12/03/2015
•
نوسەر: bzavpress
•
یاریزانێکی کورد خۆی دەکاتە سەربازی رووسی
یاریزانێکی کورد لەیاری تایبۆکس، لەرێی یانەیەکی تایلاندییەوە، لەهەوڵی ئەوەدایە خۆی بکاتە سەربازو دەیەوێت بچێتە ریزەکانی ناڤی رووسیا.
لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەبارەگای سەرەکی رۆژنامەی یاری لەشاری سلێمانی بۆی سازکرابو، عەلی عەبدوڵڵا قەرەداغی یاریزانی دیاری تایبۆکس رایگەیاند کە بۆ ماوەی 11 مانگ بەشداری پاڵەوانێتییەکی جیهانی کردووەو چەندین پلەی بەرزی بەدەستهێناوە.
ناوبراو رایگەیاند لەو یانزە مانگەدا لەوڵاتانی تایلاندو رووسیا بەشداری پاڵەوانێتیە کراوەکانی کردووەو سەرەتا وەک عێراقییەک بەشدار بووە، بەڵام دواتر خۆی وەک کورد ناساندووەو ئاڵای عێراقیشی بەرزکردۆتەوە.
وتیشی (سەرەتا لە تایلاند بەشداری پاڵەوانێـیەکم کردو توانیم سەرکەوتن تۆماربکەم، پاشترو لە رووسیا رووبەرووی یاریزانێکی ئەمریکی بوومەوەو توانیم شکست بەویش بهێنم، کە ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ ئەوەی بتوانم متمانە بەدەستبهێنمء ئەوەش وایکرد یانەیەکی تایلاندی بەناوی سوپەرپرۆسومای گرێبەستم پێشکەش بکات، کە لەئێستادا یاری بۆ ئەو یانەیە دەکەم).
قەرەداغی ئەوەشی راگەیاند کە بەناوی ئەو یانە تایلاندییەوە بەشداری دەکاتء لەسەرجەم رووبەرووبوونەوەکانیشدا ئاڵای کوردستان بەرزدەکاتەوە.
لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی کێ هاوکاری دەکات، عەلی قەرەداغی وتی (هیچ کەسء لایەنێک هاوکاری نەکردوم، لەسەر ئەرکی خۆمء براکەم لەبەریتانیا بەشداری پاڵەوانێتیەکانم کردووە، بەڵام بەداخەوە حکومەتی هەرێم هیچ هاوکارییەکی منی نەکردووە).
لەکۆتایی قسەکانیدا، عەلی قەرەداغی رایگەیاند کە ئێستا هەوڵی ئەوە ئەدات بۆ ریزی ناڤی رووسی سەربکەوێت، کە جۆرێکە لەسەربازی ناو دەریا لەرووسیادا.
عەلی قەرەداغی پێشتر لەریزەکانی یانەی نەورۆز بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی گرنگی زۆری پێنەدراوە وازی لەو یانەیە هێناوە.
د.ع