25/11/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
وەزارەتی دارایی بڕیارێكی پەرلەمان پێشێل دەكات
پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە 18ی رۆژی 23/7/2014دا، بڕیاری دا كە پاش پێدانی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، كارمەندانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم مووچەیان پێ بدرێت، بەڵام ئەم بڕیارە لە لایەن وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە پێشێل دەكرێت و جێبەجێ ناكرێت.
لەو بارەیەوە سەرچاوەیەك لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی بهێنرێت ڕایگەیاند، پێشتر بە نووسراوی فەرمی ئەو بڕیارەی پەرلەمانیان بۆ هاتووە، بەڵام تا ئێستا وەزارەتی دارایی بڕیارەكەی جێبەجێ نەكردووە.
پاش ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا كارمەندانی وەزارەتی پێشمەرگە مووچەیان وەرگرت، مووچە بەسەر چەندین وەزارەتی حكوومەتدا دابەش كراوە و تا ئێستاش وەزارەتی ناوخۆ مووچەی مانگی نۆیان وەرنەگرتووە، بەو پێیەش وەزارەتی دارایی بڕیارێكی پەرلەمانی پشتگوێ خستووە و خۆیان خشتەی دابەشكردنی مووچە دادەنێن، ئەمەش بێ گەڕانەوە بۆ بڕیاری پەرلەمانی كوردستان.