هەواڵ و ڕاپۆرت
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی:
هامنۆ هورامی


بەشی نۆیەم:

ڕەخنە دەگرنەوە:

پاش ئاشکرا بوونی سەرەداوی گەیشتنی هەواڵی ڕووداوە سەرسوڕهێنەرەکە بە یەهود، لێرەدا پێویستە هەندێك لە دیارترین ئەو ڕەخنانە بهێنینە بەر باس کە لەو بەرهەمانەدا لەم ڕووداوە گیراون.

ئەم بەڕێزانە ڕەخنەی فرەیان لە زنجیرە دراماکەی یارانی ئەشکەوت گرتووە و فرە لەسەر فیلادلفیا ڕادەوەستن، دەیانهەوێت بەم هۆکارە ڕووداوەکە لە ئوردون ببەنەوە دەرەوە و بیگێڕنەوە بۆ ئەو شوێنەی کە مەسیحییەکان بڕوایان پێیەتی کە ئەویش بریتییە لە ئێفیسوس.
دیارە کە ناوچەی ئوردون ناوچەیەکی گەلێك گرنگی مەسیحی و یەهودییەکان بووە، ماوەیەکی فرەیش لەوێ ماونەتەوە، هەمان ئەو جێیەیە کە پەیامبەرێکی وەکو (لوط) تێیدا ماوەتەوە، هەروەها فیلادەلفیس و پەللا و گەدەرین و گەراسین لە کۆی ناوچەی دە شارەکە پێك دەهێنن، ئەم دە شارە بە گریکی پێیان دەگوترێت (دیکاپۆلیس)، لەو شارانەدا گریکییەکان دەژیان بە سەربەخۆیی، دەکەوتنە ڕۆژهەڵاتی دەریاچەی جەلیل (تەبەڕیە) و ڕووباری ئوردون، پەیوەندی نەتەوەیی و ئابووری ڕامیاری و ڕۆشنبیریان بە یەکدییەوە هەبووە، لە ئوردنیشەوە درێژ بووەتەوە بۆ باشووری سوریای ئەمڕۆ پێکهاتبوو لەم شارانە:
فیلادەلفیا (عەممانی ئێستا) - Philadelphia
جرش – Gerasa
بيسانSkythopolis -
ديـون Dion -
هبوس - (Hippos (Sussita
قنوات - Canatha
أم قيس - Gadara
رفنـا - Raphna
طبقة فحـل - Pella
دمشق - Damascus

ئەم ناوچەیە نێوەندێکی ڕۆشنبیری ڕۆمانی – گریکی بووە و لە نێوان زەریای سامی (نەبتی، ئارامی، یەهودی)، کۆی گشتیان دەگەڕێنەوە بۆ ئەو دەمەی کە گریکییە مەکدۆنییەکان هێرشیان کردە سەر خۆرهەڵات و پاشان شارستانییەتی هێلینستی سەرهەڵدا، هەندێکیشیان پاشتر دروست کران، واتە پاش مردنی ئەلێکسەندەری مەکدۆنی و سەردەمی دەسەڵاتی بەتڵیمۆس و بەتاڵیسمەکان، وە هەندیکیشیان لە1 سەردەمی سلۆکییەکاندا کران کە ئەمانیش هەر گریکی بوون، جێی ئاماژەشە هەم سلوکی و هەم بەتالیسمییەکانیش پاشماوەی دەسەڵاتە گریکییەکەی ئەلیکسەندەرن.
نزیك بووە لە ناوچەی جەلیل کە دەکاتە باکووری فەڵەستینی ئێستا کە ئەودەم عیسای مەسیح (ﷺ) تێیدا دەژیا و هەر بەو ناوەشەوە دەناسرا، دە شارەکەش کەوتبوونە خۆرئاوا و باکووری خۆرئاوای ئوردونی ئێستا، هەر لە کاتی بوون بە پەیامبەری مەسیحەوە بەشێك لە خەڵکی دە شارەکەش بڕوایان پێی هێناوە، ئەمەیش لە ئینجیلی مەتتا: ئیسحاحی ٤: بڕگەی ٢٣ – ٢٥ دەڵێت:
"ئینجا عیسا به‌ هه‌موو جه‌لیلدا ده‌گه‌ڕا، له‌ كه‌نیشته‌كان خه‌ڵكی فێر ده‌كرد و مزگێنی پاشایه‌تییه‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یاند، هه‌رچی نه‌خۆشی و هه‌رچی نه‌ساغی نێو خه‌ڵك هه‌بوو، چاكی ده‌كردنه‌وه‌.
له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌نگوباسی ته‌واوی سوریای گرته‌وه‌، ئه‌وانیش هه‌موو نه‌خۆشێكیان ده‌هێنایه‌ لای، به‌ جۆره‌ها ده‌رد و ئازاره‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ گیانی پیسیان تێدا بوو و فێدار و ئیفلیج بوون چاكیكردنه‌وه‌.
جا خه‌ڵكێكی فرە له‌ جه‌لیل و ده‌ شاره‌كه‌ و ئۆرشه‌لیم و یه‌هودیا و ئه‌وبه‌ری ئوردون دوای كه‌وتن".

