07/01/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
سەرۆك كۆماری فەڕەنسا : بەرامبەر دەستوەرنەدان لە سووریا پەشیمانم
سەرۆك كۆماری فەڕەنسا فڕانسوا ئۆلاند لە دیمانەیەكدا لەگەڵ رادیۆی فڕانس ئینتەر وتی: "پەشیمانم لەوەی لە ساڵی ٢٠١٣ كاتێك رژێمی ئەسەد چەكی كیمیایی بەكارھێنا، دەستمان نەخستە ناو كاروباری ئەو وڵاتەوە".
ئۆلاند لە وەڵامی پرسیارێكدا ئایا فەڕەنسا بۆ شەڕ دژی داعش ھاوكاری و ھەماھەنگی لەگەڵ رژێمی سووریا دەكات یان نا؟ وتی: "باشتر وایە لەو جۆرە پەیوەندییانە خۆمان بەدوور بگرین، چونكە ئەگەر لەگەڵ شەیتان هاوكار بیت زەحمەتە خوا ھاوكاریت بكات".
ئۆلاند جەختی لەوە كردەوە كە بۆ بەردەوامی ئارامی لە سووریا و عێراق، ئێران ھاوبەشێكی زۆر گرنگە.
سەرۆك كۆماری فەڕەنسا هەروەها وتی: "پێویستە ھاوكاری و پشتگیری ئۆپۆزسیۆنی سووریا بكەین بە ھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٣دا كاتێك رژێمی سووریا چەكی كیمیایی بەكارھێنا، لە دژی ئەو رژێمە ھەڵوێستێكی توندمان نەنواند و پەشیمانم، چونكە ئەگەر دەستوەردانێكمان بكردایە ئێستا شتێك بە ناوی داعش رووبەڕوومان نەدەبووەوە، وتیشی: "لێكۆڵینەوە لەسەر پەیوەندییەكانی نێوان داعش و ئەسەد دەكەین".