22/07/2016
•
ژمارەی بینین: 1394
•
نوسەر: شوان هەورامی
كوده‌تای توركیا و دووڕوویی جیهانیی و ناوچه‌یی هه‌ڵوێستی خۆرئاوا
كوده‌تای توركیا و دووڕوویی جیهانیی و ناوچه‌یی
( 2 )
هه‌ڵوێستی خۆرئاوا له كوده‌تا
بێزاریی خۆرئاوا له ئه‌ردۆغان و توركیای ( AKP ) له‌وه‌دا نیه كه ئه‌و وڵاته مه‌ترسیی بێت بۆ سه‌ر ئاشتیی جیهانیی ، ئه‌وه نیه كه ئابووریی وڵاتی وه‌كو یۆنانی دراوسێی تووشی داڕمان كردبێت ، بۆ ئه‌وه نیه كه دیموكراسیی له توركیادا پاشه‌كشه‌ی كردبێت ، به‌ڵكو هه‌موو پێچه‌وانه‌ی ئه‌و خاڵانه راستن ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی خۆرئاوای نیگه‌ران كردووه ئه‌وه‌یه پاشخانی فیكریی ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی له ئیسلام و شارستانیه‌تی ئیسلامییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه ، ته‌نانه‌ت ڤلادیمیر پۆتین له كاتی قه‌یرانی فڕۆكه رووسیهكهدا رایگه‌یاند كه كێشه‌ی ئه‌وان له‌گه‌ڵ توركیادا زۆر له خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌یه‌ك گه‌وره تره ، ئه‌ویش به ئیسلامیی كردنی توركیایه له لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه !!
ئه‌گه‌ر سه‌رنجێكی هه‌ڵوێسته‌كانی سیاسه‌تمه‌دارانی خۆرئاوا بده‌ین له دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی مانگی حوزه‌یرانی 2015 ، به روونیی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌كه‌وێت كه ئه‌وان خۆشحاڵ بوون به‌وه‌ی بۆ یه‌كه‌مجار ئه‌و پارته نه‌یده‌توانی به ته‌نیا حكومه‌ت پێكبهێنێت ، هه‌ر بۆیه پارته‌كانی ئۆپۆزیسیۆنیان هان ده‌دا كه له‌گه‌ڵ ئه‌و پارته‌دا ئیئتیلاف نه‌كه‌ن ، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و پارته‌كه‌ی بڕووخێنن ، ته‌نانه‌ت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه ده‌كرا سوپا ئه‌و كاته كوده‌تاكه‌ی بكات . به‌ڵام ســــهركهوتنه گه‌وره‌كه‌ی ( AKP ) له مانگی تشـــــرینی دووه‌می 2015 دا بۆ جارێكی تر بێهیوای كردنه‌وه و لایهنگرانیشــــیان له‌ناوخۆی توركیادا بێهێزتر و گۆشــــهگیرتر كران .
گه‌رچی له سه‌ره‌تای جه‌نگی داعشه‌وه گوشارێكی زۆر خرایه سه‌ر توركیا ، گوایه جه‌نگی ئه‌و گرووپه تیرۆریستیه ناكات و یارمه‌تیی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تیی نادات ، به‌ڵام توركیا باش ده‌یزانیی كه ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی جدیی نین له جه‌نگی داعشدا و ته‌نیا ده‌یانه‌وێت توركیا تووشی ئه‌و جه‌نگه بكه‌ن و ئابوورییه گه‌شه‌سه‌ندووه‌كه‌ی بخه‌نه به‌ر هێرشی تیرۆریستانی داعش ، وه‌كو ئێستا ده‌یبینین كه ئه‌و جه‌نگه له رووی گه‌شتیارییه‌وه ملیاره‌ها دۆلار زیانی به توركیا گه‌یاندووه . جگه له‌وه‌ش خۆرئاواییه‌كان به گشتیی و ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تیی كه تالیبان و سه‌دامیان له ماوه‌ی 20 رۆژدا رووخاند ، ده‌یانتوانی هه‌مان هێرشیش بۆ سه‌ر داعش دووباره بكه‌نه‌وه ، به‌ڵام ویستی كۆمپانیاكانی جه‌نگ و چه‌كسازیی و جدیی نه‌بوون له رووخاندنی رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د – سه‌ره‌ڕای ده ملیۆن ئاواره و 600 هه‌زار كوژراو – چونكه نه‌یانده‌ویست گه‌لێكی خاوه‌ن چاره‌نووس و ئیراده له خۆرهه‌ڵاتی ئیسرائیله‌وه دروست ببێت ، هه‌روه‌كو به كوده‌تا نه‌یانهێشت له میسر هه‌مان گه‌لی خاوه‌ن چاره‌نووس و ئیراده ده‌سه‌ڵات