ناڕەزایەتی بارزانی لە كۆنگرەكەی لەندەن
23/01/2015 نوسەر: bzavpress

ناڕەزایەتی بارزانی لە كۆنگرەكەی لەندەن

مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ناڕەزایەتی خۆی  بەرامبەر بەشداری نەكردنی نوێنەری هه‌رێمی كوردستانی لە كۆنگرەكەی لەندەن دەربڕی و ڕایگەیاند جێگەی نیگەرانی ئێمەیە كە كوژران و قوربانی دان بەشی خەڵكی كوردستانی عێراق بێ و شانازیەكەشی بۆ خەڵكی تر بێ.

بارزانی لە پەیامێكدا بە نیگەرانییەوە باس لە بانگهێشت نەكردنی نوێنەری هەرێم بۆ ئەو كۆنگرەیە دەكات كە تایبەت بە ولآتانی شەڕكەری دژبە داعش بوو،  رایگەیاند، "چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد هەموو لایەك ڕێز لە قوربانیدانی گەلی كوردستان و قارەمانێتیی پێشمەرگە بگرن و داوای بەشداربوونی نوێنەری كوردستان لەم كۆنگرەیە و كۆنگرە هاوشێوەكان بكەن".
هەروەها دەڵێت: "ناڕەزایەتی خۆمان و خەڵكی كوردستان ئاراستەی ڕێكخەرانی ئەم كۆنگرەیە دەكەین و جێگەی دڵگرانیی ئێمەیە كە شەهیدبوون و قوربانیدان بەشی خەڵكی كوردستان بێت و ئیعتبارەكەش بۆ خەڵكی تر هەژمار بكرێت".