وتار
  ڕۆژی حساب..
هەژار نامیق

لە مێژوو زۆرن ئەو بەرپرسانەی دوای مردنیشیان ناویان بە نەمری ماوەتەوە ، زۆرن ئەو بەرپرس و پادشا و کاربەدەستانە کە هەمیشە بە جوانی و باشی ناویان ئەهێنرێت لە مێژوو ، هیچ کەسێک هێندەی فیرعەون دەسەڵاتی نەبووە تا ئەوەی دەگاتە ئاستی تەحەدا کردنی خوا و دەڵێت من خودام ، هیچ کەسێکیش هێندەی قارون دەوڵەمەند نەبووە تا ئەوەی هێندە لووت بەرز دەبێت خۆی و خوا لەبیر ئەکات ، هیچ کەسێکیش وەک نەمرود نابێت...هتد ئەمانە ئەو فەرمانڕەوایانە بوون کە لە مێژووی مرۆڤایەتی لە پاش سەدان و هەزاران ساڵ هێشتا ناویان ئەهێنرێت ...
لە مێژووی هاوچەرخ و نوێ خۆمان ئەمانە کەم نین ، سەدام و قەزافی ، بن عەلی ، موبارەک ...هتد زۆبوون ئەوانەی کە زوڵم و ستەمیان گەشتبووە لووتکە بەڵام مەست و سەرخۆش و بێ ئاگا ڕۆژی حساب دێت و چاوپۆشی ناکات ..

جا بۆ زیاتر بە چێژکردنی بابەتەکە دەڵێن : پاشایەک لە سەرە مەرگ ئەبێت کوڕی نیە و دەبێت جێنشینێک دیاری بکات ئەویش مەرجى ئەوە دادەنێت هەرکەسێک شەو لە ناو ئەو قەبرەی بۆ پاشا هەڵکەنراوە بخەوێت ئەیکەنە پاشا بەڵام هیچ کەسێک ناوێرێت تا ئەوەی هەژارێک پەیدادەبێت و دەڕواتە ناو قەبرەکەوە ، بۆریەکى بۆ دادەنێن تا لەوێ بتوانێت هەناسە هەڵمژێت ، شەو خەوی لێ دەکەوێت و دوو فریشتە (نکر ، منکر) دێن و لێ دەپرسن تۆ گوێدرێژێکت هەبوو بۆ هێندە ئازارت ئەدا ؟ بۆ بارێکى قورست ئەخستە سەرشانی ؟ بۆ خواردنت وەک پێویست نەدەدا پێ ؟بۆ ....هتد .

ئیتر لە گەڵ هەر پرسیارێک شەقێکى تێهەڵئەدرێت بەیانى خەبەری ئەبێتەوە خەڵک دێن تا پاشای نوێیان لە قەبر دەربهێنن هەرئەوەی کە هەلی بۆ دەڕەخسێت ڕادەکات خەڵک دەڵێن پاشا بۆ کوێ دەڕۆیت ئەویش دەڵێت من لە سەر گوێدرێژێک هێندەم پێ کرا ئەبێت ببمە بەرپرسی وڵات چێم لێ بکەن ؟
ڕۆژی حسابی هەموومان دێت جا پاشا بیت یان گەدا! بەهێز بیت یان لاواز، جوان بیت یان ناشیرین ،..بەڵام ئافەرین بۆ بەرپرسێک کە خۆی بۆ ئەو ڕۆژە ئامادە کردبێت کە لە مێژوو ناوی بە نەمری بهێنرێت کە باسی چاکەکانی بکرێت کە ڕێزی لێبگیرێت نەوەک بە زیندوویش ڕۆژانە دەیان و سەدان ووشەی نەشیاوی پێ بووترێت ، ڕەنگە سەبر و ئارامی ئێمە کەم و کورت بێت بەڵام یاسای ژیان وایە ئەو کاتەی سەرخۆشی ئەو کاتەی لووتبەرزی هەموو ژیانتی داگیرکردووە ئەو کاتەی خۆت لە بیرکردووە ئەو کاتەی مرۆڤایەتیت لە دەست داوە ، گوێیەکانت کەڕ و چاوەکانت کوێر و زمانت لاڵ بووە لە ئاستی ناخۆشی و نەهامەتی میللەتەکەت ئەو ڕۆژە ڕۆژی حسابت دێت ئەوانەی لە ژیان نەمان و ملیان چوە پای سێدارە ، ئەو سەرکردانەی پارچە پارچە کران ئەوانە بوون بە سەرخۆشی و بێ ئاگایی خەویان لێ کەوت بەڵام ژیان دوو وەرزە ، وەرزێکى خەزان و وەرزێکى شکۆفایی ،لەهەردوو حاڵەتەکە هەر ئەبێت وەرزەکە کۆتایی بێت لەوانەیە وەزرێکیان زیاتر بخایەنێت بۆ چەند ساتێک کەم بەڵام یاسای گەردوون وایە ئەبێت کۆتایی بێت ...
هیوادارم ڕۆژی حسابمان هێندە پاک بێت نەکەوینە بەر شەق شەقێنی میللەتمان .
به‌روار: 26/01/2021
بینین: 903