تیرۆریزم و یه‌كێتی ئه‌وروپا
به‌هرۆز جه‌عفه‌ر
له‌چوارچێوه‌ی دانوستانه‌كانی پلانی شومان (Schuman Plan) كه له ساڵی (1950) له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتن بۆ پێكهێنانی كۆمه‌ڵه‌ی خه‌ڵوزو ئاسنی ئه‌وروپی دامه‌زرا. قۆناغه‌كانی دروستبونی یه‌كێتییه‌كی ئۆروپیانه،بۆئه‌وروپای دوای جه‌نگ گه‌لاَڵه بوو، ئه‌ڵمانیا وه‌ك ناوك و دڵی ئه‌وروپا له‌سه‌ره‌تاوه،له‌مپه‌رێكی سروشتی كێشه‌ی سه‌ره‌كی به‌رده‌م دروست بونه‌كه بوو، بێ ئه‌ڵمانیا نه‌له‌ڕووی جوگرافییه‌وه،نه له‌ڕوی كه‌لتورو شارستانییه‌تی خۆرئاواوه.نه‌ده‌گونجا شتێكی وا بكه‌ن..ئه‌وروپا له له‌دوای جه‌نگ له‌گه‌ڵ زه‌وی یه‌كسان بوون،له‌ڕووی ئابورییه‌وه پرۆژه‌ی (مارشاڵ) بۆسه‌رله‌نوێ بیناكردنه‌وه‌ی، له‌چوارچێوه‌ی پلانێكی جه‌نه‌راڵ (جۆرج مارشاڵ) سه‌رۆك ئه‌ركانی سه‌روه‌ختی دووه‌م جه‌نگی جیهانی سوپای ئه‌مریكادا هاته‌كایه‌وه،تیایدا (13) ملیار دۆلاری ئه‌مریكی ته‌رخانكرا بۆ (ڕێكخراوی هاوكاری ئابوریی ئه‌وروپی).له‌ڕووی سیاسییشه‌وه هاوپه‌یمانێتیه‌كان ڕۆڵیان بینی .له‌ئاستی ئه‌وروپا خۆشی‌دا هێشتا ئه‌ڵه‌مانه‌كان خه‌ریكی سه‌رله‌نوێ خۆپڕچه‌ككردنن.سوپاكه‌یان وه‌گه‌ڕئه‌خسته‌وه... سه‌ره‌تا ویستی یان "كۆمه‌ڵه‌ی به‌رگریی ئه‌وروپی " دروست بكه‌ن. تیایدا ویلایه‌ته یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا پێشنیاریكرد ،له‌چوارچێوه‌ی په‌یمانی ئه‌تڵه‌سیدا.سوپایه‌كی هاوشێوه‌ی ئه‌وه‌ی ئه‌ڵمانیا دروست بكه‌ن،ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر كۆنترۆڵی ئه‌مریكا (USA) دا بێت،ئه‌مه‌ش بریتی یه له (ڕێكخراوی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی) .
حكومه‌تی فه‌ڕه‌نسی پێشنیاره‌كه‌ی ئه‌مریكای ڕه‌تكرده‌وه،له‌جێگای ئه‌وه پلانی بلیفین (Pleven Plan) ی له (1950) دانا. بلیفین ئاماژه‌یه بۆ ناوی سه‌ره‌كوه‌زیرانی پێشوی فه‌ڕه‌نسا .تیایدا داوائه‌كات سوپایه‌كی یه‌كگرتوو دروست بكه‌ن،له‌سه‌ربازی هه‌موو ئه‌و ولاَتانه‌ی كه‌به‌شدارن،به‌مه‌رجێك ڕاسته‌وخۆ له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی به‌گریی ئه‌وروپیدا بێت .هه‌ردوو ئه‌م پێشنیاره له جێی خۆیدا وه‌ك هه‌وڵێك مایه‌وه . ئینجا ده‌ستی یان برد بۆ دروستكردنی كۆمه‌ڵه‌ی ئابوریی ئه‌وروپی (The European Economic Community ) .