11/12/2014
•
نوسەر: bzavpress
•
پۆلیسی هەولێر: بەرپەرچی هەر مەترسییەك دەدەینەوە بكەوێتە سەر ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیان
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، هاووڵاتیان لەسەر توانایی هێزەكانی ناوخۆ لە پاراستنی بەرەی ناوخۆ دڵنیا دەكەنەوە، هەروەها بەرپەرچی هەر مەترسییەك دەدەنەوە كە بكەوێتە سەر ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیان. پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا دەشڵێن، "ئێمە لە هێزی ناوخۆ خۆمان بە دوا بەرەی جەنگ دەزانین لە شەڕی پاراستنی كوردستان، ئێمە تەواوكەری هێزی پێشمەرگەین كە لە بەرەی پێشەوە سنگیان كردووەتە قەڵغان و ناهێڵن دڕندەكانی داعش دزە بكەنە ناو خاكی پیرۆزی كوردستان".
ئەمەیش دەقی ڕاگەیەندراوەكەیە:
ئێمەی برایانتان لە راگەیاندنی پۆلیسی هەولێر، بە چاكمان زانی ئەم روونكردنەوەیە بخەینە بەر دیدی بەرێزتان...
زۆر جار لێرە و لەوێ رەخنەمان ئاڕاستە دەكرێ كە گوایە ئێمە بۆ مەبەستی گەورە نیشاندانی چالاكییەكانمان، یاخود بۆ خۆدەرخستن وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی تۆمەتبار و تاوانباران نیشان دەدەین. هەروەها رەخنەی ئەوەمان لێ گیراوە كە بڵاوكردنەوەی ئەم وێنە و گرتانە زیان بە كۆمەڵگا و پرەنسیپەكانی مافی مرۆڤ دەگەیەنن.
لێرەدا بە پێویستی دەزانین، وەڵامێكی پوختی ئەم بۆچوونانە بدەینەوە. بەر لە هەموو شتێك پێویستە هەموو لایەك لەوە دڵنیا بن كە ئێمەی پۆلیس لە زۆربەی خەڵكی دیكە زیاتر لە گرنگیی چەسپاندنی مافەكانی مرۆڤ تێدەگەین و هیواشمان زۆر بەهێزە كە سات لەدوای سات گەلەكەمان لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە بەرەو گەیشتن بە گەلانی پێشكەوتوو و ئازادی دنیا لەم بوارەدا.
بەڵام لەم هەلومەرجەی ئێستای وڵاتەكەمان، پێمان وایە پێویستە تایبەتمەندییەكانی كۆمەڵگاكەمان لەبەرچاو بگرین و ئامانجی ئێمەش لە بڵاوكردنەوەی ئەم وێنە و ڤیدیۆیانە لە چوار خاڵدا دەردەكەوێت:
یەكەم: هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان بە خودی كەسە تاوانبارەكان، بەتایبەت ئەوانەی هەوڵ دەدەن لە دەستی یاسا رابكەن. بۆ نموونە، هەر لەم ماوەیەدا دوای بڵاوكردنەوەی دوو گرتەی ڤیدیۆیی تاوانباران، بە هاوكاریی هاووڵاتیان توانرا دوو تاوانبارەكە دەستگیر بكرێن.
دووەم: دڵنیاكردنەوەی هاووڵاتیان لەسەر توانایی هێزەكانی ناوخۆ لە پاراستنی بەرەی ناوخۆ، هەروەها بەرپەرچدانەوەی هەر مەترسییەك كە بكەوێتە سەر ئارامی و ئاساییشی هاووڵاتیان و شارەكەمان.
سێیەم: ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان بە شێوازی تاوانەكان، بۆ ئەوەی هاووڵاتیان لەسەر شێواز و رێگاكانی ئەنجامدانی تاوانەكان هۆشیار بن.
چوارەم: خۆگونجاندن و سوودوەرگرتن لە تەكنەلۆژیای سەردەم، بە تایبەت تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، كە لە رۆژگاری ئەمڕۆماندا بوونەتە هۆكارێكی سەرەكیی گەیاندنی زانیاری لە نێوان پۆلیس و هاووڵاتیاندا.
ئێمە لە هێزی ناوخۆ خۆمان بە دوا بەرەی جەنگ دەزانین لە شەڕی پاراستنی كوردستان، ئێمە تەواوكەری هێزی پێشمەرگەین كە لە بەرەی پێشەوە سنگیان كردووەتە قەڵغان و ناهێڵن دڕندەكانی داعش دزە بكەنە ناو خاكی پیرۆزی كوردستان. ئێمە لێرە لەنێو شارەكان تەواوكەری ئەم جەنگەین و شەو دەخەینە سەر رۆژ تاوەكو هاووڵاتیان بە ئاسوودەیی گوزەر بكەن و كارەكانیان بە ئارامی جێبەجێ بكەن.
دڵنیا بن كاركردنی ئێمە بۆ ئافەرین و لایككردن و خۆدەرخستن نییە، بەڵكو ئێمە دەمانەوێ پێشمەرگەكانمان بە متمانەوە بجەنگن و خەمی ئارامیی خانەوادەكانیان نەبێ. دەمانەوێ دایكان بەیانیان و ئێواران بەوپەڕی بێترسییەوە مناڵەكانیان رەوانەی قوتابخانە بكەن. مەبەستمانە بۆ هەموو لایەك بسەلمێنین كە دەتوانین هەڵۆئاسا شەمشەمەكوێرەكانی دۆزەخ و قەلە ڕەشەكانی تیرۆر لە پەلوپۆ بخەین.