ڕابواردن بەخەڵک وەک ستراتیژ
10/12/2014 نوسەر: bzavpress

ڕابواردن بەخەڵک وەک ستراتیژ


ئیتر لەمەولا:
*هیومان ڕایتس وۆچ،هیچ ڕاپۆڕتێک لەسەر ڕەوشی مافی مرۆڤ لەکوردوستان بڵاوناکاتەوە .
* بەرپرسەکان،لەبەغدا بە ئۆتۆمبیلی درعەوە ناگەڕێن و،دایکەکان لەکەرکوک جەرگیان ناسوتێت و پلانی ئەمنی هاوبەش و تۆکمەو ژووری هەواڵگریی نیشتمانیمان ئەبێت.
* بۆ لەمەولا،زانکۆکان توێژینەوەکان ناخەنە تەنەکەی زبڵەوە .ئەو خوێندکارانە ئامادەیش (100%) یان هێناوە بەهەقی خۆیان شاد ئەبن .
* بکوژانی کاوە گەرمیانی بە تۆبزی لەبەردەرگا ئەبینین .
*دەزگای زانیاری ، پاراستن ، دژە تیرۆر ، ، لەبری تیرۆر،چاودێریی ئێمەو تەلەفۆنەکانمان ناکەن . 
*لەمەولا مافیاکانی دەرمان و دەرزییە بەسەرچووەکانی شێرپەنجە لەسەرای ئازادیی لەدارئەدرێن،ئەوانەی قاچاخچێتی نەوت و ئۆتۆمبیلیان لەگەڵ داعش و دوژمنان کردووە،ئەکرێن بەپەند !.
* بەکۆمپانیاکانی زەکەریاو گوندی ئیتاڵی و ئەڵمانی و بەڕێزو ....تاد.ئەوترێت شووققەو ڤیەللا لەسەر زەوی بەلاشی کوردوستان مەدەنە 100 دەفتەرو 40 دەفتەر ..
* لەمەولا سەلەفییەکان دانامەزرێنن،بۆ سەرقاڵکردنی خەڵک و،گەنجە خاوەن بڕوانامەو کاراکان کاریان بۆ ئەدۆزرێتەوە، کۆمەڵگە ناخەوێت،ڕائەپەڕێت ..!.
* نوێنەرەکانی خەڵک بەسینگی ڕووتەوە،ئەچنە بەرتەنکەرەکانی نەوت " ئەمە بۆ کوێی ئەبەن ؟."..
* مژدە...مژدە..ئیتر پرۆسەی چاکسازیی ڕیشەیی هەر بە موئەسەسەکردنی سەرانسەری کوردوستان و شارو ناوچەیەکەوە ناوەستێت،بەڵکو مل ئەنێت بۆ پرۆژەی نەتەوەیی گەورە گەورە،سکەی قیتار لەدهۆکەوە بۆکەرکوک و خانەقین دێت . 
ئەونە ساڵە،دەستەڵات و سیستەمی سیاسیی لەکوردوستان،ڕابواردنیان بەهاونیشتمانیان کردووە بە "ستراتیژ"..دوای ساڵ و نیوێک دەنگدان حکومەتێک پێک ئەهێنن و،دوای ساڵێک ئەنجومەنی پارێزگایەک پێکدێت،ئەیانەوێ بەدەستکەوت بەخەڵکی بفرۆشن و،پیرۆزبایشیان لێبکرێتَ !!؟؟.
ئەو فیفتی بەفیفتی یەی مێشکی تاکی کوردییان پێ کاس کردبو،کراوە بە سێڤنتی بە توێنتی ..ئەگەر خۆیان لەدەستەڵات دا بوون،هیچ کێشە نییەو،ئەگەریش ئۆپۆزسیۆن بوون عالەمی خوا خۆفرۆش و جاش و کۆیلەو بەکرێگیراوە،هەر ئەوان عەبقەری و خاوەن پرۆژەو پرۆسەکەن ..!!؟.
هەرچەندە تاقەتی ئەوەم چووە،ئیتر بڵێم سەراپا ئەم هێزانە یەک پارچە قووماشی ڕزیون،بۆ هەڵپەکردن و بەهەدەردان و فریودان و چەلەحانێی نێوخۆیی و موزایەدەدەستی باڵایان هەیە .زۆربەی کۆمەڵگەش دەستی باشی لەها هوو چەپڵەلێدان هەیە بۆیان .هی واهەیە فلوسێک لەگیرفانیا نییە، وەختە چاومان دەربێنێت کە ئەم قسانە بەو حزبانە ئەڵێین ..!!. یاخووا من زەرەرم کردبێت و ئێوەش قازانج ..
هەموو جارێک لەوەدا سوخت ئەبم،تۆبلێی ئەمانە ئێمە بەجی بزانن وا بەئاشکرا درۆمان بۆ ئەکەن،بەو شێوەیە نمایش ئەکەن ؟.بڕۆ ...بابە بڕۆ..بڕۆ خۆت بدۆزەرەوە .
سادەو ساکار هاوارێکم بۆهەرچی ئازادیخوازو سەربەخۆکارێک ئەوەیە: ئەبێت فریای ئەم نەوەیە بکەوین کە دێت،دۆڵی گورگەکان،دۆڵی دەزکان،بەرینتر ئەبێت . درۆی وا ئەکەن هەر ئەڵێی ڕاستییەکی ڕووتو قووتە .وەها خۆیان ئەدزنەوە لە لووببی باسە ستراتیژیی و چاکسازییە ڕیشەییەکان،هەروەک بڵیی سەرەتای بەهارەکەیان هەتا ئەژنۆ هێناوە .
باش نەبوو،ئەم بەزمە زۆر درێژەی نەخایاند،قۆناغێک بۆ خەڵک کەشف بو،ئەمانە گۆڕان نازانن و ناکەن،قۆناغێکیش دوای ماوەیەک درۆ و دەلەسە،بڕیاریاندا پێکەوە بخۆن و بدزن و پیرۆزبایی لەیەک بکەن لەسەرەوە ...ئەمان وازیان لەخەڵک هێناوە،بەس خەڵک وازیان لێ ناهێنێت .!!.
میراتەکەیان دابەشکرد،، بۆ ئەوەی خەلک و ئیمەومانانیش مینکه مینک نەکەین، ئەو کابرایەی ئەتانوت قسەناکات و حەزتان لیبو کوی لەدەنکی بکرن، لەمەولا دێت بەدوو قسەی تر ئەتانخەلەتینیتەوە .