ئەمریكا.. حكومەتی هەرێم بە فەرمی نوێنەری خۆی راگەیاند
07/01/2015 نوسەر: bzavpress

ئەمریكا.. حكومەتی هەرێم بە فەرمی نوێنەری خۆی راگەیاند

حكومەتی هەرێمی كوردستان نوێنەری خۆی لە ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دیاری كرد‌و كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەو نوێنەرایەتیەی وەرگرت.

فه‌لاح مسته‌فا، به‌رپرسی‌ فه‌رمانگه‌ی‌ په‌یوه‌ندیه‌كانی‌ ده‌ره‌وه‌ له‌ سه‌ردانێكیدا بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا، سه‌ردانی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ له‌ ئه‌مریكا كرد ئه‌ویش به‌ ئامانجی‌ به‌ ره‌سمی‌ راگه‌یاندنی‌ ده‌ست به‌كاربوونی‌ نوێنه‌ری‌ تازه‌ی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئه‌مریكا خاتوو به‌یان سامی‌ عه‌بدولڕه‌حمان و گفتوگۆكردن ده‌رباره‌ی‌ به‌رنامه‌ی‌ كاری‌ ئه‌مساڵی‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ حكومه‌ت.

 فەلاح مستەفا وتی"نوێنەرایەتی‌ حكومەتی‌ هەرێم لە ئەمریكا گرنگی‌ خۆی‌ هەیە و پێویستە بەردەوام بن لەسەر كاركردن بۆ زیاتر پتەوكردنی‌ پەیوەندیە ستراتیژیەكانی‌ نێوان هەردوولا لە تەواوی‌ بوارە جیاوازەكاندا".
به‌یان سامی‌، نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئه‌مریكا وتی‌: "شه‌ره‌فمه‌ندم به‌ ده‌ست نیشان كردنم وه‌ك نوێنه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئه‌مریكا و به‌هۆی‌ بوونی‌ تیمێكی‌ چالاك له‌ نوێنه‌رایه‌تی‌ ئه‌ركه‌كه‌مان ئاسانتر ده‌بێت و هیوادارم وه‌ك تیمێك به‌یه‌كه‌وه‌ كاربكه‌ین بۆ زیاتر له‌ یه‌كتر نزیك كردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مریكا و به‌ره‌وپێش بردنی‌ په‌یوه‌ندیه‌كان".