چیرۆک
  مەملەکەتی شەیتان
ماکوان کەریم

کتێبی سێیەم
زنجیرەی ٦٦
دۆزینەوەی سەلامو اللە و لەدەستدانی ئاڵتونەکان

اللە بەخش تەلەفۆنی کردو داوای کرد لەگەڵ ئیقباڵ قسە بکات، دوای داخستنەوەی تەلەفونەکەیان ئیقباڵ ئەوەی باس کرد کە کۆمەڵیك لە ساحیرەکانی هیندستان بەجێگاکەیان زانیوە ئێستا داوای هەموو ئاڵتونەکان دەکەن، یاخود منداڵەکە دەکوژن. بێجگە لە منداڵەکە واز لەوانی تریش ناهێنن!

ماکوان: ئەی نەیووت ئێستا سەلامو اللە لە کوێییە؟
ئیقباڵ: نازانین، باوکم ژمارەکەی تۆی داونەتێ تەلەفون بۆ تۆ دەکەن.
ماکوان : ئێستا چی بکەین؟
کەس نەیدەزانی چی بکەین هەموومان بەدەوری خۆماندا هەڵدەسوڕاین و کابرای جولەکەش بەدیارمانەوە وەستابوو ، لەگەڵ حوسین قسەی دەکرد ئاگام لە سامان بوو زۆر دەترسا.
سامان: کاك ماکوان بڕوا بکە تازە ئەو هیندیانە واز لە ئێمە ناهێنن.
ماکوان: وەڵڵا سامان گیان ئەمە ژیانە یان ئەوەیە نابێت ڕەفیقایەتی من بکەیت یان ئەوەتا ژیان لەگەڵ من وەکو ڕەمزی لێدانی دڵە، ژیان بەرزو نزمە لای من. زۆر چالاکین لە ژیان دنیا هەموو کەس لەبیر بکات من لە بیر ناکات خۆشەویستی یەکین، جا مادام تۆش لەگەڵمدا هاوڕێیت دەبێت تەحەمولی بکەیت خۆ ئەگەر نایکەیت خوات لەگەڵ براکەم، تەنها ڕێزو خۆشەویستمان هەیە.
سامان: وەڵڵا بڵێم چی کاك ماکوان! من تازە ژنم هێناوە دەمەوێت ماڵ دروست بکەم، کێشەی خێزانیم زۆرە با کێشەی تریشم بۆ زیاد نەبێت، ئەگەر بەلاتەوە ئاسای بێت من حەزدەکەم ئەوچەند ڕۆژەی لێرەبوویت خزمەتم بکردیتایە بەس حەزم بەم کارە نیە و ماڵ ئاوایتان لێدەکەم !
ماکوان: زۆر ئاساییە براکەم خوات لەگەڵ عەزێتمان دایت بەس جانتای کاك ئیقباڵ و من دەهینینەوە لەماڵتان و دەڕۆین ماڵەکەت ئاوا بێت.
حوسێن: توڕە بوو دەستی کرد بە جنێودان بە سامان و تفێکی لێکرد ووتی: ماکوان تۆی نانەناسی خۆی خستە ناڕەحەتی و ئازار بۆ تۆ، ئەگەر یەک تۆز مەرد بویتایە ئاوا لەم کاتەدا جێت نەدەهێشت، تف داوەشێیت. ماکوان برای منە هەر ناهێڵم بێتە لای تۆ.
ماکوان: نا - سەیدا حوسین ئازادە کاکە بابڕوات ڕاست دەکات با تووشی کێشە نەبێت تازە ژنی هێناوە، وازی لێبێهنە با بڕۆین سامان سەرکەوە دێین بۆ لای تۆ جەنتاکانمان دەبەین و دەڕۆین.
