پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا بكەرانی كردەوە تیرۆرستییەكان نەدراونەتە دادگا
10/12/2014 نوسەر: bzavpress

پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا بكەرانی كردەوە تیرۆرستییەكان نەدراونەتە دادگا

ئەمڕۆ لەپەرلەمانی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی مافەكانی مرۆڤ، لیژنەی مافی مرۆڤ‌و سەرۆكایەتی پەرلەمان كۆبوونەوە، كە تێدا چەند پرسێك لەبارەی مافەكانی مرۆڤ تاتوتوێكرا.
 
لەكۆبوونەوەكەدا سۆران عومەر سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان راپۆرتێكی لیژنەكەی خوێندەوەو تێدا ئاشكرایكرد لەهەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی كە بێسەروشوێنن‌و تائێستاش چارەنووسیان دیارنییە، ژمارەیان 400 كەسە.
 
بەپێی راپۆرتەكەی لیژنەكە، لەئێستادا پێشێلكاری بەرانبەر مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان دەكرێت‌و بەوتەی ئەو تائێستا بكەرانی كردەوە تیرۆرستییەكانی هەرێم دادگایی نەكراون، كە ناوی كەیسەكانی هەریەكە لەرۆژنامەنووسان سەردەشت عوسمان‌و سۆرانی مامەحەمەو كاوە گەرمانی هاتبوو.
 
لیژنەكە داواشكرد كە بەزووترین كات كاربكرێت بۆ دادگایكردنی ئەو كەسانەی بوونە هۆی شەهیدبوونی خۆپیشاندانەكانی 17 شوباتی ساڵی 2011 رۆژانی دوایی.
 
هەر لەكۆبوونەوەكەدا یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وترێكی پێشكەشكردو تێدا باسی لەمافەكانی مرۆڤی كرد لەهەرێمی كوردستان.