عەبادی و ئۆغلۆ: نەوت موڵكی هەموو گەلی عێراقە
21/02/2015 نوسەر: bzavpress

عەبادی و ئۆغلۆ: نەوت موڵكی هەموو گەلی عێراقە

شەوی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی لە رێگای تەلەفۆنەوە بەهاوتا تورکیاکەی ئەحمەد داودئۆغڵو راگەیاندووە، کە نەوتی هەرێمی کوردستان موڵکی هەموو خەڵکی عێراقە و پێویستە ئەنقەرە بەبێ بەغدا، نەوتەکە هەناردەی دەرەوە نەکات. 

عەبادی لەڕێی تەلەفونەوە قسەی لەگەڵ داود ئۆغلۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا كردوەو پێكەوە گفتوگۆیان لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات و روبەڕووبونەوەی داعش و هەڕەشەكان كردوە لەسەر عێراق و ناوچەكە.

هەر لەو پەیوەندیەدا عەبادی ئەوەشی رونكردوەتەوە كە هێزە ئەمنیەكانی عێراق و پێشمەرگەو حەشدی شەعبی توانیویانە رێگر لەپێشڕەوییەكانی داعش بكەن و سەركەوتن بەسەریاندا تۆمار بكەن و لەهەندێك ناوچە دەریان پەڕێنن.

عەبادی و ئۆغلۆ باسیشیان لەهەوڵەكانی حكومەتی عێراق كردوە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەداعش، ئەوەش بەهاوكاری خەڵكی پارێزگای نەینەوا كە سەرجەم پێكهاتەكانی تێدایە.

هاوكات "حەیدەر عەبادی و داود ئۆغلۆ لەسەر ئەوە رێكەوتون كە نەوت موڵكی هەموو گەلی عێراقەو پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات لەسەر بنەمای رێزگرتن بێت لەسەروەری و بەرژەوەندی هەردوو وڵات".