وەزیری خوێندنی باڵا: بەغدا دان بە زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستاندا نانێت
07/01/2015 نوسەر: bzavpress

وەزیری خوێندنی باڵا: بەغدا دان بە زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستاندا نانێت

د. یوسف گۆران، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق، دان بە زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستان و هەندێك لە زانكۆ حكوومییە تازەكاندا نانێت. بۆ ئەمەش هەندێك بیانووی زانستی دەهێنێتەوە.

یوسف گۆران گوتیشی: “ئەم بیانووانە زۆر بەهێز نین، چونكە زانكۆكانی عێراق لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان باشتر نین”. ئەوەشی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕوون‌كردەوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا كاری لە سەر پڕۆژەیاسایەك كردووە، كە ئێستە لە پەرلەمانی عێراقە و تایبەتە بە زانكۆ ئەهلییەكان. بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، داوا لە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ دەكرێت، دان بە هەموو زانكۆ ئەهلییەكانی هەرێمی كوردستاندا بنێت. هیواشی خواست، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاساكە پەسەند بكات.