كه‌خۆی له‌نه‌مانی سنور‌و باج و گومرك و...بابه‌تی دیكه‌ی ئابورییدا ئه‌بینییه‌وه .ماوه‌یه‌كی زۆر به‌بێ وه‌ستان هه‌رجاره‌و له‌ولاَتێكی ئه‌وروپی په‌یماننامه‌یه‌ك ده‌به‌ستراو،چه‌ند ولاَتێك په‌یوه‌ندییان ئه‌كرد به‌پرۆژه‌كه‌وه.. دوای نزیكه‌ی (42) ساڵ له‌م هاتن و چونه،سه‌ره‌نجام له‌ماسترێختی هۆڵه‌ندا په‌یماننامه‌یه‌كی گرنگ له (دیسه‌مبه‌ری 1991) به‌سترا ،به‌ناوی "ڕێككه‌وتننامه‌ی ماسترێخت". به‌پێی به‌نده‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنه،یه‌كێتی ئه‌وروپا دروسته‌بێت و،ئه‌كه‌وێته‌سه‌ر سكه‌ی كاركردنی خۆی له‌ڕووی :
( دروستكردنی یه‌كێتیه‌كی ئابوری و نه‌قدی بۆ بابه‌تی گومركه‌كان و قه‌رزه‌كان و كورتهێنان و،مامه‌ڵه‌كردن به‌یه‌ك جۆری پاره‌ی یه‌كگرتوو له‌ئه‌وروپا كه یۆرۆیه).هه‌روه‌ها (دانانی سیاسه‌تێكی ده‌ره‌كی و ئه‌منی هاوبه‌ش –ئه‌مه‌ش هه‌ربه‌پێی په‌یماننامه‌ی ماسترێخت كه هاوكاری سیاسیی و ئه‌منی تیا ڕێكخراوه) .ئه‌وسا (دیموكراسییه‌ت و چه‌سپاندنی حوكمی یاسا له‌په‌رله‌مانی ئه‌وروپاو دروستكردنی لیژنه‌ی چاودێریی بۆی) ئینجا (پرسی ناسنامه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا و داد‌و نێوخۆیی و سه‌راحیاته ده‌ره‌كیه‌كان و گه‌شه‌سه‌ندنه‌كانی تر) .به‌ڕوانین له‌شێوازی كه‌وتنه سه‌رخۆی یه‌كێتیه‌كه ، كاتی به‌ستن و جێبه‌جێكردنی په‌یماننامه‌ی ماسترێخت،ده‌رئه‌كه‌وێت هه‌تا دیواری به‌رلین نه‌ڕوخاو ئه‌ڵمانیای ڕۆژئاوا‌و ڕۆژهه‌لاَت یه‌كیان نه‌گرته‌وه،هه‌تا یه‌كێتی سۆڤییه‌ت هه‌ڵنه‌وه‌شایه‌وه ،كه‌تیایدا (16) ده‌وڵه‌ت بانگی سه‌ربه‌خۆییان دا.ئه‌وروپاییه‌كان نه‌گه‌یشتنه به‌خته باشه‌كه‌ی خۆیان..به‌جۆرێكی تر هێشتا مرۆڤی ئه‌وروپی له‌ژێر ترسی سوپای سۆڤێتی و جه‌نگێكی ترسناكی تردا،بیریان ئه‌كرده‌وه .كه‌دواجار بونه تاقه یه‌كێتیه‌ك كه‌له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وان سه‌ركه‌وتنی تر نییه..بڕوانه یه‌كێتی عه‌ره‌ب و جامیعه‌كه‌یان ؟ سه‌یری یه‌كێتی ئه‌فریقا بكه‌ن ؟ ته‌ماشای كوردوستانی گه‌وره بكه‌ن بێ یه‌كێتین ؟ ئه‌وه‌ش یه‌كێتی سۆڤیه‌ت بوو له‌ژێر فشاری جێبه‌جێ نه‌كردنی ئایدۆلۆژیای ئیشتراكی و گه‌نده‌ڵی و ڕزانی به‌ڕه‌كه‌ی گۆرباجۆف دا، وه‌ك خۆی سه‌ری نایه‌وه .