بگرنه ده‌ست و دیموكراسیی راسته‌قینه له وڵاته‌كه‌یاندا بینا بكه‌ن ، بۆیه ئاماده نه‌بوون پێشنیازی توركیا بۆ ناوچه‌ی دژه‌فڕین قبوڵ بكه‌ن كه له ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌بووه هۆی رووخاندنی رژێم و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی سوریا ، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی گه‌لی سوریا 9 مانگ به ده‌ستی خاڵیی و به سنگی رووت رووبه‌ڕووی سوپای به‌شار بوونه‌وه و به ناچاریی خه‌باتی چه‌كدارییان هه‌ڵبژارد ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵی نێوده‌وڵه‌تیی نه‌یانده‌ویست ئه‌و گه‌له بگه‌نه چاره‌نووسی خۆیان ، وڵاته‌كه‌یان بووه لانكه‌ی تیرۆریستان ، كه‌چی خۆرئاوا له جیاتی ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ریشه‌ی تیرۆردا مامه‌ڵه بكات كه مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌ده " ئێستا له‌گه‌ڵ بهرئهنجامهكانیدا جه‌نگ ده‌كات و به‌شاری به ته‌واویی له‌بیر بردووه‌ته‌وه !!
له وه‌ها هه‌لومه‌رجێكدا توركیا ده‌یزانیی ئه‌وان له‌و جه‌نگه‌دا جدیی نین بۆیه ئه‌ویش هه‌روه‌كو ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌دا مامه‌ڵه‌ی كرد ، كاتێكیش گوشاره‌كانیان بۆ سه‌ر ئه‌و وڵاته زیادی كرد ، پرۆتۆكۆلێكی له‌گه‌ڵدا واژۆ كردن و بنكه‌ی ئاسمانیی ئینجه‌رلیكی خسته خزمه‌تیان ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه دوای ئه‌وه‌ش نه جه‌نگ دژی داعش گه‌رمتر كرا و نه یارمه‌تی شۆڕشگێڕان و گه‌لی سوریاش درا بۆ رزگاربوون له مۆته‌كه‌ی رژێمه‌كه‌ی به‌شار ، به پێچه‌وانه‌وه ئه‌مه‌ریكا و رووسیا و لایه‌نگرانی به‌شار ژووری ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌شیان هه‌یه له رووی هه‌واڵگرییه‌وه و تا ئامانجێكی داعش ده‌درێته به‌ر هێرش ده‌یان ئامانجی ئۆپۆزیسیۆنی میانڕه‌وی سوریا و خه‌ڵكی سڤیل بۆمباران ده‌كرێن .
ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه فه‌رمانده‌ی بنكه‌ی ئاسمانیی ئینجه‌رلیك ، یه‌كێكه له به‌شداربوانی كوده‌تاكه و له ساته‌كانی یه‌كه‌می كوده‌تاكه‌دا دوو فڕۆكه‌ی سوته‌مه‌نی هه‌ڵگری بۆ یارمه‌تی فڕۆكه‌ی كودهتاچییان ناردووه‌ته ئاسمانی ئه‌سته‌مبوڵ ، هه‌ربۆیه له یه‌كه‌مین سه‌عاته‌كانی ده‌ركه‌وتنی پیلانه‌كه‌دا كاره‌با له بنكه‌كه كوژێنرایه‌وه و بنكه‌كه داخرا و فه‌رمانده‌ی بنكه‌كه‌ش قۆڵبه‌ست كرا . هه‌ندێ سه‌رچاوه‌ی میدیایی له توركیا ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌ده‌ن كه هه‌ندێ په‌یوه‌ندیی كودهتاچییان به سوپای ئه‌مه‌ریكاوه له‌و بنكه‌یه‌وه ئه‌نجام دراوه و هێشتا لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌و باره‌وه به‌رده‌وامه . ناكرێ ئه‌مه‌ریكا و ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌و وڵاته له‌و بنكه‌یه‌دا بن و توركیا ئه‌ندامی په‌یمانی ناتۆ بێت و زۆرێك له فه‌رمانده باڵاكانی سوپای توركیا په‌یوه‌ندیی تایبه‌تیان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده ئه‌مه‌ریكیه‌كاندا هه‌بووبێت و ئه‌مه‌ریكا به‌و كوده‌تایه‌ی نه‌زانیبێت ، به تایبه‌تیی ئه‌مه‌ریكا بۆ خۆی رێكخه‌ری چه‌ندین كوده‌تا بووه له خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ، به‌ڵام ده‌كرێ ئاگادار بووبێت ، به‌ڵام وه‌كو كوده‌تاكه‌ی سه‌ر دكتۆر موسه‌دیق ، راسته‌وخۆ به‌شدار نه‌بووبێت .
