جەبار یاوەر دوایین ئاماری شەهیدانی پێشمەرگە رادەگەیەنێت
04/02/2015 نوسەر: bzavpress

جەبار یاوەر دوایین ئاماری شەهیدانی پێشمەرگە رادەگەیەنێت


 جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی  لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەرەتای جەنگی داعشەوە تاوەکو دوێنێ(سێشەممە  3/2/2015), 999  پێشمەرگە شەهید بوون و 4596ی دیکەش برینداربون.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی پێویستی کردبێت بۆ بریندارەکان، کردومانە و بەشکێکی بەرچاویشیان رەوانەی نەخۆشخانەکانی تاران و تورکیا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکەی ئەوروپا کراون.

هاوکات سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی چەند وێنەیەکی دیلی پێشمەرگە کەلەلایەن داعشەوە دەستگیرکراون، وتی: بەدواداچون بۆ ئەو بابەتە دەکەین، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوتینەتە هیچ ئەنجامێک.
جەبارە یاوەر لەبارەی بڵاوکردنەوەی وێنەی سەربڕینی چەکدارانی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە، ئاماژەی بەوەکرد، ئەوانە کردەیەکی تاکە کەسین، هەروەها ئەوە لەگەڵ بنەماکانی ئیدارەی پێشمەرگە یەک ناگرێتەوە، لەئێستاشدا نوسراومان ئاڕاستەی سەرجەم فەرماندە و میحوەرەکان کردوە کە بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ دیلی دوژمن بکەن و پێشێلی یاساکانی ئەم ئیدارەیە نەکەن.