23/02/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
وەسێتنامەى شێخ سەعیدى نورسى -
دەسپێک..
گەلى کورد لەوەتەى بە ئایینى پیرۆزى ئیسلام ئاشنا بووە و باوەشى بۆ کردۆتەوە، چەندەها زانا و دانا و کەڵەپیاو و شۆڕەسوار و کەسانى دین پەروەر و نیشتمانپەروەرى لە هەموو پارچە جیاجیاکانى کوردستان و گۆشە و کەنارەکانى جیهان تێدا هەڵکەوتووە.
لاپەرەکانى مێژوو شایەتى و گەواهى ئەوە دەدەن کە شۆڕشى کورد شێخ و مەلا سەرقافڵە و پێشەنگى بووە و رێبەرایەتى کردووە.
لەگەڵ گرنگى دانیان بە چەمکى ئیسلام پەروەرى گرنگى زۆریشیان داوە بە چەمکى نەتەوایەتى و نیشتمانپەروەرى، زۆر لە خەمى خاک و خەڵکى خۆیاندا بوون، میللەتى کورد بە گشتى زۆر قەرزارى ئەو پیاوە گەورانەیە و جێى خۆیەتى شانازییان پێوە بکات و خەبات و هەوڵ و تێکۆشانیان بەهەند بگرێت و مێژووى پڕ سەروەرییان لەیاد نەکات.
یەکێک لە زانا و بلیمەتەکانى کە هەردوو چەمکى دین و نیشتمانى پێکەوە گرێداوە و زۆر خەمخۆر و بە پەرۆش بووە بۆ گەلەکەى، زاناى پایە بەرز و هەڵکەوتەى زەمانە (شێخ سەعیدى نورسى) بووە لە کوردستانى تورکیا.
ئەو زاتە بەڕێزە لە خەمى ئەوەدا بووە گەلەکەى وەک گەلان و نەتەوەکانى ترى جیهان خاوەن کیان و قەوارەى خۆى بێت و بە تەواوى مافە رەواکانى بگات.
ئەمەى خوارەوە دەقى وەسیەتنامەکەى شێخى (نورسی)ـیە کە پێش سەدەیەک ئاراستەى میللەتەکەى کردووە:
ئەى گەلى کورد بزانن:
لە هاودەنگیدا هێز هەیە...
لە یەکێتی و یەک ریزیدا ژیان هەیە...
لە برایەتیدا بەختەوەری و کامەرانی هەیە...
لە دەوڵەت و حوکمداریدا سەلامەتی و ئاسایش هەیە...
دەست بگرن بە پەتی خۆشەویستی و یەکێتی و هێزەوە، سا بەڵکو رزگارتان بێت لە ناکۆکی و گرفت و لەمپەرەکان.
باش گوێم بۆ بگرن، بۆ ئەوەی شتێکتان پێ بڵێم..
میللەتەکەم بزانن، ئێمە خاوەن سێ گەنجینە و گەوهەری گران بەهاین، کە دەبێت پارێزگاریان لێ بکەین:
گەوهەری یەکەم: ئیسلامەتییە، کە بە هەزاران کەس لەو پێناوەدا قوربانیان داوە و خوێنە ئاڵ و گەش و بەنرخەکەیان بۆ سەرخستنی ئیسلام بەخشیوە...
گەوهەری دووەم: مرۆڤ دۆستییە، پێویستە لەسەرمان لە رێگەی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاریە لۆژیکی و فیکری و مرۆڤ دۆستیەوە سەرنجی خەڵکان بۆ لای خۆمان کەمەندکێش کەین.
گەوهەری سێیەم: کوردایەتی و نیشتمانپەروەرییە، مەسەلەی نەتەوایەتی و نیشتمانپەروەری تایبەتمەندییەکی تایبەتی بە ئێمە داوە، ئەوانەی لەپێش ئێمە رۆیشتوون و بەرەو مەنزڵگا کەوتونەتە رێ و بەدەم خاک و خەڵکی خۆیانەوە بوون، ئەوانە بەهۆی چاکی و پاکی و خەمخۆری و پەرۆشیان بۆ میللەتەکەیان ناویان بە گەورەیی و پیرۆزی ماوەتەوە بۆمان.
پاشان بزانن بێدار و وشیاربن کە ئێمە سێ دوژمنی کوشندەمان هەیە بەردەوام دەیانەوێت بە چۆکماندا بێنن و لەناومان بەرن:
هەژاری: بەڵگەش بۆ ئەمە بوونی (40)هەزار کرێکاری کوردە لە ئەستەمبوڵ.
نەزانی و نەخوێندەواری: بەهۆی ئەم دووانەوە نابینیت لەنێوان هەر هەزار کەسدا کەسێک هەبێت موتاڵای رۆژنامە بکات و بیخوێنێتەوە.
دوژمنایەتی و ناکۆکی و جیاوازی دروست کردن: ئەمانە توانا و وزەی ئێمەیان بەهەدەر داوە، لەبەر ئەوە ئێمە بەردەوام پێویستمان بە ئاراستەکردن و پەروەردەیەکی راست و دروست هەیە، حکومەت لەبەر ئەوەی دادپەروەر و بەویژدان نییە زوڵم و ستەمی لێمان کردووە.
کاتێک ئەوەتان زانی، بزانن کە چارەسەری کێشە و گرفتەکانمان لە سێ شتدا خۆی دەبینێتەوە، دەبێت کاریان لەسەر بکەین و بیان پارێزین:
1- عیلم و مەعریفە و خوێندن.
2- هاودەنگی و خۆشویستنی خاک و نیشتمانمان.
3- ئەو کار و ئەرکەی لەسەر شانمان پێویستە خۆمان پێی هەستین و جێبەجێی بکەین، با وەک ئەو کەسانە نەبین کە دەستەوستانن و پشت بە هەوڵ و کۆششی کەسانی تر دەبەستن.
وەسیەتی کۆتاییم ئەوەیە:
بخوێنن.. بخوێنن.. بخوێنن
دەخیلتانبم یەکگرن.. یەکگرن.. یەکگرن..