له ده‌ستپێكی كوده‌تاكه‌دا باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ئه‌نقه‌ره به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه و كوده‌تاكه‌ی به راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری توركیا (Turkish Uprising ) ناو برد ، به‌ڵام كاتێ ناكامیی كوده‌تاكه ده‌ركه‌وت ، خێرا له‌سه‌ر پێگه‌ی فه‌رمیی خۆیان سڕیانه‌وه !!
باراك ئۆباما له‌سه‌ر شتی زۆر لاوه‌كیی هه‌ڵوێستی خێرای خۆی راده‌گه‌یه‌نێت ، به‌ڵام بۆ كوده‌تا له توركیادا كه دووه‌مین هێزی ناو په‌یمانی ناتۆیه ، چه‌ندین سه‌عات بێده‌نگیی هه‌ڵبژارد ، تا كوده‌تاكه له‌لایه‌ن جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵاته‌وه شكستی پێهێنرا ، ئینجا به شێوه‌یه‌كی شه‌رمنانه به‌یاننامه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه كه گوایه دژی هه‌ر كوده‌تایه‌كه كه ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسیی بكاته ئامانج ، به‌ڵام وه‌كو پێشتر دیتمان له كوده‌تای خوێناویی میسردا كه بووه هۆی كوژرانی هه‌زاران كه‌س ئه‌و وڵاته ئاماده نه‌بوو ئه‌و كوده‌تایه ناو ببات به كوده‌تا و جۆن مه‌كین ره‌خنه‌ی له ئۆباما گرت و له وه‌ڵامی په‌یامنێراندا رایگه‌یاند " قاز هه‌ر قازه و ناوێكی تر هه‌ڵناگرێت " . كه‌چی ئه‌مه‌ریكا پشتیوانیی له رژێمی كوده‌تا كرد و ساڵانه ملیارێك و سێسه‌د هه‌زار دۆلار وه‌كو پشتیوانیی بۆ رێكه‌وتنامه‌ی كامب – دێڤید ده‌داته سوپای ئه‌و وڵاته .
بان كی مۆن له به‌یاننامه‌یه‌كدا نیگه‌رانیی خۆی ده‌ربڕیی و داوای دانبه‌خۆداگرتن و رێزگرتن له ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ریی كرد ، چونكه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان خاوه‌نی سه‌ربه‌خۆیی نیه و ناتوانێت هه‌ڵوێستی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌بێت . به‌ڵكو به‌شێكه له هه‌ڵوێستی لایه‌نه كاریگه‌ره‌كان له خۆرئاوادا . كه بریتین له ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا ، ئه‌مانه‌ش ئاواته‌خوازن به كه‌وتنی مۆدێلی توركیا و ئه‌ردۆغان ، ئه‌گه‌ر نهشكهوێت هیچ نه‌بێت تووشی لێدان و قه‌یرانێكی به‌هێزی بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ست به بێهێزیی بكات ، ئه‌مه هه‌مان بۆچوونه كه رووسیاش له‌گه‌ڵیاندا كۆده‌كاته‌وه ، كه ئه‌مه زۆر نزیكه له هه‌ڵوێستی وڵاتانی خۆرئاوا و رووسیا له كۆتایی سه‌رده‌می سوڵتان عه‌بدولحه‌میدی دووه‌مدا كه به كوده‌تای عوسمانیی ( 1908 ) كۆتایی هات .
سێ رۆژ پێش له كوده‌تاكه ( واته رۆژی چوارشه‌ممه 13 / 7 / 2016 ) باڵیۆزخانه‌ی فه‌ره‌نسا له ئه‌نقه‌ره ، هه‌موو ئاهه‌نگه‌كانی به بۆنه‌ی رۆژی نیشتمانیی فه‌ره‌نسا له ئه‌نقه‌ره و ئه‌سته‌مبوڵ و ته‌واویی خاكیی توركیا به بیانووی مه‌ترسیی ئه‌منیی هه‌ڵوه‌شانده‌وه ، ئه‌مه له كاتێكدایه جگه له كوده‌تا له‌سه‌ر خاكی توركیادا هیچ كرده‌یه‌كی تیرۆریستیی له‌و رۆژانه‌دا رووی نه‌داوه !!