سامان بێدەنگ بوو بوو، ووتی باشە بابڕۆین لە ڕێگاوە سەرەتا چووینە ماڵیان و دەستمان کرد بە جانتا کۆکردنەوە، خەریکی جەنتاکان بووم لەگەڵ ئیقباڵ دا هەرچەند دڵی زۆر پڕ بوو دەگریا بۆ سەلامواللە ، خەریکی چا دروستکردن بوو سامان لە خواریشەوە حوسێن چاوەڕێی دەکردین لەگەڵ کابرای جولەکە کە هوتێلێکمان بۆ بدۆزێتەوە.
سامان: هاتە لام و بەدەم گریانەوە ووتی کاك ماکوان زۆر زۆر داوای لێبوردن دەکەم نەدەبوو ئاوام بووتایە، لەوکاتەدا زۆر ترسام زۆر خەجاڵەتم ، ماڵی خۆتە تا مردن لەگەڵتم چۆن دەهێڵم بڕۆن بۆ هوتێل.
ماکوان: نا سامان گیان من ڕازی نابم چونکە نامەوێت بە بۆنەی منەوە توشی کێشەوە چەرمەسەری ببیت، لەبەر ئەوە من دەڕۆم و تۆش هیچ مەجبور نیت لەگەڵ کەسێکی غەریبە کە ئەفغانە خۆت پیاو خراپ بکەیت.

سامان: بەخوا ناڕۆن ئەگەر سەرم داناوە ناهیڵم بڕۆن، بابە قسەیەك بووکردم زۆر هەڵە بووم ئیتر شەکری وا ناشکێنم و ناهێڵم بڕۆن مەگەر بەسەر لاشەمدا هەنگاو بنێن.
ماکوان: ئاخر سامان من تەحەمولی قسەیەکی تری ئاوا ناکەم یان لەهیچ شتیك لەگەڵماندا بەشدار مەبە یان برایەتیمان بکە.
سامان: ئەوخەمە سەر سەرو سەر چاوم، تۆ هەرچی بڵێت لە خزمەتام.
ماکوان : بڕۆ حوسێن و ئەو جوە بانگ بکە سەرەوە و لای ئەویش بڵێ من ناهێڵم ماکوان بڕوات، ئەو قسەیەم کرد لەوکاتەدا لەسەر خۆم نەبووم چۆن دەستیان لێ هەڵدەگرم.
سامان: باش هەر ئێستا..
چوو حوسێن و جولەکەکەی بانگ کردە سەرەوە لە خواریشەوە حوسێن ئەوەندەی تری پێکردبوو، بەڵام هاتنە سەرەوە.
حوسێن: هیچ خەمت نەبێت ماکوان شوقەیەکم بۆ پەیدا کردوویت بچۆ ناوی.
سامان: تەواو باسی ئەو مەوزوعە مەکەن، ماکوان ماڵی خۆیەتی.
ماکوان: دەستان خۆش بێت، حەز دەکەم تۆزێک موجامەلەی ئەم جولەکە بکەم حوسێن بڵێ ماکوان دەڵێت ناوت چیە؟
حوسین: ناوی ڕافێ یە خەڵکی هۆڵەندایە..
ماکوان: زۆر سوپاسی بکەن کە بەدەمانەوە هات و بە جێی نەهێشتین پێشی بڵێ لەم کێشەیە دەرچووین ئاڵتون شتەکان زۆرن بێجگە ئەم بەکەسی تری نادەین.
ڕافێ سوپاسی منی کرد و ووتی: من دەگەڕێمەوە بۆ هۆڵەندا ،ئاقڵ بوو لەبەرچاوی هەموویاندا تەلەفون کارتی خۆی دامێ کە ئەوە دەلالەت بوو کە من ڕاستەوخۆ پەیوەندی پێوە بکەم و حوسێن لە یاریەکە بکاتە دەرەوە!
زۆر سوپاسم کرد و ووتم: کارتەکە بدە بە حوسێن ئەو برا و پشتی منە لەوی وەردەگرم لای ئەو نافەوتێت، کەوام ووت حوسێن زۆری پێخۆش بوو زانی پیاوی خیانەت نیم!
