هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانكاری حزبە سیاسیەكانی هەریم ڕێكەوتنی كۆتایی واژۆ دەکەن
05/03/2015 نوسەر: bzavpress

هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانكاری حزبە سیاسیەكانی هەریم ڕێكەوتنی كۆتایی واژۆ دەکەن

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانكاری حزبە سیاسیەكان لەبارەی حكومەتی خۆجێیی سلێمانی و هەڵەبجە كۆببنەوەو ڕێكەوتنی كۆتایی واژۆ بكەن، سەرۆكی لیستی خزمەتیش لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت: ئێمە وەڵامی كۆتاییمان داوەتەوە بە یەكێتی و گۆڕان و ئەوان چاوەڕوانی پارتین.

مەهدی مەحمود، سەرۆكی لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی  ڕایگەیاند "ئێمە وەك لیستی خزمەت دوای زنجیرەیەك دانوستان و كۆبونەوە وەڵامی كۆتاییمان داوەتەوە بە بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتی و بەشداری ئەو حكومەتە خۆجێییە دەكەین".

سەرۆكی لیستی خزمەت لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی"ئێستا ئەوان دەڵێن پارتی وەڵامی كۆتایی نەداوەتەوە نیگەرانە لەبەشەكانی خۆی لەهەڵەبجە ، ئێمە لەسەرەتاوە داوامان كرد سلێمانی و هەڵەبجە بەیەك پاكێج نەبێت بۆ ئەوەی ئەم دۆخەی ئیستا ڕونەدات ، چونكە حزبەكان خۆیان لەهەڵەبجە ڕێك كەوتبوون".

سەرۆكی لیستی حزمەت ئاماژەی بەوەشكرد: بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستانكاری حزبەكان كۆببنەوە لەسەر ئەو پرسەو واژوكردنی ڕێكەوتنی كۆتایی كەمی ماوەو زۆری لێ تەواو بوە .