پڕۆژه‌ی هه‌مواركردنی یاسای سزادانی عیراقی گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ كرا
25/02/2015 نوسەر: bzavpress

پڕۆژه‌ی هه‌مواركردنی یاسای سزادانی عیراقی گفتوگۆی له‌ باره‌وه‌ كرا


پێشنیوەڕۆی دوێنێ 24/2/2015 هەرسێ لیژنەی كاروباری یاسایی ‌و كاروباری كۆمەڵایەتی ‌و منداڵ ‌و خێزان ‌و ئەوقاف ‌و كاروباری ئاینی لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە سەرۆك ‌و جێگر ‌و بڕیاردەر ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی هەرسێ لیژنەكە، لە هۆڵی لیژنەی كاروباری یاسایی لە تەلاری پەرلەمان، كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا.
مەبەست لە كۆبوونەوەكە گفتوگۆكردن ‌و گەڵاڵەكردن ‌و كۆكردنەوەی سەرنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازی لیژنە پەیوەندیدارەكان بوو لەسەر پڕۆژەی هەمواركردنی یاسای سزادانی عیراقیی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو ‌و راپۆرتی لیژنە پەیوەندیدارەكان بە مەبەستی ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی ‌و هاوبەشی هەر سێ لیژنە پەیوەندیدارەكە لە بارەیەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا ئامادەبووان چەندین سەرنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازیان بۆ دەوڵەمەندكردنی زیاتری پڕۆژە هەموارەكە لەسەر چەند مادە ‌و بڕگەیەكی پڕۆژەی هەموارەكە خستە روو.
شایانی وتنە مەبەست لە هەمواركردنەوەی ئەو یاسایە بەدیهێنانی كۆمەڵگایەكی ئارام ‌و دوور لە توندوتیژی ‌و جیاكاریی رەگەزی ‌و كەمكردنەوەی دیاردەی كوشتنی ژنانە.