فەتلاوی بەڵێنێك بە مالیكی دەدات
02/01/2015 نوسەر: bzavpress

فەتلاوی بەڵێنێك بە مالیكی دەدات

میدیاكانی عێراق لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویان كردەوە، چەند ڕۆژێك لەمەوبەر، حەنان فەتلاوی، چووەتە ماڵی نووری مالیكی، جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و كۆبوونەوەیەكی تایبەتیان ئەنجام داوە. لە كۆبوونەوەكەدا پرسی بندیوارەكانی ناو سوپا و هێزە ئەمنییەكانی عێراق تاوتوێ كراوە، كە لە لایەن حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە بە (فەزائی) ناویان هێنراوە.

 لەو كۆبوونەوەیەدا نووری مالیكی، داوای لە حەنان فەتلاوی كردووە، هەڵمەتێكی ڕاگەیاندنی چڕ، بۆ داخستنی دۆسیەی بندیوارەكان (فەزائییەكان) بەڕێوە ببات، چونكە چارەنووسی زۆر سەركردەی نزیك لە مالیكی و خودی مالیكیش، بە هۆی ئەم دۆسیەیەوە كەوتووەتە مەترسییەوە.

باسیش لەوە دەكرێت، لە كۆبوونەوەكەدا فەتلاوی بەڵێنی بە مالیكی داوە، هەموو هەوڵێك بۆ كۆتاییهێنان بە دۆسیەی بندیوارەكان بدات.