حوسێن و ڕافێ ڕۆیشتن ئیقباڵ زۆر بەکەساسی دەگریا، منیشی خستە گریان.
سامان: ماکوان تۆ دەگری؟
ماکوان : من بۆ گریانی ئیقباڵ دەگریم، ئەو باوکە و منیش باوکم هەست بە ئازارو ناڕەحەتی و ئەو سوێیەی کە هەیەتی ئەی چێژێت!
سامان: وەڵڵا وامزانی لەژیانتا ناگری تۆ، ئەوەندە ڕەق هاتیتە بەرچاوم!
ماکوان: براکەم خۆ من ڕۆبۆت نیم منیش مرۆڤم هەستو سوزو نەستی خۆمم هەیە، لەوانەیە ئەو ئازارانەی کە من چەشتومە تۆ هەر پەیت پێنەبردبێت.
من بۆ گریانی زۆر کەس دەگریم.
من کە عەرەبانچیەك دەبینم پاڵ بەعەرەبانەکەیەوە دەنێت بۆی دەگریم، چونکە هەڵسوکەوتم لەگەڵیدا بووە ئەزانم هێزی ئەو لەدەستیدا نیە، هێزی ئەو لە منداڵەکانیایەتی کە لەماڵەوە چاوەڕێی نانی ئێوارە لەو دەستە زبرانەی دەکەن. من هەموو کاتی بارانێك دەگریم، چونکە دەزانم هەزاران کرێکار لەبەر باراندا بلۆك دەخنە سەریەك و جبلەی چیمەنتۆ دەکەن و وەستاکانیان بەجنێودان پێیان دەڵێن خێراکەن بارانەکە چیمەنتۆکەمان خەساردەکات.
من دەگریم کاتێك بەفر دەبارێت ئەگەر لێم پرسن بۆچی دەگریت بە درۆ دەڵێم یادگاریەکانی سلێمانیم بیر دەکەوێتەوە، بەڵام درۆ دەکەم بۆ ئەو ماڵە هەژارانە دەگرم کە نەوت لەچراو زۆپاکەیاندا نیە و ماڵەکانیان بێ تاپۆیەو شوشەی پەنجەرەیان نیە، من ئاوا دەگریم.
من دەگریم کاتێك گەنجێك دەبینم بەلای مێزێکەوە دانیشتووە کارتی مۆبایل دەفرۆشیت و لەگەڵیشیدا پیلی سەعات دەگۆڕێت، چونکە هەموو ئاوات و خۆشیەکانی لە سەرمێزەکەی هەراج دەکات، زۆر بە بەهێزیش خۆی نیشان ئەدات. من دەگریم بۆ ئەو پیاوە پیرانەی کە تەزبیح دەفرۆشن یاخود لفکە یان شقارتە دەفرۆشن، بۆ ئەو ژنانە دەگریم کە لە بازاڕدا کنگر و دەستگێڕن، من چەند جار لەماڵی خۆماندا قسەم پێووتراوە لەبەر ئەوەی هەرچی پارەم پێبووە داومە بەو ژنە دەستگێڕانە. ووتویانە تۆ شێت بوویت ماکوان بۆ وادەکەیت؟ ئەوان بێئاگان لەوەی من بە گریانەوە لێیان دەکڕم و دەڵێم پێش ئەوەی لە باوەشی شەرواڵ پیسێکدا گەرمیان بێتەوە بابڕۆنەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا بەو پارە گەرمیان بێتەوە لە ناو کەسوکارەکەیاندا. من دەگریم بۆ ئەوکچانەی کە باوکیان پارەی نیە جلو بەرگی قوتابخانەو قردێلەی بۆ بکڕێت.
