سێناتۆریكى ئه مريكى: بارزانی یەكێك لەو كەسایەتییە گرنگانەیە كە جیهان زۆر پێویستیەتی
18/02/2015 نوسەر: bzavpress

سێناتۆریكى ئه مريكى: بارزانی یەكێك لەو كەسایەتییە گرنگانەیە كە جیهان زۆر پێویستیەتی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە سیناتۆرێكی پارتی كۆماری كرد و تێیدا ئاماژەی بەوە كرد، نابێت شەڕی دژ به داعش تەنیا لەسەر شانی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بێت.

وتیشی : پێویستە ڕێگە لە هاتوچۆی داعش بگیرێت و پێویستە وڵاتان كار بۆ نەهێشتنی ئەو ناوەندانە بكەن كە تێیدا هيزی تیرۆر و توندڕۆیی بڵاو دەكرێت و خەڵك فێری توندڕۆیی دەكەن.

ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بۆب كۆركێر سێناتۆری ویلایەتی تێنیسیی لە پارتی كۆماری و بەرپرسی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كۆبۆوە، كە لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا و ژۆزێف پێنینگتۆن كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری سیاسی و سەربازیی ئەمەریكایی پێكهاتبوو.

ئەو سیناتۆرە ئاماژەی بە سەرسامیی خۆی و ئەمەریكییەكان دا، بە ڕۆڵی سەركردایەتیی مەسعود بارزانی لە بەرەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و پڕۆسەی سیاسی و ڕایگەیاند، كە لە كەشی پڕ لە كێشە و قەیرانی ئێستەدا، بارزانی یەكێك لەو كەسایەتییە گرنگانەیە، كە جیهان زۆر پێویستیەتی.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێداویستییەكانی پێشمەرگە و چۆنییەتی باشتركردنی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزە هاوپەیمانەكان تاوتوێ كرا و قسەیش لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئازادكردنی موسڵ و ناوچەكانی دیكە كرا.