کۆمەڵێ خەڵکی سەربە بزوتنەوەی گۆران لێرەو لەوێ کە تورە دەبن و دێنە گۆ دەڵێن"ئیتر کار بۆ گۆڕان ناکەین" یان کار بۆ گۆران ناکەم" بیریش دەکەمەوە باشە ئەم برادەرە یان ئەم برادەرانە، پێشتر چیان کردوەو ئێستا چیدەکەن و ئایند ە چیدەکەن وا ئەم هەڕەشانە دەکەن و دەکات.
سوێنتان لەسەر م نییە زۆربەیان کاتی دەنگدانەکانیش نەچوون بۆ دەنگدان،ئەگەریش چوبن لەدوای هەڵبژاردنەکانەوە بەردێکیان نەخستۆتە سەربەردێک و خاوەنی بچوکترین چالاکی نین و نەیان توانیوە چلە پوشێک بخەنە سەرخەرمانەی بزوتنەوەی گۆران،تاق وتەرا نەبێت لەپاڵەوە هەندێ کار دەکەن کە ناگەنە پەنجەی یەک دەست ،سەرلەبەریان خەریکی ژیانی خۆیانن،وەک هەرکەسێکی تر،ئیتر ئەم هەڕەشەو گوڕەشەیەی بۆچییە،فەرموو چیتان کردوە تا ئێستا، لەمەولا مەیکەن چش با گۆران گورگ بیخوات،ئەسڵەن هەندێ خەڵکتان ئەونە ناشیرینە زۆربەی گەنجە گۆرانخوازە حەقیقیەکان لەداخی ئێوە بزوتنەوەکەیان بەجێهێشت،ئێستا زۆربەی ئەوانەی ماونەتەوە کۆنە یەکێتیەکانن وبەس،بچوکترین کارتان بۆ ئەم بزوتنەوەیە نەکردوە،کەواتە فڕوفیشاڵی ناوێ زۆرت پێخۆشە گۆران بە، مەمنونیش نیت بۆ کوێ دەچی بچۆ،کەس غەمی نییە،ئەوە تۆیت خاوەنی کەسایەتی نیت و بە بۆنەی گۆرانەوە هەیت،کەواتە دەبێت سوپاسیش بکەیت نەک نازو نووز،بریا من نەوشیروان مستەفا بومایە دەیان دەموچاوم فنیتۆ دەکردو دەموت ناوی گۆران نەبەن.
نەگبەتیەکەیش ئەوەیە لە ناو یەکدا هەمان کەلتوری ناو یەکێتیان هێناوە،کۆنە یەکێتیەکانی ناو گۆران سەرچاوەی هەرچی ئاژاوەو ئاشوبی ناو بزوتنەوەی گۆرانن،چی نەخۆشی و دەردو بەڵای ناو یەکێتی هەبوو،هەمویان لەگەڵ خۆیان هێناوەتە ناو ئەم بزوتنەوەیەو شەو ڕۆژ بە بێ ئەوەی بچوکترین قازانجیان بۆ ئەم بزوتنەوەیە هەبێت، سەرقاڵی دژایەتی یەکترن و زەمی یەک دەکەن،ئەوەندەی ئێنێرژی خۆیان بۆ شەڕی لاوەکی یەکتر سەرف دەکەن، تەنها ڕوبعێکی ئەوەیان بۆ گۆڕان سەرف بکردایە ئێستا بزوتنەوەکە لە جێگایەکی تردا قەراری گرتبوو، ئەکسەریەتیان تەنها ناوەکەیان گۆڕیوە لە یەکێتییەوە بۆ گۆران، لەمە بەدەر بچوکترین ئاڵوگۆڕیان بەسەردا نەهاتوەو حەوت حیزب بگەڕێن هەر ئەو ماتریالەن کە هەن،لێرەیش سەرقاڵی کاری گروپین و شەو بەیەکەوە فاسۆلیا دەخۆن و بەیانی دەبنە گروپێکی سەربەیەک ودیفاع لەیەک دەکەن دژی گروپە فاسۆلیا خۆرەکەی تر،بەتایبەت ئەمە لە بەریتانیا زۆر باوەو هەموویان چەقۆ لەیەک دەسوون، هیچیشیان جیاوازیان نییە،تەنها دەم وچاویان جودایەو هەمان ئەقڵن، هەموو کێشەکان ئەنگێزەی شەخسین ودەم و چاوی یەکیان قبوڵ نییە،هیچیشیان لە خزمەتی کۆی بزوتنەوەکە نین و ئەوانەی کە دەڵێن ئەو گروپەمان بە دڵ نییەو با ئێمە سەرپەرشتی گۆران بکەین لەوەی ئێشتا کۆڵەوارترن.