بڕوا ناکەم بەڕێوبەری پۆلیس و ئاسایش و ئەندام پەرلەمان و دەسەڵاتدارو ئەوانە بگرین، چونکە ئەوانی من باسم کرد خۆم بینیومە بۆیە دەگریم، بەڵام ئەوان نەیان بینیوە ئەوان دەریان دەکەن لەسەر سکی ئەوان دەژین یان لەسەر دەنگیان بەرز دەبنەوە.
من چۆن نەگریم ، لەبەردەممدا منداڵێکی سوڵکەر ئەمرێت ، ئەزانی بۆچی سامان گیان مرد منداڵە سوڵکەرەکە ؟

سامان: نەوەڵڵا؟
لەبەر ئەوەی دایکی بۆ ئەوەی بگری و سواڵی پێ بکات برسی دەکرد تا منداڵەکەی لە براساندا مرد. یەشتا ناگریت لەگەڵمدا فرمێسك بەچاوتاندا نایەتە خوارەوە کە گەنج بە لارە ملی زانکۆو پەیمانگاکانیان جێهیشت لەبەر کوڕان و کچانی ورگ زلەکان.
ئەزانی بۆچی ڕەقیشم؟
سامان: نەوەڵڵا کاک ماکوان گیان؟
لەبەر ئەوەی زۆر کەسم بینی باسی شەرەفی دەکرد کەچی خۆی بێشەرەف ترین کەس بوو، زۆری تر باسی دەستپاکیان دەکرد دزو جەردە دەرچوون. خەڵکم بینی باسی داوێن پاکی دەکرد دوای بۆم دەرکەوت خۆی داوێن پیسترینە، زۆرم بینی باسی نیشتیمان پەروەری دەکرد کەچی خۆی جاش و نیشتیمان فرۆش دەرچوو، زۆری ترم بینووە ..
ئەوەی سەرەتا باسم کرد دڵم نەرم دەکات و دەمگرینێت بەشی دووەمی قسەکانی تریشم دڵم رەق دەکات و دەموەستێنێت، ئەمانە ماکوانیان دروست کردوە. بۆیە بڕیارمداوە هەتا ماوم پشتی هەژارو فەقیرو کوڕی چاك بم، چونکە خۆم لەوانم هەتا بۆشم بکرێت ئەوانەی تر ببغوزێنم، چونکە بێشەرەف و داوێن پیسو جاش و خاك فرۆشن.

لەم قسانەدا بووین لە پڕ زەنگی تەلەفونەکەی من لێیدا لە هیندستانەوە، یەکێك بە ئینگلیزی قسەی دەکرد دەنگی لە ئەمیتا باباجان و شامی کاپور دەچوو، بە ئینگلیزیەکی هیندی قسەی دەکرد منیش ئینگلیزیەکەم دوکەڵ دەکات ناچار ووتم ستپۆپ، ئاماژەم کرد بۆ سامان ووتم ئینگلیزیت باشە؟
سامان: نەوەڵڵا؛ منیش هیچی لێنازانم.
ماکوان: ئیقباڵ تۆ دەزانی؟
ئیقباڵ: خوبە، خراپ نیم.
دامە دەستی و دایان بەیەکەدا من و سامانیش بە دیاریەوە وەکو تەلەفزیۆن تەماشامان دەکرد، بەسامانم ووت وەرقەو قەڵەمێکی بۆ بێنە با دوای قسەکانی بیر نەچێتەوە بینوسێت و تۆماری بکات، تەلەفونەکەی منیش تۆماری دەکرد دەنگ ئۆتۆماتیکی .
کە تەواو بوو پرسیم چی بووە ئیقباڵ؟
ووتی: داوای ئەو ئاڵتون شتانە دەکەن کە دەرمان هێناوە.
ماکوان: ئی بردویانە، بڵێ سەلامو اللە مان بۆ بهێننەوە بیبەن بۆ خۆتان.
