ئایا ڕاستە عوسمانیەكان 250ساڵ چاپخانەیان قەدەغەكرد؟ كامانەن هۆكارەكانی؟ ئایا خۆرئاواییەكان" مەسیحیەكان" بەشیان نیە لەم حەرامكردنەدا؟
................................
ئەوەی دیارە و باس دەكرێ یەكەم كەس بیرۆكەی "چاپ"ی داهێنا "یوهانس گوتەنبەرگ" بوو كە زانایەكی ئەڵمانی بوو لەساڵی 1455 پیتی چاپی داهێنا. كە لە راستیدا ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە و بیرۆكەی چاپ هەبووە لە شارستانیەتی ئیسلامیدا وەكو لێدانی بەروار و كاتی بەسەرچونی دەرمانەكان لە لایەن پزیشكی گەورەی ئەندەلوس زەهراویەوە. یان پێش ئەوروپیەكان كەسێ بەناوی "ئویغور" كە پیاوێكی موسڵمانی تورك بوو لە چین بیرۆكەی چاپی داهێنا و لەوێوە گوازرایەوە ئەوروپا و گوتەنبەرگ پەرەیدا بەم بیرۆكە.
مێژووی یەكەم چاپخانە ساڵی 1455 بوو لە ئەوروپا و لە دەوڵەتی عوسمانیشدا لە 1488 بوو نەك 1727ز واتە تەنها 33ساڵ دواكەوت لە ئەوروپا . یەكەم كەسیش كە چاپخانەكەی هێنا پیاوێكی جولەكە بوو پاشان ئەرمەنیەك بوو لە 1567ز پاشان رومیەك بوو لە 1676. بەمەش دەبینین 19 كتێبی چاپی دەركراوە لە دەورانی سوڵتان "بایەزیدی دووەم" هەروەها 33كتیب لە دەورانی سوڵتان سەلیمی یەكەم (1512-1520)ز هەروەها لەژێر چاودێری سوڵتان بایەزیدی دووەم چەندین كتێب چاپكراون .. سوڵتان مورادی سێیەم (1573-1595)ز كتێبی لەچاپدراوی "اصول اقلیدس"ی كریوە و كە بە عەرەبی چاپكراوە لە 1588ز.
مێژوونوسی عوسمانی "مستەفا نوری پاشا" باس لەوە دەكات كە چاپخانە لە سەردەمی سوڵتان مورادی چوارەم "1623-1640" زیاتر پەرەی سەندووە بەڵام نەك بەشێوەی ساڵی 1727 كە بووە شتێكی رەسمی و لە دامودەزگاكان كرایە رەسمی ....
پرسیار لێرەدا ئەمەیە بۆچی چاپخانە زۆر بە هێواشی پەرەی سەند :
1. چاپخانە و چاپی كۆن دیمەنێكی جوانی نەبووە وەكو كتێبە دەستنوسیەكان و خواستی ئەوەندە لەسەر نەبووە. چونكە وەك خۆمان دەزانین چاپخانە تا ئەم ساڵانەی دوایش چ جۆرێك بووە لە كاتێكدا كاری دەستنوسی خەڵكی زۆر پێوەی سەرقاڵ بون بەشێوەیەك وەك یەكێ لە رۆژهەڵاتناسەكان دەڵێ تەنها لە ئیستەنبوڵ 90هەزار خەتخۆشی تیا بووە كە كاریان نوسینەوە و لەبەرگرتنەوەی كتیب بوە بە زەخرەفە و وێنە و خەتی جۆراو جۆر.
2. ئایا ئەوانەی دەڵێن ئەمر بە حەرامی چاپخانە كراوە ئاگاداری ئەوەن لە ئەوروپا ساڵی 1501 پاپا "ئەلكسندری شەشەم" فەرمانیدا بە سوتاندنی هەموو ئەو كتێبانەی كە مۆڵەتی كڵێسایان نیە واتە كڵێسا قبوڵی نین؟ یان "هنری دووەم" پاشای فەرەنسا سەرجەم ئەوانەی لە سێدارەدا كە كتێبیان بێ مۆڵەت لە چاپداوە؟
دامەزراندنی چاپخانە
دامەزراندنی چاپخانەی حكومی دەگەرێتەوە بۆ ساڵی 1720ز لە دەورانی سوڵتان ئەحمەدی سێیەم كاتێ سەفیری عوسمانی (محمد چەلەبی) لەپاریس چاپخانەیەكی پێشكەوتوو و چاكی بەدەستهێنا هێنایەوە و پاش ئەوەی بەراورد كرا لەگەڵ كاری دەسنوسیدا پەسەندكرا و شێخی ئیسلامی ئەو كاتیش دەستخۆشی كرد بۆ ئەو كارە و بەباشی دانا بەڵام هەندێ لە زانایان ئەو بریارەیاندا كە كتێبی قورئان و فەرمودە چاپنەكرێ و بەدەستنوسی بێت لە ترسی دروستبونی هەڵەی چاپی لە كتێبەكاندا...