له‌ساڵی (1991) ه‌وه،جه‌نگی سارد كۆتایی هات و،پێش ئه‌مریكا ئه‌وروپا ئاهه‌نگی گه‌وره‌ی گێڕا،ئه‌و هه‌له‌ی لێی ده‌گه‌ڕا،هاته به‌رده‌ستییان،زۆری نه‌كێشا دوای ئه‌م وه‌رچه‌رخانه گه‌وره‌یه، به‌گشتی سێ چریكه‌ی گرنگ به‌سه‌ر جیهاندا سێبه‌ری ترسناكی كێشا ..یه‌ك : ڕووداوی (11ی سێپته‌مبه‌ر) لێدان له شاده‌ماری ئابوریی خۆرئاوا‌و عه‌نته‌رترین هێزی سه‌ر زه‌وی .به‌هۆی لێكه‌وته سلبییه‌كانی گڵۆباڵیزه‌یشنه‌وه .دوو : به‌هاری عه‌ره‌بی .په‌ڕینه‌وه‌ی ئاگره‌كه بۆ سنوری ئۆكرانیا‌و ڕووسیا .هاتنه‌وه‌ی ڕوسیا بۆ ناو یاریگای جیهانی و داواكردنی پشكه‌كانی خۆی .سێهه‌میشی هاته سه‌ر : سه‌رهه‌ڵدانی داعش و ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی خه‌لافه‌ت له‌عێراق و سوریاوه،دواتر هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌هێزه ئیقلیمییه‌كان .
• ستراتیجی سه‌ره سێگۆشه
له وێنه‌ی ستراتیجی سه‌ره سێگۆشه‌دا،هه‌موو لاكانی دی وه‌كو (بنكه‌ی سێگۆشه‌كه،لایه‌كسانه‌كانی سێگۆشه‌كه) ڕۆڵ ئه‌بینن .به‌لاَم نوكی سێگۆشه (حه‌ربه) كه كاری سه‌ره‌كی ئه‌نجام ئه‌دات .بۆ نمونه: بازاڕی هاوبه‌شی ئه‌وروپی (سوق مشتركه اَوروبی) یان (سیاسه‌ت و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وروپا) یاخود مامه‌ڵه‌داراییه‌كان له‌ئاستی (28) ده‌وڵه‌ته ئه‌ندامه‌كه‌ی،ده‌ره‌وه‌ی خۆشی ڕۆڵی ئێجگار گه‌وره له‌ڕه‌فاهیه‌ت و پاراستنی ئاسایشی تاكی ئه‌وروپیدا ئه‌گێڕن .به‌لاَم نوكی حه‌ربه‌كه،بریتی یه له ڕێكخراوی په‌یمانی باكوری ئه‌تڵه‌سی (NATO) (The North Atlantic Treaty Organization) كه نوێنه‌رایه‌تی سیاساتی دیفاعی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌كات و، توركیاش تیا ئه‌ندامێكی كارایه .بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هه‌ر هێرش وهه‌ڕه‌شه‌یه‌كه، كه مه‌ترسییه بۆ سه‌رئاسایشی ئه‌وروپاو ئه‌ندامه‌كانی .
له‌ئێستادا ناتۆ له به‌رده‌م ته‌حه‌ددیاتی گه‌وره‌دا وه‌ستاوه،توێژه‌ره ئه‌وروپییه‌كان پرسیاری ستراتیژیی دوور مه‌دا له ئاینده‌ی خودی (NATO) دا ئه‌بینن..ئه‌وسا شه‌ڕی ئه‌فغانستان كه‌به‌م هاوپه‌یمانێتییه سپێرراوه..ئینجا نه‌فه‌قاتی ڕێكخراوه‌كه .له‌مانه‌ش سه‌ره‌كیتر كه ناتۆ پێوه‌ی په‌یوه‌سته پرسی هاوپه‌یمانه‌كانێتی له ئه‌وروپای ناوه‌ڕاست و ڕۆژهه‌لاَتدا .ئۆكرانیا ئه‌مڕۆكه كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی جموجوڵه‌كانی كۆماری ڕوسیای فیدراڵه‌وه (دوژمنه سه‌رسه‌خته‌كه‌ی ناتۆ)..زۆری نه‌برد ئه‌وا داعش‌یش وه‌ك گروپێكی سه‌له‌فی جیهادی توندڕه‌و هاته بانی .
• كۆنستراكتیڤیزم و په‌یوه‌ندییه ده‌ره‌كییه‌كانی ئه‌وروپا .
ده‌یان و بگره،سه‌دان تیۆر له‌چوارچێوه‌ی زانستی په‌یوه‌ندییه نێو-ده‌وڵه‌تییه‌كاندا هه‌یه. سێ دانه له‌وانه له‌ئه‌نجامی كه‌ڵه‌گه‌بون و یه‌كگرتنی كۆمه‌ڵێك ئایدیا،بونه‌ته ئایدۆلۆژیا‌و قوتابخانه‌ی سه‌ره‌كی .كه (ماركسیزم،لیبراڵیزم،كۆنستراكتیڤیزم) ن .جه‌وهه‌ری فكره‌ی ماركس بریتییه له ئابوریی ،فه‌لسه‌فه‌كه‌شی باس له چینایه‌تی ئه‌كات ...لیبراڵیزمیش ئه‌وه‌یه كه باسی (ئازادی تاك و،بازاڕ ،خۆشبه‌ختی و....هتد) و ئه‌وشته میسالیانه ئه‌كات .