کەواتە خەڵکی ناوچەکانی خۆرئاوای ئوردون هەر لە سەرەتای ڕاگەیاندنی پەیامی مەسیحەوە بە تەنگییەوە بوون نەك ئێفیسوس کە هێشتاکە پەیامەکەی بە جوانی پێ نەگەیشتووە!
هەروەها خودی مەسیح چووەتە ناوچەی دە شارەکەوە و بەتایبەت بۆ شاری جەراسین (گەراسین - گەدەرین) و لەوێ کۆمەڵێك کرداری سەرسوڕهێنەری کردووە کە خەڵکەکە بڕوای پێ بهێنن!
لەم بوارەشدا ئینجیلی مەرقۆس: ئیسحاحی ٥: بڕگەی ١ – ٢٠ دەڵێت:
"ئینجا گه‌یشتنه‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، بۆ هه‌رێمی گه‌راسین.
كاتێك عیسا له‌ به‌له‌مه‌كه‌ دابه‌زی، یه‌كسه‌ر له ‌نێو گۆڕستان پیاوێكی تووشبوو گیانی پیسی تێدابوو،
له‌ناو گۆڕستاندا ده‌ژیا، كه‌س نه‌یده‌توانی چیتر بیبه‌ستێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ زنجیریش.
فرە جار به‌ كۆت و زنجیر ده‌به‌سترایه‌وه‌، به‌ڵام زنجیره‌كانی ده‌پچڕاند و كۆته‌كانیشی ده‌شكاند، كه‌س نه‌یده‌توانی به‌سه‌ریدا زاڵ بێت.
شه‌و و ڕۆژ به‌رده‌وام له‌ نێو گۆڕستان و له‌ چیاكاندا بوو، هاواری ده‌كرد و به‌ به‌رد له‌شی خۆی بریندار ده‌كرد.
كاتێك له‌ دووره‌وه‌ عیسای بینی، ڕایكرد و كڕنۆشی بۆ برد.
به‌ ده‌نگێكی به‌رز هاواری كرد: چیت له‌ من ده‌وێت، ئه‌ی عیسای كوڕی خوای هه‌ره‌به‌رز؟ سوێندت ده‌ده‌م به‌ خودا، ئه‌شكه‌نجه‌م مه‌ده‌!
چونكه‌ عیسا پێی فه‌رمووبوو: ئه‌ی گیانی پیس، له‌ پیاوه‌كه‌ وه‌ره‌ ده‌ره‌وه‌!
ئینجا لێی پرسی: «ناوت چییه‌؟»
پێی گوت: «ناوم لێگیۆنه‌، چونكه‌ ئێمه‌ زۆرین.»
زۆریش له‌ عیسا پاڕایه‌وه‌ نه‌یاننێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی ناوچه‌كه‌.
له‌وێ ڕانه‌ به‌رازێكی گه‌وره‌ له‌ قه‌د شاخه‌كه‌ ده‌له‌وه‌ڕان،
گیانه‌ پیسه‌كان له‌ عیسا پاڕانه‌وه‌: بماننێره‌ ناو به‌رازه‌كان، با بچینه‌ ناویان.
ئه‌ویش ڕێی پێدان. گیانە پیسه‌كان هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ و چوونه‌ نێو به‌رازه‌كان، ئینجا ڕانه‌كه‌ كه‌ نزیكه‌ی دوو هه‌زار ده‌بوون، به‌ خێرایی له‌ قه‌راغی شاخه‌كه‌وه‌ بۆ ناو ده‌ریاچه‌كه‌ هه‌ڵدێران و خنكان.
به‌رازه‌وانه‌كان ڕایانكرد، هه‌واڵیان دا به‌ شار و كێڵگه‌كان. خه‌ڵكه‌كه‌ش هاتن تاكو ببینن چی ڕوویداوه‌.
هاتنه‌ لای عیسا، بینییان ئه‌وه‌ی له‌شكرێك گیانیی پیسی تێدابوو، دانیشتووه‌ و پۆشته‌یه‌ و بە ئاوەزە‌، جا ترسان.
ئه‌وانه‌ش كه‌ بینیبوویان چی به‌سه‌ر به‌رازه‌كان و كه‌سه‌كه‌ هات كه‌ گیانی پیسی تێدابوو، ڕووداوه‌كه‌یان بۆ خه‌ڵكه‌كه‌ گێڕایه‌وه‌.
ئیتر ده‌ستیان به‌ پاڕانه‌وه‌ كرد له‌ عیسا هەتاكو له‌ ناوچه‌كه‌یان بڕوات.
كاتێك عیسا سواری به‌له‌مه‌كه‌ ده‌بوو، ئه‌وه‌ی گیانی پیسی تێدابوو، لێی پاڕایه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵی بێت.
ڕێگای نه‌دا، به‌ڵكو پێی فه‌رموو: بڕۆ نێو ماڵ و كه‌سوكاره‌كه‌ت، بۆیان بگێڕه‌وه‌ په‌روه‌ردگار چی بۆت كردووه‌ و چۆن به‌زه‌یی پێتدا هاته‌وه‌.
جا ڕۆیشت و له‌ ده‌ شاره‌كه‌ ده‌ستی به‌ جاڕدانی گشت ئه‌وه‌ كرد كه‌ عیسا بۆی كردبوو. گشتیان سه‌رسام بوون.".

کەوایە خودی ئەم ناوچەیە باشترین شوێن بووە بۆ وەرگرتنی ئەو بانگەوازەی کە مەسیح بۆی کردووە و ناوچەیەك بووە خەڵکەکە مەسیحیان تێدا ناسیوە و پێیشنەیەکی باوەڕی بەهێزی هەبووە، بەدەر لەوەی کە نزیکیش بووە لە نیمچە دوورگەی عەرەبییەوە و بۆ یەهودییەکانیش ئاسانتر بووە کە ئاگاداری بابەتەکە ببن.
به‌روار: 09/10/2020
بینین: 1107