شەهید هوجام و چەند تێڕوانینێک...!!!
09/02/2015 نوسەر: bzavpress

شەهید هوجام و چەند تێڕوانینێک...!!!


کاتێک سەیری وێنەی چاوەکانی دەکەیت هەزاران ووتە و هەزاران ئاوات لە چاوەکانی قەتیس ماوە دەیەوێت بیڵێت هاوار بکات بەڵام بێدەنگە ؟! وێنەی چاوەکانی و بەرزکردنەوەی سەری بە سەربەرزی نیشانەی قارەمانێتی و ئازایەتی ئەنوێنێ ؟ ئەو کەسەی کە خاوەن 10 منداڵە بەڵام لە پێناو بەرگری کردن لە خاک و نیشتمان خۆی گیان فیدا دەکات تا ڕۆڵەکانی بە ئازادی ژیان بکەن ، خاوەن 10 منداڵە و لەبەرەکانی پێشەوەی جەنگدایە تەنها بە بڕە پارەیەکی کەم کە بەشی کارتی کوڕە مەسئولێک ناکات ، ئەو لە پێناو پارە شەهید نەبووە لە پێناو پارە نەڕۆشتوەتە بەرەکانی شەڕەوە شتێکی سروشتیشە کە ماف و ئیمتیازی خۆی وەربگرێت بەڵام بە مووچەی تەنها 500هەزار کە 3 مانگ جارێ ئەدرێت ئەبێت چی ژیانێکی پێ دروست بکرێت ؟ ئەبێت ئەمە چی جۆرە خێزانێک بێت کە بتوانێت بە بڕە پارەیەکی کەم ژیانێکی خۆش هەڵبژێرێت ،لە پرسەکەشیدا کەسانێک بەشداری دەکەن کە مووچەی ڕۆژێکی هی ساڵێکی ئەوە !! شەرم نایانگرێت ئەوە حاڵی پێشمەرگە بێت و بڕۆنە ناو پرسەکەیەوە ؟ بەڕاستی لە ڕوویان دێت سەریان بەرز بکەنەوە ،  ئەبێت چی شەرمەزاریەک بێت کە ئەو بارودۆخەی ژیانی پێشمەرگە بێت ؟؟؟
بەڕاستی شەرم نایانگرێت لە کاتێکدا ئەو سنگی خۆی ئەکاتە قەڵغانێک بۆ بەرگری کردن لە پێناو پاراستنی شەرەف و ناموس و کەرامەتی تاک بە تاکی کورد لە پێناو پاراستنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە پێناو خاکی کوردستان ، هاوار ئەکات هانا بۆ خێرخوازان ئەبات تا هاوکاری کچە نەخۆشەکەی بکەن ، ئەبێت شەرمەزار بن کە وا حاڵی پێشمەرگە ئاوابێت ؟ لە هەموو دنیا کاتێک کەسێک لە پێناو خاک و نیشتمان شەهید دەبێت هەمووان ڕێزی لێ ئەگرن ئەویش خەمی ئەوەی نیە دوای نەمانی منداڵەکانی چیان بەسەر دێت چوون دەزانێت کە خێزانەکەی خۆشگوزەران ئەبن و پێویستیان بە کەس نیە ؟؟ بەڵام پێشمەرگەی کوردستان چی ؟؟؟ئەبێت خەمی کرێکەی بخوات !! خەمی ئەوە بخوات منداڵەکانی لە قوتابخانە کەم نەهێنن کاتێک هاوڕێکەی دەست ئەکات بە باخەڵیدا بۆ ئەوەی شت بخوات و ئەم تەنها سەیری دەمی بکات ، ئەبێ خەمی جل و بەرگ و ژیانی خێزانی بخوات ، کامە بەرپرسە ئەتوانێت بە بڕە پارەیەکی کەم ژیانێکی وەها دروست بکات کە ئێستا هەیەتی؟؟ 
دە با حکومەت بڕیارێک وەها دەربکات کە ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە خۆش بکات ، با مووچەیان لە کاتی خۆی پێش هەموو وەزارەتەکانی تر بدرێتێ ؟ با مووچەکەیان بەرز بکرێتەوە ، دەبا تەنها لە کاتی شەڕ ناوی پێشمەرگە نەهێنرێت ، چیتر با پێشمەرگە لە پێناو مەرامی سیاسی و تایبەتی بە کار نەهێنرێت ، با کچ و کوڕە پێشمەرگەیەک سەربەرز بن لەوەی باوکیان لە پێناو کوردستان دەجەنگێت ، با ڕێز لە کەسایەتی و کەسەکانیان بگیرێت ، ئەگەر شەهید بوو تەنها ڕۆشتنە پرسەکەی و دوو قسەی گەورە نەبێت بۆ ڕاگەیاندنەکان و خۆ دەرخستن و دواتر وەک ئەوەی (( نە بایان دیبێت نە بۆران )) لە بیریان بچێتەوە ، ئەگێڕنەوە ڕژێمی گۆڕ بە گۆڕی سەدام کاتی خۆی کە ئەفسەرێکی شەهید دەبوو ڕێزێکی تایبەتی لێ دەنرا لە سەرجەم دام و دەزگا فەرمیەکان ، بەڵام ئێستا تەنها دوو ڕۆژە و دواتر کەس لێ ناپرسێتەوە لە پێناو چی و کەی و چۆن شەهید بوو ...
خۆشەویستی پێشمەرگە بۆ نیشتمانەکەی هێندە گەورەیە کە سەرکردەیەکی وەک شەهید شێرکۆ بریندارە و لەسەر جێگایە بەڵام بە پێکەنینەوە دەڵێت دوو ڕۆژی تر دەگەرێمەوە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ ، یاخود ئەوەی شەهید لیوا حسێن مەنسور خێزانەکەی دەڵێت لە ماوەی هەشت مانگی شەڕ تەنها چەند جارێک بینیومە ، خۆشەویستی پێشمەرگە بۆ نیشتمان و خاکەکەی هێندە گەورەیە کە دەیان و سەدان کتێب و ڕاپۆرتی لەسەر بنوسرێت هێشتا کەمە ئەبێت بەرخۆدان و ئازایەتی پێشمەرگە لە مێژوو بنوسرێتەوە ، ئەبێت سەرکردەکانی جیهان بێن و فێر بوون کە مانای بەرخۆدان و ئازایەتی چیە؟ 
لە کۆتایدا داواکارم لە یەزدان کە ئەم شەڕەمان لە کۆڵ بکاتەوە سەرکەوتن بۆ هەموو تاکێکی کورد دەخوازم لە هەر شوێنێکی دنیا ، هیوادارم خوای گەورە لە شەهیدەکانمان خۆش بێت و شیفای زوو چاک بوو بوونەوە بۆ ئەفسەران و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان ئەخوازم ، هیوادارم حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێداچوونەوەی بە هەموو ئیمتیازەکانی پێشمەرگە بخشێنێتەوە و ژیانێکی وەهایان بۆ دروست بکات کە شایستەی بن وەک چۆن ئەوان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ بەرگری لە ئێمە دەکەن تا بە ئارامی بخەوین، گەشبینم بە هەموو ئەو پێشکەوتنانەی کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان کردوویانە هیوای سەرکەوتن و سەرفەرازی بۆ تاک بە تاکیان دەخوازم ...