كۆنسراكتیڤیزم (بنائیه- Constructivism) ،لای ئه‌وروپییه‌كان بوو به ئایدۆلۆژیای سه‌ره‌كی و باكگراوه‌ندێك كه ڕێبازی كاركردن و ڕه‌فتاره‌كانیان دیاری ئه‌كات .ئه‌مه نه ماركسیزمه،نه لیبرالێزمه، له‌وه‌تای دروستبونی ئه‌م دیدگایه بۆ سیاسه‌تكردن و ئیداره‌ی جیاوازییه‌كان له‌ده‌ره‌وه‌و ناوه‌وه، تا ئێستا قازانجی هه‌ره گه‌وره‌ی بۆ یه‌كێتی ئه‌وروپا به‌بێده‌نگی فه‌راهه‌مكردووه .ئێستاش له‌ڕۆژهه‌لاَت و شه‌ڕی داعش دا هه‌مان ڕێگه به‌كارئه‌هێنن .له‌ڕووی واتاوه (كۆنستراكتیڤیزم) پتر واتایه‌كی فێركردن و په‌روه‌رده‌یی و مه‌عرفی تاكه‌كانه،به‌لاَم له‌ڕووی سیاسییه‌وه (بینائیه‌ت) یانی كاركردن به‌و شێوه‌یه‌ی : ئاشتی و ئازادی و ئاوه‌دانی و گه‌شه‌پێدان له‌ناوه‌وه ،یاریكردن و خه‌ڵك سه‌رقاڵكردن و شه‌ڕنانه‌وه و شه‌ڕكردن له‌ده‌ره‌وه ،دیموكراتیه‌ت و خۆشبه‌ختی بۆ خۆمان .جه‌نگێكی نه‌رم و به‌رده‌وام بۆ ئێوه‌ی شه‌رقییه‌كان . فایله‌كانی به‌رده‌ست یه‌كێتی ئه‌وروپا له‌م ڕه‌هه‌نده‌وه زۆرن،یه‌كێك له‌وانه ڕێككه‌وتننامه‌ی ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی (5+1) ه.سه‌باره‌ت به‌پرسی چه‌كه ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران .یه‌كێكی تر له‌وانه مشاوه‌ره‌تكردنه له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی هاریكاری كه‌نداو (مجلس التعاون الخلیجی) له به‌گژاچونه‌وه‌ی تیرۆر له‌عێراق .هه‌ڵبه‌ت به‌ده‌ستێكی تر له‌گه‌ڵ كه‌رتی غه‌ززه‌و ئیسرائیل مامه‌ڵه ئه‌كات .هه‌روه‌ك ده‌ستوه‌ردانی ڕاسته‌وخۆی له‌ڕێگه‌ی هێزی (ناتۆ) ه‌وه بۆ لێدان له‌رژێمه‌كه‌ی (قه‌زافی) و كۆتایی پێهێنانی بینرا .هه‌موو ئه‌م چالاكییه زۆر زۆرترانه‌ش،له‌وه‌وه دێت كه گرنگترین پره‌نسیپی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌وه‌یه: ده‌سه‌لاَته‌كانی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی سپاردووه به داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تیی له‌ئه‌وروپا .
• دۆسیه‌ی داعش له‌موسڵه‌وه بۆ برۆكسل ..
ئه‌مجاره‌یان،باسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌مماس و فه‌تح و كه‌تائیبی به‌در و ئه‌ماره‌تی قه‌وقازی ئیسلامی نییه،خزبوللاَی لوبنان نییه،تاڕاده‌یه‌ك ڕێكخستنه‌كه‌ی پێشوی قاعیده‌ش نییه له‌عێراق . ئه‌مه فایلی حزبی شیوعی فلیپینی یان حزبی شیوعی هندی و سوپای ڕزگاریخوازی بلوشستان نییه،كه‌هه‌موو ئه‌مانه له‌لیستی تیرۆردان له‌ئه‌نجومه‌نی ئاسایش و ولاَته یه‌كگرتوه‌كان و یه‌كێتی ئۆروپادا .
