توێژینه‌وه‌
  یارانی ئەشکەوت٫ ئەفسانەیە یاخود ڕاستییەکی مێژوویی
هامنۆ هەورامی
بەشی پێنجەم:

ناواخنی ڕەخنەکە:

ناواخنی بابەەتەکەی کە ئەو بەڕێزانە باسیان لێوە کردووە، بەشێکی دیکە لە نووسەرە ڕەخنەگرەکان لە چوارچێوەیەكدا دەرناچیت و چەق دەبەستێت، ئەویش دوانە دەربارەی ئەو درامایەی کە لە وڵاتی ئێران بەرهەم هات دەربارەی ئەم ڕووداوە، دیارە دراماکە لە ڕووی فەرهەنگییەوە بەرهەمێکی تەواو ناوازە و کەم نموونەیە، وێناکەی بە جۆرێکە دەتگەڕێنێتەوە بۆ ئەو دەمە، لەگەڵ ئەوەیشدام کە کێشەی مێژوویی تێدایە، دیارە ئەمەیش بۆ بابەتی هونەری و زادەی خەیاڵی سینارێست و دەرهێنەر دەگەڕێتەوە، هەر بۆیە ئەو نووسەرە هەڵوەستەیەکی فرە دەکات لەم بارەوە و فلادلفیای کردووەتە مۆڵگەی گومان ڕژاندنەکەی، چونکە ئەوەنەی بۆ جەنابیان گرنگ بووە هەڵوەستە بۆ ئەم شارە بکەن، ئەوەندە گرنگ نەبوو کە دەربارەی ئەشکەوتەکەی ئوردون و تورکیا بخێتە ژێر پرسیارەوە، هەر بۆیە ئەمە خۆی لە خۆیدا گومانێکی زەقی بۆ توێژینەوەکەی ئەم بەڕێزە دروست کرد، چونکە تەنانەت بۆ فەرمانڕەواکانی ڕۆمانیش، هێندەی ڕەخنەی لە نێوە هەڵە براوەکانی دراماکە گرتووە، هێندە مەبەستە بنەڕەتییەکەی نەگەیاندووەتە دەست ئێمە.

وەك پێشتر گوتمان پەروەردگار شوێنەکەی بە تایبەتی پێ نەگوتین، چونکە مەبەستە پەروەردەییەکە بۆ ئێمە گرنگتر بووە وەك لە وردەکارییەکانی دیکە، بەڵام ڕەخنەگران دەچن بە دووی وردەکارییەکاندا، ئەمەش نەك بۆ تێگەیشتن، بەڵکو هۆکارە سەرەکییەکە ڕکەبەرایەتیانە لەگەڵ ئیسلامدا.
ئەوەی جێگەی داخە لەلام، نووسەری ئەو بابەتە کە خۆیان شارەزاییەکی باشیان لە کەلەپوور و پەرتوکی یەهودییەکاندا هەیە، کەچی ئەمەیان نەکردووەتە دەروازەی تێگەیشتن لە باسەکە و تەنها شێوە سەرەتاییەکەی باسەکەیانی باسکردووە و نەچووەتە نێو ناواخنییەوە، بۆیە من گەلێك بە پێویستی دەزانم دەروازەی گەنجینەکە بکەینەوە.
ئێستا دەگەڕێینەوە بۆ ڕابردوو، دەچینەوە سەردەمی پەیامبەر لە مەککە (صلی الله علیه وسلم)، بیر بکەرەوە هێشتا سورەتی الکهف نەنێردراوە، لە (یثرب)ـدا کە پاشان بووە مەدینەی مونەوەرە و هێشتا موسڵمانان بۆی نەچوون، یەهودییەکان بوونیان هەیە کە لەلای کورد زیاتر بە جوو ناسراون، ئەمانە دابەش بوونەتە سەر سێ هۆز بە نێوەکانی (بەنی قوڕەیزە، بەنی نەزیر، بەنی قەینوقاع)، دەسەڵاتێکی فراوانیان هەبووە لە شارەکەدا.
بێگومان بنەڕەتی ئەم هۆزەش لەسەر ئایینی یەکتاپەرستی بوون و بە خاوەن پەیامی ئاسمانی (ئەهلی کیتاب) ناسراون، ئەمانە خاوەن فەرهەنگ و زانیارییەکی فرە بوون دەربارەی ئایین، زانیویانە ساتی هاتنی ئەو پەیامبەرەیە کە یەهود چاوەڕێین.
قوڕەیشییەکان بەو حوکمەی بازرگانیان کردووە لە نێوان شام و یەمەندا، نێوی ئەم یەهودیانەیان بیستووە، هەر بۆیە لەم ساتەدا بیر لەوە دەکەنەوە پرس بەم یەهودیانە بکەن کە ئایا بەڕاست ئەم محمدە پەیامبەرە (ﷺ)؟

ئەم باسە لە زۆرینەی ڕاڤە و سیرەکەدا بوونی هەیە، دوو کەسیان دەنێرنە یەسریب و دەچنە لای یەهودییەکان، ئامانجیشیان لەوەیە کە لە ڕاستی ئەم بانگەشەیە حاڵی ببن، ئەوانیش سێ پرسیار دەکەنە بەڵگە بۆ ئەوەی کە بسەلمێت ئەم زاتە کە محمدە (صلی الله علیه وسلم) ڕاست دەکات یاخود نا، سێ پرسیار، دڵنیاببن ئەگەر ئەم یەهودییانە ئەم سێ پرسیارە بە گرنگ و زەحمەت نەزانن نایکەنە تاقیکردنەوە بۆی، ئەوانیش ئەم سێ پرسیارەن:

یارانی ئەشکەوتی ڕەقیم کێ بوون؟
ئەو پیاوە کێ بوو کە توانی خۆرهەڵات و خۆرئاوا بگەڕێت؟
گیان (ڕۆح) چییە و چی لێ دەزانیت؟

هۆکاری ناردنی سورەتەکەش ئەمە بووە کە ئێمە لێرەدا کارمان بە دوو پرسیارەکەی دیکە نییە.
ئەمەش مەزنترین دەمکوتکەری بووە بۆیان، بەڵگەیەکی بەهێزی پەیامبەریش بووە کە ڕاستگۆ بووە، بۆ دوو گروهیش جێگەی سەرنجە، یەکەم یەهودییەکان کە خاوەنی پرسیارەکەن، دووەمیش هاوبەشدانەرەکان کە عەوداڵی پرسیارەکان بوون، هەربۆیە بە دڵنیاییەوە لەگەڵ هاتنی ئەم سورەتەدا جۆرە سەرسوڕمانێکی بۆ هەردوولا دروست کردووە.

به‌روار: 01/10/2020
بینین: 982
په‌ڕه‌یله‌ 13
ژماره‌ی بابه‌ت