ئەگەر 2014 سەرەتای دەرکەوتنی گۆڕانێک بێت بەسەر کۆی سیاسەتی جیهانی و ناوچەیی ناوخۆیدا ، ئەوا ئەتوانین بڵێین دەرکەوتنی داعش و وەستانی تەوژمی گۆڕانکارەییەکانی بەهاری عەرەبی زۆر هاوکێشەی گۆڕی ، بە جۆرێک خەریکە مل دەکێشی بۆ گۆڕینی جیوپۆلەتیکا و ئابوری جوگرافیای سیاسی ، خۆ ئەگەر 2014 ببێتە سەرەتای دەرکەوتنی قۆناغێکی تر بۆ مرۆڤایەتی ، ئەوا پێ دەچێت ، چەند ساڵێکی بوێت بۆ یەکخستنەوە و هاوسەنگکردنی کێشە و مل ملانێکان ، وە دەکرێت ئەو دیو ئەو ڕوداوانە بخوێنینەوە کە ماکیاج کراون بە کۆمەڵێک سیناریۆ و تاکتیک و بڕیاری ئەو دیو پەردە و کەوالیسەکان ، واتا ئەوەی ڕاگەیاندن باسی دەکات ڕووداوەکانە ... ئەبێت بپرسین ئەی کێ دروستکەری ڕووداوەکانە ...؟ ئەم نمایشانە چی سیناریۆیەکی هەیە ..؟ کە دەکرێت لە چەند خاڵێکدا پێشبینیەکان بخەینە ڕوو ... کە هەمووی ئەگەر و گریمانەیە.
1.
داعش لاواز دەبێت و لە ناو ناچێت ، چونکە سیناریۆی ( کورەی هەنگ ) درێژەی دەبێت و دەبێت شوێنێکی جوگرافی هەبێت ، تا دەوڵەتی خەڵافەت نمایشی توند و تیژییەکانی تێدا بکات ، وەک کایەیەکی موگناتیسی و فلتەرێک هەموو توندڕەوەکانی دونیا لە وڵاتە کراوەکانەوە ڕابکێشێ بۆ ئەم شوێنە جوگرافیە و وڵاتەکراوەکان فلتەر بکات .
2.
ئەم شەڕە دەبێتە بازاڕێکی باشی فرۆشتنی چەکی کۆنی کۆگا عەسکەرییەکانی وڵاتانی زل هێز .
3.
گۆڕەپانی شەڕەکان دەبێتە شوێنێکی شیاو ، بۆ تاقیکردنەوەی چەکی نوێ ی عەسکەری .
4.
دروست کردنی داعش وەک سیناریۆی ناتۆ ، دەبێتە هۆی نزیک بونەوەی ئێران لە ئەوروپا و ئەمریکا ، وەک جەمسەرێک و شوێنیکی خاوەن نەوت و گازی سروشتی .
5.
بەرامبەر ئێران سیاسەتی دوو سەرە بەکار دەهێنرێت ، نە دەیەوێت ببێتە هۆی تێکدانی ڕێڕەوی سیاسەتی ناتۆ و نە دەیەوێت بچوک بێتەوە لە بەرامبەر داعش .
6.
دۆسییەی ئەتۆمی ئێران هیواش تر دەبێتەوە ، تا پشتوانی ڕوسیا کەمتر ببێتەوە .
7.
نرخی نەوت دەکاتە کارتێک ، بۆ ملدانی ئێران بۆ ناتۆ ، لە ڕێ ی بەکار هێنانی نەوتی ئەمریکی و دانەبەزاندنی هەناردەی نەوتی وڵاتانی عەرەبیەوە ، بۆ ئەوەی ئێران کە دەبێتە هاو بەرژەوەندی ناتۆ ، بە شێوەیەکی دەستەمۆکرا و ناچاریانە بێت .
8.
عێراق لەم ساڵیشدا پاک ناکرێتەوە لە داعش ، چونکە ئەگەر لە موسڵ دەریان بکەن ئەوا پەنا دەباتە بەر تەقینەوەکان و دەتوانێ ئەمەش بکات .
9.
کوردستان دەبێتە بەدیلی گازی سروشتی ئەوروپا و تورکیا ، بەمەش کارتی دەستی ڕوسیا دەسوتێنن ، بە تایبەت دوای بەستنەوەی گازی کوردستان بە نابۆکۆوە .
10.
ناتۆ و ئێران بە تەواوەتی لەسەر دۆسیەی هەرێمی کوردستان و عێراق و سوریا و یەمەن و فەلەستین و لیبیا و لوبنان نزیک دەبنەوە لە یەکتر .
11.
هەوڵ دەدرێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە پێگەی حیزبە ئیسلامیە دەسەڵاتدارەکانی ناو تورکیا لاواز بکرێت و پەنا بۆ حیزبی نۆی ببرێت .
12.
تورکیا وەک دەروازی ئابوری جیهان بۆ هەندی دۆسیەی دژ بە ئێران و ناتۆ گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵدەکرێت .
13.
پرۆسەی ئاشتی تورکیا و پەکەکە وەک کارتێک دژ بە دەسڵاتە ئیسلامیەکانی ناو تورکیا بەکار دەهێنرێت .
14.
تورکیا درێژکراوەکانی لە ناوچەکەدا بەرە و لاوازی دەڕوات .
15.