دوای ناكامیی كوده‌تاكه هاوسۆزیی ناوه‌نده خۆرئاواییه‌كان له‌گه‌ڵ كودهتاچییاندا له نێوه‌رۆكی هه‌ڵوێسته‌كانیاندا ده‌رده‌كه‌وێت ، جۆن كێری داوا ده‌كات توركیا رێز له پێوه‌ره‌كانی دیموكراسیی بگرێت ، به‌ڵام ئه‌وه وڵاته‌كه‌ی ئه‌و بوو رێزی نه‌گرت له رێكه‌وتنامه‌كانی جنێڤ سه‌باره‌ت به دیله‌كانی جه‌نگ و ده‌یان كه‌سی برده زیندانی به‌دناوی گوانتانامۆ ، ئه‌وه وڵاته‌كه‌ی ئه‌وه تا ئێستاش سه‌دان سڤیلی به فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كان كردووه‌ته قوربانیی ، ئه‌وه هێزی ئاسمانی ئه‌مه‌ریكایه له ئه‌فغانستان نه‌خۆشخانه و گوندنشینان بۆمباران ده‌كه‌ن و هه‌زارانیان ده‌كه‌نه قوربانیی ، ئه‌وه نیشان پێكه‌كه‌ی عێراقه كه به ئاشكرا له كتێبێكدا چیرۆكی كوشتنی 286 عێراقی سڤیل تۆمار ده‌كات و له جیاتی سزا ده‌یان مه‌دالیای پێشكه‌ش ده‌كرێت . هه‌روه‌ها فیدریكا مۆگرینی رێكخه‌ری سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ی له توركیا كرد كه ئه‌گه‌ر فه‌رمانی له‌سێداره‌دان بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ دادگاكانی ئه‌و وڵاته له یه‌كێتی ئه‌وروپادا جێگه‌ی نابێته‌وه ، به‌بێ گوێدانه گفتوگۆی كوده‌تاچیان كه فه‌رمان ده‌ده‌نه هێزه‌كانیان كه " ته‌واویی ئازادیتان هه‌یه بۆ ته‌قه و ئاگرباران كردن" !!
هێشتا زووه كه ده‌ستی خۆرئاوا له‌م كوده‌تایه‌دا ده‌ربكه‌وێت ، چونكه لێكۆڵینه‌وه‌كان له سه‌ره‌تایدایه ، به‌ڵام بوونی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن له ویلایه‌تیی په‌نسلڤانیای ئه‌مه‌ریكادا كه تۆمه‌تباره به به‌شداریی كاریگه‌ر له‌و كوده‌تایه‌دا جێگه‌ی پرسیاره ، خۆرئاوا به گشتیی و ئه‌مه‌ریكا به تایبه‌تیی دژی زانا و كه‌سایه‌تیه ئیسلامیه‌كانه ، ئه‌ی بۆچی تا ئێستا وه‌ڵامی توركیای نه‌داوه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناوبراو راده‌ستی ئه‌و وڵاته بكاته‌وه ، له كاتێكدا رێكه‌وتنامه‌ی راده‌ستكردنه‌وه‌ی تۆمه‌تبار له نێوان هه‌ردوو وڵات‌دا واژۆ كراوه ؟
فه‌تحوڵڵا گوله‌ن كه‌سایه‌تیه‌كی جێگه‌ی گومانه ، خاوه‌نی قوتابخانه و زانكۆیه له ( 100 ) وڵاتی جیهاندا ، كه به پرۆگرامێكی سه‌ركه‌وتوو ئه‌و خوێندكارانه‌ی به‌ستووه به تۆڕه پهروهردهییهكهیهوه ، كه جۆرێك له ئینتیمای بۆ وڵاتی توركیا بۆ درووست كردوون ، جگه له‌وه‌ش توانیویه‌تی له‌گه‌ڵ كهمالیستهكاندا ده‌وڵه‌تی هاوته‌ریب له‌ناو حكومه‌تی توركیادا دروست بكات ، كه وه‌كو تۆڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه له گشت وه‌زاره‌ت و فه‌رمانگه‌كاندا بوونیان هه‌یه ، به تایبه‌تیی له كه‌رتی پۆلیس و ده‌زگای دادوه‌ریی و چالاكیی