بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی تاوانبارێكی ڕاگەیاند كە بەر لە چەند رۆژێك دوو هاووڵاتیی بیانیی كوشتبوون كە هاوسەری یەكدی بوون و دواتر تەرمەكانیشی سووتاندبوون.
لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان) بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە لە هۆبەی ڕاگەیاندن ساز درا، ڕایگەیاند كە دوو هاووڵاتیی لوبنانی كە پێشتر هاتوونەتە هەولێر و هاوسەری یەكدی بوون و پیاوەكە پیشەی ئەندازیار بووە لە هەولێر، كەسێكی كورد دەناسن كە بە هەمان شێوە ئەندازیارە و دوای ئەوەی تێكەڵاوی لە نێوانیاندا دروست دەبێت، كێشەیەكی كۆمەڵایەتی دەكەوێتە نێوانیانەوە.
لیوا (عەبدولخالق) هەروەها ئاماژەی دا، تاوانبارەكە لە شەوی (22)-ی ئەم مانگە دەچێتە ماڵی ژن و پیاوە لوبنانییەكە و بە بیانووی بردنی شیرینی بۆیان، چەكێكی پێشكەوتوو لەگەڵ خۆی دەبات و هەردوكیان دەكوژێت.
بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ڕ,ونیشی كردەوە كە دوای كوشتنی ئەو دوو كەسە، تاوانبارەكە هەردووكیان دەباتە ژووری نووستنی ماڵەكە، بە هۆی سۆپای غازەوە ئاگر لە ژوورەكە بەردەدات و هەردووكیان دەسووتێنێت.
گوتیشی: دوای گواستنەوەی تەرمەكان بۆ پزیشكی داددیی هەولێر، دەركەوتووە ئەوانە كوژراون و پاشان سووتێنراون، بۆیە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كرد و توانرا بكوژەكە، كە خۆی ئامادە كردبوو بچێتە دەرەوەی وڵات، دەستگیر بكرێت، تەرمەكانیش بەم زووانە ڕەوانەی لوبنان دەكرێنەوە.
عەبدولخالق تەڵعەت دەشڵێت، بكوژەكە خۆی ئەندازیارە و باوكی خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی دەروونیدا، هەروەها دایكی مامۆستایە و بە چەكی باوكی كە خاوەنی ئەو بڕوانامە بەرزەیە، ئەو تاوانەی ئەنجام داوە.