لە بەرامبەر ئەمانەدا پێ دەچێت داعش وەک کارتی گۆشار ، زنجیرەیەک تەقینەوە لە وڵاتە کراوەکاندا بکات .
16.
داعش هەوڵی پێگەی خۆی دەدات وەک هێزی شاراوە لە وڵاتانی قەزوین و قەوقاز .
17.
سوریا دابەش دەبێت بۆ سێ ناوچە ( ناوچەی بەشار و داعش و کورد ) لە ناوەڕاستدا بەردەوامی دەدەن بە شەڕەکان لە نێوان بەرەی ئۆپۆزسیۆن و داعش بە پلەی یەکەم و بە پلەی دووەم داعش و کورد و بە پلەی سێیەم داعش و بەشار .
18.
گرنگی دەدرێت بە لیبیا وەک ترسی جێگای دووەمی داعش .
19.
یەمەن لە نێوان سونە و شیعەدا دابەش دەبێت .
20.
ئەگەری ئەوە هەیە کە لەهەر حاڵەتێکی بەریەککەوتنی ناتۆ و ئێراندا پەرچەکردارەکان لوبنان و فەلەستین و وڵاتانی خلیج ڕوو بدات ، بەڵام کاتی دەبێت چونکە بەرژەوەندی و ترسی هاوبەش بەهێز تر دەبێت لە ناکۆکیە کاتییەکان .
21.
سیناریۆی گۆڕینی نەخشەی جوگرافی ، دەبێتە سیناریۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسی و ئابوری .
22.
یاری کردنی بە کارتی ئابوری بەردەوامی دەبێت ، بە تایبەت بە سەرچاوەکانی ووزە .
23.
لە ناوخۆی هەرێمدا ، ئێران دەبێتە یارکەرێکی سەرەکی و هەوڵی یەکخستنی زیاتری هێزە کوردیەکان دەدات و هەوڵ دەدات پارتی بخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە و کار لەسەر پەیوەندیەکانی کورد و تورکیا دەکات ، لە دیدی دەروازەی ناردنی سەرچاوەی ووزەوە .
24.
ئەمریکا بە سیناریۆکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، هەوڵ دەدات هەیمەنەی زیاتری هەبێت لە دۆسیەی چین و ڕوسیا .
25.
ناتۆ هەوڵی بەهێزکردن و فراوانکردنی بنکە سەربازیەکانی دەدات بە تایبەت لە لیتوانیا و ئەفغانستان و وڵاتانی خلیج .
26.
شەڕ وەک سینارێوی یەکخستن و هاوسەنگی نێوان هێزەکان وململانێکانی وڵاتان بەکار دەهێنرێت لە لایەن ناتۆ وە .
هەموو ئەمانە و دەکرێت لەسەر ئاستی پەیوەندییە هەمە جۆڕەکان گۆڕانکاری ورد ڕوو بدەن ، بەڵام گۆڕانکاری گەورە دروست ناکەن ، ئەوەی دەمێنێتەوە 2015 ئەگەری هەیە بۆ کورد لە باشوردا باش بێت ، بە تایبەت دوای ئەوەی کە نەوتی کەرکوک لە ڕێ ی بۆری کوردستانەوە ڕەوانەی بەندەری جیهان دەکرێت و گرنگی زیاتر بە گازی باشور دەدەرێت ، بەڵام لەسەر ئاستی هاوکێشەکان 2015 بەردەوامی دەدات بە کێشەکانی 2014 و ئەو نەخشەیەی لە هەگبەی وڵاتانی ناتۆدا هەبوە لە 2014 دا ، بەڵام ئەوەی بۆ باشور گرنگە کورد دەبێتە بەشێکی گرنگ لە نەخشەی وزەی جیهانی و سیاسی و عەسکەری ، ئەگەر بتوانرێت تەندروستانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت ، ئەوا نزیک دەبێتەوە لە دەوڵەت بوون .
لە ناوخۆی باشوردا ، ئەوەی گرنگە بەشداری گۆڕانە لە حکومەتدا ، لەم ساڵەدا توانای دەرکەوتنی پێویستی نابێت و دەبێت پایەکانی لە ناو دەسەڵاتدا بەهێز بکات و وە کاریشی بۆ دەکات ، بە تایبەت هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ ، هەرچی بەرنامەکانیەتی لە ساڵی 2016 زیاتر دەردەکەون ، یەکێکی تر لە کێشەکانی ناوخۆ مەسەلەی سەرۆکایەتیە ، کە ئایا بخرێتە دەنگدانەوە و شەرعیەت وەربگرێ ئەو کات هەموو کەس بە پێ ی یاسای دیاری کراو ، بۆی هەبێت خۆی کاندید بکات بۆ سەرۆکی هەرێم بە مسعود بارزانیشەوە ، کە ئەگەر بڕیار بدرێت سستم سەرۆکایەتی بێت... خۆ ئەگەر وا بڕیار بێت پەرلەمانی بێت ( کە ئەم ئەگەرە زۆر نزیکە ئەوا) پەرلەمان دەنگ دەدات بە دەستور و لە ڕەشنوس و پڕۆژەوە دەبێتە دەستوری باوەڕپێکرا و دەنگ پێدراو ، ئەو کات ماوەکانی پێشوتر ئەژمار ناکرێت و جارێکی تر مسعود بارزانی بۆی دەبێت خۆی کاندید بکاتەوە .