داعش: گروپێكی هه‌ڵتۆقیو،له‌سه‌ره‌تاوه بگره تائێستاش زۆر له‌یه‌كه سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه هه‌ر نه‌یانزانی، ناسنامه‌و ئامانج و پشتیوانانی كێن .هه‌بوو ده‌یگوت: سعودییه‌و قه‌ته‌ر .هه‌ندێك ده‌یانگوت: ده‌ستكردێكی توركی-ئیسرائیلییه..هه‌ن لایانوایه ئێران و عێراق دروستی‌یان كرد تا فشاری (داعش) له‌سه‌ر ئه‌سه‌د سوك بێت و،ڕای گشتی جیهانی له‌سه‌ر شۆڕشه‌كه‌ی سوریا لابده‌ن،كه ده‌یان هه‌زار كه‌س به‌دڕنده‌ترین شێوه تیا كوژران و ولاَت به‌ده‌ر كران .هه‌یه لایوایه ئه‌مه‌ی داعش ئه‌یكات جێبه‌جێكردنی هه‌قیقه‌تی ئه‌حكامه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامییه،ئیسلامیش ئه‌مه‌یه كه داعش په‌یڕه‌وی ئه‌كات و ئه‌م ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه جارێكی تر فه‌تحكردنی ناوچه ئیسلامییه‌كانه،كه له‌ڕێگه‌ی ئیختراقكردن و ئیختلالكردنه‌وه،ڕۆژئاوا داگیری كردووه .به‌ده‌م خوێندنه‌وه‌ی مه‌زه‌نده‌ی ئه‌قڵه‌وه بۆی ،له‌ماوه‌ی ته‌نها ساڵێكدا (داعش) توانی سه‌رتۆپی هه‌موو میدیا لۆكاڵی و جیهانییه‌كان داگیربكات و،سه‌رقاڵیان بكات به‌خۆیه‌وه .
له‌سه‌ره‌تای (2014) ه‌وه هێڵه سنورییه‌كانی (عێراق-سوریا) و پارێزگای ئه‌نبار و فه‌للوجه‌ی به‌ڕووبه‌ری (138500 كم) چوارگۆشه داگیركردووه .له‌سه‌ره‌تای چالاكییه‌كانییان قائیدی فیرقه‌ی 7 (عه‌مید موحه‌مه‌د الكروی و جێگره) كه‌یان كوشت،ئه‌وسا هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر زیندانی ئه‌بوغرێب وه‌ك گه‌وره‌ترین زیندان تیایدا سه‌دان تیرۆریستیان ئازادكرد و،سه‌دان پاسه‌وانی زیندانه‌كه‌شیان كوشت .ئینجا به (6) تیرۆریسته‌وه له (15/12/2013) دایان به‌سه‌ر شاری كه‌ركوك دا‌و،باره‌گای هه‌واڵگریی حكومه‌تی عێراقییان له‌و شاره بۆچه‌ند كاتژمێرێك گرت،هه‌ر ئه‌وكاته ده‌ركه‌وت كه دووبه‌ره‌یی و لاوازیی هێزی سه‌ربازیی و ئاسایشی كورد له‌وشاره چه‌ند لاوازه،به‌ڵكو هه‌ر زوو له‌وپرسه‌دا شه‌ڕه ده‌نوكی حزبی ده‌ستی پێكرد (هێشتا نوخبه‌ی كورد و ده‌سه‌لاَتی سیاسیی و میدیاكانی هه‌ر بی ئاگان!!) ..
