10/12/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
بانكێكی نێودەوڵەتی لە هەولێر كرایەوە
لە رێورەسمێكی ئاهەنگ ئامێزدا بە ئامادەبوونی پارێزگار و جێگرەكەی و قایمقام و سەرۆكی ژووری بازرگانیی هەولێر و ژمارەیەك لە پیاوانی كار و بازرگانان، بلۆم بانك (بانكی لبنان والمهجر) یەكەم لقی خوێی لە شاری هەولێر كردەوە.
لە لێدوانێكیشیدا بەوبۆنەیەوە، سەعد ئەزهەری سەرۆكی ئەنجومەنی كارگێڕی و بەڕێوەبەری گشتیی بانكی (لبنان والمهجر) وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە كردنەوەی لقێكی ئەو بانكە لە شاری هەولێر و رایگەیاند: " شاری هەولێر لە گەشەكردنیدا بەرجەستەی ئەو بووژانەوە ئابووری و دارایی و رۆشنبیرییەیە كە هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە دەیبینێ، ئێمە لە گرووپی بانكی (لبنان والمهجر) زۆر خۆشحاڵین بە بوونمان لێرە، تاكو بەشداربین لە پێشخستنی كەرتی بانكیی تایبەت و كار لەسەر دابینكردنی قەرزی سوودبەخش و خزمەتگوزاریی بانكیی تایبەتمەند بۆ ئابووریی كوردستان بكەین، ئەو ئابوورییەی كە لەئەنجامی سیاسەتی هاندەرانە و حەكیمانە و ئارامی و سەقامگیرییە بەردەوامە و سەرچاوە دەوڵەمەندەكەی، توانیویەتی ئاستێكی بەرز لە گەشەكردن بەرهەم بهێنێت".
هەر لە وتەكەیدا رایگەیاند: "ئەو بانكە بەهۆی سیاسەتەكانی پارێزگاریكردن و خزمەتگوزارییە بەسوود و سەقامگیرەكانی، توانیویەتی هاندەر بێت بۆ گەشەكردنە هاوسەنگەكەی و قازانجە بەردەوامەكانی، بە جۆرێك كە سەرمایەی بانكەكە تا كۆتایی مانگی ئەیلولی 2014 گەیشتە زیاتر لە 27.5 ملیۆن و قازانجی ساڵانەشی نزیكەی 360 ملیۆن دۆلارە و لە رێگەی سیاسەتی فراوانكردنی دەرەكیی سەركەوتوو و دیراسەكراوەوە گەیشتۆتە 13 وڵاتی عەرەبی و ئەوروپی. وەك پیشەی هەمیشەیی بانكەكە لە هەولێر باشترین خزمەتگوزاریی قەرزی بانكی پێشكەش بە میوانەكانی و عەمیلەكانی دەكات و كار لەسەر دروستكردن و پەرەپێدانی متمانە دەكات لە مامەڵەكردنی بانكی و گرنگیی لە دۆزینەوەی چارەسەری داراییی بەسوود بۆ تاكەكان و كۆمپانیاكان".
شایانی وتنە كە بلۆم بانك (بانكی لبنان والمهجر) لە پێشەنگی بانكە لوبنانییەكاندا دێت و هەموو جارێكیش بە باشترین بانك لە لوبنان هەڵبژێردراوە بە كۆی دەنگی گرنگترین سەرچاوە جیهانی و هەرێمییەكان و یەكێكە لە دێرینترین دەزگای دارایی لە لوبنان و لەسەر ئاستی ناوچەكە بەگشتی، هەروەها چەندین خەڵاتی لە دەزگا جیهانییە دێرینەكان بەدەست هێناوە.
بانكەكە خزمەتگوزارییەكانی لە رێگەی تۆڕێك لە یەكە دارایی و بانكییەكانی پێشكەش دەكات، كە ژمارەیان دەگاتە 212 یەكە لەژێر چەتری بانكی (لبنان والمهجر) یاخود دەزگانی كە سەر بە ئەون، كە پێكدێت لە: بانكی سوریا والمهجر بۆ خزمەتگوزاریی دارایی، بانكی بلۆم قەتەر، كۆمپانیای بلۆم بۆ وەبەرهێنانی سعودی، بانكی لبنان والمهجر بۆ كاروبارەكان، بانكی بلۆم بۆ گەشەپێدان (قەرزی ئیسلامی)، ئارۆب بۆ دڵنیایی، ئارۆب سوریا، ئارۆب میسر بۆ دڵنیایی و ئارۆب میسر بۆ دڵنیایی ژیان و كۆمپانیای لبنان والمهجر بۆ كاغەزی دارایی. لەو چوارچێوەیەشدا بانكەكە هەوڵ بۆ خزمەتگوزاریی بازاڕی پسپۆِری لە ئەوروپا دەدات بۆ ئەو كەسانەی كە غەریبن، هەروەها بۆ پیاوانی كاری لوبنانی و عەرەبی، بانكەكە كار لەسەر ئەوەش دەكات كە یەكێكە لە باشترین بانكە بازرگانی و وەبەرهێنە ناوخۆییەكان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.