نەجمەدین كەریم: ناتوانرێت رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووك ھەناردە بکرێت
08/12/2014 نوسەر: bzavpress

نەجمەدین كەریم: ناتوانرێت رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووك ھەناردە بکرێت

نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركوك  رایگەیاند، كە بەھۆی خراپی بۆڕییە نەوتییەكانی كەركوكەوە ناتوانرێت رۆژانە ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوت ھەناردە بكرێت، وتی: "چونكە بۆڕییە نەوتییەكانی كۆمپانیای نەوتی باكوور پێویستیان بە نۆژەن كردنەوە ھەیە. ئەو كۆمپانیایە بەر لە ھێرشەكانی داعش توانای ھەناردە كردنی ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی نەبوو".

هەروەها ناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیھانەوە بۆ سەرانسەری عێراق گرنگە، ھەناردە كردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی كوردستان و ٣٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی كەركووك بۆشایی بودجەی عێراق پڕ دەكاتەوە. بەشە بودجەی كەركووكیش زیاد دەكات. ئێمە لەسەر داھاتی پترۆدۆلار زیاتر لە ٥٠٠ ھەزار كەسمان بە گرێبەست دامەزراندووە. نامانەوێت بژێوی ژیانی ھاوڵاتییان تێكبچێت".

پارێزگاری كەركووك ئاماژەی بەوەشكرد كە دوای ھێرشەكانی داعش بۆسەر چەند ناوچەیەكی عێراق، ھەناردە كردنی نەوتی كەركووك لە رێی كۆمپانیای نەوتی باكوورەوە وەستا، بەھۆی دابەزینی نرخی نەوتیش بۆشایی لە بودجەی گشتیی عێراقدا دروست بوو.
پارێزگاری كەركووك دەڵێت: "ناتوانین بیشارینەوە كە ئەو ناوچە گرنگانە لە ژیر ھەڕەشەی داعشدان و لە نێوان داعش و ئەو ناوچەیە تەنیا چەند كیلۆمەترێك ھەیە، لە ماوەی یەك حەفتەی رابردووشدا پێكدادان بە تایبەتی لە نزیك ناوچەكانی وزە روویدا، بەڵام ھێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكەیان خستە ژێر كۆنتڕۆڵەوە و لەو رووەوە ھێزەكانی ھاوپەیمانانیش پشتیوانی دەكەن.