شارەوانی سلێمانی:زیانی شەڕەئاوەكەی  به‌ (400) ملیۆن دینار خه‌مڵاند
12/08/2013 نوسەر: bzavpress

شارەوانی سلێمانی:زیانی شەڕەئاوەكەی به‌ (400) ملیۆن دینار خه‌مڵاند

شارەوانی سلێمانی ڤیستیڤاڵی شەڕەئاوەكەی قاوەخانەی كلتوری بە كارەسات ناودەبات و ڕایدەگەیەنن كە زیانی شەڕە ئاوەكە زیاد لە (400) ملیۆن دیناربووە.

یوسف یاسین سەرۆكی شارەوانی سلێمانی بە (نها24 و ڕادیۆی خەڵك) ی ڕاگەیاند: ئەو ڤیستیڤاڵە لەلایەن قاوەخانەی كلتوریەوە بەڕێوەچوو كە داوایان لە پارێزگاری سلێمانی كردبوو بۆ پێدانی مۆڵەت، بەڵام ئەوەی كە ئێمە بینیمان ئەوە نەبوو كە قاوەخانەی كلتوری باسی لێدەكرد.

ئاماژەی بەوەشكرد، داخێكی گرانە كە كۆمەڵێك گەنج خۆشی و شادی ئەو ڤیستیڤاڵەیان بە ئاقارێكی تردا برد و كەوتنە تێكدانی یاریەكە، زیانێكی زۆر بەر فوارەی ئاوەكانی پاركی ئازادی كەوتووە و نەمامێكی زۆر لە باخەكەدا شكێنراوە، ئەمە جگە لە پیسكردنی پاركەكە.

یوسف یاسین وتیشی، لەئەنجامدا زیانێكی زۆر بەر پاركەكە كەوتووە كە بە زیاتر لە (400) ملیۆن دینار دەخەمڵێنرێت، هەربۆیە لیژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ خەمڵاندنی تەواوی زیانەكان.