ئه‌م پرسه هه‌ر به‌نیمچه كراوه‌یی مایه‌وه،تا له (10/6/2014) داعش ده‌ستی گرت به‌سه‌ر ستراتیجیترین و چواره‌م گه‌وره‌ترین پارێزگای عێراق (موسڵ) دونیا شڵه‌ژا،یه‌ك سیاسیی عێراقی به‌سه‌رۆكوه‌زیرانیشه‌وه نه‌یانزانی هۆكاری هاڕه‌كردنی زیاتر له (2) فیرقه‌ی گه‌وره‌ی سه‌ربازی و هه‌ڵهاتنی سوپا‌و فه‌رمانده‌كانی چین !!.چه‌كه قورس و سوكه‌كان،فڕۆكه‌خانه‌ی موسڵ و بانكه‌كان كه‌وتنه ده‌ستی داعشه‌وه،مه‌سیحییه‌كان نیوه‌ی هه‌ڵهات و ئه‌ودواشی كه‌وته ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ربڕین و كوشتنه‌وه..موسڵ (یه‌كێك بوو له‌ویلایه‌ته‌كانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی كه له‌ساڵی (1879) پێكهێنرا .به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر ئه‌توانرێت بوترێت موسڵ تاقه هۆكاری داڕشتنی ڕێككه‌وتنامه‌ی (سایكس بیكۆ-1916) یه .مێژوونووسه عه‌ره‌به‌كان و كورده‌كان و ته‌نانه‌ت به‌ڵگه‌نامه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ی گه‌لان (عوسبه‌تولئومه‌م) كوردوستانی بونی موسڵیان سه‌لماندووه .له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقی (2014) ه‌دا،له‌كۆی (28) كورسی پارێزگاكه بۆ (5) لیست كورد توانی له‌سه‌رئاستی پارێزگای موسڵ/نه‌ینه‌وا (8) كورسی به‌ده‌ست بهێنێت كه (6) یان هی (پ.د.ك) و (2) دانه‌شیان هی ئێزدی و شه‌به‌كه.به‌مه‌ش له‌دوای لیستی موته‌حیدونه‌وه به‌پله‌ی دووه‌م دێت ..له‌به‌ر گرنگی شوێنه‌كه‌ی و نه‌وت و سامانه ستراتیجییه‌كه‌ی،له‌ته‌واوی مێژوودا ئه‌م ناوچه‌یه نه‌ك بۆ عێراق،به‌ڵكو به‌ردی ژێر كۆڵه‌گه‌ی ڕۆژهه‌لاَتی ناوه‌ڕاست بووه،موسڵ چۆن بجوڵێت گۆڕانكاریی گه‌وره ڕووئه‌دات ..دوای ماوه‌یه‌كیش له‌شه‌ڕی موسڵ پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌كاتی سه‌ردانیكردنی وه‌زیرێكی حكومه‌ت له‌به‌ره‌ی خوارووی كه‌ركوكه‌وه ،وتی : ئه‌مه حاڵ نییه پێشمه‌رگه تیایه‌تی،نه نان هه‌یه نه ئاو،لیوایه‌ك لێره‌ین بی كه‌ی سی یه‌كمان پێ نییه "..كه‌س به‌هاواریانه‌وه نه‌چوو . !!. ( هێشتا نوخبه‌و سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد‌و میدیاكه‌ی له‌نیه‌ت و ئامانج و پشتیوانانی داعش هه‌رنه‌گه‌یشتون !!).
ڕۆژی (3/8/2014) قه‌زای شنگال و ناحیه‌كانی ڕه‌بیعه‌و زوممارو سنونێ و خانسۆر و وانكێ، به كه‌متر له (3) كاتژمێر كه‌وته ده‌ستی داعش و نه‌توانرا تۆزێك به‌رگری تیا بكرێت،تاخه‌ڵكه‌كه‌ی ڕزگاریان بێت،تیایدا زیاتر له (3000) هه‌زار كوردی ئێزدی به‌ده‌ستی تیرۆریستان شه‌هیدبون و،سه‌دان كچیش له‌بازاڕه (ئیسلامییه‌كان) دا فرۆشران ..هه‌ر به‌ته‌نها به‌رگری نه‌كردنه‌كه‌ی هێزه حزبییه‌كانی باشور تاوان نه‌بوو، به‌ڵكو بێهۆشی و بێ زانیاری و نه‌بونی پێشبینی ئه‌وه‌ی كه‌داعش په‌لاماری ئه‌م شوێنانه ئه‌ده‌ن ،به‌مه‌نتقی سیاسه‌ت دووجار تاوانێكی گه‌وره‌تره...