ئیقباڵ: بەس سەلامو اللە یان بردوە ئاڵتونەکەنیان لا نیە!
ماکوان: چۆن شتی وا دەبێت درۆ دەکەن، ئەی لە کۆڵە پشتەکەی سەلامو اللە نەبوو؟
ئیقباڵ: بەڵێ وابوو، بەڵام من فێرم کردبوو ئەگەر شتێك ڕوویدا جەنتاکە فڕێداتە جێگایەک یاخود بیشارێتەوە و شوێنەکەی بزانێت.
ماکوان: کەواتە لە باخچەی ئاژەڵەکان سەلام فڕێی داوە!
ئیقباڵ: ئەقڵم بۆ ئەوە دەچێت هەر وابێت.
ماکوان: تەلەفون بکە بۆ اللە بەخش بزانە کۆتا قسەیان لەگەڵ ئەو چییە بووە؟
لەدوای ئەوە قسەی کرد بۆی باس کردم هەر ئەوەندەیان ووتوە ئەو شتانە دەستان کەوتووە دەبێت بیدەن بە ئێمەو بیگەڕێننەوە بۆمان ئێمە خاوەنی ئەو گەنجینیەیەن.
ماکوان: واتا اللە بەخش نەیوتوە چەندەو چیەو چۆنە؟
ئیقباڵ: نا؛ هەر ئەوەندەی ووتوە ئەوەی دەریان هێناوە ناردویەتی بۆ ئەوروپا!
ماکوان: کەواتە تەلەفونیان بۆ بکەرەوە دڵنیا بەرەوە کە ئاڵتونیان بەدەست گەیشتووە، ئەگەر ووتیان نا هەوڵدە بەزمانی اوردو بەسەلامو اللە بڵێ چی کردوە لە جەنتاکە ، ئەوان تێناگەن ؟
ئیقباڵ: اوردو نزیکە لە هیندیەوە، با بە فارسی بیڵێم باشترە!
ماکوان: من نازانم گرنگ ئەوەیە بزانین چی کردوە لە جانتاکە.
بە تەلەفونەکەی من زەنگی داو لەگەڵ جەماعەتی هیندستان قسەیکرد ووتی چاوەڕێ بکەن تەلەفونتان بۆ دەکەین.
ماوەیەکی پێچوو کەسێکی هیندی تەلەفونی کرد و دامە دەست ئیقباڵ ژمارەکە بەلجیکی بوو، ئیقباڵ دەستی کرد بەگریان لەگەڵ سەلامو اللە قسەی کرد، منیش خەریك بوو دڵم ئەتەقی بۆیە دانەیەکەم کێشا بەسەری ئیقباڵ دا ووتم کاتی ئەوە نیە بڵێ جانتاکەت چی لێکردوە با رزگاری کەین.
لەگەڵ سەلامو اللە قسەی کرد دیاربوو قسەی لێ وەرگرتبوو جێگاکەی زانی بوو، بەڵام خۆزگە هەر نەمانزانبایە. فڕێی داوەتەو بەشی پڵنگە تیگەرەکان . جا ئیقباڵ زۆر بەخۆشی ووتی: ماکوان دۆزیمەوە لەو جێگایەدایە.
منیش تەماشایەکم کرد و ووتم: دڵت بەچی خۆشە خۆ ئێستا دەزانین کەسەلامو اللە ماوە، بەڵام ئەوەی بچێت بۆ ئەو جێگایە بەساغی نایەتەوە. ئەزانی لەکوێدایە لای ٦ پڵنگی تیگەرە هێزی یەك پیاکێشانی ١٠٠ بۆ ١٥٠ کیلۆیە!
سامان: ئەی باوکە ڕۆ نۆرەی ئەم فلیمەیە!
ئیقباڵ: ماکوان چی بکەین باشە؟
ماکوان: نازانم؛ تەلەفونی حوسێنم بەرێ.
