عوبێدی: پێویستمان بە پشتیوانی زەمینی نییە بۆ جەنگی دژە داعش
14/03/2015 نوسەر: bzavpress

عوبێدی: پێویستمان بە پشتیوانی زەمینی نییە بۆ جەنگی دژە داعش

خالد عوبێدی وەزیری بەرگری عێراق لەسەردانیکی دا بۆ  پارێزگای ئەنبار بۆ لەنزیكەوە ئاگاداربوون لەبارودۆخی ئەمنی ئەو پارێزگایە، رایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەكان لەپارێزگای ئەنبار پێشڕەوییەكانی چەكدارانی داعشیان وەستاندوە، جەخت لەوەش دەكاتەوە وڵاتەكەی پێویستی بەهیچ پشتیوانی زەمینی نییە بۆ رووبەرووبوونەوەی داعش.
 
لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنوسان وەزیری بەرگری عێراق رایگەیاند عێراق پێویستی بە پشتیوانی ئاسمانی‌و هەواڵگری هەیە، داواشی لە وڵاتانی هاوپەیمانان كرد هاوكاری زیاتری هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكەن.
 
هاوکات رەتیشیكردەوە كە داوای هێزی زەمینی لەهیچ وڵاتێك كردبێت‌و جەختیی كردەوە عێراق پێویستی بە پشتیوانی زەمینی نییە، چونكە هێزە ئەمنیەكانی عێراق توانیویانە سەركەوتنی باش بەدەست بهێنن.