ڕۆژی (6/8/2014) ش له سه‌عات ( 1 ی پاشنیوه‌ڕۆ) ه‌وه داعش هێرش بۆ هه‌ردوو قه‌زای تلیكێف و حه‌مدانییه‌و ناحیه‌كانی گوێرو باشیك (به‌عشیقه) گۆگجه‌لی و به‌رتله‌و خازر ده‌ست پێ ئه‌كات،فه‌رمانده‌كانی سوپا بێ به‌رگریكردن ڕائه‌كه‌ن .(هێشتا هه‌ر سه‌ركردایه‌تی سیاسیی و نوخبه‌و میدیای كورد و شه‌قامیش هه‌ر بێ ئاگان !!) .هه‌مان شه‌و ووته‌بێژی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا (مای هارف) ووتی: به‌په‌له بڕیاری هێرش كردنمان بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش دا،چونكه به لێخوڕینی سه‌یاره ته‌نها (35) كیلۆمه‌تر له‌هه‌ولێری پایته‌خته‌وه دووربون .!!..به‌دوایدا به‌ریتانیا و فه‌ڕه‌نسا یه‌كسه‌ر پاڵپشتی ته‌واویان ده‌ربڕی،ئینجا كۆماری چیك و ئه‌ڵه‌مانیاو هۆڵه‌ندا .. جارێكی تر له (برۆكسل) یه‌كێتی ئه‌وروپا،به‌گه‌رمی سه‌رقاڵی ئه‌م پرسی به‌گژاچونه‌وه‌ی خولێكی دیكه‌ی مامه‌ڵه‌كردنه له‌گه‌ڵ تیرۆر.بڕیاری پڕچه‌ككردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی داوه ،ڕه‌نگه له‌ڕێگه‌ی هێز (ناتۆ) ه‌وه ڕاسته‌وخۆ له‌چه‌كدارانی داعش بده‌ن .پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ئه‌وه ئێمه‌ین له‌دیبلۆماسییه‌ت و قه‌ناعه‌ت پێهێنانی سیاسیی و په‌یوه‌ندیماندا وا سه‌ركه‌وتو بوین،دونیای پێشكه‌وتوو خۆشی ئه‌وێین له‌سه‌رمان به‌وه‌لاَم دێن ؟ ئه‌مه چی یه ڕووئه‌دا !!.ئه‌وه ئێمه‌ین عاله‌می خوا پشتگیریمان ئه‌كه‌ن !! بۆچی ؟. ئه‌گه‌ر ئه‌مریكاو ئه‌وروپا نه‌بن ئێمه چی بكه‌ین ؟.
خواستی ئه‌وروپا وایه، شه‌ڕی به‌رده‌وام و نه‌رم نه‌رمی خۆی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ترین ڕێكخراوی تیرۆریستی به‌كورده‌كان بكات ..ئه‌مه شه‌ڕی یه‌كێتی ئه‌وروپا (European Union) شه..جارێك بۆ پاراستنی ناسنامه و ئاسایشی خۆی له‌ناوه‌وه،جارێكیش بۆ پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی و به‌رگریی له‌سیاسه‌ته‌كانی له‌ده‌ره‌وه،كۆتاجاریش ده‌مێكه له‌خه‌یاڵدان و بۆڵه بۆڵی ناوه‌نده ئه‌وروپاییه‌كاندا،ئه‌وه ده‌بیستین كه‌ئه‌وان خاوه‌نی لانكه‌ی شارستانییه‌ت و ته‌كاندان به‌پێشكه‌وتنی ڕه‌وتی مرۆڤایه‌تین،چیتر ئه‌وه‌نده پێویستیان به هاوڕییه‌تی زۆر له‌مه زیاتری ئه‌مریكایه‌ك نییه كه لافوگه‌زاف لێبدات .پرسی تیرۆر پرسێكی جیهانییه،به‌گژاچونه‌وه‌شی كۆده‌نگییه‌كی جیهانی ئه‌وێ .تیرۆریزم و جیهانگیریی ئاوێته‌ی یه‌كتر بون،ئامرازه‌كانی گڵۆباڵیزه‌یشن كه‌به‌رهه‌می خۆرئاوان،ئێستا ئامراز‌و چه‌كی ده‌ستی گروپه توندڕه‌وه‌كانن. كۆی ترسناكی ئه‌م شریته و تێگه‌یشتن لێی،تائه‌ندازه‌یه‌كی زۆر ئه‌وه‌یه: داعش ئه‌زانێت چی ئه‌وێت و بۆچی هاتووه .ئه‌وه‌شی به‌وریایی ئه‌مه‌ی دیراسه كردووه خۆرائاوایه.به‌داخه‌وه له‌به‌ر كۆمه‌ڵێك هۆكاری زاتی و به‌رژه‌وه‌ندیی حزبی و كه‌سیی ئێمه ئه‌وه‌مان بیرچۆیه‌وه،چیمان ئه‌وێت و بۆچی هاتوین ..!!.
به‌روار: 19/08/2014
بینین: 1341
|