سامان: لام نیە
ماکوان: با بچین بۆ لای ئەو بۆ دۆنەرەکەی، هەڵساین بەرەو لای ئەو کەوتینە ڕێ لە دڵی خۆمدا دەمووت حەزە، سەسیلوی سەسیل ، راقی سابونی ڕەقی ، برقان وەکو بەرق وەرن ئیشم پێتانە، هیچ نەبوو کەس نەهات بەدەمانەوە.
چوین بۆ دۆنەرەکە لەوێ ڕافێ دانیشتبوو، چومە لای ڕافێ و حوسێن هاتە لامان، "بە پێکەنینەوە" بەحوسێنم ووت: بڵێ ڕافێ دەڵێن ئێوەی جولەکە زۆر ڕەزیلن ڕاستە؟ کە بۆی تەرجومە کرد دەستی کرد بە پێکەنین.
ڕافێ : ئێوە دەعوەتی منن، ئەوە جولەکەی هۆڵەندا و ئەوروپا نین ڕەزیل بن ئەوە جولکەی ئیسرائیلن!
ماکوان: حوسێن پێی بڵێ ئیسرائیلی خۆش دەوێت؟
ڕافێ: نا- دژی ئیسرائیلم
ماکوان: کەواتە هاوڕێ و ڕەفیقین.
ڕافێ: موسڵمان ڕقی لە جولەکەیە ڕاستە ماکوان؟
ماکوان: ڕاستە ڕقمان لە جولەکەی سەهیۆنی و ئیسرائیلەیە نەك لەبەر ئەوەی جولەکەیە، نا لەبەر ئەوەی فەلەستینی داگیرکردوە، هەروەکو ئێمەی کورد ڕقمان لە تورك و عەرەب و فارسە نەك خەڵکەکەی، بەڵکو دەسەڵات و سیستەمەکە، جا جولەکە ئەهلی کیتابن و لەماڵیشیاندا نان دەخۆین و ژنیشتان لێدەخوازین واتا حەزمان بە خزمایەتیتان هەیە.
ڕافێ : ڕاستە وایە ئەوانە دەزانم دراوسێی موسڵمانم هەیە لە هۆڵەندا خەڵکی باشن.
باسەکەم گێڕایەوە بۆ جەماعەت کە جانتا ئاڵتونەکە نەگیراوە ، بەڵکو لە جێگایەکدایە لە باخچەی ئاژەڵان لەناو بەشی پڵنگە تیگەرەکان دا، چۆ ن بچین بیهێنن؟ مەبەستیشمە شەوی بەسەردا تێپەڕ نەبێت پێویستمان بە منداڵێکە بچینەوە ئەو جێگایەو بەو کەسانە بڵێین ئەوە جەنتای منداڵەکەمانە نەیزانیوە فڕێیداوتەوە ئەو جێگایەو بۆمان من بهێننەوە. بێجگە لەو ڕێگا چارەیە کەس چارەی تری لایە تا ئەو منداڵە ڕزگار بکەین؟
حوسێن: ئێستا من منداڵەکەی خۆم دێنم و دەڕۆین.
کەچووینەوە بۆ باخچەی ئاژەڵان من و حوسێن ئەو بانەی کە دەیکەینە دەستمان یەشتا فڕێمان نەدابوو بۆ پرسگەکەمان باسکرد کە چی ڕوویداوە، ووتی نیو کاتژمێری تر پڵنگەکان دەکەنە ژوورەوە بچن بیدۆزنەوە و بزانن منداڵەکە فڕێیداوەتە کوێ.
چووین هەموو جێگا کە گەڕاین لە بن دارێکدا دۆزیمانەوە سەلامو اللە فڕێی دابوو.
دامە دەستی ئیقباڵ و ووتم کوڕەکەتی پێ ڕزگار بکە.

چاوەڕێم بن کارێکی خراپ ناکەن ..
به‌روار: 26/11/2019
بینین: 1160