یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی هەموار كرایەوە
25/12/2014 نوسەر: bzavpress

یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی هەموار كرایەوە


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 24/12/2014  بە سەرۆكایەتیی د.یوسف محەمەد صادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ‌و ئامادەبوونی د.جەعفەر ئیبراهیم ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان ‌و فەخرەدین قادر عارف سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (19)ی ئاسایی خولی گرێدانی ساڵی دووەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو.
سەرەتا سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە سێ خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی ژمارە (10)ی ساڵی 2008، بەپێی مادەكانی (75،74،72) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە خوێندنەوەی یەكەمی ئەو پڕۆژە بڕیار ‌و یاسایانە (پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2013، یاسای زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، پڕۆژە یاسای هەمواری  یەكەمی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2013، یاسای زانكۆ تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پڕۆژە یاسای دڵنیاییی كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پڕۆژە یاسای بەخشینی پێشمەرگە ‌و هێزەكانی ناوخۆ ‌و ئاسایش لە پێشینەی هاوسەرگیری ‌و قەرزی خانووبەرە، پڕۆژە بڕیاری بەخشینی شەهیدان ‌و پێشمەرگە ‌و هێزەكانی ناوخۆ لە پێشینەی خانووبەرە ‌و هاوسەرگیری، پڕۆژە بڕیاری هێشتنەوەی تەنیا یەك مووچە بۆ ئەو كەسانەی زیاتر لە یەك مووچەیان هەیە، پڕۆژە بڕیاری پاراستنی سەروەریی كوردستان-عیراق) بەپێی مادەی (71) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، خاڵی سێیەم ‌و كۆتایی بەرنامەی كاریش بریتی بوو لە گفتوگۆكردن لەسەر رەوشی كارەبا لە هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی وەزیری كارەبا، بەپێی خاڵی (2) لە بڕگەی (دووەم)ی مادەی (54) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.
پاشان بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار كە بەردەوامبوون بوو لەسەر گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای هەمواری یەكەمی یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی، كە دوای ئەوەی لە دانیشتنی دوێنێ ئێوارەدا دەقی پڕۆژە یاساكە ‌و راپۆرتی هەردوو لیژنەی كاروباری یاسایی ‌و پەروەردە ‌و خویًَندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی خوێندرانەوە، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا ئەو ئەندامانەی كە بۆ قسەكردن لەسەر پڕۆژە یاساكە ‌و راپۆرتی هەردوو لیژنەكە ناویان تۆماركردبوو سەرنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازەكانی خۆیان خستە روو ‌و لەلایەن هەردوو لیژنە پەیوەندیدارەكەشەوە روونكردنەوەی پێویست خرانە روو.
سەبارەت بە بڕگەی یەكەمی مادەی یەكەم كە تیایدا داوای هەمواركردنەوەی مادەی حەوتەمی یاساكە كراوە ‌و باس لەوە دەكات كە  سەرجەم دەزگاكانی خوێندنی باڵا كە لە زانكۆ ‌و دەستە ‌و كۆلێج ‌و پەیمانگا ‌و سەنتەری توێژینەوەی حكومی ‌و ناحكومی پێكدێن ‌و ئەو دەزگایانەی خوێندن بە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دەلكێندرێن،دوای گفتوگۆكردنی لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیازركا كە ئەو مادەیە بكرێت بە دوو بڕگە بەڵام ئەو پێشنیازە دەنگی پێویستی نەهێنا ‌و وەك ئەوە كە لە راپۆرتی لیژنەی یاساییدا هاتبوو خرایە دەنگدانەوە ‌و بە زۆرینەی دەنگ پەسندكرا.
لە ئەنجامی گفتوگۆكانیشدا سەبارەت بە بڕگەی دووەم لە مادەی یەكەمی پڕۆژە یاساكە، چەندین راوبۆچوونی جیاواز هاتنە ئاراوە سەبارەت بە دەسەڵاتی پێدانی تایبەتمەندی ‌و ئەو دەسەڵاتەش لەلایەن وەزارەتەوە بێت یاخود لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بێت بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا ‌و توێژینەوەی زانستی بەپێی هەڵسەنگاندن  ‌و لە چوارچێوەی رێنمایی تایبەتدا، دوای خستنە دەنگدانی بیروبۆچوونە جیاوازەكان ئەو بۆچوونە زۆرینیە دەنگی بەدەستهێنا كە دەڵێت: (ئەنجومەنی وەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دەسەڵاتی پێدانی تایبەتمەندیی هەیە بە زانكۆكان بەپێی پۆلێن ‌و پلەبەندیی زانستی لە چوارچێوەی رێنمایی تایبەت).
سەبارەت بە مادەكانی (دووەم ‌و سێیەم ‌و چوارەم)ی پڕۆژە یاساكەش كە تایبەت بوون بە كارنەكردن بە هیچ دەقێكی یاسای یان بڕیارێك كە لەگەڵ حوكمەكانی ئەو یاسایە ناكۆك بێت ‌و پابەندكردنی ئەنجومەنی وەزیران ‌و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە حوكمەكانی ئەو یاسایە ‌و جێبەجێكردنی یاساكە لە رۆژی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی (وەقایعی كوردستان)، دوای خستنە دەنگدانیانەوە بە جیا بە زۆرینەی دەنگ پەسندكران.
پاشان هۆكارەكانی دەرچوواندنی یاساكە ‌و كۆی یاساكە بە جیا خرانە دەنگدانەوە ‌و بە زۆرینەی دەنگ پەسندكران.
بەپێًی خاڵی دووەمی بەرنامەی كاری دانیشتنەكەش لەلایەن لیژنەی كاروباری یاساییەوە خوێندنەوەی یەكەم بۆ ئەو پڕۆژە بڕیار ‌و یاسایانە كران كە لە سەرەوە لە خاڵی دووەمی بەرنامەی كاردا هاتوون ‌و ئاراستەی لیژنە پەیوەندیدارەكان كران.
بەمجۆرە سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە دانیشتنەكەی ئەمڕۆ هێنا.