەر بۆم ڕوون نەبوویەوە بۆچی لە پێش بینیەکانی درۆیە ڕاستی تێدا نیە ؟

ماکوان: وابزانم درەنگ تێدەگەی بەڕێزت ، پێویستت بەڕوونکردنەوەی زیاترە! گەڕۆکی ئەو زانایەو موعاناتی ئەشکەنجەو ناسۆری زۆر توانایەکی پێبەخشیەوە، ئەمەش بۆتە هۆکاری ئەوەی کە بتوانێت بنوسێت و بدوێت لە بوارەکاندا.

موئەیەد: بۆ هەر کەس ناڕەحەتی و ئازارو ئەشکەنجە بچێژێت زیرەك دەبێت ؟!

ماکوان: بەدڵنیایەوە بەتواناو زیرەك دەبێت و حاڵەتی دووەمیشیانت بۆت باس دەکەم ، ئەشێت پەیوەندی لەگەڵ جن و شەیطانەکاندا هەبووبێت و تا ڕادەیەکی باش توانیبێتی هەندێك کاری جادو و سیحر ئەنجام بدات و خەڵکی زیاتر باوەڕی پێبکەن و هەردوو بوارەکە بوبێتە هێزیك زیاتر ناوی بۆ دروست کردبێت، چونکە لەڕاستیدا کتێبەکەی هیچ سەرنج ڕاکێشانی تێدا نیە، بۆ نمونە لە کتێبەکەیدا بەناوی سەدەکان (Centuries) بەهیچ شێوەیەک باسی ١٠٠ ساڵ ناکات، بەڵکو باسی سەد چوارینەی شیعری دەکات، یاخود لە باسی هێستر(Hester) لە مانای هیتلەر لێکدراوەتەوە کە لەڕاستیدا ئەو مەبەستی پادشا ناسکەکانی ئەوروپای شەرقی بووە، یاخود هەموو ساڵێك لە مانگی دوانزەدا یادی لە دایك بوونی دەکەنەوە و پێشبینی ساڵ بەساڵی دەخوێننەوە و لەکاتێکدا هەموو کتێبەکەی پێك هاتوە لە ١٠٠٠ روباعی شیعری کە بە ١٠ سەدە جیای کردۆتەوە، ئەم دابەشە کراوە بەوەی کە گوایە باسی ساڵەکانی ٣٠٠٠ی کردوە گوایە دونیا کۆتای دێت و لە ساڵی ٢٠١٢ یەکێك لە پێشگۆیەکانی ئەوە بووە کە دنیا کۆتای دێت یاخود لەم ساڵەی کە من و تۆی تێدا دەژین ساڵی ٢٠١٧ جەنگی جیهانی سێیەم ڕوو ئەدا بۆ ماوەی ٢٧ ساڵ درێژە دەکێشێت! کە هەمووی درۆ دەرچوو هیوام وایە تێگەیشتبێتی؟

موئەیەد: تاڕادەیەك قسەکانی جێگای بڕوا پێکردنە، واتا مەبەستت ئەوەیە کە ئەمانە زۆربەی دروست کراوە بەناوی نوستراداموس و خۆشی بەشێك لەو توانایەی هەبووە بۆیە زانیاریەکان بەناویەوە کراوە؟

ماکوان: بەڵێ؛ وایە بەدڵنیایەوە چونکە بێجگە کتێبی سەدەکان خاوەنی چەند کتێبێکی پزیشکی و دەرمانسازیەو هاتۆتە وڵاتی ئەندەلوس لە قورطوبە لەگەڵ زاناکانی ئەوسەردەمەی موسڵماناندا ژیاوە ووە لە زانکۆی قورطوبە خوێندویەتی! کەسێکی بەتوانا بووە، لە کۆتای تەمەنیدا کە ژنێکی بێوەژنی خاوەن شەش منداڵی هێناوە زۆر دەوڵەمەند بوو لەدوای ماوەیەکی زۆر محاکمی تەفتیش بە شوێنیەوە بوو توانی خۆی بەوە دەرباز بکات ووتی من سیحر ناکەم، بەڵکو لە ئینجیل دەریدەهێنم و پەیوەندی هەیە بە حیساباتی ئەستێرەکانەوە.

موئەیەد: ئەی چۆن باسی سوتاندی شاری لەندەن دەکات، لەهەمانکاتدا شاری لەنەدەن دەسوتێت ؟

ماکوان : پێم وایە فەرەنسایەکان هەمیشە دژایەتی ئینگلیزیان دەکرد، لێرەدا بەهۆکاری ئەو جەنگ و ئاژاوانەی کە ڕوویداوە لە نێوانیان دا هەموو تانەو تەشەر و زیاتر لە شێوەی ڕق لێبونەوە نوسراوە دوای تەفسیر کراوە لەگەڵ واقعەکەدا.

موئەیەد: شۆڕشی فەرەنسا کەباس دەکات دژی کڵێسا ئەی بۆ ئەوەیان چی دەڵێیت ؟

ماکوان : هەر ئەوە دەڵێم ئەو ڕەوشە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی خوێندبوەوە کە ووردە ووردە خەڵکی دژی کڵێسا و بەگزادە و پاپاکان بوو ئیتر پێشبینیەکی سیاسی ناکەتە ئەوەی ئەم کەسە زانستی پەنهانی زانیبێت (علم الغیب).

موئەیەد بێدەنگ بوو بوو، چاوەڕێی ئەوەم دەکرد کتێبکەم بداتێ و بڕۆم، چونکە خەوم دەهاتو ماندوو بووم. بەڵام دۆش داما بوو منیش سەرم بەسەر تەلەفونەکەم دا شۆڕکردەوە. لەپڕ دوو کچە جوانە ئەڵمانیە سەرخۆشەکە خۆیان کرد بەناو هوتێلەکەدا و ڕووە و موئەید هاتن و بەئەڵمانی دەستیان کرد بە قسەکردن، بەمنی ووت: ماکوان وەرە ئەمانە میوانی منن دەچینە ژورەکەی من. من هەر خۆمم و ئەوانیش دوانن با ئێمەش ببین بە دوان!

ماکوان: ببورە من خاوەن ماڵ و خێزانم و کاری واناکەم .

موئەیەد: منیش خاوەن ماڵ و خێزانم ، خۆ لێرە نین وەرە سەرەوە!

ماکوان: ئەی خوای پەروەردگار و ئیسلام؟ زینا ناکەم ببورە ..

موئەیدە: یەك تەوبەیە و پاك دەبینەوە

ماکوان: گرنتی ژیانم ئەدەیتێ تا فریای تەوبە دەکەوم ؟

موئەیەد: بڕۆ کاتی ئەوە نیە ، حەز دەکەم دەعوەتی من بیت !

ماکوان : ببورە من ئەوکارە ئەنجام نادەم و تۆش ئەگەر موسڵمانیت لە خوا بترسە!
من هەڵسام و بەجێمهیشتن و هاتمەوە ژورەکەی خۆم دەست بەجێ دەستنوێژێکم هەڵگرت و چوومە سەر بەرماڵ بۆ ئەوەی هیچ مەجالێکی شەیتان لە دڵودەرونم دا نەمنێت.

دوای تەواو بوونم لە نوێژ دیسان خۆم سەرقاڵ کردوە بە تەلەفونەکەمەوە لە پڕ لە دەرگا درا
ووتم کێیە و چیت دەوێت؟

دەنگەکە : ماکوان من موئەیەدم دەرگاکە بکرەوە

چاوەڕوان بن چی ڕووئەدا...
به‌روار: 21/11/2019
بینین: 3737