ئابووریی و بانكییدا ، له رووی بانگخوازیشهوه هه‌رچه‌نده كاریگه‌ریی " بزوتنه‌وه‌ی نور " یان له‌سه‌ره ، به‌ڵام زیاتر بزوتنه‌وه‌یه‌كی سۆفیگهرانهن به دیدێكی نوێوه . به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه ره‌هه‌ندێكی جیهانیی و دیبلۆماسیی بۆ دروست كردوون ، ناوه‌ندێكی توێژینه‌وه‌یه كه گرنگیی ده‌دات به دیالۆگی نێوان ئیسلام و خۆرئاوا ، كه ساڵانه چه‌ندین كۆنفرانس و دیبه‌یت له نێوان كه‌سایه‌تیه‌كانیان و ناوه‌نده خۆرئاواییه‌كان ساز ده‌كه‌ن ، به تایبه‌تیی له‌گه‌ڵ ئه‌و ناوه‌ند و لۆبیانه‌ی كه لایه‌نگری ئیسرائیلن ، ئه‌مه وایكردووه ، بزوتنه‌وه‌ی گوله‌ن پشتیوانیی ناوه‌نده خۆرئاواییه‌كان به ده‌ست بهێنێت و خۆرئاوا بۆ توركیا پشتیوانیی له‌و مۆدێله بكات وه‌كو ئه‌ڵته‌رناتیڤی ( AKP ) و ئه‌ردۆغان ، بۆیه ئه‌مه‌ریكا زۆر داكۆكیی له‌وه ده‌كات كه پێویسته توركیا به‌ڵگه‌ی یه‌كلاكه‌ره‌وه له‌سه‌ر به‌شداریی گوله‌ن بده‌نه ئه‌و وڵاته .
به پێی هه‌ندێ زانیاریی هه‌واڵگریی فه‌تحوڵڵا گوله‌ن هه‌فته‌یه‌ك به‌ر له كوده‌تاكه سه‌ردانی وڵاتی ئیماراتی كردووه و له‌گه‌ڵ "موحه‌مه‌د كوڕی زاید"ی سه‌رۆكی وڵات و محه‌مه‌د دهحلانی راوێژكاریی ئه‌منیی حكومه‌تی ئیمارات كۆبووه‌ته‌وه ، كه موحه‌مه‌د دهحلان یه‌كێكه له نه‌خشه‌داڕێژه‌رانی كوده‌تای میسر و تۆمه‌تباره به تیرۆری یاسر عه‌ره‌فات و بزووتنه‌وه‌ی فه‌تح به ئاشكرا به‌وه تۆمه‌تباری كردووه ، له پێش ئه‌وه‌ی كه حه‌ماس كه‌رتی غه‌زه یه‌كلایی بكاته‌وه له‌گه‌ڵ ژه‌نڕاڵ دایتۆنی رێكخه‌ری ئه‌منی ئهمهریكیدا شوێن و پێگه‌ی خه‌باتكارانی حه‌ماس و جیهادی ئیسلامیی و جه‌بهه‌ی شه‌عبی و لایه‌نه خه‌باتكاره‌كانی تریان بۆ ده‌زگا ئه‌منیه‌كانی ئیسرائیل دیاریی ده‌كرد و له تیرۆر كردنیاندا به‌شدار ده‌بوون ، دواتریش كه حه‌ماس ده‌ستی گرت به‌سه‌ر باره‌گاكانی دهحلاندا چه‌ندین ئامێری ئه‌لیكترۆنیی زۆر هه‌ستیاری هه‌واڵگرییان ده‌ست كه‌وت ، له‌گه‌ڵ هه‌زاران ڤیدیۆ و وێنه‌ی ئابڕوبه‌ری سه‌ركرده عه‌ره‌ب و فه‌له‌ستینیه‌كان ، كه ئه‌و بانده به‌كاریان هێنابوون بۆ گوشار خستنه سه‌ر ئه‌و كه‌سایه‌تیی و لایه‌نانه تا ببنه هاوكاری ده‌زگاكانی شاباك و موساد . ده‌بێ جگه له‌باسی ئه‌و كوده‌تایه گوله‌ن و دهحلان چیی به یه‌كیانه‌وه ببه‌ستێته‌وه ؟!
گه‌رچی ئه‌مجاره‌ش جه‌ماوه‌ری توركیا نه‌یارانی ( AKP ) و ئه‌ردۆغانیان ناكام كرده‌وه ، به‌ڵام ناحه‌زانی ئه‌و وڵاته به‌رده‌وام ده‌بن ، هه‌رچه‌نده دوای ئه‌م كوده‌تایه ئه‌ردۆغان تا بتوانێت پاكسازیی له سوپا و ده‌زگای دادوه‌ریی و فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌ت و چالاكیه ئابوورییه‌كاندا ده‌كات .