دوای ئەوەی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان بەپێی رێككەوتنێك پۆستەكانی هەڵەبجەیان لە نێوخۆیاندا دابەش كرد و لایەنەكانی دیكەیان بێبەش کردن، بڕیارە سێ لایەن بە نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكانی دیكە سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەن و پێیان رابگەیەنن كە بەو رێككەوتنە رازی نابن و پێویستە رێككەوتنی پێشتر جێبەجێ بكرێت.
فازڵ بەشارەتی بەرپرسی لقی 12ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجەبە بەپێگەی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە: "بڕیارە رۆژی سێشەممە پارتیی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی بە نوێنەرایەتیی لایەنەكانی دیكە سەردانی پەرلەمانی كوردستان بكەین، بۆئەوەی پێیان بڵێین بەو رێككەوتنەی نێوان گۆڕان و یەكێتی رازی نابین كە كردوویانە".
ئاماژەی بەوەشكردوە كە ئەو دوولایەنە پۆستەكانی هەڵەبجەیان لەنێو خۆیاندا دابەش كردوون، بەوتەی ئەو هەڵەبجە لە شارەكانی دیكە جیاوازە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە كە تا ئێستا هەڵبژاردنی تێدا نەكراوە، بۆیە پێیوایە ئەوە كودەتایە.